د. یان ئیلهان کزلهان
هەر کاتێک دەنیز ئونداڤ تۆڕی گۆڵ دەهەژێنێت، هاندەرانی تۆپی پێ ئاهەنگ دەگێڕن، بەڵام بۆ زۆر لە کورد و ئێزدییەکانی سەرتاسەری جیهان، ئەوساتە واتایەکی دیکەی هەیە. واتایەکی قووڵتر. واتایەک کە خستنە قاڵبی وشەوەی سەختە و لەوانەیە تەنیا ئەو کەسانە بەڕاستی هەستی پێ بکەن کە رۆژگارێک ناچاربوون ناوی خۆیان بشارنەوە.
باوک و باپیرانی ئەو سەر بە کۆمەڵگەیەکن کە بە درێژایی سەدان ساڵ بەرگەی جیاکاری و قڕکردن و سەرکوتکردنیان گرتووە. مێژووی ئێزدییەکان مێژووی کوێرەوەری و مەینەتییە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا مێژووی خۆڕاگری و ویستێکی پۆڵایینە بۆ مانەوە. تاوەکو ئەمڕۆش، شوێنەوارەکانی ئەو کۆمەڵکوژییەی بە دەستی تاقمی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی جێبەجێکرا، کاریگەریی بەسەر ژیانیانەوە ماوە. هەزاران کەس کوژران، ژنان بە کۆیلە بران و منداڵەکانیش رفێنران. هێشتا زۆر خێزان چاوەڕێی گەڕانەوەی ئازیزانیانن و چاویان لە رێیە. وەک توێژەرێک، باش ئەو راستییە دەزانم کە ئاگر هەرچەندە دابمرکێتەوە، پشکۆی بەجێدەهێڵێت؛ کۆمەڵکوژیش بە وەستانی تووندوتیژی کۆتایی نایێت. بەڵکو لەنێو خەون و مۆتەکەی رزگاربووان دا دەژی، لەو چیرۆکانەدا دەمێنێتەوە کە نەوە دوای نەوە دەگێڕدرێنەوە، هەروەها لە سۆمای چاوی ئەو منداڵانەدا رەنگدەداتەوە کە هەر کاتێک وشەی "زێد [یان وڵات]" دەبیستن، بە سەرسووڕمان و پرسیارەوە تێدەمێنن.
هەر لەبەر ئەمەشە، وەک دەڵێن "گیا لەسەر بنجی خۆی دەڕوێتەوە"، جێگەی سەرسووڕمان و شانازییە کاتێک لەنێو جەرگەی مێژوویەکی ئاوادا، لەجیاتی قوربانییەک، سەرمەشق و پێشەنگێک هەڵدەکەوێت.
رۆژنامەڤانێک لە دەنیز ئونداڤ دەپرسێت ئایا رەچەڵەکت کوردە یان نا؟. ئەویش دەستبەجێ بەرسڤ دەداتەوە: "نەخێر، من کوردم". بەبێ هیچ دوودڵی و راڕاییەک، بەبێ خۆدزینەوە و پێچوپەنا، بەبێ هیچ روونکردنەوەیەک. تەنیا یەک رستە. سێ وشە. کەچی ئەو سێ وشە سەنگ و قورسایی چەندین نەوەیان لە کۆڵناوە. بۆ ملیۆنان کورد دەربڕینێکی لەم جۆرە هەرگیز کارێکی ئاسان و بێگرێ نەبووە. بە درێژایی دەیان ساڵ کارێکی پڕ لە مەترسی بوو. هەزاران کەس لەسەر ئەوە دەخرانە کونجی زیندانەوە، تووشی چەوسانەوە و ئەشکەنجەی سەخت دەبوون، بگرە دەکوژران، تەنیا لەبەرئەوەی بە زمانی خۆیان دەدوان، فەرهەنگی خۆیان بە زیندوویی رادەگرت و ئامادەنەبوون نکۆڵی لە رەسەنی خۆیان بکەن. زۆر کەس فێربوون دەست بە کڵاوی خۆیانەوە بگرن و بێدەنگی هەڵبژێرن. هەندێکیش وایان لێ هاتبوو ناسنامەکەیان وەک بارێکی گرانبێ بەسەر شانیانەوە، چونکە ئەمە ئەو وانەیە بوو کە جیهان بە درێژایی ساڵانێکی زۆر پێیدابوون.
