تورکیا وەک دەوڵەتێکی گەورەی ناوچەکە و جیهان، بۆئەوەی هەڕەشە ستراتیژییەکان لەخۆی دووربخاتەوە خەریکی تاکتیک و هەڕەشەی نوێیە لە خاکی سووریا و خستنەگەڕی وزەی جەنگی سوپا شاراوە و ئاشکراکانی دژی ئەزموونی رۆژئاوای کوردستان لەسەر چەندین ئاستی ناوخۆیی و هەرێمی. ئەم ئۆپەراسیۆنە تازەیە بۆ تورکیا بە هاوکاری راستەوخۆی ئەنقەرە و ناڕاستەوخۆی مۆسکۆ و هێزە پەراوێزیە ڤەندەمێنتاڵە ئایینییەکانی ناو سووریا، سوپای ئازاد و شام و بەرەی نوسڕەو سوپای محەممەدی، رەنگە کلیلی کردنەوەی کۆمەڵێک قوفڵی ئاڵۆزی بەردەم پارتی داد و گەشەپێدان و حکومەتەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان بێت بۆ ساڵی نوێ کە بریتین لەمانە:
- جووڵاندنی هێز و هەژموونگەریی بەو فراوانییە لەم کاتەدا، واتە جووڵاندنی سۆزی دەنگدەری تورکنەژاد، ئەویش بەرەو مسۆگەرکردن و بردنەوەی ئەجێندای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار و شارەوانییەکان لە مانگی حوزەیرانی 2023 کە بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان ئێجگار سەخت و چارەنووسسازە. بەتایبەت کە شەش حیزبی نوێی بەرهەڵستکاری جیدی بوونەتە بەربەست بۆ وەدیهاتنی خەونی وەدەستخستنەوەی ویلایەتی سێیەم بۆ ئەردۆغان و گۆڕینەوەی سیستم لە سەرۆکایەتییەوە بۆ پەرلەمانی کە ماوەیەکە رۆژەڤی گەرمە. ئەوە جگەلەوەی پارتی دیموکراتی گەلان/ هەدەپە بە فۆڕم و گوتارێکی رادیکاڵانەی نوێوە خۆی مانیفێست کردووەتەوە بەرامبەر بەو سیناریۆ و هەڕەشانەی دەوڵەت، گەرچی لە نێوان پارتی دەسەڵاتدار و شەش پارتی بەرهەڵستکار گەمە دەکات و گوتارەکەی هێشتا روون نییە کە ئاراستە سیاسییەکەی بەرەو چ کامپێکە لەو دوو کامپەی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن.
- گەرچی ئەو شەش پارتە نوێیەی تورکیا کە ئەمساڵ پێکهات دژی ئاکپارتی و بە مەبەستی گۆڕینەوەی سیستمی سیاسی لە سەرۆکایەتییەوە بۆ پەرلەمانی کە بریتین لە: پارتی گەلی کۆماری کەمال کلیچدار ئۆغڵۆ، پارتی چاکەی مەراڵ ئاکشنەر، پارتی ئاسوودەیی تیمیل کارامولا ئۆغڵۆ، پارتی ئایندەی ئەحمەد داودئۆغڵو، پارتی دیموکراتی پێشکەوتنی عەلی بابا جان، پارتی دیموکراتی جۆڵتکین ئویساڵ. سەرجەمیان پشتگیری حکومەتەکەی ئاکپارتی دەکەن بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنە نوێیانە بەرامبەر باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و منبج و کۆبانێ دژی هێزەکانی سووریای دیموکرات/ هەسەدە بۆ دروستکردنی قوڵایی ئەمنیی بەپێی رێککەوتنی هاوپەیمانان و رووسیا و ئەنقەرە لە سنوورەکانی تورکیا و سووریا لە ساڵی 2019، ئاکپارتی دەیەوێت بەم هەنگاوە نەتەوەیی و نەژادییە پانتورکیزمە، سۆز و ئەجێندای ئەو شەش پارتەش بۆلای خۆی راکێشێت یان هیچ نەبێت بێ پەرت و کاریگەریان بکات بۆ ئایندە.
- جووڵاندنی هێزی وشکانی و راگەیاندنی جەنگ و ئۆپەراسیۆنی تورکیا بەرەو رۆژئاڤا و باکووری سووریا، تازە نییە، بۆ ئەوەیە تاوەکو تورکیا هەڕەشە و ئاڵنگاریی ناوخۆیی و ناڕەزایەتییەکان و بێکاری گەنجان و ئابووری لاواز و قەرزەکانی پەردەپۆش و بەنگ بکات تا دوای هەڵبژاردن بە بیانووی تیرۆر و هەڕەشەی دەرەکی و ئاسایشی نەتەوەیی، بۆیە دروستکردنی پشتێنەی 30 کیلۆمەتری تەناهی لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی باشترین هەنگاوە تاوەکو.. یەکەم: ئەمریکا کە سەرقاڵی جەنگی ئۆکراینا و ناتۆیە بێنێتە سەر مێزی دانوستاندن و ملکەچپێکردن لەسەر هەندێک دەستکەوت و نەرمی نواندن بۆ بازرگانی و دەریچەی تازەی نەوتی و دەستخستنی بازرگانی زیاتر. دووەم: کۆتایی بە کامپی هۆڵ بهێنێت لە پارێزگای حەسەکە و گەڕانەوەی سەرکردە هەڵاتووەکانی داعش و دووبارە رێکخستنەوەیان دژی رۆژئاوا، چونکە سووریا رای وایە ئێستا ئەزموونەکانی خۆسەری تەواو گەشەیان کردووە و دووژمنێکی ئەوتۆیان نەماوە لە شێوەی بەرەی نوسرە و داعش و تورکیا ئەوە بە پاشەکشە و مەترسی دەزانێت.
- تورکیا ئەوەش دەزانێت ئەزموونی شۆڕشی رۆژئاوا، مومارەسەی تیۆرەکانی مۆدێرنێتەی دیموکراتی و فیکریی ئاپۆچییە، بەو جۆرە و بە جەنگ نەک بەهێزتر دەبن بەڵکو باشتر و چاوکراوەتر دەبن لەسەر پاشەڕۆژ، بۆیە دەیەوێت بەهەر بیانوویێک بێت سوود لەو بۆشاییە وەربگرێت کە جەنگی ئۆکراینا - رووسیا دروستیکردوە و خودی مۆسکۆی بە هیلاکدا بردووە و ئەمریکاشی ناچارکردووە سەرگەرمی ئەوروپا و وڵاتانی ناتۆ بێت و هێندە بیر لە پەلامار و کەڵبەکانی تورکیا نەکاتەوە بۆ رۆژئاوا، لێرەوە تورکیا بەدەرفەتی دەزانێت سوود لەو پێگە جیۆستراتیژییە لەبارەی خۆی وەربگرێت پێش سەرماوسۆڵەی زستان و ئەو ئامانجانە وەدی بهێنێت دژی هەسەدە و یەپەگە و بەچۆکدا هێنان یان لاوازکردنی هەرێمە خۆسەرییەکان و دەسکاری هەندێک هاوکێشە.
- بەدووریش نازانرێت دووبارە تورکیا میساقی میللی زیندوو بکاتەوە و گرێ گەورەکە بکاتەوە وەک شەرعیەتی مێژوویی دەولیی و دیارە لە دواساتەکانی کەوتنی خەلافەتی عوسمانی و دەسەڵاتی سوڵتانەکاندا، ئاگربەستی مۆدرۆس کرا لە نێوان سوڵتان محەممەدی شەشەم و هاوپەیمانانی براوەی جەنگی جیهانی یەکەم لە ساڵی 1918 وەک میساقی میللی و پاراستنی قەڵەمڕەویی ویلایەتەکانی تورکیا وەک خۆپارێزی جەنگ و پشتێنەی ئارامیی و بۆیەکەم جار رەجەب تەیب ئەردۆغانیش ئەو رێککەوتن و قەڵەمڕەویەی بەناوی میساقی میللی هێنایەوە گۆڕێ و خستیە سەر زاری میدیاکان لە مانگی ئۆکتۆبەری 2016 بەرامبەر رەوایەتی لەشکرکێشی و ئۆپەراسیۆنەکانی.



.jpg&w=3840&q=75)