ئەوەندەى مێژووى گەلانم خوێندووەتەوە، نەمبینیوە هیچ میللـەتێک هەبێت وەک کورد، بێدەربەست بێت لە ئاستى پرسە نەتەوەیى و چارەنووسسازەکانى. نەمبینیوە میللـەتێکى دیکەى هاوشێوەى کورد هەبێت بەردەوام لەناو بازنەیەکى داخراودا بخولێتەوە، هیچ گەل و نەتەوەیەکى دیکە نییە بە ئەندازەى کورد سوود لە هەڵەکانى خۆى وەرنەگرێت و هەر دووبارەیان بکاتەوە.
زۆرجار لە بەرانبەر بێدەربەستى و هەستنەکردن بە بەرپرسیارێتیی هێزە سیاسییەکانى کورد لە پرسە نەتەوەیى و چارەنووسسازەکاندا، تووشى شۆکێک دەبیت نازانى بەچى شێوازێک رەخنە لە هەڵە کوشندەکانیان بگریت. ئەوەى ئەمڕۆ لە پرسى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووکدا دەیبینین، کە لایەنە کوردییەکان بە چوار پێنج لیستى جیاواز چوونەتە هەڵبژاردنەوە، رێک ئەو هەستەیە، تووشى سەرسوڕمان دێیت لەوەى ئایا هەر بەڕاستى ئەم حیزبانەى کورد پێش ئەوەى بڕیار بدەن، بیر دەکەنەوە؟
ئایا لەوە تێدەگەن بۆچى بەغدا بەدرێژایى ساڵانى دواى 2005 رێگەى نەدەدا پرۆسەى هەڵبژاردن لە کەرکووک بەڕێوەببرێت، بەڵام لەم بارودۆخەدا بەزۆر هەڵبژاردن بەسەر کەرکووکدا دەسەپێنێت؟ هۆکارەکەى روونە، لەبەرئەوەى بەغدا باش دەزانێت هیچ کات کورد هێندەى ئێستا پەرتەوازە و لەناوخۆدا ناتەبا نەبووە. دەیەوێ سوود لەو شێواوییەى ماڵى کورد وەرگرێت بۆ یەکلاکردنەوەى پرسێکى چارەنووسساز.
بەغدا دەزانێت ئەوەى بە زەبرى هێز و بە پرۆسەى سەربازى و پەلامارى میلیشیاى سێ دەوڵەت:(ئێران، عێراق و لوبنان) لە 16ـی ئۆکۆتۆبەردا بەسەر کەرکووکدا سەپاندوویەتى، لە دۆخێکى وەک ئێستادا نەبێت ناتوانێت شەرعیەتێکى یاسایى بداتێ. هۆکارى ئەوەى ماوەى شەش ساڵە ناتوانێ پارێزگارێک بۆ کەرکووک لە بەغداوە دابمەزرێنێت و شارەکە لەلایەن جێگرى پارێزگارەوە بەڕێوەدەبرێت، لەبەر ئەوەیە کە نەیتوانیوە رەوایەتیى یاسایى بۆ دەستبەر بکات، بەڵام ئێستا کە دەزانێت کورد چەند پەرتەوازە و لاوازن، دەیەوێت ئەم کێشەیە بە قازانجى نەتەوەى سەردەستەى عەرەب لە کەرکووک یەکلابکاتەوە.
یەقینم لەوەى ئەگەر کورد بەو جۆرە ناتەبا نەبووایا و بەغدا دڵنیابووایە لەوەى کورد یەک دەنگ و یەکهەڵوێست دەبن لە کەرکووک، ئەمجارەش بەغدا پاساوێکى دیکەى دەهێنایەوە و هاوشێوەى هەڵبژاردنەکانى پێشووترى پارێزگاکانى عێراق، رێگەى نەدەدا لە کەرکووک هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام ئەوان لە خۆمان باشتر ئاگایان لە شێواویی ناو ماڵەکەمان هەیە، بۆیە دەیانەوێ وەک زۆرێک لەو پرسانەى دیکە کە وەک تەونى جاڵجاڵۆکە بەدواى یەکتریدا دەیچنن، مەسەلەى کەرکووکیش یەکلابکەنەوە.
بەداخەوە ئەمەى روودەدات بەهۆى حیزبە سیاسییەکانەوەیە، وەک چۆن لە 20 ساڵى رابردوودا زۆر هەل و دەرفەت هاتنەپێش بە قازانجى ئەوەى کورد بڕیارى یەکلاکەرەوەى کێشەى کەرکووک بدات و هەر بەهۆى سیاسەت و ئیدارەدانى هەڵەى حیزبە کوردییەکانەوە دەرفەتەکان لەبارچوون، دواى رووداوەکانى 16ـى ئۆکتۆبەر بڕیاردان لە هەڵبژاردنیش دەرفەتێکى نوێ بوو بۆ کورد بتوانێت هەندێک لەو هاوکێشانەى کەرکووک راست بکاتەوە، بەڵام جارێکى دیکە بەو فرە لیستییەى بۆ هەڵبژاردن پێشکەشیان کردووە، نەک هەر ئەم دەرفەتە کەمەشیان لەدەستدا، بەڵکو زەمینەى ئەوەیان خۆشکردووە، دۆخى سەپێندراوى سەر کەرکووک و ئەو پرۆسەى تەعریب و تەشەیوعەى لە ئارادایا، شەرعیەت و رووپۆشێکى یاسایى بەبەردا بکرێت.
