نەنە شانەدەرمان نەمردووە!

13-05-2024
هێمن بەکر
A+ A-
 
چیرۆکی پەیدابوونی ژیان لەسەر هەسارە شینەکەمان لە ماوەی پێنج ملیار ساڵی رابردوودا، هەروەها قۆناخەکانی گەشەکردن و دروستبوونی جۆرە جیاوازەکانی بوونەوەران جێدەهێڵم بۆ دەرفەتی دیکە؛ لێرەدا وەکو رۆژنامەڤانێکی زانستی، تەرکیزم لەسەر نیاندەرتاڵ، مرۆڤی ئێستایی و باوانی هەردوولامانە.
 
باوانی هەردوولامان
 
بەگوێرەی ئەو ئێسکوپروسکانەی تانووکە دۆزیوماننەتەوە، لە خوار ملیۆنێک ساڵ پێش ئەمڕۆوە، جۆرێکی مرۆڤ دەردەکەون کە بۆ ناسینەوەیان ناوی "هایدلبێرگێنسیس - Heidelbergensis"مان لێناون؛ چونکە یەکەم ئێسکیان لە شاری هایدلبێرگی ئەڵمانیا، لە ساڵی 1907 دۆزرایەوە. هەرچەند زانیاریی جینۆمیی نێو خانەکانی بەراورد بە پاشماوەی جۆرەکانی دیکە دەکەین، ئەنجامەکەی ئەوەیە کە بەشی زۆری باوانداریمانی بەرکەوتووە. ئەمە یانی ئەژدادی راستەوخۆمانە.
 
ئەم جۆرەی مرۆڤ لە خۆوە پەیدا نەبوون، ئەوانیش بەزۆری باواندارییان بۆ جۆرێکی کۆنتر لە خۆیان دەگەڕێتەوە کە ناوی "ئیرێکتس - Erectus"مان لێناون؛ ناوی ئەمیان لە شوێنی دۆزینەوەکەیەوە نەهاتووە، ئیرێکتس بە لاتینی مانای "پێگرتوو" دەگەیێنێت. یانی قیت و قنج لەسەر پێیەکانی وەستاوە، لەکاتێکدا جۆرە مرۆڤەکانی پێش خۆی ئەو تایبەتمەندییەیان بەو زەقییە نەبووە.
 
لە ماوەی ئەو سەدان هەزار ساڵەی هایدلبێرگێنسیس ژیا، جگە لە دوو ئەمریکاکە، بە نزیکەیی لە باقی کیشوەرەکانی دیکە هەبووە؛ بەتایبەتی ئەوروپا و رۆژهەڵاتی نزیک. هەروەها چەندین جۆری جیاوازیشی لێ پەیدابوون، کە بەنێوبانگترینەکانیان نیاندەرتاڵ، سەیپیێنس و دێنیسۆڤان.
 
دێنیسۆڤا بەناوی ئەشکەوتێکی رووسیاوە ناونراون، چونکە یەکەمجار لەوێ پاشماوەیان دۆزرایەوە، هاوقۆناخی نیاندەرتاڵ و سەیپیێنسن و بەزۆری لە ئاسیا ژیاون. شیکاری بۆ ئێسکەکانیان دەریدەخات، تاوەکو 25 هەزار ساڵێک لەمەوبەریش نەفەوتابوون، ئێستا بەو شکڵەی جارانیان نەماون. بەوپێیەی وادیارە ژمارەیان کەم بووبێت، هێندەی دووانەکەی دی نەهاتوونەتە بەر باس، بەڵام کەم تا زۆر تێکەڵییان لەگەڵ یەکدی هەبووە.

 

 
نیاندەرتاڵ
 
با ئەوە بڵێم کە بۆ من، نیاندەرتاڵەکان لەنێو ئەو دەیان جۆرە مرۆڤەی لە ماوەی ملیۆنان ساڵی رابردوودا هاتوونەتە پەیدابوون، دڵخوازترینن. هۆکارێکی سەرەکیم ئەوەیە، کاتێک ئەوان لە ئەشکەوتی شانەدەر سەرقاڵی چاندنی گوڵ بوون، سەیپیێنس لە ئەفریقا بە بەردی تیژ، خەریکی کەوڵکردنی یەکدی بوون.
 
