چارەنووسی نەوتی كوردستان لە نێوان بەغدا و كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان

06-07-2023
مەحموود بابان @MahmoodBaban2
A+ A-
 
بەرایی
 
هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەوانەیە بکەوێتە کۆتاییەکانی مانگی ئەیلوول و سەرەتای تشرینی یەکەمی 2023وە، ئەگەر رێککەوتنی نوێ و گۆڕانکاری خێرا روونەدەدات، چونکە ئێستا بەغدا بەدوای تێچووی خەرجی بیرەکان، چاککردنەوە و پێداچوونەوەی گرێبەستەکانەوەیە نەوەک هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە. 
 
رۆژانی سەرەتای دوای بڕیارەکەی دادگەی نێوبژیوانیی پاریس ICC، چاوەڕواندەکرا رێککەوتنی هەولێر و بەغدا قورس بێت و هەناردەکردنەوەی نەوت بۆ بازاڕەکان زۆر ئاسان بێت، بەڵام رێک بەپێچەوانەوە دەرچوو، چونکە ئەوەی خوێندنەوەی بۆ دەکرا، ئەوە بوو کە هەولێر و بەغدا دوور بن لەیەک بۆ رێککەوتن، بەڵام بە کەمتر لە 10 رۆژ گەیشتنە رێککەوتن. بەڵام ئەوەی چاوەڕواندەکرا کە تورکیا بە ئاسانی لەدوای داواکردنی بەغداوە قوفڵی بۆری هەناردەکردن بکاتەوە وادەرنەچوو، چونکە تورکیا قەرزێکی 1.4 ملیار دۆلار و عێراقیش جیددیەتی هەناردەکردنەوەی نەبووە، هەربۆیەش وەک لەدوایین کۆبوونەوە بەبێ رێککەوتن کۆتاییهات.  
 
نزیکەی سێ مانگ و 10 رۆژ زیاترە بەتەنیا هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان راوەستاوە و بەرهەمهێنانی نەوت لە زۆربەی کێڵگە نەوتییەکانیەوە راگیراوە، ئەوەش لەبەر ئەوەی نەوتەکەی کەرکووک بەرهەمهێنانی رانەگیراوە و بگرە دەگوازرێتەوە بۆ باشووری عێراق و رۆژانە سەروو 11 هەزار بەرمیلی هەناردەی دەرەوەش دەکرێت.
 
رۆژ بە رۆژ قەبارەی زیانەکانی راگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان زیاتر دەبێت، ئەمەش لە کاتێکدایە كە ئێستا بەتەواوی کۆمپانیاکان دەستیان کردووە بە دەرکردنی کارمەندانی نیوخۆیی نەوەکو تەنیا لەئاستی کێڵگە نەوتییەکان بگرە لەسەر ئاستی ئۆفیسی سەرەکی کۆمپانیاکە، کە زۆربەی دەرکراوەکان کارمەندی نێوخۆییەکان Local، بۆ نموونە ئەگەر یەکێک لە کۆمپانیاکان 300 کارمەندی هەبووبێت و نزیکەی 200 کەسی ناردبێتە ماڵەوە، ئەوا لەو ژمارەیە رێژەی 90%ی کارمەندی نێوخۆیی بووە، ئەمەش سەرەڕای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی سەرجەم کۆمپانیا خزمەتگوزارییەکانی دیکە كە لەگەڵ ئەم کۆمپانیا نەوتییانە کاریاندەکرد و خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاسایش، پێداویستییەکان، گواستنەوە و خۆراک و هتد دابیندەکرد. 
 
لێرەدا بەکورتی هەڵوەستە لەسەر دوو پێشهاتی نوێ دەکەین؛ یەکەمیان هەنگاوی داهاتووی بەغدا. پرسیار ئەوەیە كە بەغدا دەیەوێت ئەم پیشەسازییە لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان چی بەسەر بێت؟ دووەمیان ئەوەیە كە هەنگاوی داهاتووی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت چی دەبێت؟
 
بەغدا و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان
 
لەوانەیە تاکە زیانی هەناردەنەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە بۆ بەغدا، ئەو ژمارەیە بێت کە لە پرۆژەیاسای بودجەی 2023دا هاتووە، چونکە نزیکەی 3 ملیار دۆلار زیانی دەستپێنەکردنەوەی هەناردەنەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەكات، بەڵام بەغدا بنکۆڵی لە شتێکی دیکەدا دەکات. 
 
لەڕاستیدا، بەرپرسانی بەغدا و شیعەکان نەیانشاردووەتەوە کەوا خواستی هەبوونی هەژموون بەسەر ئەم كەرتە و بەناوەندیکردنی لەلای ئەوان پرسێکی بڕاوەیە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی وایکردووە کە دەنگی عێراق لەنێو رێکخراوی ئۆپێک بە پابەندبوونی بە بڕیارەکانی کەمکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت بە هەردوو روویەکەوە ناچاریی و خۆبەخشیشەوە بەدی بێت. هەروەها، لەکاتێکدا كە ساڵانی پێشتر عێراق وڵاتێك بوو كە بەردەوام بە بیانووی جیاوازە نەیدەتوانی پابەندی بڕیارەکانی ئۆپێک و کەمکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت بێت، ئێستا دەتوانێت ئەو پابەندییەی هەبێت، ئەویش بەهۆی هەناردەنەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە. 
 
بەپێی زانیارییەکان دوایین هەنگاوی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان، داواکارییەكانی تایبەت بەهێلە گشتییەکانی پیشەسازیی نەوت نەبووە وەک جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی 4ی نیسان و پێداچوونەوەی هاوبەش بە گرێبەستە نەوتییەکانی کۆمپانیاکان، بەڵکو داوای وردەکاری ئەم پیشەسازییە و پێداچوونەوەی گرێبەستەکان بەتەنیا و تێچووی خەرجی بیرەکان بووە لە رابردوودا. 
 
ئەم هەنگاوەش دوای نەگەیشتنە ئەنجامی گفتوگۆکان لەنێوان ئەنقەرە – بەغداد – هەولێر بوو بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، چونکە زۆر بەسادەیی پرسی سەرەکیی لێخۆشبوون یاخود بژاردنی 1.4 ملیار دۆلار لەلایەن هەردوولاوە ناكۆكی لەسەرە، ئەمە جگە لەوەی باس لە تێکەڵکردنی کارتە جیاوازەکان بەیەکتری لەنیو گفتوگۆکان لەئارادا بووە، بەڵام هەموو ئەمانە هیچ لەو راستییە ناگۆڕێت کە پێبژاردنەکەی ئەنقەرە لە لایەن بەغداوە، ناگاتە نیوەی ئەو زیانەی ئێستا بەر عێراق کەوتووە، سەرەڕای زیانی رۆژانەی تورکیا لەم دۆخە سەختەی ئێستا کە رۆژ بە رۆژ بەهای لیرە دادەبەزێت. کەواتە ئامانجەکە دەبێت شتێکی دیکە بێت كە زیاتر لە زیانە مادییەکان بۆ عێراق و بۆ تورکیاش گرنگ بێت. 
 
پێداچوونەوە بەتێچووی هەڵکۆڵینی بیر و چاککردنەوەی بیر و پەرەپێدانی بیرەکان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە بۆ ئەوەیە كە ئایا کێڵگە نەوتییەکان هەرێمی کوردستان بە چ تێچووەک نەوت بەرهەمدەهێنن، چونکە ئەگەر کۆی تێچووەکەی لە بەغداوە دابینبکرێت، بۆچی وەبەرهێنان و بەرهەمهێنان لە کێڵگەیەکی نەوتی بکرێت کە خەرجیی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی دوو هێندە و سێ هێندەی نێوەڕاست وباشووری عێراق بێت؟ لەکاتێکدا ئەوەش راستییە کە پێكهاتەی جیولۆجی زۆر ئاڵۆزی هەیە و توانای یاخود یەدەگی زۆر زۆر کەمترە لە بیرێکی باشووری عێراق. 
 
وەبەرهێنان لەم کێڵگانەدا بەقۆناخێکی سەختدا تێپەڕی، بۆیە رادەستکردنەوەی بە بەغدا کارێکی درووست نییە کە ئێستا بەهۆی دابەشبوونی نێوخۆییەوە خەریکە خۆبەڕێوەبەریی لەم پیشەسازییە لەناودەبرێت. لەکاتێکدا ئەمە هەموو چیرۆکەکە نییە لەبارەی بەغدادەوە سەبارەت بە هەرێمی کوردستان و تەنانەت ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، چونکە ئەگەر ئەو گریمانەیەش راست بێت کە تێچووی بەرهەمهێنانی زۆر بێت و کێڵگەی زەبەلاح و یەدەگی زۆر بۆ وڵات نەبێت، ئەی خۆ کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک بە کێڵگەی زەبەلاح ناسراون و یەکەم بیری نەوتی لە عێراق لە کەرکوک لێدراوە و، لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق بووە، کەچی لە 1928وە تاوەکو ئێستا نەک وەک پێویست بیری نوێ و پەرەپێدانی تێدا ئەنجامنەدراوە، بگرە هەر ئەو بیرەیە کە لەسەرەتاوە لێدراوە و بەدرێژایی چەند دەیەی رابردوو نەوتی تێدا بەرهەمدەهێنرێت. بۆ نموونە رۆژانی رابردوو کۆمپانیای هەڵکەندنی بیری نەوت لە  وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاندووە كە تەنیا بۆ شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ، 86 بیری نەوتیان هەڵکەندووە یان چاکسازییان تێدا کردوون، کە 43 دانەیان لە بەسرە بووە. 
 
کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت و هەرێمی کوردستان
 
بەر لە هەموو شتێك، کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت کە لە 14 کێڵگە و بلۆکی نەوتی هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان کردووە، کۆمپانیای پشکدارین و هەر کۆمپانیایێك بەڕێژەی جیاواز پشکی لە کێڵگەیەکی نەوتی هەیە. بۆ نموونە دی ئین ئۆ DNO پشکداری 64% کێڵگەی نەوتی بەعشیقە و 75%ی تاوکی دەکات، ئەمەش بەواتای بەرپرسیاریی کۆمپانیاکان بەرامبەر خاوەن پشکەکان دێت، هەربۆیەش کاتێک قۆناخێکی سەخت دێتە پێشەوە، کارمەندەکان لە دەرەوەی هەر بەرپرسیاریێکی هاوبەشی کۆمەڵایەتی CSR  نێردراونەتەوە ماڵەوە. 
 
هەروەها، لەماوەکانی رابردوودا زۆربەی کۆمپانیاکان، گرێبەستی هەموو ئەو کۆمپانیا خزمەتگوزارییانەی کە هاوبەشیان دەکردن لە بەڕێوەبردن و بەرهەمهێنانی نەوت هەڵوەشاندۆتەوە و، کۆتاییان بەکارەکانیان هێناوە. لەم ماوەیەدا هەریەکە لە گەورە کۆمپانیا نەوتییەکانی وەک تاقەی ئیماراتی TAQA، وێسترن زاگرۆس و Gazprom و کۆمپانیای کار گرووپیش کارمەندەکانیان ناردە ماڵەوە، هەریەکە لە ئێچ کەی ئین HKN و دی ئین ئۆ DNO  کە دوو گەورە کۆمپانیای نەوتی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری بۆ ناردنە ماڵەوەی کارمەندەکانیان، نەوەکو تەنیا کارمەندەکانی کێلگە نەوتییەکان بەڵکو تەنانەت کار گەیشتەتووەتە ئۆفیسەکانیش!
 
