هەناسەی درێژی فارس لە سیاسەت دا هۆکارێکە بۆ بەهێزی بەردەوامی دەسەڵاتدارییان لە مێژوودا. ئێرانییەکان ساڵێک رۆژانە گفتوگۆت لەگەڵ دەکەن و زۆر جار لە کۆتایی دا ئامانجی سەرەکی خۆتت لەبیردەبنەوە. سیاسەتی ئەوان لە گفتوگۆدا بریتییە لەوەی چۆن ئەوەی بەرامبەر بە مەمنونییەوە بەهەموو مەرجەکانی خۆیان رازی بکەن. ئێران تاوەکو رادەیەکی زۆر بەم سیاسەتی لە ناوچەکەدا سەرکەوتووە و هەژموونی بەردەوام لە زیادبووندایە. یەمەن و سووریا دوو نموونەی بەرچاون بۆ ئەمە. بەچکەکانی ئێرانیش لە عێراق و لوبنان لە رێگەی هەمان باوکی رووحییەوە ئاراستە دەکرێن و بەهەمان سیاسەت بەرامبەر لایەنەکانی دیکە دەجوڵێنەوە.
سیاسەتی شیعەکانی عێراق بەرامبەر کورد هەناسە و ئاراستەکردنێکی فارسانەی زۆری پێوە دیارە. بە شێوازێک حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر بیری چووە باسی بەشە بودجە و مافەکانی دیکەی بکات، تەنیا بە ناردنی مووچەی فەرمانبەران رازییە.
ئەوە نەفەسە درێژە ئێرانییە و سیاسەتی بەچکەکانی ئێرانی پێویستە بە سیاسەتێکی نوێ و هاوشێوەی ئەوەی خۆیان مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. لەکاتێکدا هەلومەرجی ناوچەکە دۆخێکی نوێی هێناوەتە ئاراوە کە تێیدا هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی بەهێزی راستەقینەی ئەمریکایە لە عێراق. ئەمریکا ئێستا کورد بە پارێزەری بەرژەوەندییەکانی لە عێراق دادەنێت و مەرجە سەپێندراوەکانی بەسەر سەرۆکایەتی حکومەتی عێراق دا، گرنگیدانی ئەمریکا بە کورد نیشان دەدات. زۆر پێویستە کورد جوڵە سیاسییەکانی لە قۆناخی داهاتوودا چڕتربکاتەوە و بەهیچ شێوازێک نابێت دووبارە بیر لە کشانەوە بکاتەوە. نابێت ئەو پاڵپشتییە بەهێزەی ئێستای ئەمریکا ببێتە هۆکاری کشانەوە یان دوورکەوتنەوە لە بەغدا، بەڵکو دەبێت رکابەرییەکە بگوازرێتەوە ئەوێ. ئەمریکا هاوبەشێک و دەنگێکی بەهێزی یەکگرتووی لە بەغدا دەوێت، نەک تەنیا لە هەولێر!
دەکرێت سەرۆک کۆماری عێراق بۆ پاراستنی "بەرژەوەندی و ئاسایشی گشتی و دەستوور" داوایەک ئاراستەی سەرۆکی دادگەی فیدراڵی بکەن بۆ پێداچوونەوە بەو بڕیارانەی پێچەوانەی دەستوورن، چونکە دەکرێت ببنە هۆکارێکی تێکدانی سەقامگیری و پێکەوە ژیان لە عێراق. دادگەی فیدراڵی بۆ ئەم داوایە وەڵامی هەرچی بێت لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان دەبێت. ئەم هەنگاوە لەم کاتەدا زۆر گرنگە بۆ هەبوونی دوو شێوازی سیاسەتی پێویست لە بەغدا کە یەکێکیان بەرگری بکات و ئەوەی دیکەش لە گفتوگۆکان بەردەوام بێت.
باشبوونەوەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان مەرجێکی سەرەکی کۆشکی سپییە بۆ کردنەوەی دەرگاکانی بەڕووی سوودانییەوە. هەروەها شێوازی مامەڵەی دادگەی فیدراڵی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هۆکاری سەرەکیی پشت هەڵوەشاندنەوەی سەردانە گرنگەکەی فایەق زیدان بوو بۆ ئەمریکا. هەولێر بەو کارتانەی هەیەتی دەتوانێت بەشێوازێکی دیپلۆماسییانە کاریگەری بخاتە سەر بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و شێوازی مامەڵەکردنی حکومەتی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
بەڵام پێش ئەو داواکارییە و لەهەمووی گرنگتر زۆر پێویستە کۆبوونەوەیەکی فراوانی حیزبە کوردستانییەکان لەسەر ئاستێکی باڵا چی زووە بکرێت و تێیدا لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لایەنەکان سازش بۆ یەکدی بکەن و خۆیان لە نێوخۆوە بڕیار لە چارەنووسی هەرێمی کوردستان بدەن، بەڵام ئەگەر سازشی نێوخۆیی نەکرا، ئەوە نەک تەنیا بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی جێبەجێ دەکرێن، بگرە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتەکانی لە پارێزگایەکی عێراقیش کەمتر دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