ساڵی 2021 ئەمریکا بەشێک لە هێزەکانی لە عێراق کشاندەوە، بەڵام تائێستا چەند بنکەیەکی سەربازی و نزیکەی سێ هەزار سەربازی ئەمریکی لە عێراقدا ماون، کە بەم دواییانە لەژێر فشارەکانی ئێران و میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێران، حکومەتی عێراقی کەوتە ناو دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا بۆ گەیشتنە رێککەوتنێک لەسەر دیاریکردنی وادەیەک بۆ کشانەوەی یەکجارەکی و تەواوی هێزەکانی لە عێراق.
تائێستا روون نییە کە واشنتن هێزەکانی لە عێراق دەکشێنێتەوە یان نا. لە ئەگەری بڕیاری کشاندنەوەی هێزەکانیشی، لەکاتێکدا جگە لە دروستکردنی گەورەترین کۆنسوڵخانەی خۆی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە هەولێر، لەگەڵ بوونی بنکەی سەربازی لە هەریر و فڕۆکەخانەی هەولێر (کە لێیانەوە کۆمەکی و لۆجیستی سەربازی دەگەیێنێتە هێزەکانی لە رۆژئاوای کوردستان)، ئایا لە هەرێمی کوردستانیش دەکشێتەوە یان نا؟
لەنێو تەپوتۆزی ئەم باس و خواسانەدا، تورکیا بیر لە داهاتووی رۆڵی خۆی لەناو هاوکێشە سیاسییەکانی عێراق دەکاتەوە، تا ئەو ئاستەی کە خەون بەوە دەبینێت وەک ئەندامی ناتۆ، ببێتە جێگرەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە عێراقدا، بەتایبەتی کە ئێستا نزیکەی شەست بنکەی سەربازیی لە هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە و بە قووڵایی دەیان کیلۆمەتر سنوورەکانی وڵاتەکەشی بەزاندووە، بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە: ئایا تاران رێگە بەم کارەی ئەنقەرە دەدات؟
سەرەڕای ئەوەی جڵەوی بڕیار لە عێراقدا کەم و زۆر و ناڕاستەوخۆ کەوتووەتە دەست ئێران و لە رێگای میلیشیا عێراقییە پاشکۆکانیەوە کە جومگە سەرەکییەکانی حکومەت و دەزگە ئەمنی و سەربازییەکان و تەنانەت دادگەکانیشیان بەدەستەوەیە، هەژموونی تەواوی بەسەر گۆڕەپانی بڕیاری سیاسیی ئەو وڵاتەدا کردووە و بەهۆیەوە رۆڵی سەرەکی لە یەکلاکردنەوەی ململانێ سیاسییە نێوخۆییەکانی عێراقدا دەگێڕێت و چانسی ئەوەی زیاترە کە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە، بەڵام ئەمە رێگر نییە لەوەی کە تورکیاش تەنگ بە ئێران هەڵبچنێت.
روونتر بڵێم، بە هۆی ئەو ژمارە زۆرە بنکەی سەربازی و ئامادەییە هەواڵگرییەی لە ناوچە جیاوازەکانی عێراقدا هەیەتی، هەروەها بە سوودوەرگرتن لە ئەندامێتییەکەی لە ناتۆ و پێشاندانی ئامادەیی بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، بەوەی دەتوانێ ببێتە جێ متمانەی ئەوان و بە پڕکردنەوەی بۆشاییەکە، درێژە بە ئەجێنداکانیان دەدات و بەرژەوەندییەکانیان دەپارێزێت، تورکیا دەتوانێت ئێران سەخڵەت بکات و سەرئێشەیشی بۆ دروست بکات. ئەمە و جگە لەوەی کە دەتوانێ وەک دەروازەیەک بۆ بەغدا بەسەر ئەورووپا، فاکتەری هاوسنوورییەکەی لەگەڵ عێراق بکاتە کارتێک کە بە هۆیەوە بەغدا لە ئاستی تاراندا تووشی دڕدۆنگی بکات و وای لێ بکات هەموو هێلکەکانی خۆی نەخاتە سەبەتەی ویلایەتی فەقێ.
لەم نێوەدا، بۆ ساڵێک دەچێت پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا تووندوتۆڵتر بوونە و لەو ماوەیە تاوەکو ئەمڕۆ، چەندین سەردان و دیدار لەسەر ئاستی باڵای هەردوو لا هەبوون. ئەگەرچی زۆربەی ئەو دیدارانە رووخسارێکی دیپلۆماسی و ئەمنی و سەربازیان هەبوو، بەڵام لە ناوەڕۆکدا ئامانجەکانیان سیاسی و ئابووری بوون.
