تەسەحور و تەعەڕووب

11-02-2024
سەلام سەعدی
A+ A-

سەلام سەعدی

تەسەحور، بە عەرەبی (التصحر)، بەسارابوون یان بەبیابانبوونە کە دیاردەیەکە بەشێکی خۆکردە و پرۆسەیەکی لەسەرخۆ و ماوەدرێژی سرووشتییە، بەشێکیشی مرۆڤکردە و لێکەوتەیەکە لە لێکەوتەکانی گەرمبوونی زەوی و گۆڕانی کەشوهەوا. هەرچی ئەوەی دووەمیانە (تەعەڕووب)، پێویستی بە کەمێک روونکردنەوە هەیە.
 
تەعەڕووب (التعرب) لە عەرەبیدا بە دوو مانا هاتووە. لە سەرەتاکانی ئیسلامدا بەو موسوڵمانانە گوتراوە کە ژیانی شاریان بەجێهێشتووە و گەڕاونەتەوە ناو خێڵە کۆچەرییەکانی دەشت و بیابان. ئەم کۆچەرییانە لای عەرەبەکانی سەرەتای ئیسلام بە (الأعراب) ناوبراون. بە کەسی دەشتەکی و سەر بە خێڵیان گوتووە (الأعرابي). ئەعرابی لەخۆیدا هەڵگری ماناگەلێکی نێگەتیڤە. ئاماژەیە بۆ دڵڕەقی و جەهالەت و نەزانی و تێنەگەیشتن لە ئایین و پابەند بە نەریتە دواکەوتووەکانی خێڵەوە. کەواتە تەعەڕووب حاڵەتێکە لە گەڕانەوە بەرەو نەریتەکانی ئەعراب. کەسێک کە ژیانی شار بەجێدە‌هێڵێ بۆئەوەی لەو دەشتە پان و بەرینە و لە بیاباندا، خۆی لە ئەرکی غەزاکردن و بەجێهێنانی ئەرکە ئایینییەکان بدزێتەوە، بەشداریی نوێژی بەکۆمەڵ نەکات و لە سەرچاوەکانی وەرگرتنی مەعریفەی ئایینی دووربکەوێتەوە. هەر لەبەرئەمەشە تەعەڕووب لای فەقیهەکانی ئیسلام وەکو (کەبائیر)، واتە گوناهە گەورەکان ناسێنراوە.
 
لە چاخەکانی دواتردا کە کۆمەڵگەکانی مرۆڤ بە رووی یەکدی و بە رووی جیهاندا دەکرێنەوە و کۆچ و کۆچبەری لە جیهانی ئیسلامییەوە بەرەو (جیهانی کوفر) سەرهەڵدەدات، تەعەڕووب مانایەکی نوێ وەردەگرێ. بە کەسێک دەگوترێ کە ژینگە جوگرافی و کۆمەڵایەتییەکەی خۆی بەجێدە‌هێڵێ و لە شوێنێک نیشتەجێ دەبێ کە خەڵکەکەی بەگوێرەی باوەڕ و نەریتی ئیسلامی رەفتار ناکەن و ئەمیش هێواش هێواش لەژێر کاریگەریی ئەم ژینگە نوێیەدا لە نەریت و باوەڕە ئایینییەکەی دووردەکەوێتەوە، بۆیە هەموو فەقیهەکان، بەوانەی سەردەمی ئەمڕۆشمانەوە، کۆکن لەسەر ئەوەی سەفەر بۆ وڵاتانی ناموسڵمان و نیشتەجێبوون لە کۆمەڵگەیەکی ناموسڵماندا، ئەگەر ببێتە هۆی لاوازبوونی باوەڕ، حەرامە و بە یەکێ لە گوناهە گەورەکان دادەنرێ، مەگەر ئەوەی کەسەکە لەو وڵاتە دوورەدەستەش هەموو ئەرکە ئایینییەکانی جێبەجێ بکات و هێندە ئازاد بێ کە بتوانێ پارێزگاری لە ئایینی خۆی و هاوژین و منداڵەکانی بکات.
 
لێرەدا هەوڵ دەدەم ئەم وشەیە لە سیاقە مێژووییەکەی دەربهێنم و مانایەکی نوێی بدەمێ، ئەوەش بۆ خوێندنەوەی دیاردەیەک کە ئێمە وەکو کورد شتێکی ئەوتۆمان لەسەری نەگوتووە: دیاردەی کۆچی لەسەرخۆی عەرەب لە باشوورەوە بە ئاراستەی باکوور، بەرەو شار و ناوچەکانی کورد کە ئەمە ئەمڕۆ لە باشووری کوردستاندا بووە بە واقیعێکی نوێ. تەعەڕووب لەم سیاقەدا بەمانای بەعەرەببوون دێت لە پرۆسەیەکی لەسەرخۆدا.
 