نیاندەرتاڵیش هەروەکو هایدلبێرگێنسیسی باوکی، بەناوی دۆڵێکی ئەڵمانیاوە ناونراوە، چونکە لە ساڵی 1856 ئێسکوپروسکی لە "دۆڵی نیاندەر - Neander Valley" دۆزرایەوە. ئەگەرچی دواتر زانرا کە 26 ساڵ بەر لەو وادەیەش، ئێسکی نیاندەرتاڵ لە بەلجیکا دۆزراوەتەوە، بەڵام نەیانزانیبوو هەمان جۆری مرۆڤە؛ هەرچۆنبێ، ناوی دۆڵەکەی ئەڵمانیای بەسەردا بڕا.
 
ئەم جۆرەمان لە خوار 500 هەزار ساڵەوە دەرکەوتوون و لە خاکی ئێستای ئیسرائیل و فەلەستینەوە تاوەکو ناوجەرگەی ئەوروپا ژیاون. تائێستا بەڵگەمان لەبەردەستدا نییە کە لە ئاسیای دوور یان ئەفریقادا هەبووبن.
 
نیاندەرتاڵ، بەگوێرەی ریزبەندیی جینۆمی، نزیکترین خزمی مرۆڤی ئێستایین. شوێنەوارەکانیان ئاماژە دەدەن بەوەی حەزیان لە کەشوهەوای ساردتر بووە، باڵایان کورتتر بووە لە سەیپیێنس. رووەکخۆر و گۆشتخۆر بوون و جلیان لەبەرکردووە. ئەوان هەر لە دێر زەمانەوە خاوەنی هونەری ئاگرکردنەوە بوون؛ هەروەها لەسەر دیواری ئەشکەوت و شێڵتەرەکانیان هێڵکاریی ماناداریان کێشاوە. جگە لە هەموو ئەمانە، سەلمێندراوە کە خاوەنی نەریتی جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی بوون.
 
لەبارەی نەنە شانەدەرەوە
 
دۆزینەوەی نەنە شانەدەر (شانەدەر زێت) و بەر لەویش نۆ ئێسکی دیکە، بەو مانایە دێت کە لەو خاکەی ئەمڕۆ پێی دەڵێین کوردستان، بەچڕی ژیاون. ئەگەرچی تەمەنی نەنە شانەدەر 75 هەزار ساڵە، بەڵام تێکڕای تەمەنی هەر 10 ئێسکە دۆزراوەکەی ئەشکەوتەکە لەنێوان 100 بۆ 50 هەزار ساڵ لەمەوپێش خەمڵێندراوە. ئەمە یانی بە بەردەوامی ژیانی تێدابووە.
 
لە سەرووی خۆمانەوە، لە ئیتاڵیا ئێسکی سێ نیاندەرتاڵ دۆزراونەتەوە کە گەنجترینیان بۆ 170 هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەمانەی لە کوردستان ژیاون، هەر دەڵێی دوێنێ لێرە بوون. بە ئەگەری زۆر لەوانەن کە بەر یەکەمین شاڵاوی هاتنی بەکۆمەڵی سەیپیێنس کەوتن لە ئەفریقاوە و بۆ دەیان هەزار ساڵ پێکەوە ژیانیان کردووە و نەوەیان خستووەتەوە. دەکرێت زۆرینەی ئەم نەوانە هەرگیز شاخ و هەردەکانی کوردستانیان جێنەهێشتبێ.
 
ئەوەی کە دەگوترێت نیاندەرتاڵەکان بەیەکجاریی لەنێوچوون، مەبەست لەو پێکهاتن و شکڵەیە کە هەیانبووە، ئەگەرنا، ئەوان لەنێو جینات، یادەوەری و نەریتماندا دەژین. لێکۆڵینەوە زانستییەکان، لە داهاتوودا ئەم پرسە زیاتر روون دەکەنەوە.
 

