ئایا بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار جێگیر دەبێت؟

16-11-2023
عومەر ئەحمەد
نیشانەکردن دینار دۆلار
A+ A-
هەفتەی رابردوو، بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزی و بەهای یەک دۆلار نزیکبووەوە لە 1650 دینار، بەرلەوەی دابەزێت بۆ 1550. بانکی ناوەندیی عێراق لە دوایین رێککەوتنیدا لەگەڵ بەرپرسانی بانکی فیدراڵیی ئەمریکا، رێککەوتن یەدەگی دۆلاری 10 بانکی تایبەتی عێراقی لە بانکە ئەمریکییەکان، جەی پی مۆرگەن و سیتی بانک، زیادبکەن بۆ ئەوەی توانای حەواڵەکردنیان بە دۆلار بەهێز بێت. لەلایەکی دیکەوە بانکە تایبەتەکانی عێراق بۆ ئاسانکردنی گواستنەوەی پارە، هەروەها دەتوانن یەدەگی دراوی بیانی خۆیان جگە لە دۆلار، وەک یۆرۆ، درهەمی ئیماراتی، یوانی چینی و رووپییەی هیندستان بۆ جێبەجێکردنی مامەڵە بازرگانییەکان بەکاربهێنن. تاکڕەهەندیی ئابووریی عێراق و لارسەنگبوونی بازرگانیی عێراق لەگەڵ هەندێ وڵاتی دراوسێ بەتایبەتی وڵاتانی ئێران، سووریا و لوبنان، کە لەژێر گەمارۆی تووندی ئەمریکادان، هۆکاری سەرەکین لە بوونە بەربەست بۆ جێگیربوونی بەهای دینار لەبەرامبەر دۆلار. ئەگەر بانکی فیدراڵیی ئەمریکا ئاسانکاری نەکات و رێگە بە بانکی ناوەندیی عێراق نەدات داهاتی نەوت لە کاتی خۆیدا بگوازێتەوە ناوخۆی ئەو وڵاتە و مکیانیزمێک نەدۆزێتەوە بۆ ئاسانکردنی مامەڵەکانی لەگەڵ ئێران بە دراوێکی دیکە جگە لە دۆلاری ئەمریکا، پێشبینی دەکرێت بانکی ناوەندیی عێراق نەتوانێت بەمزووانە بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەرزبکاتەوە بۆ نزیک ئەو ئاستەی ئامانجییەتی.
 
بە شرۆڤەیەکی بنەمای خواست و خستنەڕووی دۆلاری ئەمریکی لە عێراق، رەنگە هۆکاری دابەزینی بەهای دینار زیاتر روون ببێتەوە. لە عێراق سەرچاوەی دابینکردن و خستنەڕووی دۆلاری ئەمریکی داهاتی نەوتی ئەو وڵاتەیە. داهاتی نەوت 90٪ـی کۆی داهاتی بەرهەمی ناوخۆی عێراق پێکدەهێنێت، بە دۆلاری ئەمریکی دەیفرۆشرێت و داهاتی دۆلاری بۆ عێراق دەستەبەردەبێت. بەپێی نرخەکانی ئێستای نەوت، عێراق رۆژانە نزیکەی 300 ملیۆن دۆلار داهاتی نەوتی هەیە و لە تیۆریدا دەتوانێت ئەو بڕە بخاتەگەڕ بۆ هاوسەنگکردن و جێگیرکردنی رێژەی ئاڵوگۆڕی دۆلار لەگەڵ دراوی نیشتمانی، بەڵام خواست بۆ دۆلار لە عێراق لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت؟ بەپێچەوانەی هەناردەکاریی عێراق، هاوردەکاریی عێراق لە بازنەیەکی فراوان پێکدێت؛ زۆربەی کاڵا، خزمەتگوزاری، پێداویستیی ناوخۆی هاووڵاتییان و بازرگانییەکان لە دەرەوەی ئەو وڵاتەوە هاوردە دەکرێن. هاوردەکردنی کاڵا و خزمەتگوزاریی بیانی، پێویستی بە دراوێکی نێودەوڵەتی باوەڕپێکراوە، کە لە جیهاندا لە پلەی یەکەم دۆلار و پاشان یۆرۆیە.
 
تاوەکو پێش جێبەجێکردنی رێوشوێنە نوێیەکانی بانکی فیدراڵیی ئەمریکا و چاودێرییە چڕەکانی، ساڵانە نزیکەی 10 ملیار دۆلار لە داهاتی نەوتی عێراق بە فڕۆکە و بە کاش لەسەر داوای بانکی ناوەندیی عێراق دەگوازرایەوە نێوخۆی ئەو وڵاتە. لەڕووی حەواڵەشەوە، گواستنەوەی پارە لەلایەن بانکە تایبەتەکانی عێراقەوە بۆ بانکە بیانییەکان، هێندە کێشە و کۆنترۆڵی لەسەر نەبوو، بەڵام لە مانگی 11ـی ساڵی 2022ـوەوە بانکی ناوەندی عێراق لەسەر راسپاردە و داواکاریی بانکی فیدراڵیی ئەمریکا بۆ جێبەجێکردنی حەواڵەی بیانی بانکە عێراقییەکان و پەیوەستکردنی بانکە عێراقییەکان بە تۆڕی نێودەوڵەتیی نێوان بانکەکان (سویفت)، پلاتفۆرمێکی ئەلیکترۆنی دامەزراند. ئامانج لە دامەزراندنی پلاتفۆرمەکە چاودێریی جووڵەی هەر دۆلارێکە کە لە ئەمریکاوە دەگوازرێتەوە بۆ نێوخۆ عیراق، پاشان بەمەبەستی کاری بازرگانی دەگوازرێتەوە بۆ وڵاتێکی دیکە. لەرێگەی ئەو پلاتفۆرمەوە ئەو بانکانەی خوازیاری کڕینی دۆلارن، دەبێت هەموو زانیارییەکان ئاشکرا بکەن وەک؛ ئەو دۆلارانەی دەیکڕن بە چ مەبەستێک بەکاریدەهێنن و دواجار دەگاتە دەستی چ کەس و لایەنێک. جگە لەوەش، ئەو بانکانەش کە دۆلار بۆ هاوبەشە بازرگانییەکانیان لە دەرەوە حەواڵە دەکەن، دەبێت تەواوی بەڵگەنامەکان بخەنەڕوو، کە بیسەلمێنێت هاوردەکردنی ئەو کاڵا و کەلوپەلانە، یەکەم پێویستن و دووەم بە دروستی هاوردە دەکرێن و لە وڵاتێکەوە هاوردەدەکرێن، کە لەلایەن ئەمریکاوە گەمارۆی دارایی و بازرگانیی لەسەر نییە.
 
کێشەی بانکی فیدراڵیی ئەمریکا لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق ئەوەیە؛ نایەوێت دۆلاری عێراق بڕواتە وڵاتێکی وەک ئێران، سووریا و لوبنان. بۆ نموونە لە 2022ـدا بانکی ناوەندیی عێراق بڕی 43 ملیار دۆلاری لە بازاڕدا خستووتەڕوو،  8 ملیار دۆلار بە کاش و 35 ملیار دۆلار لەرێگەی حەواڵەوە، بەڵام بەپێی گومرگی عێراق، بڕی ئەو کاڵایانەی پێوست بوون و هاوردەکراون لەو ساڵەدا تەنیا بای 14 ملیار دۆلار بووە. بانکی فیدراڵی ئەمریکا گومانی هەیە بەشێکی ئەو جیاوازییە گەورەیە، کە 29 ملیار دۆلارە، چ بە قاچاخ یان لە رێگەی حەواڵەوە بۆ وڵاتی سێیەمەوە دواجار چووبێت بۆ ئێران.
 
کاراکردنی پلاتفۆڕمی ئەلیکترۆنی و رەتکردنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە حەواڵەی بازرگانان و بانکەکان، خواستی بۆ دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕی ئازاد یان هاوتەریب زیادکردووە. ئەمەش بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و دابەزینی بەهای دیناری لێکەوتووەتەوە. پێشتر بانکەکان بە شێوازێکی ئاسایی لە ماوەی چەند رۆژێکی کەمدا دۆلاریان حەواڵە دەکرد بۆ بانکێکی بیانی و پاش جێەجێکردنی حەواڵەکە، ئەگەر پێویست بووایە، چاودێری دەکران کە ئەو حەواڵانە یاسایی بوون یان بەپێچەوانەوە، بەڵام ئێستا کە بانکێک پارەیەک حەواڵە دەکات، دەبێت دوو هەفتە یان 20 رۆژ چاوەڕوان بکات تاوەکو حەواڵەکە لەڕێگەی پلاتفۆرمە ئەلیکترۆنییەکەوە پەسەندبکرێت و پاشان پارەکە دەگوازرێتەوە. خاوبوونی پرۆسەی حەواڵەکردنی پارە کێشەی گەورەی بۆ بازرگانەکان دروستکردووە، ئەوانەش، کە مامەڵەیەکی یاسایی دەکەن و هەموو بەڵگە نامە پێویستەکانیان تەواوە، زۆرجار حەواڵەکانیان رەتدەکرێنەوە. ئەمە وایکردووە لە جیاتی ئەوەی بازرگانێک بیەوێت لەڕێگەی بانکەکانەوە بە رێژەی ئاڵوگۆڕی فەرمی، یەک دۆلار بەرامبەر بە 1320 دینار، حەواڵەی خۆی بکات، پاشگەزببێتەوە و ئامادەبێت بە نرخی بازاڕی هاوتەریب، دۆلاری گرانتر بکڕێت و لەڕێگەی نووسینگەکانەوە دۆلارەکەی حەواڵە بکات. لەلایەکی دیکەوە ئاشکرایە بەپێی رێوشوێنەکانی بانکی ناوەندیی عێراق، لەژێر گوشاری بانکی فیدراڵی ئەمریکا نابێت هیچ پارەیەک بۆ کۆمپانیا، کارگە یان دامەزراوەیەکی ئێرانی حەواڵە بکرێت، کە لە ژێر چاودێری چڕدایە.
 
بەربەستەکانی حەواڵەکردنی دۆلار بۆ ئێران لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە رێگرنەبوون لە هاوردەکردنی کاڵاو شتومەک لەو وڵاتەوە. هاوردەکردنی کاڵا و شتومەک لە ئێرانەوە بۆ عێراق بەپێی بەرپرسانی ئەو وڵاتە تەنانەت لەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو، زیادیانکردووە.
 
لە ساڵی 2022 کۆی هەناردەی ئێران بۆ عێراق 11 ملیار دۆلار بووە. لەو بڕە 4.5 ملیار دۆلاری پارەی کارەبا و گازە کە لە هەژماری بانکی ناوەندیی ئێران لە بانکی بازرگانی عێراق دانراوە و بە میکانزمێک کە ئەمریکا پێی رازییە، دەکرێت بۆ دابینکردن و کڕینی دەرمان و خۆراک لەلایەن ئەو وڵاتەوە تەرخان بکرێت، بەڵام  6.5 ملیاری دیکە کاڵا و شتومەکە، کە لە ئێرانەوە لەلایەن کەرتی تایبەت و بازرگانانی عێراقییەوە هاوردەکراوە و پارەی بە دۆلار گواستراوەتەوە بۆ ئەو وڵاتە. بەپێی بازرگانانی عێراق، پارەی ئەو کاڵایانە، بە دۆلار لەرێگەی نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراوەوە حەواڵەکراوە، یان حەواڵەکراوە بۆ وڵاتی سییەم، بۆ نموونە بە درهەمی ئیماراتی یان یوانی چینی یان دراوێکی دیکە، دواجار گواستراوەتەوە بۆ ئێران. ئەمە خواستێکی گەورەی لە بازاڕی هاوتەریبی دراوی عێراق بۆ دۆلار دروستکردووە.
 
تەرازووی بازرگانیی عێراق لەبەر بەرزیی نرخی نەوت لە زۆربەی ساڵانی رابردوودا ئەرێنی بووە، بەوپێیەش داهاتی نەوت نەوەک تەنیا بە باشی بەشی پڕکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەتی کردووە لەنێویشیدا دابەشکردنی مووچە، هاوکات بەشی هاوردەکردنی کەلوپەل و پێداویستیەکانی خەڵکی کردووە کە رۆژانە هاوردەدەکرێن. بەپێی ئامارەکان، لە 2022ـدا کۆی هاوردەکاریی عێراق، 78.23 ملیار دۆلار بوو، کەچی هەناردەی ئەو وڵاتە نزیکەی 125 ملیار دۆلار بووە، کە بەشی هەرە زۆری هەر داهاتی نەوتە.
 
هەر ساڵێک نرخی نەوت دابەزیوە و بەشی خەرجییەکانی حکومەتی نەکردووە، بانکی ناوەندیی عێراق و حکومەت لەرێگەی دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار و لە هەندێک کاتیشدا لەرێگەی خستنەڕووی قەواڵەی دارایی کە چەشنێکە لە قەرزکردن، هەوڵی کەمکردنەوەی کورتهێنانی بودجەی داوە. بۆ نموونە لە ساڵی 2020، بەهۆی پەتای کۆرۆنا نرخی نەوت برێنت بۆ ماوەیەک بۆ 21 دۆلار دابەزی، کە نزیکەی 40٪ کەمتر بوو لە نرخی  2019ـی بەرمیلی نەوت و بووە هۆکار بۆ دابەزینی گەشەی ئابووریی عێراق بەرێژەی 11٪. داهاتی نەوتی عێراق لەو ساڵەدا هێندە دابەزی، کە تەنیا بەشی دابینکردنی 80٪ـی مووچەی مووچەخۆرانی دەکرد. ئەمەش بووە هۆکار بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق بڕیاربدات بەهای دینار دابەزێنێت و بەهای یەک دۆلار لە 1182 دینارەوە بەرزبکاتەوە بۆ 1450 دینار. بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش حکومەتی عێراقی هاندا لە مانگی شوباتی 2023ـدا بەهای دۆلار لە بەرامبەر دینار دابەزێنێت بۆ 1300 دینار.
 
