دووبارە فەرەنسا لەبەردەم شۆڕشێکی فراواندایە، شەپۆلێکی ناڕەزایی دروستبووە و تیایدا بەشێکی کۆمەڵگا لە لایەک و دەسەڵات و دەوڵەت لە لایەکی دیکەوەن.
دەربڕینی ناڕەزایەتییەکان لە پۆلێکی قوتابخانە لە دەرەوەی پاریس دەستیپێکرد، تەشەنەی کرد و پەلیکێشا و پریشکەکە بەشێکی زۆری فەرەنسای گرتەوە.
لە راستیدا دوای جەنگی جیهانیی دووەم، ئەورووپا بە دروستکردنی (یەکێتی ئەورووپا)، مۆدێلێکی نوێ لە ئاشتی، گەشەی ئابووری و دیموکراسی خستەڕوو. بەڵام جەیمس کیرچیک نووسەری ئەمریکی لە کتێبێکیدا بەناوی "کۆتایی ئەورووپا: دیکتاتۆرەکان، پۆپۆلیستەکان و سەردەمی تاریکیی داھاتوو End of Europe: Dictators, Populists, and the Coming Dark Age)،" کیرچیک لەم کتێبەیدا زەنگێکی ئاگادارکردنەوەی مەترسیدار لێدەدات. لەڕاستیدا دەیەوێت ئەوەمان بۆ روون بکاتەوە کە پرۆژەی ئەورووپی لەژێر گوشاری قەیرانی ناوخۆیی و هەڕەشەی دەرەکیدا تووشی داڕمانی هێواش بووەتەوە.
هۆکارە سەرەکییەکانی پشت قەیران و داڕمانی ئەورووپا بریتین لە:
● هەڵکشانی پۆپۆلیزم و ناسیۆنالیزمی تووندڕەو، کە تێیدا سەرهەڵدانی پارت و رەوتە راستڕەوەکان لەنێو وڵاتانی وەک فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، مەجەڕستان و پۆڵەندا داوای گەڕانەوە بۆ سەروەریی تەواوی دەوڵەت-نەتەوە و هەڵوەشاندنەوەی بڕیارە ناوەندییەکانی برۆکسل دەکەن، کە ئەمەش ریزەکانی یەکێتییەکە پارچەپارچە دەکات.
● هەروەها دەستێوەردان و هەڕەشە جیۆپۆلیتیکییەکانی رووسیا و سیاسەتی هێرشبەرانەی کرێملین، لەڕێگەی شەڕی زانیاری و پشتیوانیی دارایی بۆ حزبە پۆپۆلیستەکان، هەوڵی تێکدانی سەقامگیریی ناوخۆیی و لاوازکردنی گیانی هاوکاریی سەربازی لای وڵاتانی ئەورووپا دەدات.
● لە لایەکی ترەوە، قەیرانی کۆچبەران و هاتنی شەپۆلی گەورەی پەنابەران لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقاوە، درزێکی قووڵی کلتووری و سیاسی لەنێوان لایەنگرانی کۆمەڵگەی کراوە و پارێزگارانی ناسنامەی نەتەوەیی دروست کردووە، کە متمانەی هاووڵاتییانی بە سیستمەکە لاواز کردووە.
● لەڕووی ئابوورییەوە، قەیرانی دراوی هاوبەش (یۆرۆ) و جیاوازیی نێوان باکووری دەوڵەمەند و باشووری قەرزدار بووەتە هۆی دروستبوونی ناڕەزایەتییەکی جەماوەریی بەربڵاو. سەرەڕای ئەمانەش، لاوازیی ئاسایش و پشتبەستنی رەهای ئەورووپا بە چەتری ئەمنی و سەربازیی ئەمریکا لەڕێگەی ناتۆوە، لەگەڵ گۆڕانی بەرژەوەندییەکانی واشنتن، کیشوەرەکەی لەڕووی سەربازی و ستراتیژییەوە بێ پەنا و لاواز کردووە.
هەربۆیە "کۆتایی ئەورووپا" مەرج نییە بە مانای رووخانی فیزیکیی کیشوەرەکە بێت، بەڵکو بە مانای لەدەستدانی ئەو بەها شارستانی، دیموکراتی و ئەخلاقییانەیە کە ئەورووپای نوێی لەسەر بنیاد نرابوو، ئەگەر سەرکردەکان بەرەنگاری پۆپۆلیزم و دەستێوەردانە دەرەکییەکان نەبنەوە، کیشوەرەکە رووبەڕووی سەردەمێکی نوێ لە پاشاگەردانی و لاوازی دەبێتەوە.