 
سەیپیێنس
 
ئەمەیان ئەو جۆرەیە کە سەرووی 90%ـی جیناتمانی پێکهێناوە و هەموو لێکۆڵینەوەکان دەیسەلمێنن کە ئێمەی مرۆڤی ئێستایی نەوەی نوێ یان خودی سەیپیێنسین. زیندەناسێکی سوێدی بەناوی کارل لینیەس, لە ساڵی 1758، بۆ ناسینەوە ناوی "هۆمۆ سەیپیێنس - Homo Sapiens"ـی لە ئێسکە دۆزراوەکان ناوە، کە بە مانای "مرۆڤی ژیر" دێت.
 
بەگوێرەی شیکاری بۆ ئێسکوپروسکە لە ئێمەچووەکان، سەیپیێنس لە دەوروبەری 300 هەزار ساڵ پێش ئێستا لە ئەفریقاوە پەیدابوون، کە هێشتا بەردەوامن و ئێستا یەکێکیان خەریکە ئەم وشانە دەنووسێت. بەڵگەش هەن، بەر لەوەی لە سەردەمی نەنە شانەدەردا بەکۆمەڵی گەورەوە بێن، دەیان هەزار ساڵ لەوەوبەر، هەندێک گرووپیان گەیشتوونەتە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و تاک و تەرا چاویان بە نیاندەرتاڵەکان کەوتووە.
 
توێژینەوەکان سەلماندوویانە، لە 70 بۆ 80 هەزار ساڵ لەمەوبەردا، بە هەزاران سەیپیێنس لە ئەفریقاوە بەرەو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کۆچ دەکەن، کە رەنگە یەکێک لە هۆکارەکان گۆڕانی کەشوهەوا بووبێت. پاش ماوەیەک لە مانەوەیان، لە دەوروبەری 50 هەزار ساڵێک لەمەوبەردا بەنێو ئاسیا و ئەوروپاشدا بڵاودەبنەوە.
 
بەم پێیە بێت، لە پاش کیشوەری دایک (ئەفریقا)، دووەم هەواری سەیپیێنس سنووری رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە کە بووە لانکەی بەرەوپێشچوونی ئاستی ژیری، دۆزینەوەی تەکنیکی چاندن لە خوار 15 هەزار ساڵ لەمەوبەرەوە (گوندی چەرمۆ و بێستانسوور لە باشووری کوردستان بەڵگەی ئەم بابەتەن)، هەروەها داهێنانی نووسین لای سۆمەرییەکان، بنیاتنانی کۆمەڵگەی گەورەتر و شارستانییەتە یەک لەدوای یەکەکان تاوەکو ئەمڕۆ.

 

 
چۆن لەم پرسە بڕوانین؟
 
گرنگە لەبیرمان بێت، ئێمە هێشتا هەمووشتێک لەبارەی چۆنێتی پەیدابوونی ژیان و بوونەوەران نازانین؛ ئەوەی کە دەیزانین دەرئەنجامی دەیان ساڵ ماندووبوون و لێکۆڵینەوەی ئێمەی مرۆڤ خۆمانە. دەزانم وەڵامی ئاسان خۆشە، بەڵام زوو دەڕووخێ و بەرگەی بیرکردنەوەی زیاتر ناگرێت؛ تۆ بە وەڵامی ئاسان رازی مەبە.
 
دەخوازم کۆمەڵگەی ئێمە لە هەرێمی کوردستان خۆی بە بەشێک لە کۆمەڵگەی جیهانی بزانێت و لەبیری بێت، چاندن و نووسین لە نیشتمانی ئێمەدا داهێندرا و نەنە شانەدەر سەرمەشقی بوو؛ ئێمە زیاتر لە هەرکەس و هۆز و نەتەوەیەکی دیکە خاوەنی ئەم مێژووەین!

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاسۆ عەبدوللەتیف

ئەفسانەی بەربژێرانی هەڵبژاردن!

ئایا جنێو دەدەیت، یان داهێنان لە جنێودا دەکەیت، هەر بەو کارە تۆی بەربژێر هەموو وزەی مەیدانی و سیحری خۆت بەتاڵ دەکەیتەوە و لەوە دەچیتە دەرەوە بەکەڵک بێیت بۆ ململانێی دروست و مەدەنی و دیموکراسی و هەوێنی گۆڕانکاریی جددی.