لەنێوان (كۆمەڵ) و (یەكگرتوو) و (بزووتنەوەی ئیسلامی)دا

09-10-2024
سەعید عەلی محەممەد
A+ A-
 
ئێستا لە كوردستاندا شانبەشانی هێز و لایەنە سیاسییەكانی دیکە، هەریەك لە (كۆمەڵی دادگەری) و (یەكگرتووی ئیسلامی) و (بزووتنەوەی ئیسلامی) بە سێ لیستی جیاواز دەیانەوێ بەشداریی پڕۆسەی هەڵبژاردنەكان بکەن و لە هەوڵی ئەوەدان زۆرترین دەنگ بۆ خۆیان كۆبكەنەوە! هەمووان كۆكن لەسەر ئەوەی ئەندام و لایەنگر و هەواداری هەر سێ لایەنە ئیسلامییەكە ئاواتەخوازبوون تاكە لیستێكی ئیسلامی هەبووایە و بیتوانیایە هەمووانی لەخۆی كۆبكردایەتەوە و ژمارەیەكی پێوانەیی لە بەدەستهێنانی كورسیی پەرلەمانیدا بۆخۆی تۆمار بكردایە، بە ئامانجی ئەوەی لە داهاتوودا كاریگەریی لەسەر بڕیاری سیاسی لە كوردستاندا دروست بكات و تەرازووی هێز تاوەکو ئەندازەیەک بگۆڕێت، بەڵام لەراستیدا نەبوونی ئەو (یەك لیستە ئیسلامییە) زۆر لە جەماوەرە ئیسلامییەكەی بێزار و بێ ئومێد كردووە و جۆرێک لە دوودڵی و هەندێ جار بەدگومانی و رەشبینیشی بەرانبەر ئیسلامییەكان دروست كردووە! 
 
ئەندام و لایەنگر و رێكخستنەكانی ئەو سێ لایەنە ئیسلامییە ئێستا هەریەک لەلای خۆیەوە خۆی قووفڵ كردووە و بڕیاری كۆتایی داوە، كە دەنگ تەنها بەو حیزبە دەدات، كە ئەو ئینتمای بۆی هەیە، یان بەجۆرێك لە جۆرەكان لێی سوودمەندە، بۆیە ئەم گوتارە رووی لەوانە نییە بە ئەندازەی ئەوەی رووی لە جەماوەرە دیندارە خۆڵەمێشەكەیە، واتە ئەوانەی كەسانی دینداری ناحیزبین و هیچ جۆرە پەیوەندییەكیان بەو سێ لایەنەوە نییە، جگە لە هاوسۆزییەكی باوەڕدارانە نەبێ، كە ئەوانەش ئێستا سەرسام بوون و نازانن دەنگ و متمانە بە كام لیست لەم سێ لیستە ئیسلامییە بدەن؟ ئەوان دەپرسن: ئایا لیستە ئیسلامییەكان جیاوازییان هەیە؟ ئەگەر جیاوازییان هەیە كامەیە جیاوازییەكانیان؟ ئێمە چۆن باشترینی ئەم سێ لیستە ئیسلامییە بناسینەوە؟! بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە بەپێویستم زانی ئەم چەند خاڵەی خوارەوە بخەمەڕوو: 
 