روونە ئەوەی لە فەرەنسا و بەشێکی زۆری ئەو ئەورووپایەی گەنجی رۆژهەڵاتی ناوین خەونی پێوە دەبینێت، بەدیدەکرێت، رووبەڕووبوونەوەیەکی جەماوەریی بەرفراوان و قووڵە، کە چیدی تەنها وەڵامدانەوەیەکی راگوزەر بۆ بڕیارێکی حکومیی دیاریکراو یان بەرزبوونەوەی کاتیی نرخەکان نییە، بەڵکو دەربڕینی تووڕەییەکی کەڵەکەبووی بەشێکی مەزنی کۆمەڵگەیە لەئاست داڕمانی توانای کڕین و قورسبوون و قووڵبوونەوەی قەیرانی بژێویی ژیان.
لەپشت ئەم شەپۆلە فراوانەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانەوە، کۆمەڵێک هۆکاری ئابووری و کۆمەڵایەتی هەن کە بە تێپەڕبوونی کات کاریگەرییان لەسەر ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییان زیاتر بووە. بەرزبوونەوەی بێکاری و نائارامیی بازاڕی کار، لەگەڵ گوشارەکانی هەڵئاوسان و گرانیی بەردەوامی پێداویستییە بنەڕەتییەکان، بوونەتە هۆی لاوازبوونی توانای کڕین و زیادبوونی نیگەرانیی خێزانەکان لە داهاتووی ئابوورییان. لە هەمان کاتدا، بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و وزە تەنها بارگرانییەکی راستەوخۆ نییە لەسەر شانی هاووڵاتییان، بەڵکو لەڕێگەی زیادبوونی تێچووی گواستنەوە و بەرهەمهێنانەوە، کاریگەریی خۆی دەخاتە سەر نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکانی دیکەش.
لە بەرامبەردا، بارگرانیی باجە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکان، بەتایبەتی باجەکانی سەر بەکارهێنان و کاڵا و سووتەمەنییە بنەڕەتییەکان، هەستی نادادپەروەریی ئابووری لەنێوان چینی کەم دەرامەت و چینی ناوەند بەهێزتر کردووە، چونکە بەشێکی بەرچاو لە داهاتیان بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان خەرج دەکرێت. لە کەرتی تەندروستیشدا، تێچووی دەرمان و چارەسەری پزیشکی و ئەو خەرجییانەی کە هاووڵاتییان ناچارن خۆیان بیاندەن، گوشارێکی دیکە دەخەنە سەر بودجەی خێزانەکان، بەتایبەتی خانەنشینان و ئەوانەی داهاتیان سنووردارە.
لە هەمان کاتدا، کەرتی پەروەردە بە کێشەی کەمیی مامۆستا، قەرەباڵخیی پۆلەکان، کەموکوڕیی ژێرخانی خوێندن و لاوازبوونی کوالێتیی خزمەتگوزارییە پەروەردەییەکانەوە رووبەڕووە؛ بارودۆخێک کە ناڕەزایەتیی مامۆستایان، قوتابیان و خێزانەکانیان زیاتر دەکات. کۆی ئەم گوشارانە نیشانی دەدەن کە قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتیی فەرەنسا تەنها لە گرانی و بێکاریدا کورت نابێتەوە، بەڵکو قەیرانێکی فراوانتری پەیوەست بە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، دابەشکردنی داهات، سیاسەتی باج و توانای دەوڵەت لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانە؛ ئەو قەیرانەی دەکرێت ببێتە هۆی قووڵبوونەوەی ناڕەزایەتی و فراوانبوونی داواکارییە جەماوەرییەکان.
بۆ تێگەیشتن لە رەهەندە قووڵەکانی ئەم ئاڵۆزییە ئابووری و کۆمەڵایەتییە، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ چەندین ساڵ لەمەوبەر، کە تێیدا کۆمەڵێک قەیرانی دارایی و بڕیاری ئابووری بە شێوەیەکی کەڵەکەبوو، بارگرانییان لەسەر ئابووریی فەرەنسا دروست کردووە.