ئەم حاڵەتە ناچێتە چوارچێوەی تەعریبەوە کە لە پشتییەوە سیاسەتێکی دیاریکراو هەیە بە ئامانجی گۆڕینی دیمۆگرافیا. تەعریب زۆری لەسەر گوتراوە و نووسراوە و هەزاران بەڵگە و دۆکیومێنتی لەسەرە، بەڵام زیادبوونی ژمارەی عەرەب لە پارێزگاکانی کەرکووک، دیالە، موسڵ، یان بۆ نموونە حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان کە لەم چەند سەت ساڵەی دواییدا روویداوە، ئەمە لە ئەنجامی سیاسەتی تەعریب نەبووە. تەعریب مێژوویەکی نوێتری هەیە. زیادبوونی ژمارەی عەرەب لەم پارێزگایانە هۆکاری دیکەی هەبووە، بۆ نموونە گەڕان لەدوای لەوەڕگە و سەرچاوەی بژێوی و ئاو. بەشێکیشیان هەر خەڵکی رەسەن و دێرینی ناوچەکەن و دواتر لە پرۆسەیەکی لەسەرخۆدا بە عەرەب بوون. عەرەب بەمە دەڵێن (المستعرب). 
 
ساڵی داهاتوو، 20 ساڵی تەواو لەسەر پەسندکردنی دەستووری هەمیشەیی عێراق تێدەپەڕێ. یەکێ لە مادەکانی ئەو دەستوورە کە هەتا ساڵانێک دواتریش مشتومڕی زۆری لەسەر کرا، ماددەی 140 بوو کە تایبەتە بە نەهێشتنی ئاسەوارەکانی سیاسەتی تەعریب بەگوێرەی میکانیزمێکی دیاریکراو و یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ئەو ناوچانەی ناکۆکییان لەسەرە. وەکو لە دەقی ماددەکەدا هاتووە، هەرسێ رێکاری ئاساییکردنەوە، سەرژمێری و گشتپرسی دەبوو پێش 31ی دیسەمبەر/ کانوونی یەکەمی 2007 جێبەجێ بکرێن و ئیدی ئەو لاپەڕەیە بە یەکجاری دابخرێ. ئێستا 17 ساڵ بەسەر ئەو وادەیەدا تێدەپەڕێ. ماددەکە بووە مەرەکەبی سەر کاغەز و تەنانەت باسیشی لەنێو باساندا نەما، چونکە لە ساڵانی پاش پەسندکردنی دەستووردا واقیعێکی نوێ هاتەئارا. عێراقی نوێ بووە درێژکراوەی عێراقی کۆن. شەڕی نێوخۆی تائیفی و نەمانی ئاسایش و سەقامگیری و زنجیرەیەک لە تێرۆری رێکخراو کە بە سەرهەڵدانی داعش گەیشتە لووتکە، لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە شەپۆلێکی بەرفراوانی کۆچیان بەدوای خۆیاندا بەرەو هەرێمی کوردستان هێنا.
 
لەپاڵ ئەم کۆچە کە پەیوەندی بە ئاسایشی وڵات و ئاسایشی تاکەکەسەوە هەیە، کۆچێکی دیکەش هەیە کە لێرە بەدواوە ناچار دەبین زۆر بە جددی وەریگرین، چونکە پەیوەندیی راستەوخۆی بە ئاسایش، با بڵێم نەوەکانی ئێمەوە هەیە، بەڵام ئاسایش بە مانا فراوانترەکەی و بە هەموو رەهەندەکانییەوە. ئەمەیان کۆچێکە هاوشان و تەریب لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا. کۆچ و کۆچی بەکۆمەڵ ئەگەر هەر ئێستا رووی نەدابێ، ئەوا حەتمەن یەکێک دەبێ لە لێکەوتە و دەرکەوتە و دەرئەنجامەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و لە ئاییندەیەکی زۆر دووریشدا نا. دیارە من لە روانگەیەکی ناسیۆناڵستی و قەومچێتییەوە سەیری ئەم بابەتە ناکەم، وەکو یەکێ لە کێشەکانی داهاتوو سەیری دەکەم. ئەمە دەبێتە کێشەیەکی گەورە بۆ نەوەکانی داهاتوو کە لە کوردستان دەژین. ئەو هاووڵاتییە عەرەبەی بۆ نموونە لە 2007 دا بەهۆی شەڕی تائیفییەوە لە ناوچەکەی خۆی هەڵاتووە و لێرە نیشتەجێیە، ئێستا کە شەڕی تائیفی نەماوە، ناچێ دەست لە کوردستان بەردا و بارگە و بنە بۆ شوێنەکەی پێشووی بپێچێتەوە، چونکە منداڵی ئەو پیاوە یان ئەو ژنەی لە 2007 هاتووەتە کوردستان، ئێستا تەمەنی 16 ساڵە و زیاتریش. هیچ منداڵی و یادگارییەکی لە بەسرە و رومادی و فەللوجە نییە. 
 