یەكەم: مەعلومە تەفرەقە و پارچە پارچەبوون یەكێكە لەو دەردە كوشندانەی، کە لە رابردوو و لە ئێستاش بەرۆكی رەوتە ئیسلامییەكەی لە جیهانی ئیسلامیی بەگشتی و كوردستانیش بەتایبەتی بەرنەدواوە و خراپترین ئاسەواریشی بەسەر كاروان و پڕۆژەی كاری ئیسلامییەوە بەجێهێڵاوە و تاوەکو ئەم ساتەوەختەش هەمووان بەدەستیەوە دەناڵێنن! بۆیە دەمەوێ بڵێم چ لایەنێك لەم پارتە سیاسییە ئیسلامییانە كەسی یەكەمیان یان سەرکردەکانیان بەدرێژایی كاری حیزبی و تەمەنی چالاكیی رێكخراوەیی خۆیان لە قۆناخە جیاجیاكاندا كەمتر تێوەگلاوە یان تێوەگلاون لە دروستكردنی ناكۆكیی ناوخۆیی و قووڵكردنەوەی برینەكان و خۆراکپێدانی تەفرەقە و بەئاراستەبردنی حیزبەكە بەرەو لاوازیی و لێكترازان و پارچەپارچە بوون، چ كاتێك كەسانی نێو سەرکردایەتی لە قۆناخێک لە قۆناخەكاندا بەشێك نەبووبن لە پیلانێكی ناوخۆیی نێو حیزب یان پیلانێكی دەرەكیی دەرەوەی حیزبەكە بۆ بەهێزكردنی گیانی تەكەتولگەرایی و تێكدانی یەكڕیزیی نێو حیزبەكە، چ كاتێك ئەم سەرکردایەتییە چ بە ئاشكراو چ بە نهێنی و لەپشت پەردەوە و بێئاگاداری و گەڕانەوە بۆ سەرۆكی حیزبەكانیان، كە پێشتر تێیدا پۆستی باڵایان هەبووە، دژی ستراتیژ و گوتاری سیاسیی حیزبەكانیان لە رابردوودا كاریان نەكردبێ، حیزبێك و سەرکردایەتییەک دوور لەم تەسیفە دەكرێ ببێتە جێی متمانە و ئاواتی هەموو تاكێكی ئەم هەرێمە و شایستەیە دەنگێ پێ بدرێ و ئەركی سەرخستنی پڕۆژەی ئیسلامی و خزمەتكردنی وڵاتیشی پێ بسپێردرێ. 
 
دووەم: ئیسلامییەكانی كوردستان لە هیچ قۆناخێك لە قۆناخەكانی كاری سیاسیی خۆیان و بارودۆخە جیاوازەكانی كوردستاندا وەک ئێستا پێویستیان بە یەكڕیزی و كاری پێكەوەیی نەبووە، واتە ئەوەندەی دروستكردنی لیستێكی ئیسلامی بۆ ئەم قۆناخە و بۆ ئەم پرۆسەی هەڵبژاردنە پێویست بوو، دەیتوانی بۆشاییەكی گەورەی سیاسی لە كوردستاندا پڕ بكاتەوە و جووڵانەوەی ئیسلامی لە كوردستان لە متبوون و سڕبوون و سستبوون رزگار بكات و هەناسە و خوێنێكی تازەش بەبەر كاری ئیسلامی بكاتەوە و گوڕوتین و متمانەیەكی زیاتریش بە كاری حیزبی و رێكخراوەییدا ببەخشێت، بەتایبەت لەم قۆناخەدا كە چەندین تاقم و دەستە و ناونیشان بەناوی ئیسلامەوە لێرە و لەوێ بۆ دژایەتیكردن و بێمتمانەكردنی ئیسلامییەكان دروست كراون و هێنراونەتە پێشەوە، بۆیە دەنگدەر پێش ئەوەی دەنگ بدات پێویستە بە شوێن راستییەكاندا بگەڕێ و پاداشتی ئەو لایەنە ئیسلامییە بكات، كە دەستپێشخەریی یەك لیستی كردووە و سزای ئەو لایەنەش بدات، كە لە سۆنگەی لووتبەرزی و غرور و رەچاوكردنی بەرژەوەندیی حیزبی خۆیەوە، یان ملكەچبوون بەئیرادەی دەرەكیی پەكخەری پڕۆژەی لیستی ئیسلامیی بووە. 
 
سێیەم: بەداخەوە هەندێک لە سەركردە و رەمزە ئیسلامییە دیارەكان، بەدرێژایی چەندین ساڵە و تاوەکو ئەم ساتەوەختەش، هاوشێوەی حیزبەكانی دیکە، واز لە سیاسەتی بەنجكردنی ئەندام و لایەنگر و جەماوەرە ئیسلامییە مەحرومەكەی خۆیان بەتایبەتی و هاووڵاتییان بەگشتی ناهێنن، لێرەو لەوێ و لە بۆنە جیاجیاكاندا بەكۆمەڵێ گوتاری حەماسیی سۆزدارانە و قسەی تەقلیدیی سواو و سەدان جار دووبارەبووەوە و بە كۆمەڵێ دروشمی رواڵەتیی بێ كردار و بێ ناوەڕۆک و بێ هیچ شەرمێک باسی ئەمانەت و راستگۆیی و شەفافییەت لەگەڵ میللەت و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و بەرپاكردنی حوكمی رەشید و سەر راست دەكەن، لەكاتێكدا هەموو كەسێكی وریا و هۆشیار و بەئاگا دەزانێ خاوەن ئەم گوتار و مۆدێڵە سیاسییە ئیسلامییە لەو رۆژەوەی بووەتە خاوەن حیزب نەیتوانیوە هیچ داهێنان و بەرهەم و تازەگەریی و ستراتیژ و پڕۆژەیەكی دەعەوی و سیاسی و ئیعلامیی و كۆمەڵایەتیی لە ئاست ناوخۆ و دەرەوەی حیزبەكەشدا دروست بكات، كە ئەمەش پاڵنەر و هۆكارێكی سەرەكیی دابەزینی ئاستی پشتیوانی و متمانەی جەماوەریی بووە و وایكردووە چیتر رای گشتی پشت بەم جۆرە مۆدێل و گوتارە سیاسییە ئیسلامییە نەبەستێت لە بەدیهێنانی ئاواتەكان و گۆڕانكارییە مەزنەكان! 
 
كەواتە دەنگدەری ئیسلامی ئەمجارەیان پێویستە چاوكراوەتر بێ و لەم پڕۆسەیەدا دەم و چاو و تایپە چەند جار دووبارەبووەكان لە پەرلەمان و حكومەت جارێكی دیکە خۆیان و حیزبەكانیان ئەزموون دووبارە نەكەنەوە، بەڵكو حیزبی نوێ و كاراكتەر و پاڵێوراوی ئیسلامیی نوێ ئەزموون و تاقی بكەنەوە. 
 
چوارەم: سەربەخۆنەبوون لە بڕیاری سیاسییدا و تێكەڵبوون بە ئەجێندای وڵاتانی دیکە یان لانیكەم ملكەچبوون بۆ ئیرادەیەكی فەرزكراوی لایەنێكی دەرەكی لە رابردوو و ئێستاش، كاریگەریی خراپی لەسەر رەوتی ئیسلامیی لە کوردستاندا بەجێهێڵاوە، کە رووداوی ئینشقاق لە رابردوودا لە ریزی بەشێك لە رەوتە ئیسلامییەكەدا و، پێكنەهێنانی لیستێكی ئیسلامییش لەنێو ئیسلامییەكاندا بۆ پێكەوەچوونە نێو هەڵبژاردنەكانەوە، بەدڵنیاییەوە یەكێكە لە هەرە زەقترین شوێنەوار و كاریگەرییە نەرێنییەكانی وابەستەبوون بەو ئیرادە دەرەكییەوە، جا بۆ رەتكردنەوەی ئەو ریتمە لە سیاسەت و پشتیوانیكردن لە سەربەخۆییبوونی سەرکردایەتی و حیزب و سیاسەت و لەدەستنەدانی زیانری سومعەی سیاسی و ئیسلامی و پاراستنی راستگۆیی دروشم و شوناسیی ئیسلامی و نیشتمانیی زەرورە هەوادارە ئیسلامییەكان چاوكراوەتر بن و دەنگ بەو لایەنە بدەن، كە بۆیان دەركەوتووە لە پیادەكردنی ئەم جۆرە سیاسەت و ئاڕاستەیەدا تێوە نەگلاوە و كەمتر بە سەفقە نهێنییە سیاسی و داراییەكانی پشت پەردە لە رابردوودا تۆمەتبار دەكرێ. 
 
پێنجەم: سەرەڕای ئەوەی ئیسلامییەكان لە بایەخ و گرنگی (رەخنە و رەخنە لەخۆگرتن) تێدەگەن و دەزانن (رەخنە لەخۆگرتن) چ رۆڵێكی كاریگەری هەیە لە بەهێزبوون و گەشەكردن و نوێبوونەوەیاندا و چ قورساییەكی ستراتیژیشی هەیە لە كایەی كاری حیزبی و رێكخراوەییدا، بەڵام سەرەڕای ئەوە قبووڵیان نییە رەخنەیان لێ بگیرێ و بێزارو قەڵس دەبن ئەگەر كەسێك یان كۆمەڵێك چ لەنێو خۆیانەوە یان لە دەرەوەی خۆیاندا عەیبەكان و خاڵە لاوازەكانیان دەستنیشان بكات و ئاگاداریان بكاتەوە، خۆ ئەگەر كەسێك یان ئاڕاستەیەك هەوڵبدات رەخنە بگرێ چەندان تۆمەتی بۆ دەتاشرێ و كەسایەتیی لەكەدار دەكرێ و لەنێوخۆی حیزب و دەرەوەی حیزبیش بە كەسێكی لادەر و سەرەڕۆ و نەخۆش لە قەڵەم دەدرێ، دیارە ئەم دەردە ئافاتێكی كوشندەی دیکەیشی بەدوای خۆیدا هێناوە، كە بریتیە لەوەی دەیان بەرپرس و ئەندام و كادر و كەسانی حیزبیی هەر لە لووتكەی هەڕەمی حیزبەوە تا خوار سارد ببنەوە و، ئەوەی كە زانستی كۆمەڵناسیی سیاسی پێی دەڵێ : (دەروێشایەتی حیزبی) پێیان قەبووڵ نەكرێ و حیزبەكە بەجێبهێڵن! لێرەوە جەماوەرە ئیسلامییەكە دەبێ هۆشیار بێ و دەنگ بەو لایەنە بدات، كە فەزای رەخنەگرتن و ئازادیی رادەربڕین تێیدا دەستەبەر كراوە و بازنەی دەروێشایەتی حیزبیی تا ئەندازەیەكی زۆر تەسك كراوەتەوە. 
 
شەشەم: سەرنج بدەن و ورد ببنەوە بزانن چ لایەنێك لەم سێ لایەنە ئیسلامییە سەركردەكانیان و رەمزەكانیان و سەرکردایەتییەكانیان زیاتر سادە و ساكار و خاكی و بێ فیز دەردەكەون و كەمتر بەدوای تێركردنی غەریزە و حەز و ئارەزووە شەخسیی و تایبەتەكانی خۆیانەوەن، بزانن كام لایەن لەم سێ لایەنە سەركردەكانیان بەدوای پارە و سامان و خۆدەوڵەمەندكردن و خۆنواندنەوە نین و هەژاری و نەبوونی و دەستكورتی و قەیرانی دارایی بە خۆیان و ئەندام و لایەنگرەكانیانەوە دیارە و، بەرپرسەكانیان ژیانی منداڵەكانیان و خێزانەكانیان لە ژیانی خەڵكی ئاساییەوە نزیكە و جیاوازی نییە، هەروەها سەرنج بدەن و بزانن كام لایەن لەم سێ لایەنە ئیسلامییە بەدەست قەیرانی قوڵی داراییەوە دەناڵێنێ و وەك پێویست خاوەن دامودەزگای حیزبی و كەناڵ و تۆڕی میدیایی گەورە و زەبەلاح نییە و تەنانەت وەك پێویست توانای ئیدارەدانی دارایی هەڵمەتەكانی بانگەشەی هەڵبژاردنیشی نییە! كە ئەم راستییانەتان بۆ ئاشكرا بوو ئەو كات بڕیار بدەن دەنگ و متمانە بە كامیان دەدەن. 
 
