سەربارى ئەوەى هەر چوار دەوڵەتى ناوچەکە (ئێران، تورکیا، عێراق، سووریا) وەک دەوڵەتى داگیرکەر بەرامبەر بە کورد رەفتار دەکەن و هەریەکەیان بەشێک لە خاک و نەتەوەى کوردیان داگیرکردووە، بەڵام بزووتنەوەى سیاسى و شۆڕشى چەکداریی باشوورى کوردستان لە دروستبوونییەوە بۆ ئێستا، هەمیشە جۆرێک لە پەیوەندى و وابەستەیى بە ئێرانەوە هەبووە. جۆرى رەفتار و مامەڵەى ئێرانیش بەرامبەر بە باشوورى کوردستان، جیاواز بووە لە رەفتار و مامەڵەى هەر یەک لە دەوڵەتانى دیکە بە بزووتنەوەى سیاسیى و چەکدارى کوردەوە لە بەشەکانى دیکەى کوردستان.
ئەو وابەستەییەى بزووتنەوەى سیاسیی باشوور بە ئێرانەوە بەجۆرێک بووە لە دەستپێکى قۆناخى یەکەمى حوکمڕانیی هەرێمى کوردستاندا، ئیدارەى باشوور گوشارى خستە سەر هێزە کوردییەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان کە خەباتى چەکدارى دژى کۆمارى ئیسلامیی ئێران رابگرن. 35 ساڵە هێزەکانى رۆژهەڵات لەبەر تایبەتمەندیی هەرێمى کوردستان و بە خاترى ئەوەى ئەم ئەزموونەى باشوور گرفتى لەگەڵ ئێران بۆ دروست نەبێت، خواستى ئێران و داواى باشووریان لەبەرچاوگرتووە و چەکەکانیان بێدەنگ کردووە. لەکاتێکدا ئەگەر خەباتى چەکدارى لەو 35 ساڵەى رابردوو بەردەوام بووبا، بەدەر لەو زیانە گیانى و ماڵییانەى بەر ئێران دەکەوت، بەهۆى ئەو کێشە و گیروگرفتە هەرێمی و نێودەوڵەتییانەى ئێران تێیکەوتووە، دوور نەبوو دەوڵەتانى نەیارى ئێران کۆمەک و پشتیوانى زۆرى هێزە کوردییەکان بکەن و لە رێگەى ئەوانەوە دەستوەردەنە نێو کاروبارى ئێران، رەنگە دەرفەتەکان بەجۆرێک بووبان ئێرانیش هاوشێوەى سووریا و یەمەنى بەسەرهاتبا. بەتایبەتى بەهۆى ئەوەى ئێران جگە لە کورد کێشەى لەگەڵ چەند پێکهاتەیەکى دیکەش هەیە، هەر پەرەسەندنێک لە ناوچە کوردییەکان، رەنگدانەوەى لەسەر نەتەوە جیاوازەکانى دیکەى ئێرانیش دەبوو، بەڵام بە گوشارى هەرێمى کوردستان، ئەو 35 ساڵە دۆخێکى سەقامگیر بۆ ئێران دروست بوو.
ئەوەى جێگەى هەڵوەستە لەسەرکردن و تێڕامانى قووڵە ئەوەیە کە ئێران بێئەمەک بوو بەرانبەر بە هەرێمى کوردستان و بەو چاکەیەى نەزانى. لە چەند ساڵى رابردوو لەسەر بنەماى زانیاریی هەڵە و تۆمەتى ناڕەوا بۆ هەرێمى کوردستان، چەندین جار بە مووشەک و لە رێگەى درۆنى بۆمبڕێژکراوەوە هێرشى کردووەتە سەر هەرێمى کوردستان و زیانى گیانى و ماڵى زۆرى بە ژێرخان و سەرخانى کوردستان گەیاند. لە کێشە و ناکۆکیی نێوان هەرێم و بەغداش، بە رەفتارى دوژمنکارانە هاوکێشەکانى بە قازانجى بەغدا گۆڕی و پێگەى کورد و هەرێمى کوردستانى لاواز کرد.
