خەرجکردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە؛ لە سفرەوە بۆ سفر

19-11-2023
مەحموود بابان @MahmoodBaban2
نیشانەکردن بودجە
A+ A-
بەرایی
 
رۆژی 14ـی نۆڤەمبەری 2023 وەزارەتی دارایی  عێراق راپۆرتی دارایی خەرجی و داهاتەکانی نۆ مانگی رابردووی بڵاوکردەوە، بەپێی راپۆرتەکە؛ لەو نۆ مانگەدا هیچ دینارێک بۆ هەرێمی کوردستان خەرجنەکراوە و، ئەوەی ناردوویەتی بە قەرز و لە بانکەکانەوە بووە. 
 
بەپێی راپۆرتەکەی وەزارەتی دارایی، کۆی خەرجییەکان لە نۆ مانگی رابردوودا 78.25 تریلیۆن دینار بووە و کۆی داهاتی نەوتی و نانەوتی 95.84 تریلیۆن دینار بووە، واتە 17.59 تریلیۆن دینار داهاتی عێراق لە خەرجییەکانی زیاتر بووە. لەکاتێکدا بەپێی پرۆژە بودجەی 2023 دەبوایە قەرز بکات بۆ پڕکردنەوەی خەرجییەکانی ئەمساڵ.
 
لەڕاستیدا، ئەم سەرڕێژییەی داهاتی عێراق لەم نۆ مانگە، پەیوەندیی بە چەند خاڵێکی سەرەکییەوە هەیە وەک: درەنگ پەسەندکردنی بودجە، بەرزیی نرخی نەوت، دواکەوتنی خەرجیی پرۆژەکان، لەسەروو هەمووشیانەوە نەناردنی پشکی هەرێمی کوردستان. بۆ نموونە ئەگەر بەپێی بودجە بووایە، دەبوو سەرووی 10 تریلیۆن دینار خەرجبکرایە نەوەکو 4.7 تریلیۆنی بە قەرز بۆ بنێردرێت. 
 
جیاوازییەکی دیکەی خەرجییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە پەیوەستە بە کابینەکان یاخود قۆناخی سەرکوەزیرانەکانەوە لە عێراق، بۆ نموونە لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوو بەپێی سەرۆکوەزیرانەکان خەرجکردنی پارە لە بودجەی گشتیی عێراق بەرزی و نزمییەکی زۆری کردووە، ئەوەش پەیوەندیی بە هەناردەکردنی نەوت لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە نەبووە.
 
بۆ نموونە لە ساڵی 2019 و لە سەردەمی عادل عەبدولمەهەدی، لە نۆ مانگدا بەغدا 4.08 تریلیۆن دیناری بۆ هەرێمی کوردستان خەرجکردووە، بەڵام ئەمساڵ وەک سەردەمی عەبادی (2016 و 2017)، لەو نۆ مانگەدا هیچ بۆ هەرێمی کوردستان خەرجنەکراوە. هەرچەند لە ئەم ساڵدا جیاواز لەو دوو ساڵە، بە قەرز پارە دەنێردرێت، ئەویش دوای راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە 25ـی ئازاری 2023.
 
هەروەها، ژمارەکانی هەشت ساڵی رابردوو دەریدەخەن رۆژ بە رۆژ خەرجییەکان لە عێراق زیاد دەبن. بەتایبەتیش خەرجی بەکارخستن و لەنێو بەکارخستنیشدا خەرجیی مووچەی فەرمانبەران، کە لە ماوەی تەنیا هەشت ساڵدا سەرووی 10 تریلیۆن دینار زیادیکردووە. لەکاتێکدا لە 2016ـدا مانگانە تەنیا 20 تریلیۆن دینار بوو، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە سەروو 30 تریلیۆن دینار! ئەمە سەرەڕای کەمبوونەوە یاخود نەبوونی پلانی زیادکردنی خەرجیی وەبەرهێنان لەو ماوەیەدا. 
 
لێرەدا بە کۆکردنەوەی داتاکان و خستنەڕوویان، هەڵوەستەیەک لەسەر داهات و خەرجییەکانی عێراق لە نۆ مانگی یەکەمی 8 ساڵی رابردوودا دەکەین و گۆڕانکارییەکانی دەخەینە بەرباس. فۆکەسی سەرەکیش لەسەر خەرجییەکانە نەوەک قەرز بۆ هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە.
 