سەربارى ئەوەى تازە زەمەن ناگەڕێتەوە و هیچ هەل و دەرفەتێک لە ئارادا نییە کورد بتوانێ یەک دەنگ و بەیەک لیست بچێتە هەڵبژاردنەوە، بەڵام خەسڵەتى کێشەى کەرکووک و ململانێى نێوان پێکهاتەکان ئەوەى لێ چاوەڕوان دەکرێت کوردى کەرکووک بە رێژەى زۆر بەشدارى دەنگدان بکەن. ئەمە دەرفەتێکى دیکە دەخاتەوە بەردەم کورد. هەرچەندە هیچ ئومێدێک نییە دواى ئەنجامى هەڵبژاردن لیستە براوەکانى کورد وەک وێستگەیەکى دیکە بتوانن لەوێدا یەک بگرنەوە. بەپێچەوانەوە ئەگەرى ئەوە هەیە بەهۆى بانگەشەى هەڵبژاردنەوە درز و ناکۆکییەکانى نێوان لیستە کوردییەکان گەورەتر ببێتەوە. لەگەڵ ئەوەى چاوەڕوان دەکرێت کورد بەتەنیا خۆى بە ئەندازەى تورکمان و عەرەب دەنگ بهێنێت و ببێتە خاوەنى حەوت بۆ هەشت کورسیی ئەنجوومەنى پارێزگا، بەڵام بەهیچ شێوەیەک چاوەڕوان ناکرێت لەسەر ئەوە پێکبێن کوردێک بەربژێر بکەن بۆ پارێزگارى کەرکووک. ئەزموونى ساڵانى رابردوو راستییەکى تاڵە کە پارتى و یەکێتى بە جیاجیا ئامادەن لەگەڵ هەر تەرەفێکى دیکەى غەیرە کورد رێکبکەون، بەڵام لەناو خۆیاندا ناتوانن. بۆ ئەمجارە نەوەى نوێش هاتووەتە ناو هاوکێشەکانەوە و ئەویش لەگەڵ پارتى و یەکێتی ناچێتە هیچ رێککەوتنێکەوە.
بۆ ئەوەى ئەم دەرفەتەش لەدەست نەچێت و کەرکووک لەسەر سینییەکى زێڕ پێشکەش بە نەتەوەى سەردەستەى عەرەب نەکرێت، دەبێت لانى کەم وەک کورد لەناوخۆیاندا ناتوانن لەسەر کوردێک رێکبکەون، پێویستە لە ئێستاوە بەڵێن بە تورکمان بدەن کە کورد ئامادەیە یارمەتیدەربێت لەوەى تورکمانێکى سوننە مەزهەب بکرێتە پارێزگار. کورد تەنیا لەم رێگەیەوە دەتوانێت یارییەکە بە قازانجى خۆى بگۆڕێت. چونکە کەرکووک چەند بۆ کورد پرسێکى چارەنووسساز و هەستیارە، بەلاى تورکمانەکانیشەوە بۆ ئەوان وایە. عەرەب لەبەر ئەوەى پۆست و توانای زۆرە، دەیەوێ بە پێدانى پۆست و ئیمتیاز لە بەغدا تورکمان بەلاى خۆیدا رابکێشێت، وەک پێشتریش ئەم رێگایەى تاقیکردووەتەوە و سەرکەوتوو بووە. کورد نەیتوانیوە هاوشێوەى عەرەب جۆرێک سیاسەت بەڕێوەببات کە بە پێدانى پۆست و ئیمتیاز لە هەرێمی کوردستان وابکات تورکمان بە هەمان ئەندازەى بەغدا چاویان لە هەولێریش بووایە. بۆیە دەبێت بۆ قەرەبووى ئەوە بیر لە سازشکردن بکرێتەوە لەناو کەرکووک پۆستیان پێ بدرێت، چونکە عەرەب بەهیچ جۆرێک ئامادەنابن لە کەرکووک ئەوە بۆ تورکمان بکەن. ئەگەر کورد ئەم بڕیارە بدات درزێکى گەورە دەخاتە نێوان تورکمان و عەرەبەوە و بەمەش تورکمان رووى لە کورد دەبێت. ئەوەى کە پێویست بوو هەر لە دواى کەوتنى سەدام و گەڕانەوەى کورد بۆ کەرکووک بمانکردایا، نەمانکرد. بەوەش تورکمانمان خستە سەنگەرى عەرەبەوە و بەهۆیەوە کێشەى کەرکووکمان بە ئەندازەیەک سەختکرد کە بەتەنیا دەرەقەتى چارەسەرکردنى نەیەین.
ئێستا دەرفەت و شانسێکى دیکە بۆ کورد رەخساوەتەوە پەند لە هەڵەکانى رابردووى خۆى وەرگرێت، ئەم هەڵبژاردنە بکاتە قۆناخێکى نوێى پێکەوەیى نێوان کورد و تورکمان. ساڵانى داهاتوو بۆ کورد سەخت دەبن، ئەگەر هەموو کورد پێکەوەش بێت، ناتوانێ بەر بە سیاسەتى نوێى تەعریب و تەشەیوع بگرێت، بەڵام ئەگەر وابکات تورکمان لە رەتکردنەوەى سیاسەتى بەعەرەبکردن و تەشەیوع لەگەڵ کورد هاوهەڵوێست بێت، هەلومەرجەکە بەجۆرێکى دیکە دەکەوێتەوە کە رەنگە شانسى ئەوە بۆ کورد بڕەخسێنێتەوە خولێکى دیکە دەورانى کورد بێنێتە ئاراوە، بەڵام ئەگەر وانەکات و هەر لیستێکى کوردى بەدواى دەستکەوتى حیزبەکەیەوە بێت، زۆر نابات پێگەى کورد لە کەرکووکیش هاوشێوەى دیالە و موسڵى لێدێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