لە دەستپێکى شەڕى ئەمریکا و ئیسرائیل بەرامبەر بە ئێران، هەلومەرجى ئەوە دروستبوو نەیارەکانى ئێران کەڵک لە کێشە ناوخۆییەکانى ئێران وەربگرن بۆ رەخساندنى دەرفەتى داڕووخانى ئێران لە ناوەوە. لەم چرکەساتە هەستیارەشدا کە بۆ کوردی رۆژهەڵاتى کوردستان دەرفەتى زێڕین بوو، هەرێمى کوردستان رۆڵى ئەوەى بینى رێگە نەدات هێزە کوردییەکانى رۆژهەڵاتی کوردستان ببنە بەشێک لە هێزى گوشار لەسەر ئێران. لە کاتێکدا ئێران خۆیشى ئەو راستییە باش دەزانێت کردنەوەى بەرەیەکى شەڕ لە ناوخۆى وڵاتەکەى، چەند هێز و پێگەى ئێرانى لاوازتر دەکرد بەرامبەر بە ئەمریکا و ئیسرائیل. کەچى ئەم جارەش نەک رێزى لە هەڵوێستى هەرێمى کوردستان نەگرت، بەڵکو زیاتر لە بنکە و ناوەندە سەربازییەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل، هێرشى کردووەتە سەر هەرێمى کوردستان.
لە کاتێکدا لە هەرێمى کوردستانەوە هیچ جووڵەیەکى دووژمنکارانە بەرامبەر بە ئێران نەبووە. نەک ئەمریکا و ئیسرائیل خاک و ئاسمانى کوردستانیان بەکار نەبردووە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، تەنانەت هەرێمی کوردستان رێگەى نەداوە هێزە کوردییەکانى رۆژهەڵاتى کوردستانیش یەک تاکە فیشەک رووە و ئێران بتەقێنن. کەچى ئێران لە ماوەى ئەم ساڵ و دوو مانگەدا 860 جار هێرشى کردووەتە سەر هەرێمى کوردستان. کە دواترینیان لە پێشهاتێکى مەترسیداردا هێرش بووە بۆ سەر نووسینگەى سەرۆکوەزیران. نازانم ئێران خەیاڵى لەسەر چى بیناکردووە و دەیەوێ بەم رەفتارە دووژمنکارانەیەى چى بچنێتەوە لە هەرێمى کوردستان؟ بەڵام بەدڵنیاییەوە لەسەر ئەرزى واقیع، پێچەوانەى خەیاڵەکانى ئێران دەکەوێتەوە. خەڵکى کوردستان و زۆرێک لە هێزە سیاسییەکانى هەرێمی کوردستان بەرامبەر بەم رەفتارانەى ئێران رق ئەستوور دەبن، بەردەوام بوونى ئێران لەسەر ئەو سیاسەتە دووژمنکارییەى، ئەنجامەکەى بۆ ئێران بەخێر ناکەوێتەوە، چونکە کوردستان، کوێت و ئیمارات و سعودیە نییە تا بە پەلاماردانیان بەرەى ناوخۆیى خۆى پێبەهێز بکات، راستە هاوکێشەى هێز لەنێوان کورد و ئێران نابەرانبەرە، بەڵام کورد پێچەوانەى وڵاتانى کەنداو کارتى بەهێزى هەیە کە دەتوانێت بەرەى ناوخۆیى ئێران لاواز بکات. بەردەوامى ئەو رەفتارە دووژمنکارییانەى ئێران، لانى کەم هەرێمی کوردستان دەخاتە دۆخێکەوە چی دیکە هێندە خەم لە ئێران نەخوات و گوشار نەخاتە سەر کوردانى رۆژهەڵاتی کوردستان.