داهاتی نەوتی و نانەوتی عێراق لە نۆ مانگی یەکەمی هەشت ساڵی رابردوودا
 
بەپێی داتا بڵاوکراوەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لەماوەی هەشت ساڵی رابردوودا، رۆژ بە رۆژ داهاتی نانەوتی کەمیکردووە و پەیوەست نەبووە بە بەرزی و نزمیی کۆی داهاتەوە. تەنانەت تاڕادەیەک پەیوەست نەبووە بە داهاتی نەوتەوە. بۆ نموونە لە 2016ـدا کۆی گشتیی داهات 35.7 تریلیۆن دینار بووە، کە 29.6 تریلیۆن دیناری داهاتی نەوتی و 6.06 تریلیۆن دیناریشی داهاتی نانەوتی بووە. بەڕێژەش داهاتی نەوتی 83% و داهاتی نانەوتی 17% بووە، بەڵام لە 2023ـدا لە نۆ مانگی یەکەمدا، کۆی گشتیی داهات 95.84 تریلیۆن دینار بووە، کە 91.46 تریلیۆن دیناری داهاتی نەوتی و 4.38 تریلیۆن دیناری داهاتی نانەوتی بووە، واتا داهاتی نەوتی 95% و داهاتی نانەوتی 5% بووە. لەو ماوەیەدا داهاتی نانەوتی بە بەراورد بە نەوت بەڕێژەی 12% کەمیکردووە، بە دیناری عێراقیش لە سەرووی 6 تریلیۆن کەمیکردووە بۆ 4.3 تریلیۆن دینار!

 

لەڕوویەکی دیکەوە، ئەم کەمبوونەوەیەی داهاتی نانەوتی، ئاماژەیەکی روونە بۆ کۆنەکردنەوەی داهاتەکانی دەرەوەی نەوت وەک باج، رسوومات، داهاتی دەروازە سنوورییەکان و بەشداریی کەرتی گشتی وەک نەخۆشخانە، هاتووچۆ و هتد. 
 
هەروەها وەکو لە گرافیکی دووەمدا هاتووە، تاڕادەیەک کۆکردنەوەی داهاتی نانەوتی پەیوەندیی بە داهاتی نەوتییەوە نەبووە، بۆ نموونە لە 2020ـدا داهاتی نەوتی تەنیا 35.31 تریلیۆن دینار بووە، لەکاتێکدا لە 2018ـدا داهاتی نەوتی 69.05 تریلیۆن دینار بووە، کەچی لە بەرامبەردا داهاتی نانەوتی لە 2020ـدا 3.12 تریلیۆن دینار بووە، بەڵام لە 2018ـدا 7.33 تریلیۆن دینار بووە. ئەگەر بەڕێژەش تەماشابکەین، لە 2018ـدا داهاتی نانەوتی رێژەی 10%ـی کۆی داهات بووە، بەڵام داهاتی نانەوتی لە 2020ـدا دابەزیوە بۆ 8%. 
 
هەروەها، لەماوەی 8 ساڵی رابردوودا، داهاتی عێراق بەرز و نزمییەکی گەورەی کردووە، لەکاتێکدا لە جیهاندا و لەڕووی ئابوورییەوە دەبووایە ساڵ بە ساڵ داهاتەکەی زیاتر بووایە، بەڵام لە عێراق کۆی گشتی داهاتەکان بەشێوەیەکە کە لە سێ چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا نزیکەی سێ هێندەی 2016ـیە، لەکاتێکدا لە 2023ـدا 95.84 تریلیۆن دینارە، لەبەرامبەردا لە 2016ـدا تەنیا 35.72 تریلیۆن دینار بووە! 
 
 

 

سەرچاوە: مەڵپەڕی فەرمیی وەزارەتی دارایی عێراق، بەشی راپۆرتی مانگانە 14-11-2023 
 
خەرجییەکانی نۆ مانگی یەکەمی ساڵ لە 2016 بۆ 2023 لە عێراق
 
لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا خەرجییەکانی عێراق بەڕێژەی 73% زیادیانکردووە، لەکاتێکدا لە 2016ـدا کۆی خەرجییەکان لە نۆ مانگی یەکەمدا 45.19 تریلیۆن دینار بووە، لە نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بۆ 78.25 تریلیۆن دینار بەرزبووەتەوە. لەکاتێکدا ئەم زیادبوونە بۆ وەبەرهێنان نەبووە، چونکە لە 2016 کاتێک کۆی خەرجییەکان 45.19 تریلیۆن دینارە، خەرجیی بەکارخستن 36.7 تریلیۆن دینار و خەرجی وەبەرهێنان 8.4 تریلیۆن دینار بووە، بەڵام لە 2023ـدا کۆی خەرجییەکان دەگاتە 78.2 تریلیۆن دینار، خەرجی بەکارخستن دەگاتە 69.8 تریلیۆن دینار، بەڵام وەبەرهێنان هەر 8.4 تریلیۆن دینارە وەکو لە گرافیکی سێیەمدا هاتووە. 
 
لەڕاستیدا، ئەم زیادبوونەی خەرجییەکان لە عێراق پەیوەستە بە خەرجی مووچەوە، بۆ نموونە لە 2016 و لەنێو خەرجیی بەکارخست، خەرجیی مووچەی فەرمانبەران و قەرەبووکردنەوەیان 23.33 تریلیۆن دینار بووە، بەڵام لە 2023ـدا ئەو ژمارەیە بەرزدەبێتەوە بۆ 33.49 تریلیۆن دینار، واتا لەماوەی 8 ساڵی رابردوودا خەرجییەکانی عێراق بۆ مووچەی فەرمانبەران بەڕێژەی 43% یاخود سەروو 10 تریلیۆن دینار زیادیکردووە. 
خاڵیکی دیکەی سەرنجڕاکیش جیاوازییەکانی ئەمساڵ و ساڵی رابردووە لە نۆ مانگی یەکەمدا، سەرەڕای کەمبوونەوەی داهات، کەچی خەرجییەکان وەک یەک بووە. بۆ نموونە لە 2022دا کاتێک کۆی گشتی داهات سەرووی 122 تریلیۆن دینارە، خەرجییەکان 78.75 تریلیۆن دینارە، ئەمساڵ کۆی گشتیی داهات بۆ 95.8 تریلیۆن دینار دابەزیوە، کەچی کۆی گشتی خەرجییەکان هەر 78.25 تریلیۆن دینار بووە. 
 
ئەم زیادبوونەی خەرجییەکان لە عێراق پەیوەست نەبووە بە وەبەرهێنانی پارە لە بوارەکانی پیشەسازی، کشتووکاڵ و هتد، بۆ نموونە خەرجیی وەبەرهێنان لە 2017ـدا 10.3 تریلیۆن دینار بووە، کەچی لە 2023ـدا کەمبووەتەوە بۆ 8.43 تریلیۆن دینار، واتە 1.87 تریلیۆن دینار کەمتر بووەتەوە، لەکاتێکدا لە 2017ـدا کۆی خەرجییەکان 52.2 تریلیۆن دینار بووە، بەڵام لە 2023ـدا کۆی خەرجییەکان 78.25 تریلیۆن دینار بووە.
 
 
سەرچاوە: مەڵپەڕی فەرمی وەزارەتی دارایی عێراق، بەشی راپۆرتی مانگانە 14-11-2023 
 
تێبینی، مووچەی فەرمانبەران لەنێو بودجەی بەکارخستندایە، تەنیا بۆ جیاوازیکردن و پیشاندانی جیاوازی زیادبوونی مووچەی مووچەخۆران لە عێراق دانراوە. 
 
خەرجکردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە؛ لە سفرەوە بۆ سفر
 
بەبێ گەڕانەوە بۆ ساڵانی دوای 2003، بەڵکو بە گەڕانەوە تەنیا بۆ ماوەی 8 ساڵی رابردوو کە داتاکانی بەردەستە و لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بڵاوکراونەتەوە، حکومەتی عێراق لە ساڵی 2016 دا هیچ یان سفر دیناری لە نۆ مانگی یەکەمی ساڵ بۆ هەرێمی کوردستان خەرجکردووە، ئەمساڵیش بەهەمان شێوەیە وەکو لە گرافیکی چواردا هاتووە. 
 