ئینجا گەرەنتی چییە کە ئاشووبێکی تر ناکەوێتەوە؟ هیچ عاقڵێک هەڵەی وا ناکات بە یەکجاری بگەڕێتەوە شوێنێک کە ئاسایشی فشۆڵ و لەرزۆکە، ئەمە بەتایبەتیش ئەگەر سوننە بێت. بۆ ئەو عەرەبەی بەمجۆرە هاتووە، کوردستان بەهەشتە. شارێکی وەکو هەولێر بۆ ئەو تامی بەغدای جاران دەدات.. بشگەڕێتەوە شوێنی خۆی پێیەکی هەر لە کوردستان دەبێت. موڵک و ماڵ و بزنس و پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و یادگاری و.. بە هەزار رایەڵە بە ئێرەوە بەستراونەتەوە. تۆ لە کوردستان دەتوانی هەموو رۆژێ گەنجی عەرەب ببینی کە بە کوردییەکی وەکو ئەوەی من و تۆ کوردی قسە دەکەن. خۆم دەیان جار تووشی کەسانی وا هاتووم کە دوای ئەوەی گوێم لێبووە بە عەرەبی قسەیان کردووە، ئینجا زانیومە کورد نین. کەواتە حەق و دادپەروەری وایە بڵێی هەولێر شاری ئەویشە. عەرەب لە کوردستان بوون بە کۆمیونیتی. ئەم کۆمیونیتییە کە بە هیچ پرۆسەیەکی ئینتیگرەیشندا رەت نەبووە و لەڕاستیدا کۆمەڵگەیەکە بە تەنیشت کۆمەڵگەی کوردییەوە دەژی، هەتا دێ گەورەتر و گەورەتر دەبێ، جوگرافیاش هەمان جوگرافیایە. هەولێر شارێکە لە چەند ساڵی داهاتوودا دەخنکێ. رێژەی پیسبوونی هەوای بە دوانۆکسید، وەکو لە هەواڵێکی تەلەڤزیۆنی رووداودا بیستم، پێنج هێندەی رێژەی ستانداردە. لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە لە تەقینەوەدایە. شاریش هەتا گەورەتر بێ هێزی کێشکردنی خەڵکی زیاتر دەبێ. هەر ئێستا بە دەوروبەری هەولێردا سڵەمی گەورە گەورە دروست بوون. کۆمەڵگەکانی دارەتوو، قوشتەپە هەتا دەگاتەوە کانی قرژاڵە و بەحرکە، لە هەندێکیاندا ژمارەی عەرەب لە کورد زیاترن. ئەمانە خەڵکی دەستکورتن کە سەرچاوەی بژێوی کێشی کردوون. لە شارێکی بێ نەزم و بێسەروبەری وەکو هەولێردا پەیداکردنی سەرچاوەی بژێوی ئاسانە. هەرکەس لە هەر شەقامێکی ئەو شارە بیەوێ، دەتوانێ عەرەبانەیەک سەوزە و میوە دابنێ و بیفرۆشێ. لێرە دەرفەتی کار شتێک نییە حکومەت یان کۆمپانیاکان دابینی بکەن. 
 
بۆیە پرسیار لە هەر عەرەبێکی نیشتەجێی کوردستان بکەی، چ دەوڵەمەند و چ هەژار، بە پێچەوانەی کوردەوە لەم حاڵەی ئێستایان رازین. واتە ئەگەر لەڕووی پەیوەندیی ئینسان و شوێنیشەوە سەیری بکەی، ئەوە تەنیا عەرەبەکانن کە دەڵێن "کوردستان جەننە"، هیچ کوردێکی (باشووری) نابینی بڵێ ئێرە بەهەشتە، ئینجا هۆکارەکانی بێگومان زۆرن، نامەوێ بچمە ناو ئەو باسە.
 
