لێکەوتەکانی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت، کارەبا، چیمەنتۆ و ئاسن لەسەر ئاو

16-10-2023
مەحموود بابان @MahmoodBaban2
A+ A-
بەرایی
 
عێراق لەریزبەندیی ئەو 25 وڵاتەیە کە بەپێی داتای نوێی ئەتڵەسی مەترسیی ئاو (WRI) رووبەڕووی گوشاری زۆری کەمبوونەوەی ئاو دەبێتەوە، کە نزیکەی رێژەی سەروو 80%ـی سەرچاوەی ئاوی بەردەست بەکاردەهێنێت. بەردەوامیدان بە ژیان لەگەڵ ئەم ئاستەی گوشاری کەمبوونەوەی ئاو، ژیانی خەڵک و کار و خۆراک و ئاسایشی وزە دەخاتە مەترسییەوە، بەدڵنیاییەوە بەبێ بەڕێوەبردنێکی باشتر بۆ دابینکردن و بەکارهێنانی ئاو، ئەوا بەهۆی گەشەی دانیشتووان، گەشەی ئابووری و گۆڕانی کەشوهەواوە، مەترسییەکانی کەمبوونەوەی ئاو لە عێراق ساڵ بە ساڵ زیاتر دەکەن و دەیخەنە بەردەم مەترسییەکی گەورەتری گوشاری کەمبوونەوەی ئاو، کە لە داهاتوودا ناتوانرێت دابینبکرێت. 
 
هەروەها، ئەو وڵاتەی رووبەڕووی گوشاری ئاو دەبێتەوە بەواتای ئەوە دێت؛ بەلۆعە و بۆرییەکانی ئاو سەرەڕای کردنەوەی قوفڵەکانیان، ئاویان تێدا نییە و حکومەتەکان ناچاردەبن قوفڵەکان بگرنەوە، کە ئەم سیناریۆیەش بەمدواییانە لە زۆر شوێن روویانداوە وەک ئێران، بەریتانیا، هیندستان و عێراق و هتد. 
 
عێراق بەبێ هەرێمی کوردستان ئێستا رۆژانە 4.520 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت و لە ریزبەندیی پێنجەمە لە جیهان و دووەمە لەنێو وڵاتانی ئۆپێکدا و، رێژەی 10%ـی نەوتی جیهان دابین دەکات، لەماوەکانی رابردووشدا ساڵانەش بەڕێژەی 10.2% بەرهەمهێنانی نەوتی زیادکردووە و پلانی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی بۆ 7 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە تاوەکو ساڵی 2027 هەیە، کە ئەمەش بەدڵنیاییەوە پێویستی بە ئاوە! چونکە کێڵگە نەوتییەکان بۆ پاراستنی باڵانس یاخود زیادکردنی پەستان لەنێو بیرەکاندا بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت، دەبێت ئاو یاخود گاز بەکاربهێنن بۆ پڕکردنەوەی بیرەکان. لە عێراق تاوەکو ئەم ساتەش زیاتر ئاو بەکاردەهێنرێت، کە بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی بەسرە، لە هەر چرکەیەدا 4500 بۆ 5000 لیتر ئاو بۆ کێڵگەکان دابیندەکرێت (Reinjection) دەکرێتەوە، کە هەندێکیان ئاوی رووبارەکان بەکاردەهێنن. 
 
لەڕووی بەرهەمهێنانی شیش و کارگەکانی ئاسنەوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان 15 کارگە هەن، کە توانای بەرهەمهێنانی ساڵانەیان 4.7 ملیۆن تۆنە، ئەمەش پێویستی بە 2.8 ملیار لیتر ئاو هەیە. ئێستا 10 کارگەی دیکەی بەرهەمهێنانی ئاسن لە تەواوی عێراق و هەرێمی کوردستاندا لە قۆناخی جێبەجێکردندان، کە ئاستی بەرهەمهێنانی ساڵانەیان دەگاتە 3.18 ملیۆن تۆن ئاسن، ئەمەش پێویستی بە زیاتر لە 2.8 ملیار لیتر ئاوی دیکەیە.
 
لە عێراق و هەرێمی کوردستان 31 کۆمپانیای حکومی و تایبەت بە بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ هەن، کە ئەگەر ساڵانە بە نیوەی توانای خۆیان کار بکەن، پێویستییان بە 50 ملیۆن مەتر سێجا یاخود 5.13 ملیار لیتر ئاوە!
 
بەمدواییەش بەهۆی پێشکەوتنەکانی بەرهەمهێنانی کارەباوە، ئێستا لە هەولێر وێستگەیەکی 300 مێگاواتی بەرهەمهێنانی کارەبا بە هەڵم کار دەکات، کە رۆژانە 28.15 ملیۆن لیتر ئاوی پێویستە و، سەرچاوەی ئەم ئاوەش، زێی گەورەیە!
 
لێرەدا، هەڵوەستەیەک لەسەر فراوانبوونی ئەم چوار کەرتە لە عێراق و لێکەوتەکانی بەکارهێنانی ئاو بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت، یەک تۆن چیمەنتۆ، یەک تۆن شیش و یەک مێگاوات کارەبا دەکەین. لە دۆخی لەمشێوەیەی عێراق کە رووبەڕووی وشکەساڵی، بەبیابانبوون، کەمبوونەوەی ئاو بووەتەوە، زیادکردنی ئەمانە بەیەکەوە کە زۆربەی ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوی بەکاردەهێنێت، چ کاریگەرییەکی هەیە؟ 
 
بەرهەمهێنانی یەک بەرمیل نەوت چەند بەرمیل ئاوی پێویستە؟
 
نەوت رێژەی 92% کۆی بەهای کاڵای هەناردەکراوی عێراق پێکدەهێنێت، بەپێی داتاکانی ئۆپێک، کۆی بەهای هەناردەکراوی عێراق ( لە ساڵی 2021) 86.298 ملیار دۆلار بووە و، نەوت بەتەنیا 79.788 ملیار دۆلاری پێکهێناوە! ئەم پشتبەستنە بە نەوت بۆ دابینکردنی دارایی وڵات و ئەو پلانەی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دانراوە تاوەکو ساڵی 2027، بەدڵنیاییەوە دەبێتە هۆی زیادکردنی مەترسی و گوشاری کەمبوونەوەی ئاو لە عێراق، چونکە کێڵگە نەوتییەکان بۆ ماوەی ئاستی بەرهەمهێنان و زیادکردنی بڕەکەی، پێویستیان بە راگرتنی باڵانسی پەستانی نێو بیرەکە هەیە، چەند نەوت دەردەهێنرێت، ئەوەندە ئاو یان گاز پێویستە دووبارە بکرێتەوە شوێنی نەوتەکە، ئەم شێوازەش لە عێراق جیاوازە و لە کێڵگەیەکەوە بۆ کێڵگەیەکی دیکە، لەنێوەڕاست و باشووری عێراقیش زیاتر ئاو و لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانیش زیاتر گاز بۆ ئەم مەبەستە بەکاردەهێنرێت. 
 
بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی  قەمەر ئێنێرجی (2018)، عێراق مێژووییەکی دووردرێژی لە بەکارهێنانی ئاو بۆ بەرهەمهێنانی نەوت هەیە، کە میکانیزمێکی گونجاوە بۆ راگرتنی باڵانسی بیرەکان، ئەویش بەهۆی پێکهاتەی جیۆلۆجی کێڵگە و بیرە نەوتەکانەوە. بەگشتی و بەتێکڕا 1.3 بۆ 1.5 بەرمیل ئاو بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت پێویستە، ئەم بڕەش تەنیا بۆ پاراستنی هاوسەنگیی بیرەکەیە، ئەگەر بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بێت، ئەوا ئەو بڕە زیاتر دەکات. 
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی بەسرە، وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق لە هەر چرکەیەکدا 7000 لیتر ئاوی شەتولعەرەبی بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان تەرخانکردووە، بەڵام لەلایەن کۆمپانیا نەوتییەکانەوە کە کێڵگە گەورەکانی نەوت لە باشووری عێراق بەڕێوەدەبەن هەمووی بەکارناهێندرێت، بەڵکو لەنێوان 4500 بۆ 5000 لیتر لە هەر چرکەیەکدا بەکاردەهێنرێت. 
 
بۆ نموونە، لەسەر ئاستی کێڵگە نەوتییەکان لە باشووری عێراق، کێڵگەی نەوتی مەجنوون 160 لیتر/چرکەیەک، نەهر بن عومەر 160 لیتر/چرکەیەک، ویست قوڕنە-1 نزیکەی 250 لیتر/چرکەیەک، ویست قوڕنە-2 نزیکەی 200 لیتر کە لە رووباری فوراتەوە وەردەگرێت، فەیحا 122 لیتر/چرکەیەک، سیبا 100 لیتر/چرکەیەک کە ئەم دووانەش لە شەتولعەرەبەوە، هەروەها ویستگەی سووتانی گازی شەتولعەرەب 1000 لیتر لە چرکەیەک بۆ ساردکردنەوە بەکاردەهێنێت. 
 
ئێستا، پلانی فراوانکردنی بەرهەمهێنان تەنیا پەیوەست نییە بە هاتنی کۆمپانیاکان و وەبەرهێنانی دەرەکی و تەنانەت کۆتای ئۆپێک و ئۆپێک پڵەسەوە بۆ هەناردەکردنی نەوت بەلای عێراقەوە، بەڵکو ئاڵنگاریی گەورە؛ دابینکردنی ئاوە بۆ خستنەجێی ئەو نەوتەی بەرهەمدەهێنرێت، یاخود زیادکردنی پەستانی کێڵگە و بیرەکەیە بۆ زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت.
 
خاڵێکی گرنگی دیکەی ئەم پرۆسەیە پەیوەستە بە تەمەنی کێڵگە و بیرە نەوتەکانەوە لە عێراق، کە ئێستا پێویستیان بە زیادکردنی پەستان و راگرتنی باڵانسی پەستانی نیو بیر و کێڵگەکان هەیە، چونکە کێڵگە و بیرە نەوتییەکان تەمەنێکی زۆر بە ئاستی سرووشتیی پەستانی نێوخۆیی بۆ بەرهەمهێنانی نەوت کاریان کردووە، بۆ نموونەش دوای 60 ساڵ لە بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی نەوتی روومیلە بەتایبەتیش لە بەشی باکووری کێڵگەکە، پەستانی نێوخۆیی بیرەکە دابەزیوە و پێویستی بە دابینکردنی ئاو بۆ بەرزکردنەوەی پەستانی نێو بیرەکە هەیە لەکاتی بەرهەمهێنانی نەوتدا، لەم کێڵگەیەدا لە 2013 خوار 200 هەزار بەرمیل ئاوی رۆژانە پێویست بوو، بەڵام لە ساڵی 2019ـدا پێویستییەکە بە ئاو گەیشتووەتە 1.2 ملیۆن بەرمیل ئاو لە رۆژێکدا و لە 2021ـدا گەیشتووەتە 1.4 ملیۆن بەرمیل ئاوی رۆژانە.
 
یەک تۆن شیش و چیمەنتۆ چەند ئاوی پێویستە؟
 
ئیستا لە عێراق و هەرێمی کوردستان 15 کارگەی ئاسن و بەرهەمهێنانی شیش هەن، کە 12ـیان دەکەونە سنووری هەرێمی کوردستان. ئەم کارگانە ساڵانە توانای بەرهەمهێنانی 4.6 ملیۆن تۆن شیشیان هەیە، بەگوێرەی پارێزگاکانیش هەولێر 2.06 ملیۆن تۆن، سلێمانی 1.88 ملیۆن تۆن، بەسرە 350 هەزار تۆن، کەربەلا 200 هەزار تۆن، موسڵ 50 هەزار تۆن و دهۆک 50 هەزار تۆنە. 
 
هەروەها، ئێستا لە عێراق هاوشێوەی پلانی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت، پلانی زیادکردنی بەرهەمهێنانی شیشیش لەئارادایە، بەشێوەیەک چاوەڕواندەکرێت ساڵانە تاوەکو کۆتایی 2024، نزیکەی 3.18 ملیۆن تۆنی دیکە بۆ کۆی بەرهەمهێنانی ئێستا زیادبکرێت، بەشێوەیەک کۆی بەرهەمهێنانی شیش و ئاسن بگاتە سەرووی 7.78 ملیۆن تۆن لە ساڵیکدا، وەکو لە خشتەی 1 و 2 دا هاتووە. 
 
بەگوتەی یەکێک لە خاوەن کارگەکانی شیش لە هەرێمی کوردستان، جیاوازی لە بەکارهێنانی ئاو بۆ بەرهەمهێنانی شیش لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەیە، ئەویش بەهۆی جۆری بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ لە کارگەکاندا، بەڵام بەگشتی بۆ بەرهەمهێنانی هەر تۆنێک شیش، 600 لیتر ئاو بەکاردەهێنرێت. لەکاتێکدا بەپێی ئاژانسی پاراستنی ژینگەی ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەمریکا، بەلایەنی کەمەوە 2000 لیتر ئاو پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی یەک تۆن.
 
