پارەکەى ئەمریکا بدەنە درۆن

13-09-2024
عارف قوربانی
عارف قوربانی
A+ A-
لە دەستپێکى ساڵى 2012 لەژێر ناونیشانى "ئەسبابى شەڕ پەیدا بکەن،" بانگەوازە وتارێکم بۆ سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان بڵاوکردەوە، تێیدا ئەوەم خستبووەڕوو هێزى پێشمەرگەى کوردستان لە رووى چەک و کەرەستەی سەربازی و لۆجیستییەوە پێویستى بە هەڵوەستە لەسەرکردن هەیە و دەبێت بە خێرایى پڕچەک بکرێن، چونکە ئەو رووداو  و پێشهاتانەى ناوچەکە ئەوەى لێ چاوەڕوان دەکرێت لێکەوتەکانى، هەرێمى کوردستان رووبەڕووى شەڕێکى گەورە بکاتەوە.
 
لەبەرئەوەى ئەوکاتە عێراق و هەرێمى کوردستان لە دۆخێکى سەقامگیر و ئاسایشدا بوو، کەم کەس باوەڕى بەوە هەبوو لەناکاو شەڕ یەخەمان بگرێت، بۆیە رووبەڕووى رەخنە بوومەوە کە گوایە (تەپڵى شەڕ دەکوتم). بەڵام زۆرى نەخایاند، دواى دوو ساڵ و چەند مانگێک شەڕى داعش بەرۆکى پێگرتین، کە ئەگەر ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتى پشتیوانى کوردستانى نەکردبا، قورس بوو تەنیا چەکى دەستى هێزى پێشمەرگە بەرگەى ئەو شەڕە بگرین. 
 
ئێستا ناوچەکە بەگشتى لەناو کێشمەکێش و ئاڵۆزیدایە، هەرێمى کوردستان پێچەوانەى ئەوکاتە، کەوتووەتە نێو بازنەى پیلانگێڕیى وڵاتە هەرێمایەتییەکانەوە، دەیان گرووپ گەلى چەکدار و هێزى میلیشیایى تووندڕە و لەژێر پەرچەمى ئایین و ئایدۆلۆجیاى جیاجیادا پەیدابوون. ئامراز و کەرەستەکانی جەنگ گۆڕاون و چەک و مووشەکی زیرەک و فڕۆکەى بێفڕۆکەوان شوێنى چەکە کۆنەکانی پێشووتریان گرتووەتەوە. هەموو ئەم جۆرە چەکانەش گەیشتوون بە دەستى ئەو هێزگەلە نادەوڵەتییانە. 
 
بێجگە لەو گرووپانەى ئێستا بە ئاشکرا لە گۆڕەپانەکەدان، ژێرخانێکیش وەک منداڵدانى دروستبوون و سەرهەڵدانى گرووپى دیکە، ئامادەیى هەیە بۆ بەردەوام لەدایکبوونى هێز و گرووپى تازە. لە رابردوو ئێستا و داهاتووشدا هێزگەلى لەم جۆرە لەلایەن دەزگاى هەواڵگریى وڵاتانەوە وەک هێزێکى دەستکارى هەرزان، ئاسان بەکار دەبرێن. ئەمانە ئاماژەى هەر روون و مەترسیدارن کە هەرێمى کوردستان لەناو بازنەیەکى ئاگردایە و چاوەڕوانکراوە رووبەڕووى شەڕى حەتمیی ترسناک ببێتەوە. 
 
سەرەڕاى ئەوەى لە شەڕى داعشەوە بۆ ئێستا 10 ساڵە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هاوکاریی سەربازی و لۆجیستى و مادیی هێزى پێشمەرگەى کوردستان دەکەن، بەڵام بەراورد بە چەکى دەستى ئەو (هێزگەلە نادەوڵەتییانەى) ناوچەکە، چەکى دەستى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بەراورد بە چەکى ئەو گرووپە تووندڕەوانە نابەرانبەرە و هێشتا پێشمەرگە دەستى نەگەیشتووە بەو جۆرە چەکە پێشکەوتووانەى سەردەم. 
 