کەچی لەپڕ یاریزانێکی هەڵبژاردەی نیشتمانیی ئەڵمانیا لە بەردەم کامێراکان و ملیۆنان بینەردا رادەوەستێ و زۆر بە سادەیی ئەو راستییە دەدرکێنێت. بەبێ هیچ کزۆڵەییەک. بەبێ ترس. بەبێ ئەوەی داوای لێبووردن بکات. ئەو هەڵوێستە سادەیەی کە پڕە لە متمانەبەخۆبوون کارێک دەکات کە لە توانای دەیان هەڵمەتی سیاسی دا نییە و وەک دەڵێن "بەردێک دەخاتە گۆمێکی مەنگەوە".
خۆم ئەو دەرفەتەم بۆ رەخسا کە بە چاوی خۆم گۆڤان(شاهد)ی هێز و کاریگەریی کەسێکی لەم شێوەیە بم. لە گەرمەی یارییەکی نێودەوڵەتی دا پتر لە پەنجا هەزار کەس بە یەک دەنگ ناوی ئەویان دەگوتەوە: "ئونداڤ، ئونداڤ، ئونداڤ"، ئەڵمان، تورک، عەرەب، کورد و خەڵکانی سەر بە نەتەوە و رەچەڵەکی جۆراوجۆر هەموویان پێکەوە ئاهەنگیان بۆ یاریزانێک دەگێڕا کە ببووە مایەی هەستێکی گەرم بۆ هەموویان. لە ساتەوەختێکی ئاوادا، مرۆڤ مووچڕکە بە گیانیدا دێت. نەک تەنیا لەبەر هۆگری بۆ تۆپی پێ، بەڵکو لەبەرئەوەی مرۆڤ دەتوانێت بە قوڵی هەست بەو هەستە و تێبگات کە چ رووداوێکی دڵخۆشکەر روودەدات کاتێک مرۆڤ بە سادەیی تەنیا خۆی دەبێت.
ئەو بە تامەزرۆییەوە باسی دەستاوی دایکی دەکات، یاپراخ و باسی لەحمەجوون، باسی برنج و گۆشت دەکات. بە هەمان ئەو راستگۆیی و دڵپاکییەی کە باسی تۆپی پێ دەکات، هەر ئاواش باس لە خێزان و کەسوکارەکەی دەکات. کاتێک دوای گۆڵێک هەڵدەپەڕێت، مرۆڤ دەتوانێت هەست بەو هەنگاوە کوردییانە بکات کە نەوەکان پێکەوە دەبەستنەوە هەر لە هەولێر، ئامەد، مەهاباد و قامشلۆوە بگرە تاوەکو دەگاتە بەرلین، پاریس، لەندەن ، مۆسکۆ، واشنتن، نیویۆرک و تۆکیۆ ، ئەو جووڵە و لڤینانەی کە نەک تەنیا شان و مل، بەڵکو ژێی دڵی ملیۆنان مرۆڤیش دەبزوێنن.
دەنیز ئونداڤ هەرگیز ناسنامەکانی خۆی لێک جیا ناکاتەوە. ئەو کوردە و هەروەها ئێزدییە. هەردووکیان بەشێکن لە بوونی ئەو. هەردووکیان گرێدراوی ناسنامەی ئەون و، ئەویش بە شکۆمەندییەوە هەڵیگرتوون. ئەمەش پەیامێکی زۆر گرنگی تێدایە؛ شانازیکردن بە رەگوڕیشەی خۆتەوە، مەرج نییە لەسەر بەهای رەگوڕیشەی ئەوانیدیکە بێت. ناسنامە دژی ئەوە نییە سەر بە شوێنێک بیت. فرەڕەنگی لاوازی نییە، بەڵکو هەمیشە سەرچاوەی هێزی کوردستان بووە؛ ئەو ناوچەیەی کە سوننە، شیعە، عەلەوی، ئێزدی، کاکەیی، کریستیان، جوولەکە و زەردەشتییەکان بە درێژایی سەتان ساڵ وەک برا لە پاڵ یەکتریدا ژیاون. ئەو کەسانەی ئەم فرەڕەنگییە دەپارێزن، شیرازەی کۆمەڵگە پتەو دەکەن، بەڵام ئەوانەی ئەم پێکهاتانە بە گژ یەکدا دەکەن، داهاتووی نەوەکان لاواز دەکەن.
