"ئەوەی لە کتێب نزیک بێتەوە، لە رق و کینە دوور دەکەوێتەوە.
ئەوەی کتێبی خۆشبووێت، مرۆڤەکانی و سروشتی خۆشدەوێت".
ئەمە دروشمی جەبار ئاسۆ بووە دەربارەی کتێب، بۆ گرنگی و خۆشەویستی کتێب.
کەرکووک، شەقامی کۆماری، کتێبخانەی ئاسۆ، پیاوێک لەو دیوی مێزێکەوە دانیشتووە، مێزێک پڕە لە کتێب و ئەو پیاوەیش بەردەوام دانیشتووە، زۆرتر لە زمان، بە چاو دەدوێت، تەماشا دەکات، سەردەلەقێنێت و کەم دەدوێت. هاوشانی ئەو پیاوە کۆمەڵێک کەس بە پێوە دەوەستن. کەسەکان لە سیما ناسراوەکانی کەرکووکن، نووسەرن، هونەرمەندن، شاعیرن، سیاسین و هتد.. هەموو ئێوارەیەک دێن و لەوێ، هاشانی ئەو پیاوە بە پێوە دەوەستن. لە دەرەوە بەتایبەتی ئێواران کەسانێکی زۆر کۆدەبنەوە، گفتوگۆ دەکەن، لەبەردەم ئاسۆیەکی رووندا دێنە دیدەنی یەکدی، لەوێ یەکدەگرن و باس لە نوێترین کتێب دەکەن. کتێبخانەی ئاسۆ، ساڵانێکی زۆر، ئاسۆیەکی رەنگاوڕەنگ و روون بوو بۆ کەرکووکییەکان، هەوارێک بوو بۆ کۆبوونەوەی کوردایەتی و پەنایەکی پتەوی کوردبوون، هەروەها سەرچاوەی خوێندنەوە و بەخشینی رووخسارێکی جوان بە شاری کەرکووک.
جەبار کەریم لە پێشمەرگایەتیدا ناوی ئاسۆ بۆ خۆی هەڵدەبژێرێت و پاشان کوڕەکەی و کتێبخانەکەی ناو دەنێت ئاسۆ.
ئاسۆ پەیوەندی سیمبۆلی و راستەوخۆی بە ئازادییەوە هەس. خوێندنەوە هەموو ئاسۆکانی هزر فراوان دەکات و بەو جۆرەیش ویستی ئازادی لە لای مرۆڤ باڵا دەکات. جەبار ئاسۆ کۆتایی شەستەکان کتێبخانەی ئاسۆ دادەمەزرێنێت. دۆخی کورد لە ئازاری 1970 بە دواوە لە زۆر ئاستدا بەرەو باشی دەڕوات، دۆخەکە لەبار دەبێت ئەو کتێبخانەیەش گەشە بکات. تاوەکو ساڵی 1974 کاتێک شەڕ دەستپێدەکاتەوە، ئاسۆ وەکو کتێبخانەیەک دەگاتە ئاستێکی یەکجار باش.
پاش کۆتایی شۆڕش لە کەرکووک بەعسییەکان زۆر بێدەربەستانە دەست دەکەن بە تەعریبی شارەکە. ناوی هەموو ئەو قوتابخانە و شوێنانە دەگۆڕن کە ناوی کوردییان هەیە.
ساڵی 1975، رۆژێک پارێزگاری شارەکە خۆی سەرپەرشتی هەڵمەتی پەلاماردان دەکات، لە شەقامی کۆماری هەڵدەکوتێتە سەر ئەو کتێبخانانەی ناوەکانیان کوردییە، سەرەتا کتێبخانەی هەندرێن و دارا، پاشان دێنە سەر ئاسۆ. رۆژگارەکە بۆ کورد خەمگینە، پاش شکستی کوردە، تازەپارێزگاری شاری کەرکووک پیاوێکە هیچ تۆرە و کولتورێکی نییە، بەعسییەکە لە سەرتڵەکان، بە گیان و بە دڵ فاشییە، ئەو پیاوە ناوی وەلید خشالییە. پارێزگاری کەرکووک بڕیاردەری یەکەمە لە شارەکە و خۆی پەلاماری ئاسۆ دەدات و هەر خۆیشی ناوەکە دەکات بە "الطليعة العربية"، بەڵام جەبار ئاسۆ لە رێگەی سکرتێری پارێزگارەوە وشەی "عەرەبییە" لا دەدات، و بەو جۆرە ئاسۆ دەبێت بە الطليعة. گۆڕینی ناوی کتێبخانەکە، هیچ لە خۆشەویستیی ئاسۆ لە کن کەس کەم ناکاتەوە. ئاسۆ رۆژ لە دوای رۆژ فراوانتر دەبێت، نەک هەر کتێبفرۆشییە، بەڵکو هەوڵی چاپکردنیش دەدات، دیوانی فایەق بێکەس، دوو سروودی کێویی شێرکۆ بێکەس و کۆمەڵە چیرۆک بۆ رەئوف بێگەرد و چەند بەرهەمێکی دیکە نۆبەرەی کتێبە چاپکراوەکانی ئاسۆن.
بەڵام بەعسییەکان کە بێدەربەستانە لە هەوڵی تەعریبی شارەکەدان، نەکردەیە بەردەوام بێدەنگ بن بەرامبەر بە ئاسۆ و کۆبوونەوەی ئەو هەموو کەسە لە دەور و خولی ئەو مەڵبەندە گرنگە، ساڵی 1986 بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی کەرکووک جەبار ئاسۆ دەگرن. پاش ئەشکەنجەدانی زۆر رەوانەی زیندانی ئەبوغرێبی دەکەن. ساڵی 1987 دەست بەسەر کتێبخانەکەیدا دەگرن. هەمان ساڵ ماڵی باوکی داگیر دەکەن. جەبار ئاسۆ بە سزای هەتاهەتایی زیندان دەکرێت و پاش سێ ساڵ زیندانی، بەر لێبوردنی گشتی دەکەوێت. کاتێک جەبار ئاسۆ دەگەڕێتەوە، کتێبخانەکەی تاڵان کراوە، ژێرزەمینی کتێبخانەکە کە هەزاران کتێبی تێدا بووە بەعسییەکان پڕیان کردووە لە ئاو. جەبار ئاسۆ لە مرۆڤێکی دارا و دڵاواوە، مرۆڤێک هاوکاری هەموو ئەو کەسانەی دەکرد روویان تێدەکرد، دەبێت بە مرۆڤێکی دڵ بریندار، بێکار و بێدراو، مرۆڤێک ناچار دەبێت بۆ بژێویی ژیانی دەست بکات بە شۆفێری.
چیرۆکی جەبار ئاسۆ هەڵگری رۆمانێکە سەبارەت بە بنەما ترسناکەکانی داگیرکردن، چیرۆکێک بە ئاشنابوونی مرۆڤ بە روونی دەیبینێت داگیرکەران چۆن خاوەنماڵ لە پەلوپۆ دەخەن، نەک هەر فڕین و ئازادی، بەڵکو نانیشی پێ رەوا نابینن.
جەبار ئاسۆ دەیویست لە رێگەی خوێندنەوە و لە بواری کتێبەوە مرۆڤەکان یەکدیان خۆشبووێت، بەڵام بەعسییەکان هاتن پەلاماری ئاسۆیان دا، لە رێگەی ئەو پەلامارەوە بوارەی خوێندنەوەیان وێران کرد و کتێبخانەیان تاڵان کرد. تاڵان چ کەونە کولتوورێکە لە کنیان!
چ بەختەوەرییەکی گەورە بوو رۆژانی 10 و 11ـی ئەم مانگی ئابە (2026) لە گوندێکی نزیک شاری ئەمستەردامی هۆڵەندا جەبار ئاسۆم بینییەوە.

بێگومان کاک جەبار ئاسۆ ئێستا تەمەنی بەرەو ناوەڕاستی هەشتاکان دەچێت، جەستەی هەمان ئەو جەستەیە نییە کاتێک لە کتێبخانەی ئاسۆ دادەنیشت و رەنگێکی تایبەتی دەبەخشی بەو مەڵبەندە. ئێستا دەوروبەری چۆڵە، دوورە لە چاوی وڵات و ئەو ئێوارانەی ئاسۆ لە شەقامی کۆماری لە روونترین نیشانەکانی کوردبوون و رووبەڕووبوونەوەی تەعریب بوو. بەڵام ماکی دڵاویی، چاوتێری، خۆشەیستیی خوێندنەوە و نیشتمان هەر قوڵپ دەدەن لە دڵی ئەم ئاسۆ روونەدا. بەر لەوەی بگەم، بە یادی جارانەوە دیاری بۆم ئامادە کردبوو، دیارییەک تامێکی یەکجار تایبەتی هەس، دوو قەڵەمی پارکەر لە پاکەتێکدا، چ ناوازەیە.
ئەوەی جەبار ئاسۆی ناسیبێت دەزانێت لە چ توخمێکی مرۆڤە، دەزانێت دڵاوایی و بەخشندەیی ئەم ئاسۆیە لە دارتوویەکی بە تەمەن و تژی دەچێت، دارتوویەک بەردەوام شیرینی لێ باریوە. بەسەر باڵی ئەم ئاسۆیەوە گەڕاینەوە بۆ زۆر چیرۆکی جوان و خەمگینی نێو یادەوەری.
چەند حەزم دەکرد بچم لە ئاسۆ کتێب بکڕم، ئەوەندەیش حەزم دەکرد جەبار ئاسۆ ببینم، قسەی لەگەڵ بکەم، تۆنی دەنگی ببیستم، پیاوێک بێدەنگ دانیشتووە، بەڵام بە چاو هەموو شتێک رووماڵ دەکات. یەک جار سەبارەت بە دیوانی مەحوی چەند وشەیەکم لەگەڵ گۆڕیبووەوە، بەڵام خۆشەویستی و رێزێکی یەکجار تایبەتی لە لام هەبوو. تاوەکو ئێوارەیەکی درەنگی پاش راپەڕین لە دوورەوە جەبار ئاسۆم بینی، لە کوێ؟ لە چەمچەماڵ. رووبەڕووی چووم و فەرمووم لێکرد، گوتی، بێگومان دێم و شەو لە ماڵی ئێوە دەبم. سەیر بوو، چ خۆشحاڵ بووم، ئەو پیاوەی خولیام بوو قسەی لەگەڵ بکەم، ئەم شەو لە ماڵی ئێمە دەمێنێتەوە. کاک جەبار خۆی و لەم تەمەنەدا بەسەرهاتی ئەو شەوەی چەمچەماڵ و مانەوەی لە لام بۆ من دەگێڕایەوە.

کۆتایی ئەو ساڵە، ساڵی 1991 هاوڕێ هێژاکانم لە چەمچەماڵ و خۆم کۆڕێکی گەورەمان بۆ شێرکۆ بێکەس ساز کرد. یەکێک لەوانەی حەزمان کرد ئامادە بێت، جەبار ئاسۆ بوو، ئەم رۆژانە دەیگوت، لە بیرم ناچێت شوێنی منتان لە تەنیشت شێرکۆ بێکەسەوە دانابوو. رۆژانی 10 و 11ـی ئەم مانگی هەشتە، لەگەڵ ئاسۆدا دوو رۆژ باسی زۆر بەسەرهاتی خۆش و خەمگینمان کرد، چەقی باسەکانمان کتێبخانەی ئاسۆ بوو. قسەکانی جەبار ئاسۆمان تۆمار کرد، تۆمارکردن تاوەکو لە داهاتووی نزیکدا بەڵگەفیلمێکی شایستەی لێ ساز بکەین، بەڵگەفیلمێک ئاماژە بە رۆژگارێک دەکات کە چۆن رۆشنبیرانی کورد لە کەرکووک دەیانویست لە رێگەی کتێب، هونەر و کولتورەوە رووبەڕووی ستەم و داگیرکاری ببنەوە، میهرەبانی دەستەبەر بکەن، رایەڵەی خۆشەویستی و پێکەوەهەڵکردن لە نێو پێکهاتەکانی شارەکەدا ساز بکەن، لە بەرانبەریشدا بەعسییەکان چەند دڕندانە پەلاماری خاوەن ماڵیان دەدا و هەڵدەشاخان، هەڵشاخان بە هەموو ئەو هەوڵ و تەقەلا جوان و پێویستانەدا.