پەیوەست بە پشکی هەرێمی کوردستان، لە کۆی داهاتی عێراق، ئەگەر بەپێی دوایین پڕۆژەیاسای بودجە بێت، ئەوا سەروو 16.6 تریلیۆن دینارە یاخود 12.67% لە کۆی گشتیی بودجەی عێراقە، ئەویش دوای دەرهێنانی خەرجییەکانی سیادی و حاکیمە و گەشەپێدانی هەرێمەکان.
لەڕاستیدا، ئەگەر بەراوردەکە نەبەینەوە بۆ پشکی هەرێمی کوردستان لە کۆی بودجەی عێراق و چۆنییەتی خەرجکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە کۆی گشتیی داهاتی عێراق، ئەوا راستییەکی روون دەردەکەوێت، کە ئەوەیە؛ لەماوەی 8 ساڵی رابردوودا، نەوت هەناردە کرابێت و نەکرابێت، پارەی خەرجکراو لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان رۆژ بە رۆژ کەمبووەتەوە. 
 
هەروەها، لەڕووی سەردەمی سەرۆکوەزیرانەکانیشەوە بەپێی داتاکان، لە 2019دا و سەردەمی سەرۆکوەزیرانی عادل عەبدولمەهدی باشترین بووە کە لە نۆ مانگی یەکەمی ساڵەکەدا 4.08 تریلیۆن دیناری سەرەڕای هەناردەکردنی نەوت بۆ هەرێمی کوردستان خەرجکردووە، بەڵام لە سەردەمی محەممەد شیاع سوودانی سفر یاخود هیچ دینارێک جگە لە قەرز بۆ هەرێمی کوردستان خەرجنەکراوە.
 
لەکاتێکدا لە ئەم ساڵدا ( 1-1-2023 تاوەکو 30-6-2023 ) ئەو بڕەی بە حەوت جار هاتووە بۆ هەرێمی کوردستان 2.59 تریلیۆن دینار بووە! کە بەپێی راپۆرتی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی بەغدا 1.6 تریلیۆن وەک قەرز و 998 ملیار وەک پشکی هەرێمی کوردستان هاتووە، بەڵام لە راپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژە بە هیچ بڕێک نەکراوە کە لە ئەم ساڵدا تاوەکو مانگی نۆ بۆ هەرێمی کوردستان وەک بودجەی بەکارخستن و بودجەی وەبەرهێنان خەرجکرا بێت. هەروەها، رۆژی 17ـی ئەیلوولی 2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا 2.1 تریلیۆن دینار دیکە وەک قەرز بۆ مانگەکانی (9-10-11)ـی 2023 بنیرێت، کە تاوەکو ئێستا دوو گوژمەی هاتووە و 700 ملیاری دیکەی ماوە.  
 
سەرچاوە: مەڵپەڕی فەرمیی وەزارەتی دارایی عێراق، بەشی راپۆرتی مانگانە 14-11-2023  
 
کۆتایی
 
رەنگە ئەم ساڵ کۆی داهاتی نەوتی عێراق بگاتە سەرووی 100 ملیار دۆلار، واتە بەدیناری عێراقی و بەنرخی فەرمیی بانکی ناوەندی، سەرووی 130 تریلیۆن دینارە. ئەگەر داهاتی نانەوتیش وەک ساڵی رابردوو کۆبکاتەوە ئەوا 5 تریلیۆن دینارە، واتە کۆی گشتی بەتێکڕا سەرووی 135 تریلیۆن دینارێک دەبێت. ئەگەر خەرجییەکانیش لەم دوو مانگەدا وەک ساڵی رابردوو بەردەوام بێت، وەک چۆن لە نۆ مانگی رابردوودا نزیک بووە لە نۆ مانگی ساڵی رابردووی، ئەوا کۆی خەرجییەکان دەگاتە 116 تریلیۆن دینار، ئەگەر قەرزەکانی هەرێمی کوردستان بکرێتە خەرجی کە تاوەکو ئێستا نزیکەی 4.7 تریلیۆن دینار، ئەوا کۆی گشتی خەرجییەکانی عێراق لە 2023ـدا بەتێکڕا دەگاتە 120.7 تریلیۆن دینار، واتە هێشتا 79 تریلیۆن دینار کەمترە وەک ئەوەی لە بودجەی 2023ـدا هاتووە و داهاتەکەشی کە لە نەوتەوە دێت، بڕی سەروو 14.3 تریلیۆن دینار سەرڕێژی لە خەرجییەکان دەبێت.
 
لەڕاستیدا، ئەوەی لە ژمارەکانەوە دەردەکەوێت ساڵ بە ساڵ لەجیاتی زیادکردنی داهاتی نانەوتی و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە داهاتی نەوتی، کەچی لەماوەی 8 ساڵی رابردوودا داهاتی نانەوتی لە کۆی گشتی داهات لە 17% بۆ 5% کەمیکردووە، واتە داهاتی نەوتی لە 83% بۆ 95% وەک داهاتی گشتی دەوڵەت بەرزبووەتەوە، ئەمەش کارەساتەکەی لە نزمی نرخی نەوت و سەردەمی وزە نوێبووەکاندا بەڕوونی دەردەکەوێت.  
خاڵێکی دیکەی گرنگ کە لە ئابوورییەوە بە سووتانی سامانی دەوڵەت ناودەبرێت و وڵات دووردەخاتەوە لە بەرهەمهێنان و بەرەو داڕمانی ئابووری و رووخانی سیستمی ئابوورییەکەی دەبات، بریتییە لە زیادبوونی کارمەندی کەرتی گشتی و نەبوونی چالاکیی کەرتی تایبەت، کە لە ژمارەکانی نۆ مانگی، هەشت ساڵی رابردوودا دەردەکەوێت؛ ساڵ بە ساڵ خەرجییەکانی زیادیکردووە. لەو ماوەیەدا سەرووی 10 تریلیۆن دینار زیادیکردووە. 
 
لە کۆتاییدا، بەپێی ئەنجامی سەردانەکەی ئەمدواییەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و جێگرەکەی بۆ کاروباری وزە، رەنگە بەغدا نەیەوێت وەک ساڵانی یەکەمی 2003 دۆلار یان دینار رەوانەی هەرێمی کوردستان بکات، هەربۆیە ئێستا باس لە دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە دەکرێت، چونکە دەرکەوت هەرێمی کوردستان نەوتیش هەناردە نەکات، بەغدای نوێ ئامادە نییە وەک ساڵانی سەرەتای دوای 2003 پشکی هەرێمی کوردستان وەک ئەوەی لە بودجەدا دێت، بنێرێت. لە 2014ـوە بڕی تەمویلنەکراو یەکسان بووە یان نزیک بووە لەو بڕەی وەک پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا دادەنرێت، لە 2016 و 2017ـدا هیچ پارەی خەرج نەکردووە و ئەمساڵیش تاوەکو ئێستا هیچی وەک خەرجی نەناردووە، هەرچەندە گوژمەیەک وەک قەرز بە دەیان مەرجەوە دەنێرێت. 
 
 
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەژیر قادری

پڕۆژەی پشتێنەی زێڕینی چین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ دەرفەت یان مەترسی

بۆ چین، وڵاتانی ئێران، عێراق و سعودیە هاوبەشی ئابووریی جەوهەرین، بەڵام پرسە گرنگەکانی ئەم دواییانەی وەک شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ئیسرایل و فەلەستین، بوونەتە هۆکاری راگرتنی پڕۆژەی پشتێنەی زێڕینی ئابووریی چین و بەردەوامن لە تاقیکردنەوەی هاوسەنگی پەکین لەنێوان هاوبەشە ستراتیژییەکان و ناسەقامگیریی ناوچەکەدا. کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەک ئەندام و سوودمەندێکی سەرەکی ئەم پڕۆژەیە پشکی زێڕینی بەردەکەوێت. هەروەها، لەڕووی جیۆپۆلەتیکەوە، ئێران وەک پردێک لەنێوان رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باشووری ئاسیا گرنگیی زۆری هەیە لە سەرکەوتنی پڕۆژەی پشتێنەی ئابووریی زێڕینی چینی.