رەنگە دەنیز ئونداڤ خزمەتێکی زیاتری پرسی کوردی کردبێت بەراورد بەوەی زۆر رێکخراو بە دەیان ساڵ کردوویانە؛ نەک لە رێگەی بڕیارنامە و هەڵمەتەکانەوە، بەڵکو بە سادەیی تەنیا بە ئامادەبوونی خۆی لە گۆڕەپانەکەدا. ئەو بۆ ملیۆنان کەسی سەلماند کە کوردێک و ئێزدییەک دەتوانێت ببێتە یاریزانێکی نێودەوڵەتیی ئەڵمانیا کە کەلەپوور و سەرکەوتن ئاو و ئاگر نین تاوەکو پێکەوە کۆنەبنەوە و، ناسنامەش هەرگیز ئەو شتە نییە کە مرۆڤ ناچاربێ داوای لێبووردنی بۆ بکات.
هەر رێک لەبەر ئەمەیە کە دەنیز ئونداڤ زیاترە لە یاریزانێکی سەرکەوتوو. ئەو سەرمەشقێکی جوان و ئەرێنییە بۆ نەوەیەک کە زۆر جار لەنێوان بەرداشی کەلەپووری و داهاتوودا و، لەنێوان یادەوەری و پێوەندراێتی (ئینتیما)دا، وێڵی دۆزینەوەی پێگەی خۆیەتی. ئەو بە روونی دەریدەخات کە کوردبوون یان ئێزدیبوون نابنە مایەی ئەوەی کەسێک کەمتر ئەڵمانیایی بێت، هەروەها پۆشینی درێسی ئەڵمانیا و نوێنەرایەتیکردنیشی، نابێتە مایەی ئەوەی کەسێک کەمتر کورد یان ئێزدی بێت. ئەم متمانەبەخۆبوونە سادەیە گەنجان لە کۆتی ترسی جیاوازبوون رزگار دەکات و وادەکات فرەڕەنگی وەک دیاردەیەکی ئاسایی و سرووشتی بێتە بەرچاو.
رۆژێک دێت کاروانی وەرزشیی ئەویش کۆتایی دێت. گۆڵەکان دەچنە کونجی فەرامۆشییەوە، بەڵام هەندێک شت هەن دەمێننەوە. ئەو تۆوی هیوایەی لە کێڵگەی دڵی لاوانی کورد و ئێزدی دا چاندوویەتی سەوز دەبێت و دەمێنێتەوە. وێنەی مەردێک دەمێنێتەوە کە ناوەکەی وەک قەڵغانێکی پۆڵایین هەڵدەگرێت، نەک وەک بارێکی قورس بەسەر شانییەوە. ئەم وێنەیە لە یادەوەریی ئەو کەسانەدا نەخش دەبەستێت کە سەردەمێک فێرکرابوون بێدەنگی هەڵبژێرن و متەقیان نەیێت. هەروەها لە سۆمای چاوی ئەو زارۆکانەدا دەمێنێتەوە کە ئەمڕۆ پێدەگەن و، بۆ یەکەمین جار دەتوانن بە سەربەرزییەوە سەرهەڵبڕن و بێژن: "ئەوا یەکێک لە خۆمان لەوێ راوەستاوە؛ قەدبڵند، سەربەرز و، باکی بە هیچ نییە".
ئەمەیە گۆڵە راستەقینەکەیە.
گۆڵێک کە زۆر لەوە قووڵتر دەبڕێت کە لەنێو چوارچێوەی گۆڕەپانێکی تۆپی پێ دا تۆمار بکرێت.

.jpg&w=3840&q=75)