ئێران خۆیشى باش دەزانێت تەنیا وروژاندنى شار یان شارۆچکەیەک بەسە بۆ ئەوەى دۆخى ئێران وەک سووریاى سەردەمى ئەسەدى لێبێت. هیچ سیستم و دەسەڵاتێک ناتوانێت تاسەر بە ترس و تۆقاندن درێژە بە تەمەنى خۆى بدات. کورد لەمێژە گوتوویەتى هەمو شتێک لە باریکیدا دەپسێت، بەڵام زووڵم و ستەم لە ئەستووریدا. گەلانى ئێران بەگشتى و کوردیش بەتایبەت تاسەر ئەو زوڵم و چەوساندنەوەیە قبووڵ ناکەن. دەزانن هیچ دەستکەوتێک بێ قوربانیدان و بێ باج نییە، بەڵام هەر باجێک بدەن بۆ رزگاربوون هەر بە ئەندازەى ژمارەى ئەو کچ و کوڕە مێرخاسانەیە کە ساڵانێکە بێتاوان لەسێدارە دەدرێن یاخود لە رێگەى کۆڵبەرى بۆ پەیداکردنى نان بە دەستى سوپاى پاسداران شەهید دەکرێن.
زیاتر لە چوار ساڵە رووسیا و ئۆکراینا لە شەڕدان، لەکاتێکدا بە ئاسانی دەتوانن شوێنی سەرۆکەکان بەئامانج بگرن، بەڵام تائێستا هەندێ سنوور هەیە نەیانبەزاندووە. هەرێمی کوردستان هیچ پەیوەندییەکی بە شەڕی ئێران و ئەمریکاوە نییە، بە کردار بێلایەنی خۆی پاراستووە، بەڵام ئێران دەستی لە هیچ نەپاراستووە. پێشتر نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک لەلایەن گرووپە وابەستەکانی ئێرانەوە کرایە ئامانج، ئێستاش راستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە نووسینگەی سەرۆکوەزیران هێرشی دەکرێتەسەر. ئەمە لووتکەی دووژمنایەتی و گێچەڵکردنە بە کوردستان. لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان هیچ زیانێکی بە ئێران نەگەیاندووە.
کوردانی رۆژهەڵات دەبێت دوو ئەزموونى دیکەى کوردانی باشوور و رۆژئاوا هەڵبسەنگێنن، یەکەمیان لە رووخانى سەدامدا لەژێر گوشارى تورکیا، ئەمریکا خوازیارى ئەوە نەبوو کورد بەشداریی رووخانى رژێم و کۆمارەکەى سەدام بکات، بەڵام سەرکردایەتیی سیاسیی ئەوکاتى کوردستان بڕیارى ئازایانەى خۆیاندا و گوتیان ئێمە رۆژگارێک شۆڕشمان دەستپێکرد ئەمریکا و رۆژئاوا پشتیوانى سەدام بوون، بۆیە هاوپەیمانەکان نەک ناڕازى، تەنانەت دژیشمان بن ئێمە خاکى خۆمان رزگار دەکەین. دەرئەنجامى ئەو بەشداریکردنە بوو هەرێمى کوردستان وەک قەوارەیەکى دانپێدانراوى نێوخۆیى و نێودەوڵەتى سەلمێندرا.
ئەزموونى دووەم کوردانی رۆژئاوایە، سەربارى دەیان هەزار شەهید و بریندار و قوربانییەکى بێشومار، سەربارى ئەوەى کیژ و کوڕانى شەڕڤان بوونە سیمبوڵى ئازایەتى لە شەڕى دژ بە داعش، بەڵام بەهۆى ئەوەى بەشدارى رووخانى رژێم و کۆمارەکەى ئەسەدیان نەکرد، لەگەڵ ئەو هەموو هاوسۆزییە نێوودەوڵەتیی و پشتویانى کوردى هەموو پارچەکانى کوردستان و دیاسپۆرا، هیچ ئاسۆیەکى روون نییە کورد لە کوێى سوریاى عەرەبیدا جێى دەبێتەوە. بۆ داهاتووى ئێرانیش پێویستە هێزە کوردییەکان خۆیان بخەنە بەردەم وەڵامى ئەو پرسیارەوە، بە بەشداربوون یان خۆپارێزى، چى لە دەست دەدەن و چییان دەست دەکەوێت. بەتایبەت کە ئێران ماڵى ئاوابێت رێگەکەى بۆ ئاسانکردووین و ئەوەى بۆ سەلماندووین چەند دووژمنێکى دڵڕەقە.