حەوتەم: سەرنج بدەن و بزانن كام درووشم و تایتڵەی كە ئیسلامییەكان بەرزیان كردووەتەوە و كردوویانەتە هێمای هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنیان، زیاتر گوزارشت لە ئەدەبییات و فەلسەفە و عەقیدەی حیزبەكە دەكات، وەك لایەنێكی سیاسیی باگراوەند ئیسلامی، ئایا درووشمی كامیان لە نەهجی فیكریی و ئامانجی ئایینی دوورمەودای حیزبەكەوە نزیكترە، بزانن درووشمی کامیان دوورە لە نەزعەی موزایەدەكردنی كاتی و نەفەسی ختووكەدانی عاتیفەی خەڵك و قۆستنەوەی تووڕەیی و باری خراپی دەروونی هاووڵاتی بۆ كۆكردنەوەی دەنگ! ئەو لیستە هەڵبژێرن و متمانەی پێ ببەخشن. 
 
هەشتەم: مرۆڤ غەمبار دەبێ كاتێك هەست دەكات لەنێو بەشێك لە كادیرەكانی یەك دوو لایەنی ئیسلامییدا، هەڵمەتێك دەستی پێكردووە بۆ ناشیرینكردنی لایەنی سێهەم و، ساردكردنەوە و پەشیمانكردنەوەی هەوادار و لایەنگرەكانی لە دەنگدان بەو لایەنە! ئەمەش لەلایەك لە سۆنگەی غروور و خۆ بەگەورە زانین و بچوككردنەوە و كەم تەماشاكردنی لایەنەكەی دیکە، لەلایەكی دیکەوە وەك هەوڵێك بۆ راكێشانی دەنگدەرانی ئەو لایەنە بۆ لای خۆیان! 
 
جێی داخە لەنێو ریزەكانی بەشێك لە لایەنە ئیسلامییەكاندا كەسانێك هەبن مومارەسەی دیاردەیەكی نەشیاو و ناشیرین و قێزەونی لەم جۆرە بكەن، كە دوورە لە رەوشت و ئاكاری كەسانی تەڵقینكراو بە دین و پەروەردەی راستەقینەی ئیسلامی. مایەی خەفەتە.. تۆ لەبەردەم جەماوەر و لە میدیاكان و كەرنەڤاڵەكانتەوە بانگەشەی راستگۆیی لەگەڵ میللەت و بنەبڕكردنی گەندەڵی و نادادی و بەرپاكردنی دەسەڵاتی دادوەر و وەستاندن و راگرتن و كۆتاییهێنان بە ئیدارەی سەقەت بكەیت، کەچی لە واقیعیشدا نیفاقی سیاسی و حیزبی بەرجەستە بكەیت و خەنجەری شكاندن و رووخاندن لە برا موسڵمانەكانت بدەیت. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

زوبێر رەسوڵ

هەرێمی کوردستان چۆن مامەڵە لەگەڵ پرسی کورد و رۆژئاوای کوردستان بکات؟

رۆژئاوای کوردستان پێویستی بە کەناڵێکی دپلۆماسی و لۆبیکردن و پشتگیری نەتەوەیی هەیە بۆ ئەوەی ئەو دەسکەوتە گەورەیەی کە لە ماوەی 100 ساڵدا بۆ کورد بەدەستهاتووە لە سووریا لە چەند رۆ‌ژێکدا لەبارنەچێت، هەرێمی کوردستان و پێگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکرێت رۆڵێکی گەورە بگێڕێت لەو چرکەساتە مێژووییەدا.