لە روانگەی سەربازییەوە، بیروباوەڕى رەوا و رەفتار و ئاکارى جوان و مرۆڤدۆستانە، بەر لە جەهل و تووندڕەوی و دەمارگیریى ناگرێت. پێویستە دەسەڵاتدارانى هەرێمى کوردستان بە حکومەت و حیزبە سیاسییەکانییەوە بیر لە دۆزینەوەى رێگەچارە بکەنەوە. ئەوەى دەبێتە لەمپەر لە بەردەم هەڕەشە و مەترسیی ئەو گرووپگەلە راستەوخۆ خاوەن نادیارانە، بەهێزیی (هێزی پێشمەرگەیە) لە رووى تەکنەلۆجیاى سەربازییەوە.
 
ناکرێت بەهۆى ئەوەى بودجە و مووچە و ئەرکى مەشق و راهێنان و پڕچەککردنى پێشمەرگە لە دەستووردا خراوەتە ئەستۆى بەغدا، ئیدی هەرێمى کوردستان هاوشێوەى 20 ساڵى رابردوو هەر چاوەڕوانى ئەوە بێت بەغدا دەرگەى جبەخانەکانى بۆ بکاتەوە، لە کاتێکدا لە سەردەمى زێڕینى پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا 2003 بۆ 2012، عێراق ئامادە نەبووە یەک فیشەک بداتە هێزى پێشمەرگەى کوردستان، لە سێ ساڵى شەڕى بەردەوامى داعش، بەغدا ئامادە نەبوو فیشەکێک بداتە کوردستان، چاوەڕوانییەکى نالۆژیکى و بێبنەمایە بەهیوا بن لە داهاتوودا بیکات. بەغدا نایەوێ کورد نینۆکى هەبێت تا سەرى خۆى پێبخورێنێت، ئیدی چۆن هێزى پێشمەرگە پڕچەک دەکات.
 
دەبێت کوردستان خۆى بەدواى دۆزینەوەى ئەو دەرفەت و کەناڵانەدا بگەڕێت کە بتوانێت بەهۆیانەوە چەکى سەردەم دەستبخات. بۆ ئەمڕۆ بەهۆى جۆرێک لە کرانەوەى وڵاتان بە رووی یەکدی و زاڵبوونى دەستکەوت و بەرژەوەندی بەسەر پرەنسیپ و یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکاندا، رێگەکانى پەیداکردنى چەک تا ئەندازەیەک ئاسانکراون.
 
لەبەرئەوەى ئێستا ئاراستەکە روو لە بەغدایە، مووچەى هەرێمی کوردستان لە بەغداوە دەدرێت و هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەى مووچەى توێژە جیاجیاکانى مووچەخۆرانى هەرێمی کوردستان هاوتا بکرێت بە هاوشێوەکانیان لە بەغدا، پێویستە ئەولەوییەت بەوە بدرێت بۆ هاوتاکردنى مووچەى هێزەکانى پێشمەرگە بە سوپاى عێراق، کە مووچەى سوپاى عێراق و هێزەکانى حەشدى شەعبى زۆر زیاترە لە مووچەى پێشمەرگە. وەک نەتوانرا ئەوەى لە دەستوورى عێراقدا چەسپێندرابوو بۆ پڕچەککردن و مەشق و راهێنان و هەموو خەرجییەکانى پێشمەرگە، هیچ نەبێت پەلە بکرێت لەوەى مووچەکانیان هاوتاى سوپا بکرێت. دەبێت ئەم هەلومەرجە تازەیەى نێوان هەولێر و بەغدا وەک دەرفەت ببیندرێت بۆ بەهێزکردنى کوردستان لە رووى تواناى پارێزگاریلەخۆکردن و بەرگرییەوە. 
 
مەبەستم لەم هەنگاوە بۆ ئەوەیە هەرێمى کوردستان پێداچوونەوەیەک بکات بەو یارمەتییەى لە (پێنتاگۆن) وەریدەگرێت، چونکە ساڵانێکى زۆرە ئەمریکا ساڵانە بڕە پارەیەکى زۆرى تەرخانکردووە بۆ هاوکاریی هێزى پێشمەرگەى کوردستان، بەڵام لەبەرئەوەى پێشتر هەرێمی کوردستان نەیدەتوانى وەک پێویست مووچە دەستەبەر بکات، بەشێکى زۆرى هاوکارییەکانى ئەمریکا بۆ مووچەى چەند لیوایەکى هاوبەشى هێزى پێشمەرگە تەرخانکرابوو، ئەو چەند مانگەیش کە بەغدا مووچە دەنێرێت، لەبەرئەوەى مووچەى پێشمەرگە کەمترە لە مووچەى سەربازانى عێراق، لە سەرووى ئەو بڕەوە کە بەغدا وەک مووچە دەیدات بە پێشمەرگە، حکومەتى هەرێمی کوردستان هاوکارییەکەى ئەمریکاش دەخاتە سەر مووچەى ئەو هێزە هاوبەشانەى نێو لیواکانى وەزارەتى پێشمەرگە. 
 
ئەگەر وابکرێت مووچەى پێشمەرگە بەگشتى هاوتاى سوپاى عێراق بکرێت، ئەوکاتە ئەو پارەیەى ئەمریکا بڕیاری لێى داوە و کۆنگرێس و سەرۆکى ئەمریکاش رەزامەندییان لەسەر دەربڕیوە کە بڕیار وایە تاوەکو ساڵى 2026 بەردەوام بێت و ئەگەرى ئەوەش هەیە دواتریش بەردەوامى پێبدرێت. بۆیە پێشنیاز دەکەم هەرێمى کوردستان ئەو پارەیەى ئەمریکا بۆى دەستەبەرکردووە کە لە بنەڕەتیشدا بۆ کۆمەکى لۆجستى و چەک و پێویستیى سەربازییە، لە چوارچێوەى پڕۆژەیەکدا بەو پارەیەى ئەمریکا (درۆن و مووشەکى زیرەک و سیستەمى بەرگری پێبکڕێت. 
 
چونکە بە دڵنیاییەوە بە پیلانى هەرێمایەتى ئەو گرووپگەلە چەکدارە نادەوڵەتییانەى ناوچەکە بە گژ هەرێمى کوردستاندا دەکرێن. کوردستان رووبەڕووى شەڕێکى نابەرانبەر و درێژماوە دەکرێتەوە. چەکى دەستى ئەو گرووپانە پێشکەوتووترن لە چەکى دەستى کورد. لە شەڕى داعشدا سەتان پێشمەرگە بەو هۆیەوە شەهیدبوون کە کەرەستەی بەرگریى چەک و تەقینەوەکانى داعشیان نەبوو. دەبێت پەند لەوە وەربگیرێت و ناکرێت هەزاران گەنجى دیکەى ئەم نیشتمانە ببنە سووتەمەنى نابەرانبەرى هێز.
 
هیچ دڵنیاییەکیش نییە هاوشێوەى شەڕى داعش کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى پشتیوانى راستەوخۆى کورد بکات بۆ رووبەڕووبوونەوەى هەڕەشەکان. بۆیە پێویستە لە ئێستاوە کوردستان هەوڵى ئەو جۆرە چەکانە بدات کە دڵنیایى تواناى رووبەڕووبوونەوە و سەرکەوتنى مسۆگەر دەکەن.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

زوبێر رەسوڵ

هەرێمی کوردستان چۆن مامەڵە لەگەڵ پرسی کورد و رۆژئاوای کوردستان بکات؟

رۆژئاوای کوردستان پێویستی بە کەناڵێکی دپلۆماسی و لۆبیکردن و پشتگیری نەتەوەیی هەیە بۆ ئەوەی ئەو دەسکەوتە گەورەیەی کە لە ماوەی 100 ساڵدا بۆ کورد بەدەستهاتووە لە سووریا لە چەند رۆ‌ژێکدا لەبارنەچێت، هەرێمی کوردستان و پێگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکرێت رۆڵێکی گەورە بگێڕێت لەو چرکەساتە مێژووییەدا.