ئەگەر بەتێکڕا و بەگشتی بۆ هەر تۆن شیش 600 لیتر ئاو بەکاربهێنرێت، ئەوا ئێستا ساڵانە لە عێراق و هەرێمی کوردستان 2.8 ملیار لیتر ئاو بۆ بەرهەمهێنانی ئەو 4.7 ملیۆن تۆن شیش بەکاردەهێنرێت، کە لەنێوخۆدا بەرهەمدەهێنرێت، خاڵێکی دیکەی گرنگ خێرا پەرەسەندنی ئەم کەرتەیە، کە تاوەکو 2024 ژمارەی کارگەکان دەگاتە 25 کارگە و زۆربەیان لە نێوەڕاست و باشووری عێراقن، ئەو 10 کارگە نوێیە ساڵانە بۆ بەرهەمهێنانی 3.18 ملیۆن تۆن شیش، پێویستیان بە 1.9 ملیار لیتر ئاو هەیە. 
 
 

ساڵانە 4 ملیار تۆن چیمەنتۆ لە جیهاندا بەکاردەهێنرێت کە نزیکەی 3 ملیار تۆن دووانەئۆکسید لە بەرهەمهێنانییەوە دەردەدرێتە نێو هەواوە، کە بەرپرسیارە لە رێژەی 8% دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن لە جیهان و، لەدوای نەوتەوە بە دووەم گەورەترین بەشداریکاری گەرمبوونی جیهان دادەنرێت، کە ساڵ بە ساڵ خواستی لەسەر زیاد بووە. 
 
ئێستا، عێراق 18 کۆمپانیای چیمەنتۆی حکومی و 13 کۆمپانیای چیمەنتۆی کەرتی تایبەتی تێدایە، کە توانای بەرهەمهێنانی ساڵانەیان 47 ملیۆن تۆن چیمەنتۆیە. کۆمپانیا حکومییەکان توانای 18 ملیۆن تۆن و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتیش توانای 29 ملیۆن تۆن چیمەنتۆیان هەیە. 
 
ئەگەر ئەم کۆمپانیایانە بەتوانای تەواوەتی خۆیانەوە کاربکەن، ساڵانە 101 ملیۆن مەتر سێجا یان 101.26 ملیار لیتر ئاویان بۆ بەرهەمهێنانی ئەو بڕە پێویستە کە ساڵانە بەرهەمیدەهێنن. بەڕوویەکی دیکەدا، ئەگەر بەتەنیا ئەو بڕەی کۆمپانیا تایبەتەکان ساڵانە بەرهەمیدەهێنن لێکبدەینەوە، ئەوا بۆ هەر تۆنێک چیمەنتۆ 2.126 مەتر سێجا یاخود 2126 لیتر ئاوی پێویستە، واتە 61 ملیۆن مەتر سێجا یان 61 ملیار لیتر ئاو!
 
ئێستا حەوت کارگەی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ لە هەرێمی کوردستان هەن، کە شەشیان کار دەکەن و یەکێکیان تازە دەستکراوە کە کارگەی چیمەنتۆی دابینە لە هەولێر و، بەدروستکردنی ئەم کارگانە لە توانایاندا هەیە 16 ملیۆن 936 هەزار تۆن چیمەنتۆ بەرهەمبهێنن، بەڵام ئێستا 10 ملیۆن و 700 هەزار تۆن بەرهەمدەهێنن، واتە لەسەدا 64٪ـی ئەوەی لە توانایاندایە بەرهەمدەهێنن، ئەمەش ساڵانە پێویستیی بە 22 ملیار لیتر ئاو هەیە، کە سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی رووبار و ژێر زەوییە.
 
تێبینی، بەپێی داتا کۆکراوەکان لە کارگەیەکی چیمەنتۆ لە هەرێمی کوردستان، کە رۆژانە 15 هەزار و 900 تۆن چیمەنتۆ بەرهەمدەهێنیت، لە رۆژێکدا پێویستی بە 5000 هەزار مەتر سێجا ئاو هەیە، کە سەرچاوەکەی زێ بچووکە.
 
*بۆ هەر تۆن چیمەنتۆ 2.126 مەتر سێجا ئاو دانراوە
** بۆ هەر تۆن چیمەنتۆ 2126 لیتر ئاو دانراوە
 
بەرهەمهێنانی یەک مێگاوات کارەبا لە هەڵمەوە رۆژانە چەند ئاوی پێویستە؟ 
 
11 ویستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا هەن، کە سێیان لە هەولێر، پێنجیان لە سلێمانی، یەکیان لە گەرمیان و دووانیان لە دهۆکن. وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای هەڵمی خەبات رۆژانە 300 مێگاوات کارەبا لەڕێگەی هەڵمەوە بەرهەمدەهێنێت، کە سەرچاوەی ئاوەکەی زێی گەورەیە. 
 