یەکێک لە گرنگترین ئەم هۆکارانە، گەشەکردنی بەردەوامی قەرزی گشتیی فەرەنسایە، کە لە ئەنجامی کەموکوڕیی بەردەوامی بودجە، زیادبوونی خەرجییە حکومییەکان، قەیرانی دارایی جیهانیی ساڵی 2008، دەرهاویشتە ئابوورییەکانی پەتای کۆرۆنا و سیاسەتەکانی پاڵپشتیکردنی ئابووری لە قۆناخە جیاوازەکاندا قووڵتر بووەتەوە. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، قەرزی گشتیی فەرەنسا لە ساڵی 2026دا گەیشتووەتە نزیکەی 4.5 تریلیۆن دۆلار، کە زۆر زیاتر لە کۆی بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتەکە پێکدەهێنێت.
ئەم ئاستە بەرزەی قەرزیش، لەگەڵ بەرزبوونەوەی رێژەی سوودی قەرزەکاندا، وای کردووە بەشێکی گەورەتر لە داهاتی گشتی بۆ دابینکردنی سوودی قەرز و پابەندییە داراییەکان تەرخان بکرێت، لە کاتێکدا حکومەت ناچارە بەردەوام قەرزی نوێ وەربگرێت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی بودجە و نوێکردنەوەی قەرزە پێشووترەکان. لە ئەنجامدا، گوشارێکی دوولایەنە دروستبووە؛ لە لایەک حکومەت هەوڵ دەدات بە زیادکردنی داهاتی باج، کۆنترۆڵکردنی خەرجییە گشتییەکان و چاکسازیی سیستمی خانەنشینی کەموکوڕیی بودجە کەم بکاتەوە، لە لایەکی دیکەوە ئەم سیاسەتانە ناڕەزایەتیی ئەو هاووڵاتییانە زیاد دەکەن کە پێیان وایە باری قەیرانێکی درێژخایەنی دارایی دەخرێتە سەر شانیان.
لە هەمان کاتدا، کاریگەریی شەڕی رووسیا و ئۆکراینا لە ساڵی 2022ەوە، بەتایبەتی لەسەر بازاڕی وزە و زنجیرەی دابینکردنی کاڵاکان، لەگەڵ دەرهاویشتەکانی هەڵئاوسانی ساڵانی رابردوو، توانای کڕینی خێزانەکانی لاوازتر کردووە. ئەمەش نیشانی دەدات کە ناڕەزایەتییەکانی ئەمڕۆ تەنها بەرهەمی بڕیارەکانی حکومەتی ئێستا نین، بەڵکو ئەنجامی کەڵەکەبوونی چەندین ساڵ لە کێشەی دارایی، سیاسەتی ئابووری و ناتەواویی چاکسازییە پێویستەکانن.
لەپاڵ ئەم هۆکارە ناوخۆییانەدا، ئاڵۆزییە جیۆپۆلیتیکییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەتایبەتی شەڕی نێوان ئێران لە لایەک و ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەکی دیکەوە، بوونەتە هۆکارێکی دەرەکیی گرنگ بۆ قووڵکردنەوەی گوشارە ئابوورییەکان لە فەرەنسا و سەرانسەری ئەورووپا. ئەم شەڕە و ئەو گرژییە سەربازییانەی لێی کەوتوونەتەوە، بوونەتە هۆی تێکچوونی هاتوچۆی دەریایی و سنوورداربوونی گواستنەوەی نەوت و گازی سرووشتی لە تەنگەی هورمز، کە یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ستراتیژییەکانی دابینکردنی وزە لە جیهاندا.
داخستنی بەشێک لە رێڕەوەکانی گواستنەوە، تەنگەی هورمز لەلایەن سوپای پاسداران و، بابولمەندەب لەلایەن حووسییەکان، هێرشەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان و زیادبوونی مەترسییە ئەمنییەکان، نەک تەنها بڕی نەوتی گەیشتوو بە بازاڕە نێودەوڵەتییەکانیان کەم کردووەتەوە، بەڵکو تێچووی گواستنەوە، بیمەی کەشتییەکان و نرخی سووتەمەنییان بەرز کردووەتەوە.
ئەم گۆڕانکارییانەش بە شێوەیەکی زنجیرەیی کاریگەرییان لەسەر ئابووریی فەرەنسا هەیە، چونکە بەرزبوونەوەی نرخی وزە تێچووی بەرهەمهێنانی پیشەسازی، گواستنەوەی کاڵا، چالاکییە بازرگانییەکان و دابینکردنی پێداویستییەکانی خێزان زیاد دەکات، کە دواجار دەکرێت ببێتە هۆی شەپۆلێکی نوێی هەڵئاوسان و دابەزینی زیاتری توانای کڕین.