ناچارم دیسان ئەوە روون بکەمەوە کە من لە روانگەیەکی رەگەزپەرستانەوە قسە ناکەم. کچەکەی من لە قوتابخانەکەی چەند برادەرێکی نزیکی هەن هەندێکیان عەرەبن. زوو زوو بۆنەیەک دەدۆزنەوە و کۆدەبنەوە، ئێمەش کۆدەکەنەوە. دایک و باوکی ئەم کچانە هەموو یەکتر دەناسین. قسەم لەگەڵ کردوون و دەزانم خەڵکێکن وەکو من دەیانەوێ لە دڵنیاییدا بژین، بەڵام کێشەکە ئەوەیە ئەم شەپۆلە هەر بەردەوام دەبێت، ئەوە ئەگەر لەناکاو نەگۆڕێ بۆ تسۆنامییەک بەهۆی رووداوێکی چاوەڕوانکراو یان نەکراوەوە.
 
ئێستا ئەگەر کۆی ئەم قسانە پێکەوە ببەستمەوە؛ تۆخبوونەوەی ئەم رەنگە عەرەبییە لە کوردستاندا ناچێتە ژێر ناوی تەعریبەوە. تەعریب دەستکردە، مرۆڤکردە، سیاسەتکردە، بەڵام ئەم گۆڕانە بەرئەنجامی بەریەککەوتنی کۆمەڵێ فاکتەری دیکەیە. یەکێک لەوانە فاکتەری گۆڕانی کەشوهەوایە. ناوچە گەرمەکان تادێ گەرمتر دەبن. ژمارەی دانیشتووانی عێراق کە لە 2003 دا نزیکەی 23 ملیۆن بوون، ئێستا بوون بە 42 ملیۆن. ئاو بەشی ئەو ژمارە زەبەلاحە ناکات. زەوییە کشتوکاڵییەکان وشک هەڵدێن و دەبنە بیابان، پلەی گەرما لە هاویندا هەتا دێ ژمارەی پێوانەیی تازە تۆمار دەکات. عێراق لە هەموو راپۆرتە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە ژینگەدا وەکو یەکێ لەو وڵاتانە ناوی دێت کە بە توندی کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا. ساڵانە نزیکەی 100کم خاکی بەپیت و کشتوکاڵی دەبێتە بیابان. ئاسایشی ئاوی شارێکی سێ ملیۆن کەسیی وەکو بەسرە لەژێر هەڕەشەی راستەقینەدایە. ئەم خەڵکە کۆچبەر بن بەرەو کوێ دەڕۆن؟ بەرەو باکوور هەڵدەکشێن. کەواتە بەبیابانبوونی زیاتر، بەعەرەببوونی زیاتری بەدوادا دێت. تەسەحوری زیاتر تەعەڕووبی زیاتر.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. نەزەند بەگیخانی

کێ دەبێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەرەنسا؟

خاتوو تۆندولیە دەمێکە لەناو کایەی سیاسی ناسراوە و لەسەر بنەمای لێدانی کەسانی دیکە دروست نەبووە، بەڵکو بەهۆی هەوڵ و ماندووبوون و لێهاتوویی خۆی گەیشتۆتە پایەکی سیاسیی شیاو و سەردەمییانە و ژینگەپارێز. ئەو خاتوونە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا وەک کەسایەتییەکی بوێر و زانا و پڕ وزە و توانا جڵەوی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی لە دژی بەرەی توندڕۆی لوپێن-یەکان گرتە دەست. لە کۆبوونەوە گشتییەکان، لەگەڵ جەماوەر، لە کەنالەكانی میدیا و لە دیدارەکانی بە جوانی و بە روونی و لەسەر بنەمای بەڵگە و راستییەکان ئایدیاکانی خۆی دەخستە ڕوو و باسی لە هەڕەشەکانی توندڕەویی و لوپێن-یەکان دەکرد. بۆیە هەرزوو بوو بە شوێنی سەرنجی هەمووان و ئەمڕۆش شایانی زۆری لێ دەنرێ. پسپۆڕ و میدیاکارانیش بە ئاشکرا و بە نهێنی دەڵێن خاتوو تۆندولیە یەکێکە نەک هەر لە گونجاوترین، بەڵکو لێهاتووترین کەسایەتی بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەڕەنسا.