رووداو دیجیتاڵ
داواکاری گشتی و پۆلیسی شاری کۆڵنی ئەڵمانیا، لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە، داوای هاوکاری دەکەن بۆ دۆزینەوەی تۆمەتبارێکی کورد بە ناوی حەسەن فەیاز جوندی، کە تۆمەتبارە بە کوشتنی کچە 19 ساڵان و دووگیانەکەی لە ساڵی 2017.
بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس کە لە بەرنامەی (دیاسپۆرا)ـی رووداو دا خراوەتەڕوو، تۆمەتبارەکە لەدایکبووی ساڵی 1972ـە و دوای ئەنجامدانی تاوانەکە لە کۆڵن، هەڵاتووە بۆ عێراق یان هەرێمی کوردستان. حەسەن فەیاز، دوای هەڵاتنی، لە رێگەی تەلەفۆنەوە شوێنی تەرمی کچەکەی بۆ پۆلیسی ئەڵمانیا ئاشکرا کردووە.
ئولریش برێمەر، داواکاری گشتیی کۆڵن، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ هاوکارمان ئاڵا شاڵی، داوای لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق کردووە کە هەر زانیارییەکیان لەسەر شوێنی تۆمەتبارەکە هەیە، لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکەنەوە. پۆلیسی ئەڵمانیا بڕی 5000 یۆرۆی وەک خەڵات بۆ هەر کەسێک تەرخانکردووە کە زانیارییەکانی ببێتە هۆی دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارە.
دەقی گفتوگۆی ئاڵا شاڵی لەگەڵ ئولریش برێمەر، داواکاری گشتی شاری کوێلن:
رووداو: بەڕێز ئولڕیش، دەتوانی پێمانبڵێی ئەو رووداوە کەی هەروەها چۆن روویداوە؟
ئولریش برێمەر: تۆمەتبارەکە گومانی زۆری لێدەکرێت کە لە رۆژی 4-1-2017، کچە 19 ساڵانە دووگیانەکەی بە شێوەیەکی دڕندانە و بە چەقۆ کوشتبێت. دەگوترێت دواتر تەرمەکەی لە گەراجێکدا داناوەو، پاشان چووەتە دەرەوەی وڵات، گومان دەکەین چوبێتە عێراق، و لەوێوە دوای دوو رۆژ پۆلیسی ئاگادارکردووەتەوە و پێی گوتوون کە تەرمەکە لە کوێ بدۆزنەوە.
رووداو: بۆچی دوای تێپەربوونی 9 ساڵ بەسەر ئەو رووداوە، ئێستا بەشێوەیەکی ئاوا فراوان بەدوای ئەو تۆمەتبارەدا دەگەڕێن و بڵاویدەکەنەوە؟
ئولریش برێمەر: بە درێژایی ئەو ماوەیە بەدوایدا گەڕاین، دەستبەجێ فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی بۆ دەرکرا و بە جیهاندا بڵاوکرایەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، تاوەکو ئێستا سەرکەوتوو نەبووین لە دۆزینەوەی. هێشتا گومان دەکەین لە عێراق بێت. بۆیە جارێکی دیکە کەیسەکەمان هەڵدایەوە و بڕیارماندا بە وێنەکانییەوە بەدوایدا بگەڕێین.
رووداو: ئایا کاتێک ئەوکات تەلەفۆنی بۆ کردن دانی بە تاوانەکەیدا نا؟
ئولریش برێمەر: ئەو شوێنی دۆزینەوەی تەرمەکەی پێ گوتین. دانی بە تاوانەکەیدا نەناوە، بەڵام گومانێکی زۆری لێ دەکرێت. چونکە بێگومان ئێمە بەڵگەی دیکەشمان لا هەیە، بۆ نموونە شوێنپێی دی ئێن ئەی، هەروەها چەقۆی تاوانەکەشمان دۆزیوەتەوە و لەبەرئەوە دڵنیاین کە ئەو کەسەیە کە کچەکەی کوشتووە.
رووداو: ئایا هیچ جۆرە هەماهەنگییەک لەنێوان ئێوەو دەسەڵاتی عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە، داوای ئێوە چییە لە هەرێمی کوردستان و عێراق؟
ئولریش برێمەر: بەپێی یاسای ئەڵمانیا، ئەمە بە کوشتنێکی ئەنقەست دادەنرێت کە بەسەر ناچێت. واتە، ئێمە بەردەوام دەبین لە لێکۆڵینەوە تاوەکو تۆمەتبارەکە دەستگیر دەکەین و دەتوانین بیهێنینە بەردەم دادگایەکی ئەڵمانیا، یان تاوەکو دەزانین کە گیانی لەدەستداوە. ئەوکات ناتوانین لێکۆڵینەوە لەگەڵ مردوواندا بکەین.
ئێمە لە رێگەی پۆلیسەوە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراقیش لە پەیوەندیداین، بەڵام بە فەرمی هیچ رێککەوتنێکی رادەستکردنەوەمان لەگەڵ عێراقدا نییە.
رووداو: تۆمەتبارەکە ناوی چییە؟
ئولریش برێمەر: ناوی حەسەن فەیاز جندییە، تەمەنی 54 ساڵە. وێنەکان کەمێک کۆنن، بەڵام ئەمە تەمەنی راستەقینەی ئێستایەتی. ئەو لە موسڵ لەدایکبووە و وا گریمانە دەکەین لە عێراق بێت، بەڵام لەوانەیە ئەوەش راست نەبێت.
رووداو: وردەکاریی تاوانەکە چۆن بووە، ئایا کچەکە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە، دەتوانن زانیاریی زیاترمان پێبدەن؟
ئولریش برێمەر: ئەو کچە ئێزدییە، 19 ساڵانە لەو کاتەدا دوو مانگ دووگیان بووە و خۆشەویستێکی هەبووە کە لەسەر ئاینی ئێزدی نەبووە. باوکەکە، بە پەیوەندی هەردووکیانی زانیبوو. وویستوویەتی کچەکەی ناچار بکات، منداڵەکەی لەبارببات و پەیوەندییەکەی کۆتایی پێبێنێت. کچەکە بەوە رازی نەبووە و ویستوویەتی لەو شەوەدا خێزانەکەی بەجێبهێڵێت. ویستوویەتی ماڵەکە بەجێبهێڵێت و بڕوات، بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ئێمە، باوکەکە خۆی وا نیشانداوە کە یارمەتی دەدات و بە ئۆتۆمبێل دەیگەیێنێت. بەڵام بەداخەوە، ئەو هەرگیز نەگەیشتە ئەو شوێنەی کە دەیویست بۆی بچێت.
بەڵکو باوکەکە لە نزیک پارکێکی وەرزشیی هۆهنبێرگ ئۆتۆمبێلەکەی راگرتووە و لەوێ بە چەندین چەقۆ کوشتوویەتی. بەهۆی خوێنبەربوونی زۆرەوە گیانی لەدەستداوە. ئێمە وا گریمانە دەکەین. دواتر تەرمەکەی خستووەتە ناو ئۆتۆمبێلەوەو لەناو ئەو ئۆتۆمبێلەدا لە گەراجێکدا جێیهێشتووە.
.png&w=3840&q=75)
.png&w=3840&q=75)

.png&w=3840&q=75)