ترس تووشی كارەساتی كرد

07-12-2017
ژیلەمۆ عەبدولقادر
نیشانەکردن ژنان خۆشەویستی
A+ A-

ماوەیەكی زۆر بەنهێنی پەیوەندی بەو كوڕەوە دەكرد كە خۆشیدەویست، بەڵام نەیتوانی بەو شێوەیە درێژە بە پەیوەندییەكەی بدات، خوشكێكی گوێی لە قسەكانی دەبێ‌، هەڕەشەی لێدەكات كە بە براكەی دەڵێت، بۆیە ئەویش لە ترسان رادەكات، بەڵام لە دەرەوە تووشی بە تووشی گورگێكەوە دەبێ‌ كە لە پێستی مەڕدا خۆی حەشارداوە.

لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی شاری هەولێر پەیوەندیان پێوەكردین كە كچێك لە كێشەدایە، كاتێك سەردانمان كرد، بینیمان رەوشی هێندە خراپە توانای قسەكردنی نییە، بۆیە چاوەڕێمان كرد تاوەكو چارەسەری پێویستی وەرگرت و رەوشی تەندروستی كەمێك باشتر بوو.

لێمان پرسی كێشەت چییە و بۆ وات بەسەرهاتووە؟ لە وەڵامدا گوتی: "پەیوەندیی خۆشەویستیم لەگەڵ كوڕێك هەبوو، رۆژێكیان كە قسەم لەگەڵ خۆشەویستەكەم دەكرد، خوشكەكەم وەژوور كەوت و ئاشكرا بووم. ئەو یەكسەر هەڕەشەی لێكردم كە بە براكەمان دەڵێت، ئیدی منیش لە ترسان هەڵاتم، یەكەمجاریشم بوو بە تەنیا لە ماڵ بچمە دەرەوە، شارەزای هیچ شوێنێك نەبووم. بیرم لەوە كردەوە پەنا بۆ كەسێك ببەم یارمەتیم بدات و بمباتە شوێنێكی پارێزراو. لە دەرەوە پیاوێكم بینی داوای هاوكاریم لێی كرد، ئەویش گوتی بەسەرچاو ئێستا دەتبەمە شوێنێكی پارێزراو، لەگەڵی سەركەوتم، ئاراستەی رۆیشتنی ئۆتۆمبێلەكەی بەرەو دەرەوەی شار بوو، ترسم لێ‌ نیشت. دواتر بۆم دەركەوت ناحەق نەبووم كە بترسم. نەمزانی ئەو پیاوە گورگێكە و خۆی لە پێستی مەڕدا شاردووەتەوە. منی بردە دەرەوەی شار لە نێو خانوویەك داینام و دەرگای لەسەر داخستم و پێیگوتم پاش كەمێكی دیكە دەگەڕێمەوە، بەڵام كە گەڕایەوە وەكو وەحشێك بەربووە گیانم و دەستدرێژی كردە سەرم. دوای دوو رۆژ لە نزیك شار بەرەڵڵای كردم. ئەمجارەیان نەوێرام داوای هاوكاری لە هیچ پیاوێك بكەم، ئافرەتێكم بینی و داوای یارمەتیم لێی كرد، ئەویش لە ترسان نەوێرا هیچم بۆ بكات، منی لە نزیك نەخۆشخانە دانا و رۆیشت. ئیدی خۆم هاتمە نەخۆشخانە".

زۆر پرسیارمان لێی كرد لەبارەی پیاوەكە، ناونیشانەكەی، بەڵام ئەو كچە بەڵگەیەكی وای لەلا نەبوو كە ببێتە هۆكاری زوو دۆزینەوەی كەسەكە، چونكە ئەو پیاوە هیچ ناونیشانێكی خۆی، ژمارە تەلەفۆن، تەنانەت ناوی خۆشی پێنەگوتبوو، كچەكەش بیری بۆ ئەوە نەچووە وێنەیەكی پیاوەكە یان شوێنەكە، یان ژمارەی ئۆتۆمبێلەكەی بگرێ‌.

پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ دۆسیەكە كرایەوە و رەوانەی بەردەم دادوەر كرا، دادوەریش بەپێی ماددە 393 بڕیاری دەستگیركردنی بۆ ئەو پیاوە دەكرد كە دەستدرێژیی كردبووە سەر كچەكە. دواتر پەیوەندی بە دایك و باوك و برای كچەكەوە كرا كە لە بەڕێوەبەرایەتییەكەمان ئامادەبن، بەڵێننامەیان لێوەرگیرا كە هیچ كاردانەوەیەكی توندیان بەرامبەر كچەكە نەبێ‌، چونكە ئەوەی بەسەری هاتووە لە دەسەڵاتی خۆی نەبووە، بۆیە بەڵێنیان دا هیچی لێنەكەن و لەگەڵ خۆیان بردەوە.

هەڵەی ئەو كچە لەوەدا بووە یەكسەر لەژێر هەڕەشەیەكی سادەی خوشكەكەی، رایكردووە. دەبووایە قسە لەگەڵ خوشكەكەی بكات و قەناعەتی پێ بهێنێ‌ كە ئەو نهێنییە لەلای براكەی باس نەكات. خوشكەكەشی ئەگەر ئەو پەیوەندییەی پێ‌ هەڵە بووە، دەكرا بۆی روون بكاتەوە كە بۆچی پەیوەندییەكەی هەڵەیە و ئامۆژگاری بكات كە دەستبەرداری پەیوەندییەكە ببێ‌، نەك هەڕەشەی لێ بكات. یان پشتگیری خوشكەكەی بكات بۆ ئەوەی بەو كوڕە بگات كە خۆشیدەوێ‌.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە