پەسندکردنی بودجە و وانەیەک بۆ سیاسییەکان

12-06-2023
هەڵکەوت عەزیز
هەڵکەوت عەزیز
A+ A-
 
بەرەبەیانە و پەرلەمانتارانی کوردستانی ئۆقرەیان لێ بڕاوە، هیچیشیان پێ نەدەکرا تەنیا دەهاتن و دەچوون، کۆنگرەی رۆژنامەوانیان دەبەست و پەیامی ناڕەزایەتیان بڵاودەکردەوە، بەڵام ئەوانە بێ سوود بوون، سەیری یەکدییان دەکرد و دۆشدامابوون، درکیان بەوە دەکرد کە ناتەبایی نێوانیان چی پێکردن؛ ئەوە دیمەنی دوایین خولەکەکانی نێو پەرلەمانی عێراق بوو لە کاتی پەسندکردنی بودجە؛ پەرلەمانتارێک پێی گوتم دەبێت حاڵی ئەوانە چۆن بێت کە سیاسییەکانی شیعە و سوننەیان بە پشتیوانی و خەمخۆری کوردستان دەزانی؟
 
چی روویدا؟ 
 
رۆژی دووشەممە پەرلەمانی عێراق پاش زیاتر لە دوو مانگ یاسای بودجەی گشتیی وڵاتەکەی بۆ سێ ساڵ پەسندکرد، هەر لەسەرەتاوە لایەنە کوردستانییەکان بە پەرتەوازەیی چوونە نێو گفتوگۆکانی تەواوکردنی پڕۆژەیاسای بودجە، تاوەکو کۆتاییش هەر بەو پەرتەوازەییە مانەوە، بۆیە نەک هەر نەیانتوانی داواکارییەکانیان جێبکەنەوە، بەڵکو لە زۆر رووەوە هەرێمی کوردستان کۆت و بەندکرا.
 
دوایین دانیشتنی پەرلەمانی عێراق کە تاوەکو کاژێر 05:00ـی بەرەبەیان بەردەوام بوو، هەموو چاوەکان لەسەر ئەوەبوون پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران لە بودجەدا جێگیربکرێت، بەڵام شیعە و سوننەکان دژی ئەوە وەستانەوە و تەنانەت رازی نەبوون لە پارەی زیادەی فرۆشتنی نەوتی کوردستانیش بڕە پارەیەک بۆ دانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران تەرخان بکرێت، بۆیە تەنیا فراکسیۆنە کوردستانییەکان و چەند پەرلەمانتارێکی زۆر کەمی عەرەب دەنگیان دا، ئەمەش وایکرد پرۆسەکە رێڕەوی یاسایی خۆی نەگرێت و رەتکرایەوە، ئەو گەلەکۆمەیەی لە کورد کرا، وایکرد بەشێک لە پەرلەمانتاران بە دڵی شکاو و بە چاوی پڕ گریانەوە باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق بەجێبهێڵن، هەموویان دەیانگوت ئەوە ئەنجامی پەرتەوازەیی خۆمانە، کە بەم شێوەیە مامەڵەمان لەگەڵ دەکەن، گەر یەکگرتوو بووینایە ئاوا بەسەرماندا زاڵ نەدەبوون، دواجار دەرکەوت ئەوەی دەکرا و دەگوترا بەتایبەتی لەنێو شیعەکان لەبارەی دانەوەی پاشەکەوتی مووچە، جگە لە موزایەدە هیچی دیکە نەبوو، بۆ ئەوە بوو فراکسیۆنە کوردستانییەکان ئاوا پەرتەوازەبکەن، کردیشیان. کوردیش بە کۆمەڵێک گلەیی و تێبینی، دەبێت رۆژان و مانگەکانی داهاتووی لەگەڵ یاسای بودجەدا بەڕێبکات، هەر ئەوەندەنا، بەڵکو لەسەر گواستنەوەی میلاکی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناوچە جێناکۆکەکانیش بۆ سەر بەغدا هەمان هەڵوێستیان هەبوو، بەجۆرێک وەک ئەوەی پەرلەمانتارە کوردەکان بۆیان باسکردم، سوننەکان بە پێڵاوەوە چوونەتە سەر مێزەکان و زۆر بەتووندی دژی ئەو بابەتە وەستاونەتەوە، تەنانەت رێگەیان نەداوە بخوێندرێتەوەو بخرێتە دەنگدانەوە.
 
پەرلەمانتارێک پێی گوتم دەبێت حاڵی ئەوانە چۆن بێت کە سیاسییەکانی شیعە و سوننەیان بە پشتیوانی و خەمخۆری کوردستان دەزانی، بەتایبەتی ئەو ئەندامانەی لیژنەی دارایی، کە سەر بە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بوون و دەیانگوت بەرگری لە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکەین، کەچی لەکاتی دەنگدان بە گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە قروقەپیان لێ کرد و دەستیان بەرزنەکردەوە، یەکێکی دیکەیان گوتی ئەوەی ئەمڕۆ شیعە و سوننەکان کردیان جیاوازییەکی ئەوتۆی نەبوو لەو کوشتن و بڕینەی پێشتر بەسەر کورددا دەهێنرا. ئەوکات بە شەڕە گوللـە و ئەمڕۆش بە شەڕی زۆرینە و خۆسەپاندن بە یاسا مافەکانمان نادەن. 
 
هەرچۆنێک بێت تازە یارییەکە کۆتایی هات، دیار نییە ئاخۆ ئەوەی روویدا دەبێتە وانەیەک بۆ لایەنە کوردستانییەکان لەبەغدا یان وەک هەمیشە پرسە سیاسییەکان لەتیان دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عارف قوربانی

بەهاری دەسەڵاتەکەی ئەحمەد شەرع

وێنای سوپا و هێزی دەوڵەتەکەی ئەحمەد شەرع ئەو وێنایەیە کە لە تۆمارە ڤیدیۆکانی سێ رۆژی رابردوو خۆیان بەرجەستەکرد. هیچ لۆژیک و رەوایەتییەک لەوەدا نییە کچ و کوڕانی کورد لەنێو هێزەکانی هەسەدە کە خاوەن جوانترین وێنای دیسپلینی سەربازین و وەک پاڵەوانی داعش بەزێن ناسراوون، لەژێر هیچ پاساوێکدا نابێت ببنە بەشێک لەو سوپایەی سووریا. پێویستە کورد ئەو وێنا دزێوەی سوپای تازەی سووریا، هەروەها ئەو کۆمەڵکوژییانەی عەلەوییەکان بۆ ئەوە کەڵکی لێوەربگرێت، وەڵامدەرەوەی ئەو داوا و گوشارانە بێت کە دەخرێنە سەر کورد بۆ چەکدانان و بوونە بەشێک لە سوپای سووریا، یان چوونەژێر رکێفی ئەحمەد شەرعەوە.