لە دروستکردنى دەوڵەتى عێراقدا لە ساڵى 1921، ئەم بەشەى باشوورى کوردستان کە ئەوکات ناوى ویلایەتى موسڵ بوو، بە زۆر و بێ لەبەرچاوگرتنى ماف و داخوازییەکانى گەلى کورد، لکێندرا بە عێراقى عەرەبیى تازە دامەزرێندراوەوە. رەچاونەکردنى تایبەتمەندیى نەتەوەیى و جوگرافیاى کوردستان، هەوڵەکانى دەسەڵاتى کەمینەى سونەى عەرەبى بۆ پاکتاوکردنى رەگەزیى کورد، سێ چارەکە سەدە ململانێ و شەڕى نێوان کورد و ناوەندى لێکەوتەوە.
دواى رووخانى سەدام، هەلومەرجى ئەوە دروستبوو عێراقێک بونیات بنرێت کە پێکهاتەکانى ئارەزوومەندانە پێکەوە بمێننەوە. دەستەبەرکردنى ئەو دڵنیاییە، بەسترایەوە بە دەستوورى داهاتووى عێراقەوە. لەنێوان هەموو پێکهاتەکاندا بە بەشداری و هەماهەنگیى ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى لیژنەى ئامادەکار پێکهێندرا بۆ ئامادەکردنى یاساى کاتى بەڕێوەبردنى دەوڵەت و دواتریش بۆ نووسینەوەى دەستووری هەمیشەیى عێراق. کورد بە تیمێکى یەکگرتوو، پێکهاتوو لە سەرکردە و هەرە دەسەڵاتدارە سیاسییەکانى ئەوکاتەى هێزە کوردیەکان، بەشدار بوون.
ئەوەى لە گێڕانەوەى بیرەوەریى هەندێک لەو کارەکتەرانە و لە دیدار و چاوپێکەوتنى دۆستانەشدا بۆیان باسکردووین، ساتى نووسینەوەى دەستوور بۆ کورد، سەختترین قۆناخى خەباتى کورد بووە لە باشوورى کوردستان. نەک هەر بە تەنها لەبەر ئەوەى ئەمجارە کورد خۆى بەشدارە لە داڕشتنى چوارچێوەى دەوڵەت و سیستمى سیاسیى بەڕێوەبردنى وڵات و دۆزینەوەى دەروازەى دەستووری و یاسایى بۆ چارەسەرى لێکەوتەکانى سیاسەتى پاکتاوى رەگەزی و چەسپاندنى داواکردنى ماف و داخوازییەکانى نەتەوەى کورد، بەڵکو بەهۆى ئەوەى لەم هەلومەرجە نوێیەشدا لەناو هەردوو پێکهاتەى عەرەبى سوننە و شیعەدا عەقڵیەتى قبووڵنەکردنى جیاوازى و رەتکردنەوەى بەرانبەر، حزوورى گەورەى هەبووە. تێنەگەیشتنى ئەمریکییەکانیش لە بناخەى کێشەکان، کارى کوردى سەختتر کردووە.
بۆیە ئەوەى نواندرا لەو دەستوورەدا شوێنى بکرێتەوە، سەربارى ئەوەى هەموو ماف و خواست و داخوازییەکانى کورد نین، بەڵام بە زەحمەتى زۆر و رەنج و تێکۆشان و هەڵوێستى مەردانەى هەندێک لە سەرکردەکانى کورد، چەسپێندراون.
هەر ئەوکات پێکهاتەى سوننە، بە پشتیوانیى هەندێک دەوڵەتى عەرەبى، دژى دەستوور بوون و دەیانویست رێگری لەوە بکەن بخرێتە بەردەم گەلانى عێراق بۆ پەسندکردنى. بەڵام گوشارى کات بەهۆى هەڵبژاردنەکانى ئەمریکاوە وایکرد سوننەکان ناچاربوون رەزامەندى دەربڕن بە مەرجى زیادکردنى بەندێکى دەستوور کە رێگە بە هەموارکردنەوەى دەستوور بدات لەدواى پەسندکردنى.
مادەى 142 لەسەر پێداگیریى سوننەکان خرایە سەر پرۆژەى دەستوور، بە درێژایى دوو دەیەى رابردووش بووە پاساو و بیانوویەک بەدەستى ئەوانەى باوەڕیان بە بنەماکانى دەستوور نەبوو، خۆیان لە ئەرک و بەرپرسیارێتیى جێبەجێکردنى بەند و بڕگەکانى دیکەى بدزنەوە و چاوەڕوانى رەخساندنى کات و هەلومەرجى گونجاو بکەن بۆ هەموارکردنەوەى.
ئێستا لە ناوەندى هەرە باڵاى دەسەڵاتى دادوەریى عێراقەوە داوا لە پەرلەمان دەکرێت کار بکەن بۆ گۆڕینى دەستوور. پێشتریش لەناو دەسەڵاتدارانى هەردوو پێکهاتەى سوننە و شیعە چەندین جار جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئەم دەستوورە لە هەلومەرجێکى هەستیاردا نووسراوەتەوە و دڵخوازى ئەوان نییە. کورت و کرمانج، پێیان وایە بەهۆى ئەوەى ئەو کاتەى دەستوور نووسراوەتەوە کورد بەهێزبوون لە عێراق، کورد رۆڵى سەرەکیى لە نەخشى دەستووردا هەبووە. دەشزانن ئێستا کورد چەند ناتەبا و لێکترازاون، بۆیە باوەڕیان وایە لە گۆڕینى دەستووردا دەتوانن زۆرێک لەوانەى لە دەستووردا بۆ کورد چەسپێندراوە، لێى وەربگرنەوە. نەیانشاردووەتەوە و لە ئاستى جیاجیا وەک هەڕەشە ئەوەیان بە گوێى کورددا داوە کە باوەڕیان بە فیدراڵى نییە و دەیانەوێ عێراق ببێتەوە بە دەوڵەتێکى ناوەندى.
بەتایبەتییش ئێستا نەوەیەک لە عێراق هاتوونەتە پێشەوە، خۆیان بە میراتگری ئەو سیاسى و سەرکردانە نازانن کە لەگەڵ کورد جۆرێک لە هاوپەیمانێتى و پەیماننامە لەنێوانیان هەبووە. هیچ رێز و وەفایەکیان بۆ قوربانیدانى گەلى کورد نییە و نایانەوێ تایبەتمەندیى نەتەوەیى و جوگرافیى کورد لەبەرچاو بگیرێت. بۆیە گۆڕینى دەستوور بۆ کورد کردنەوەى دەرگاى شەڕێکى ئێجگار مەترسیدارە. چونکە پێچەوانەى دواى کەوتنى سەدام، کە کورد یەک دەست و یەک گوتار بوو، ئەوان لاواز و پەرتەوازە، ئێستا کورد پەرتەوازە و لەڕ و لاواز، ئەوان بەهێز و یەک دەست و یەک گوتارن.
هەروەها لە ئێستادا هەست بە جۆرێک لە هەماهەنگیى هەرێمایەتى دەکرێت بۆ لەقاڵبدانى کورد لە ناوچەکە. هەرێمى کوردستان وەک مەترسى و داینەمۆى باڵاکردنى کورد لە بەشە جیاجیاکانى کوردستان دەبینن. مەبەستیانە لە رێگەى گۆڕینى دەستوورى عێراقەوە ئەو کوانووە کوێرکەنەوە.
نابێت کوردستان ئەم مەترسییە بە هەند وەرنەگرێت و پلانى پێشوەختەى نەبێت بۆ چۆنێتى مامەڵەکردن لەگەڵى. باپیرانمان زوو گوتوویانە (بۆ کارى خێر بەپەلە و بۆ کارى شەڕ بە تەگبیر). دەبێت کوردستان لە ئێستاوە خۆى بۆ ئەم شەڕە ئامادە بکات، خۆ ئامادەکردن یەکسان نییە بە رەزامەندیدان بۆ گۆڕینى دەستوور. تاوەکو دەکرێت دەبێت هەوڵەکانى چڕ بکاتەوە بۆ رێگری لەوەى دەست بۆ هەموارى دەستوور ببرێت. بەڵام پێویستە ئەگەرى ئەوەش دابنێت کورد نەتوانێت رێگر بێت. ئەوکات چى دەکات؟
پێش هەر شت دەبێت راستییەک هەیە خەڵکى کوردستان بیزانن، سەرکردە و سیاسییەکانمان لە دوو دەیەى رابردوو توانییان وەک جۆرێک لە پارێزبەندى و دڵنیایى بۆ مافە چەسپێندراوە دەستوورییەکان، بڕگەیەک بسەپێنن کە دوو لەسەر سێى، سێ پارێزگا دەتوانن رێگا لە هەموارى دەستوور بگرن. ئەمەیان وەک جۆرێک لە دەستکەلا دایە دەستى کورد کە خەڵکى کوردستان بتوانن لە داهاتوودا پارێزگارى لە هەر هەموارێک بکەن ئەگەر دژ بە گەلى کوردستان بوو. ئێستاش بەبێ رەزامەندیى کورد ناتواندرێت دەست بۆ هەموارى دەستوور ببردرێت.
بەڵام بەغدا پێىوایە ئێستا درزى ناو ماڵى کورد، ناتەبایى نێوان یەکێتی و پارتى، کوردستانى گەیاندووەتە ئەوەى نەتوانن دوو لەسەر سێى سێ پارێزگا پێکەوە بن. ئەمە مەترسیى هەرە گەورەیە و دەبێت پارتى و یەکێتی بە هەستى بەرپرسیارێتیى نیشتمانییەوە شەن و کەوى پەیوەندییەکانى خۆیان بکەنەوە و کوردستان یەکخەنەوە.
لە ئێستاوە تیمى پسپۆڕ، تایبەت و بەهێز دروست بکات لە کەسانى شارەزاى دەستووری. کەسایەتییەکى وەک حاکم شێخ لەتیف بکەنە سەرۆکى ئەو تیمە، کۆمەڵێک یاساناس و شارەزا و پاشان سەرکردە و سیاسییەکان، ژمارەیەک لە وەزیر و پەرلەمانتاران بکەنە ئەندامى ئەو تیمە. چونکە ئەم پرسە چەند یاسایى و دەستوورییە، هێندەش پرسێکى سیاسییە.



.jpg&w=3840&q=75)