لە دوای ساڵی 2003ـوە، داهاتی نەوتی عێراق لە هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق لە بانکێکی ئەمریکی بە دۆلار دادەنرێت. لە جیاتی ئەو دۆلارانە، بانکی ناوەندیی عێراق دینار دەداتە وەزارتی دارایی و بەو چەشنەش هۆکار دەبێت بۆ دروستکردن و چاپکردنی دینار، بەو پێیەش دیناری پێویست دەخاتە بەردەستی وەزارەتی دارایی بۆ دابینکردنی کۆی خەرجییەکانی حکومەت. ئێستا لەڕێگەی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی، چاودێری تووندی ئەو دۆلارە نەوتییانە دەکرێت کە وەزارەتی دارایی عێراق لەبەرامبەر وەرگرتنی دینار دەیداتە بانکی ناوەندیی عێراق. هەنگاوی نوێی بانکی ناوەندی عێراق کە ئاسانکاری و یارمەتیی بانکە تایبەتەکان دەدات یەدەگی دراوی خۆیان بە دۆلار تاوەکو ئاستێک بەرزبکەنەوە بۆ ئەوەی حەواڵەی راستەخۆی دۆلار لەژێر سەرپەرشتی و چاودێریی بانکی فیدراڵی ئەمریکا بکەن، کە دەتوانێت پرۆسەی دابینکردن و خستنەڕووی دۆلار لە بازاڕی نێوخۆ خێراتربکات. هاوکات پەیوەندیی دوو لایەنەی بانکە تایبەتەکانی عێراق و کردنەوەی هەژماری بانکی ئەو بانکانە لە دەرەوە بە درهەمی ئیماراتی، یۆرۆ، یوانی چینی و رووپییەی هیندستان دەتوانێت خواستی نێوخۆ بۆ حەواڵە و بەکارهێنانی دۆلار بۆ مامەڵە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان کەمبکاتەوە. کەمکردنەوەی خواست و زیادکردنی خستنەڕووی دۆلار، دەتوانێت لەسەرخۆ بەهای دیناری عیراقی لەبەرامبەر دۆلار نزیکبکاتەوە لەو رێژەیەی ئامانجی بانکی ناوەندیی عێراقە. بەپێچەوانەوە، تێکچوونی پەیوەندییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق و حکومەتی عێراق لەگەڵ حکومەت و گەنجینەی ئەمریکا و تووندکردنەوەی زیاتری گەمارۆ داراییەکانی سەر ئێران، دەتوانێت بەهای دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بەرەو دابەزینی زیاتر هانبدات. ئەوەی ئاشكرایە؛ بانکی ناوەندیی عیراق وەک چۆن پێشتر رایگەیاندووە ئامادە نییە لە ساڵی داهاتووەوە لە مامەڵە نێوخۆییەکاندا کار بە دۆلار بکات، ئەوەش سەرەتایەکە بۆ لادانی دۆلار لە بازاڕی نێوخۆی عێراق و لاوازکردن بازاڕی هاوتەریبی دراو لە عێراق. بانکی ناوەندیی عێراق نرخی دۆلار لە بازاڕی هاوتەریب بە نرخێکی ساختە دەزانێت، کە لە بەرژەوەندیی ئەو کەسانەیە کە کاری نایاسایی گواستنەوەی دۆلار بۆ دەرەوە دەکەن و، سوورە لەسەر ئەوەی بە باشی دۆلاری پێویستی لە بازاڕی ناوخۆدا دابینکردووە بۆ هەموو مامەڵەیەکی بازرگانیی یاسایی.

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کاوە ئەمین

بە عەرەبکردنی کوردستان لە سووریا

ئەوەی کە جێگەی سەرسووڕمانە ئەوەیە لەکاتێکدا ئێمە باسی مێژووی 60 بۆ 70 ساڵ پێش ئێستا دەکەین، کەچی ئەو مێژووانە بەشێوەی دیکە و لە فۆڕمی دیکەدا لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان دا خۆیان دووبارە دەکەنەوە، ئەم جارەیان بە ناوی ئایین و مەزهەب و عروبەوە، کورد و گەلانی ناوچەکە لە شوێنی خۆیان راودەنرێن و لە هەندێک شوێن دا جینۆسایدیش دەکرێن، بەتایبەتی کورد لە هەمووان زیاتر لەژێر مەترسیدایە و هەڕەشەی لێدەکرێت، کەچی هێشتا وانەمان لە رابردووی خۆمان وەرنەگرتووە، هێشتا هەر یەکە و لە ئاوازێک دەخوێنین.