بەپێی لێکۆڵینەوەکان بۆ بەرهەمهێنانی یەک مێگاوات کارەبا لەکاژێرێکدا، نزیکەی 1057 گاڵۆن یاخود سەروو 3910 لیتر ئاو پێویستە، واتە ویستگەیەکی هەڵمی 24 کاژێری بۆ هەر مێگاواتێک 93 هەزار و 861 لیتر ئاوی پێویستە، کە ویستگەی خەبات 300 میگاوات بەرهەمدەهێنێت، واتە لە رۆژێکدا 28 ملیۆن و 158 هەزار و 480 لیتر ئاوی پێویستە و لەساڵیکدا دەگاتە سەروو 10.27 ملیار لیتر ئاو! بەگوتەی بەرپرسانی ویستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای هەڵمی خەبات، ئەم بڕە ئاوە لە ئاوی رووباری زێی گەورەوە دابیندەکرێت!
 
هەروەها، لەسەر ئاستی عێراق، لە وێستگەی کارەبای شەتولعەرەب لە بەسرە، لە هەر چرکەیەکدا 1000 لیتر بۆ سارکردنەوەی سیستەمی بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاردەهێنرێت، واتە لە 24 کاژێردا 518 ملیۆن لیتر ئاو بەکاردەهێنرێت. 
 
کۆتایی
 
ئێستا فراوانبوونی ئەم پیشەسازییانە لە عێراق بەشێوەیەکە؛ تەنیا لە کەرتی نەوتدا رۆژانە 388 ملیۆن لیتر ئاو بەکاردەهێنرێت، کە هەندێک لە کێڵگەکان ئاوی رووباری فورات بەکاردەهێنن، ئەو بڕەی لە کەرتی چیمەنتۆ بەکاردەهێنرێت و زۆربەی ئاوی رووبار و بیرەکانە، ساڵانە دەگاتە 10.2 ملیار لیتر و لەکەرتی کارەبا و بەرهەمهێنانی کارەباشدا بەهەڵم، دەگاتە 114 ملیۆن لیتر و لە پیشەسازیی بەرهەمهێنانی شیشیشدا دەگاتە 2.8 ملیار لیتر!
 
لەکۆتاییدا، پلانی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت و فراوانبوونی پیشەسازییەکانی دیکە لە عێراق لەکاتێکدایە؛ هەموو رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هۆشداری لە خراپبوونی رۆژ بە رۆژی رەوشی کەشوهەوای عێراق دەدەن. ئەگەر ئەم فراوانبوونانە بەبێ چاودێری و پابەندکردنی کۆمپانیاکان بە بەکارهێنانی ئاوی قورس و ئاوی دەریاکان نەبێت، ئەوا کارەساتەکە بۆ عێراق لەڕووی گوشاری کەمبوونەوەی ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوی، خێراتر دەبێت.
 
هەموو ئەمانەش لەکاتێکدان زیاتر لە 14 ساڵە و لەساڵی 2011ـوە عێراق پلانی پرۆژەی هاوبەشی ئاوی دەریای (CSSP) ئامادەکردووە بۆ دابینکردنی ئاو لە کەنداو بۆ کێڵگە نەوتییەکان کە لەلایەن ئیکسۆن مۆبیلەوە جێبەجێ بکرێت، بەڵام دوای 8 ساڵ لە پرۆژەکە، ئیکسۆن رایگەیاندبوو کۆتایی بە گفتوگۆکانی هێناوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە و، تائێستاش دیار نییە چۆن جێبەجێدەکرێت!
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەژیر قادری

پڕۆژەی پشتێنەی زێڕینی چین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ دەرفەت یان مەترسی

بۆ چین، وڵاتانی ئێران، عێراق و سعودیە هاوبەشی ئابووریی جەوهەرین، بەڵام پرسە گرنگەکانی ئەم دواییانەی وەک شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ئیسرایل و فەلەستین، بوونەتە هۆکاری راگرتنی پڕۆژەی پشتێنەی زێڕینی ئابووریی چین و بەردەوامن لە تاقیکردنەوەی هاوسەنگی پەکین لەنێوان هاوبەشە ستراتیژییەکان و ناسەقامگیریی ناوچەکەدا. کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەک ئەندام و سوودمەندێکی سەرەکی ئەم پڕۆژەیە پشکی زێڕینی بەردەکەوێت. هەروەها، لەڕووی جیۆپۆلەتیکەوە، ئێران وەک پردێک لەنێوان رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باشووری ئاسیا گرنگیی زۆری هەیە لە سەرکەوتنی پڕۆژەی پشتێنەی ئابووریی زێڕینی چینی.