لە هەمان کاتدا، ئەم بارودۆخە حکومەت دەخاتە بەردەم هەڵبژاردنێکی دژوار؛ یان بە پاڵپشتیی دارایی و کەمکردنەوەی باجەکان هەوڵی سووککردنی بارگرانیی هاووڵاتیان بدات، کە ئەمەش دەکرێت کەموکوڕیی بودجە و قەرزی گشتی زیاتر بکات، یان سیاسەتی کۆنترۆڵکردنی خەرجییەکان بەردەوام بکات، کە ئەویش مەترسیی قووڵبوونەوەی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی لێ دەکەوێتەوە. بەم شێوەیە، فەرەنسا لە نێوان دوو فشاردا گیرۆدە بووە؛ قەیرانێکی دارایی ناوخۆیی کە ماوەیەکی زۆرە کەڵەکە بووە، و قەیرانێکی وزە و ئاسایشی نێودەوڵەتی کە لە دەرەوە سنووری توانای حکومەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی زیاتر تەسک دەکاتەوە.
ئەم تێکەڵبوونەی قەیرانە ناوخۆیی و دەرەکییەکانیش یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەوەی ناڕەزایەتییەکانی ئەمڕۆ لە داواکارییەکی سادەی بژێوییەوە بەرەو پرسیارکردن لە دادپەروەریی ئابووری، شێوازی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و داهاتووی سیستمی سیاسیی فەرەنسا پەرە بسێنن.
ئەم فرەیی و هەماهەنگییە نوێیە بووەتە هۆی داڕشتنەوەی پاکێجێک لە داواکارییە ڕیشەییەکان کە سەرەکیترینیان بریتیین لە: دابەزاندنی باج لەسەر کاڵا و سووتەمەنییە بنەڕەتییەکان، بەرزکردنەوەی ئاستی مووچە و خانەنشینی لەگەڵ رێژەی هەڵئاوسان، و راگرتنی پڕۆژەیاساکانی تایبەت بە کەمکردنەوەی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان.
کاتێک ئەم داواکارییانە تێکەڵی مانگرتنی سەراسەری لە سێکتەرە ستراتیژییەکانی وەک گواستنەوە، وزە و پەروەردەدا دەبن، توانای ئیفلیجکردنی ناوەندەکانی بڕیاردان و شادەمارەکانی ئابووری بە شێوەیەکی بەرچاو زیاتر دەبێت و گوشارێکی دەسەڵاتشکێن دەخاتە سەر حکومەتەکان.
لە هەمان کاتدا، رۆڵی ئامرازە نوێیەکانی پەیوەندیکردن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە گواستنەوەی پەیامەکاندا وای کردووە کە درووشم و هۆشیاریی شەقام خێراتر لە رابردوو سنوورەکان ببڕێت؛ بە جۆرێک کە خۆپێشاندانەکانی پاریس بە خێرایی دەبنە هاندەر و سەرچاوەی ئیلهام بۆ گرووپە ناڕازییەکان لە پایتەختەکانی دیکەی ئەوروپای وەک بەرلین، بروکسل و رۆما.
لە بەرامبەردا، وەڵامی حکومەتەکان و هەڵوێستی دەسەڵاتداران بووەتە سەنگەرێکی دیاری ململانێیەکە. لە کاتێکدا هەندێک دەسەڵاتدار پەنایان بۆ بڕیاری ئاسایش و سەپاندنی سنووردارکردنی مەیدانی بردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی شەقام، بەڵام ئەم ڕێکارە ئەمنییانە زۆرجار تووڕەیی خەڵکی زیاتر کردووە و درزی نێوان هاووڵاتیان و دامەزراوە سیاسییەکانی قووڵتر کردووەتەوە. ئەم داڕمانەی متمانەیە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر نەخشەی هەڵبژاردنەکان و ئاراستەی سیاسی لە ئەورووپا دروست کردووە؛ بە شێوەیەک کە پارتە تەقلیدییە دەسەڵاتدارەکان بەرەو لاوازبوون دەچن و شەپۆلێک لە ئۆپۆزسیۆنی رادیکاڵ و پارتە پۆپۆلیستەکان دەرفەتی بەهێزبوونیان بۆ رەخساوە.
ئەم جووڵانەوە جەماوەرییە گشتگیرە نیشانەی ئەوەیە کە ئەگەر سنوورە جوگرافییەکان نەتوانن رێگە لە کاریگەریی قەیرانە هاوبەشەکان بگرن، ئەوا فەرەنسا تەنها دەستپێکێک دەبێت و سەرانسەری ئەورووپا دەبێتە گۆڕەپانی قۆناخێکی نوێ لە ململانێ و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان.


.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)