ئەوەی لەبارەی ناردنە ماڵەوەی کارمەندەکان یاخود دەرکردنیانەوە لە کۆمپانیا نەوتییەکان هەیە شتێکی سەرنجڕاکێشی تێدایە کە کەمترین كەسی بیانی expat دەرکراوە، ئەمیش دوو رەهەندی هەیە: یەکەمیان جیاکارییە، لەکاتێکدا جیاوازیێکی زۆر لەنێوان کارمەندی بیانی و نێوخۆیی لەڕووی مووچەوە هەیە، خەرجیی بیانییەکان دوو هێندە و سێ هێندەی کارمەندی نیوخۆییە لە هەموو ئاستەکاندا و، دیوی دووەمیشی بۆ ئەوەیە كە بۆچی نەتوانراوە توانای نیوخۆ لەو ئاستەدا پەرەپێبدرێت کە کارمەندی نێوخۆ بۆخۆی بتوانێت کێڵگەیەکی نەوتی بەڕێوەببات. 
 
هەروەها، ئێستا کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، بە قۆناخێکی زۆر سەختدا تێدەپەڕن و دوای نزیکەی 3 مانگ و 10 رۆژ لە سفر بوونەوەی داهاتی رۆژانەیان و، کەڵەکەبوونی قەرزەکانیان لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە هەندێکیان لە مانگی تشرینی یەکەمی 2022وە وەریان نەگرتووە و سەتان ملیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە، لە دووڕیانێکی زۆر مەترسیداردان. ئەگەر دۆخەکە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا لەوانەیە هەندێکیان مایەپوچبوونی خۆیان یاخود جێهیشتنی هەرێمی کوردستان رابگەیەنن، چونکە بەهای پشکەکانیان لەماوەی ساڵیکدا بەڕێژەی نزیکەی 50% دابەزیووە و بەتەنیا لە شەش مانگی رابردوودا بەهای پشکەکانی DNO بەڕێژەی -20%، بەهای پشکەکانی گەنەل ئینرجی بەڕێژەی -18.88% و گەڵف کیستۆن بەرێژەی -39.29% و شاماران پیتڕۆڵیۆن بەرێژەی -36.19% دابەزیووە.  
 
ئەم هەنگاوانەی ئێستاش کۆمپانیا نەوتییەکان دەیگرنەبەر، جگە لەم کاریگەرییانەی ئێستا بگرە کاریگەری گەورەی لەسەر ئەگەری دووبارە دەستپێکردنەوە بە بەرهەمهێنانی نەوت هەیە، چونکە هەموو پیشەسازییەکە بەرەو ئەوە دەبەن بە کەمترین کارمەندەوە کارەکان راپەڕێنن و نەوت بۆ نێوخۆ بەرهەمبهێنن بۆ ئەوەی هیچ نەبێت بتوانن بەردەوام بن. 
 
کۆتایی
 
قۆناخی ئێستا و داهاتوو بۆ هەرێمی کوردستان لەڕووی پیشەسازی نەوتەوە سەختە، بەڵام لەوانەیە ئەوەی ئێستا بەسەر ئەم كەرتەدا دێت، لەرۆژانی داهاتوودا گازیش بگرێتەوە، چونکە هەنگاوەکانی بەغدا و بەتایبەتیش دەسەڵاتدارانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەرەو ناوەندیكردنی سامان و دەسەڵات و پەیوەندییەکان لە عێراق هەنگاو دەنێن، هەربۆیەش دەڵێن عێراق ئازادە لە مامەڵەکردن بە پارەکەیەوە و لە کوێدا پێویستى کرد بۆ بەرژەوەندیى وڵات خەرجی بکات، پێویستە بەشێوەى ناوەندی مامەڵە لەگەڵ بڕیار و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بکرێت، وەکو لەدوایین بەیاننامەی کۆبوونەوەیاندا ئاماژەیان بۆ کردووە.
 
هەنگاوی بەغدا بە ئاڕاستەیەی دەستپێنەکردنەوە و هەناردەنەکردنەوەی نەوت لەکاتێکدایە كە پێشتر تەنیا زانینی ژمارەکان یاخود رادەستکردنی نەوتەکە بەس بوو بۆ ئەوەی هەناردە بکات، بەڵام ئێستا وردەکارییەکانی هەڵکۆڵین، چاککردنەوە و پەرەپێدانی بیرە نەوتییەکانی لە رابردوودا دەوێت، لەکاتێکدا هیچ بڕە پارەیەک بۆ گەڕانی نوێ، هەڵکۆڵینی بیری نوێ و چاککردنی بیری نەوتی و پەرەپێدان لە بودجە سێ ساڵییەکەدا بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان نەکردووە و، ئەو بڕەشی بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان داناوە ناکاتە یەک لەسەر کۆی تێچووەکەی. 
 
هەنگاوی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت بە ئاڕاستەی دەرکردنی کاری دەستی نیوخۆیی و هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی کۆمپانیا خزمەتگوزارییەکان و دەستکردن بە بەرهەمهێنانی نەوت بە کەمترین هێزی کار بۆ پاراستنی دەستکەوتنی کەمترین داهاتی مانگانە بۆ مانەوەیان لە بازاڕەکەدا. هەروەها، بەردەوامبوونی دۆخی لەمشیوەیە زیانێکی گەورە لە ژینگەی وەبەرهێنانی بیانی لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش دەدات و کار دەکاتە سەر کارکردنی کۆمپانیا بیانییەکانی دیکەش لە سێکتەرە جیاوازەکاندا. 
 
هەروەها، بەپێی بەڵگە فەرمییەکان، یەکێک لەو وەزارەتانە و بگرە تاکە وەزارەتیش لەدوای رووخانی رژێمی پێشوو کەوا هێزی ئەمریکا و هاوپەیمانان پارێزگارییان لێکرد و نەیانهێشت میللەت تاڵانکاری بکات وەزارەتی نەوتی عێراق بوو، هەربۆیەش لێرەدا ئەو پرسیارە دیتە ئاراوە، ئایا بۆچی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی رێگە ناگرن لەنێوچوونی پیشەسازی نەوت و بەرهەمهێنانی نیو ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان؟ 
 
لە کۆتاییدا، بازاڕی نەوت گەورەترە لە 10 بازاڕی کانزای سەرەکی لەڕووی بەهای بەرهەمهێنانەوە وەک (ئاڵتون، ئاسن، مس، ئەلەمنیوم )، کە لە 2022دا بەتەنیا 2 تریلۆن دۆلار تێپەڕاندووە، ئێستا شەڕی نێوان بەرهەمهینەران و بەکارهێنەرانی نەوت بەشێوەیەکە کە کاریگەری تەواوی لەسەر نەخشەی داهاتووی وزە دەبێت، هەربۆیەش هەرێمی کوردستان دەتوانێت بەشێک بێت لە نەخشەی وزەی داهاتوو ئەگەر نەبێتە چیرۆکی لە هیچەوە بۆ هیچ. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کاوە ئەمین

بە عەرەبکردنی کوردستان لە سووریا

ئەوەی کە جێگەی سەرسووڕمانە ئەوەیە لەکاتێکدا ئێمە باسی مێژووی 60 بۆ 70 ساڵ پێش ئێستا دەکەین، کەچی ئەو مێژووانە بەشێوەی دیکە و لە فۆڕمی دیکەدا لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان دا خۆیان دووبارە دەکەنەوە، ئەم جارەیان بە ناوی ئایین و مەزهەب و عروبەوە، کورد و گەلانی ناوچەکە لە شوێنی خۆیان راودەنرێن و لە هەندێک شوێن دا جینۆسایدیش دەکرێن، بەتایبەتی کورد لە هەمووان زیاتر لەژێر مەترسیدایە و هەڕەشەی لێدەکرێت، کەچی هێشتا وانەمان لە رابردووی خۆمان وەرنەگرتووە، هێشتا هەر یەکە و لە ئاوازێک دەخوێنین.