دوای ساڵانێکی زۆر لە پشتبەستن بە نەوت وەک تاکە سەرچاوەی داهات، عێراق هەموو هەوڵێک دەدات ئابووریی خۆی فرەچەشن بکات، بەڵام هێشتا لەم هەنگاوەیدا سەرکەوتوو نەبووە. ئەمەش بە بەڵگەی ئەوەی کە لە دوای رووخاندنی رژێمی بەعسەوە، تا ئێستا چەندین کابینە و سەرۆکی حکومەت هاتوون و چوون، کەچی عێراق نەک هەر لە کەرتی پیشەسازیدا، بەڵکو لە کەرتی کشتوکاڵیشدا تا دێت هەر لە پاشەکشە دەدات و رۆژ دوای رۆژیش زیاتر پشت بە هاوردەکردنی کەرەستە و کەلوپەل لە تورکیا و ئێران و وڵاتانی تر دەبەستێت.
بەپێی زانیارییەکانی پێگەی ئەلیکترۆنیی (Trade Map)، ساڵی 2022 قەبارەی ئاڵوگۆڕی بارزگانی لە نێوان تورکیا و عێراق گەیشتە 15,172 ملیار دۆلار. عێراق لەو ساڵەدا (کەرەستەی پلاستیکی، کەرەستەی بیناسازی، دانەوێڵە و ئارد، زەیت و رۆن، گۆشتی سوور، مریشک، هێلکە، جلوبەرگ و هی تر) لە تورکیاوە هاوردە کردووە. ئەمە لەکاتێکدایە کە بڕی هەناردەی عێراق بۆ تورکیا 1.4 ملیار دۆلار بووە.
بە گوێرەی ئامارێکی دەستەی ئاماری تورکی، لە ساڵی 2023 دا، دوای ئەڵمانیا، ئەمریکا، بەریتانیا و ئیتاڵیا، عێراق پێنجەمین وڵاتی هاوردەکاری کەرستە و کەلوپەلی تورکی بووە و تەنیا لە مانگی حوزەیرانی ئەو ساڵەدا، عێراق بە بڕی 986 ملیۆن دۆلار، کەرەستەی پلاستیکی و کەلوپەلی بیناسازی و خواردەمەنی لە تورکیا هاوردە کردووە. بەپێی ئامارەکان، لەو ساڵەشدا بڕی هەناردەی تورکیا بۆ عێراق، هەشت هێندەی بڕی هاوردەکردنی بووە لەو وڵاتەدا و چاوەڕێش دەکرێت بۆ ئەم ساڵ و دواتر، بڕی قەبارەی ئاڵوگۆڕییەکە بگەیێننە سەروو بیست ملیار دۆلار.
ئەم دۆخەی عێراق لەگەڵ ئێرانیش هەر وایە. ساڵی 2023 عێراق ریزبەندی یەکەمی وڵاتانی هاوردەکاری کەرەستە و کەلوپەلی ئێرانی گرتووە. بەپێی زانیارییەکانی ژووری بازرگانیی ئێرانی، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و ئێران، ساڵانە لە سەروو 10 ملیار دۆلارە و ئەم ئاڵوگۆرەش بەڕێژەی 95٪ لە قازانج و بە سوودی ئێران شکاوەتەوە.
ئەم زانیاری و ئامارانە ئەوەمان پێ دەڵێن، کە وێڕای هەژموونی سیاسیی ئێران بەسەر عێراق، بەڵام لە بواری ئابووری و بازرگانیدا تورکیا هەژموونەکەی بەسەر بەغدا لە ئێران زیاترە، ئەم رۆڵە ئابووری و بازرگانییەی تورکیاش هاوکار و هۆکارە بۆ ئەوەی ئەنقەرە بۆ دوورمەوداش کاریگەری بەسەر بەغدا و راگرتنی هاوسەنگیی پەیوەندییەکانی لەگەڵدا هەبێت.
بە گوێرەی لێدوانەکانیان بێت، بەرپرسانی هەردوولا گەشبینن بە ئاییندەی پەیوەندییەکانیان و بە ئەرێنی وەسفیان دەکەن، بەڵام دۆخی سیاسیی عێراق و ئەو کێشانەی بەدەستیانەوە دەناڵێنێت، هاوکات رۆڵ و کاریگەریی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی لەسەر ئاراستەی رووداوەکان لەو وڵاتە و بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکان تیایدا، رادەی ئەو خۆشبینیانەی ئەنقەرە و بەغدا کەمتر دەکەنەوە، بەتایبەتی هی یەکەمیان.
بنەمای گەشبینییەکەی تورکیا، دەنگۆی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانانە لە عێراق. بە واتایەکی تر، ئەنقەرە گرەوی سەرکەوتن و بەرهەمداریی ئەو پەیوەندییانەی لەگەڵ بەغدا، لەسەر کشانەوەی ئەمریکا کردووە و چاوی لەوەیە لە نائامادەیی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیدا و لە چوارچێوەی هاوبەشی و هاوپەیمانییەتێکی سەربازی و هەواڵگری لەگەڵ عێراق، ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە. هاوبەشییەک کە دەمامک و رووپۆشەکەی ئابووری و بازرگانییە.
تا ئەم چرکەساتەش بۆ هیچ لایەک ڕوون نییە کە ئاخۆ ئەمریکا هێزەکانی دەکشێنێتەوە یان نا؟ ئەگەر بکشێنەوە لە هەموو عێراق دەکشێنەوە بە هەرێمی کوردستانیشەوە یان لە دووەمیاندا دەمێننەوە؟ ئایا هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا (تشرینی دووەمی 2024) هیچ کاریگەرییەکی بەسەر پێشخستن یان دواخستنی بڕیار و پرۆسەی کشانەوەکە هەیە؟ لە ئەگەری دەرچوونی ترەمپ لەم هەڵبژاردنەدا، ئاخۆ سیاسەتەکەی لە پەیوەست بەم پرسە چی دەبێت؟ ئەی دەرەنجامی سەردانی نێوەڕاستی ئەم مانگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق سوودانی بۆ واشنتۆن و دانیشتن و کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی لەگەڵ سەرۆک و بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکا، چ رەنگدانەوەیەکی بەسەر ئەم پرسە دەبێت؟ ئەمانە کۆمەڵێک پرسیارن، کە ئێستا چ بە باری ئەرێنی یان یان نەرێنی، وەڵامەکەیان هەروا بە ئاسانی و بنەبڕی، دەستگیر نابێت.
بە هەرحاڵ، با بێینەوە سەر خەونەکەی ئەنقەرە. کارتی دەستی تورکیا لەم یارییەیدا لەگەڵ عێراق، سەرچاوەکانی ئاو، هەڕەشەکانی پەکەکە، ئەو لێکتێگەیشتن و رێککەوتنە سەربازی و ئەمنیانەن کە بە مەبەستی نەهێشتنی هەڕەشەی چەکداری و ئەمنیی بەرهەڵستکارە سیاسییەکانیان، ماف بە هەردوو لا دەدەن، دزە بکەنە ناو خاکی یەکتر.
دیارە تورکیا ئەم کارتانە جگە لە ئاستە سیاسی و ئەمنی و سەربازییەکەی، بۆ پێکانی ئامانجێکی گرنگ و ستراتیژیی دوورمەوداتر لەگەڵ عێراق بەکار دەهێنێت، کە ئەویش بەستنەوەی عێراقە بە ئەوروپا لە میانی رێگایەکی ئابووری و بازرگانی کە بەناو خاکی خۆیدا رەت ببێت!
لە لووتکەی وڵاتانی G20دا کە ساڵی ڕابردوو لە دەلهیی پایتەختی هیندستان بەڕێوەچوو، ئەمریکا و هیندستان پڕۆژەی رێگەی بازرگانیی هیندیان راگەیاند، کە ئاسیا بە ئەوروپا دەبەستێتەوە. ئەم پڕۆژەیە لەکاتێکدایە کە (چین)یش لە ساڵی 2019 و بە بەشداریی 150 وڵات لە لووتکەی (رێگای نوێی ئاوریشم)دا، بە پڕۆژەی (رێگای نوێی ئاوریشم) یان (کەمەربەند و رێگا)ی بۆ بەستنەوەی وڵاتەکەی بە هەموو جیهان، دەستپێشخەری کردووە. ئەم پڕۆژەیەی چین کە دەیان هەزار کیلۆمەترە و بە رێگای ئاوی و وشکانیدا رەت دەبێت و چەندین بەندەر و هێڵی شەمەندەفەر لە خۆی دەگرێت، یەکێکە لە گەورەترین پڕۆژە ئابووری و بازرگانییەکانی مێژوو.
تائێستا دیار نییە کامە پڕۆژە سەرکەوتوو دەبێت، ئەمریکی - هیندی یان چین، بەڵام سەرکەوتنی هەر یەکێکیان بە زیانی تورکیا تەواو دەبێت. چونکە هیچ کامیان بەناو خاکی تورکیادا تێناپەڕن، بەمەش راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر کەمکردنەوە، تەنانەت نەهێشتنی رۆڵی تورکیا دەبێت لەوەی کە وەک پرد و رایەڵەیەکی گرنگی نێوان ئاسیا و ئەوروپا، دەمێکە خەون بەوە دەبینێت ببێتە ئەو ئەڵقەی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییە. بۆیە لای خۆیەوە تورکیا خەونی خۆی خۆی لەسەر پڕۆژەی (رێگەی گەشەپێدان/ کە دەگوترێت بەشێکە، یان تەواوکەری پڕۆژە چینییەکەیە!) هەڵچنیوە.
پڕۆژەی (رێگەی گەشەپێدان یان کەناڵی وشکانی)، کە رێگەیەکی وشکانییە و بەهۆی هێڵی ئاسنینی شەمەندەفەرەوە بەندەری فاو بە تورکیا دەبەستێتەوە و دەبێتە پردی نێوان ئاسیا و ئەوروپا، رێڕەو و کەناڵێکی ستراتیژیی گرنگە و بایەخێکی جیۆستراتیژیی زۆر گەورەی ئاییندەیی بۆ هەردوو وڵات هەیە.
زۆرینەی شرۆڤە و شیکارییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ئامانجێکی ئەم پڕۆژە هاوبەشەی عێراق و تورکیا، کە رێگاکەی بە خابووردا بۆ ناو خاکی تورکیا رەت دەبێت و بڕی تێچووەکەی 17 ملیار دۆلارە و گوایە لە نێوان ساڵانی (2025- 2028) تەواو بکرێت، رکابەریکردنی کەناڵی سوێس و کردنیەتی بە جێگرەوەی هەردوو پڕۆژە (ئەمریکی - هیندی) و (چین)یەکە، بەڵام واقیعەکە و ئاراستەی ململانێ هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان و هاوکێشەی هێز و بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکان و ئاستەنگگەلی دیکەی سیاسی و ئابووری و تەکنیکی ئاماژەن بۆ ئەوەی، کە زۆر ئەستەمە پرۆژەکە ئەم ئامانجەی بپێکێت.
لەو کاتەیدا تورکیا دەیەوێت خۆی وەک جێگرەوە و جێ باوەڕی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ قۆناغی دوای کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراق بسەلمێنێت، دیارە ئێران هەروا بە ئاسانی دەستبەرداری باڵادەستی و هەژموونی خۆی لەم وڵاتەدا نابێت. بەتایبەتی کە جیاوازتر لە ساڵانی ڕابردوو، ئێستا لە هەر کاتێک زیاتر، تاران لە ڕێی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و هێزە سیاسییە عێراقییە شوێنکەوتە و پاشکۆکانی، کە دەسەڵات و هەژموونی تەواویان بەسەر پەرلەمان و حکومەت و دەزگەی دادوەری و ئەمنی و سەربازی و جومگە ئابوورییەکان و بڕیاری سیاسیی عێراقەوە هەیە، بەغدا وەک پاروویەکی چەور بۆ ئەنقەرە جێ ناهێڵێت.
لەگەڵ ئەمەشدا، ئەگەر بە دیوێکدا ئامادەیی کارای تاران لە عێراق رێگە لە ئەنقەرە بگرێت کە بە ئاسانی نەتوانێت جێ پێیەکانی لە عێراقدا قاییم بکات و رۆڵی یەکلاکەوەرە لە هاوکێشەکەدا ببینێت، ئەوا بە دیوەکەی تردا و لە ئەگەری کشاندنەوەی هێزەکانی لە عێراق، ویستی واشنتن بۆ جێ پێقاییمکردنی سەربازی و هەواڵگریی ئەنقەرە وەک ئەندامێکی ناتۆ و چاوی هاوپەیمانان لە عێراق، زیاتر دەکات، لانیکەم لە جێگیرکردن و پتەوکردنی زیاتری ئەو بنکە سەربازییانەی کە تورکیا لە وڵاتەکەدا هەیەتی. تەنانەت دوور نییە هەر خودی ئەم ئامادەییە سەربازییەی تورکیا، مەیلی واشنتن بۆ هێشتنەوەی هێزە سەربازییەکانی لە هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکات.
دیارە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە عێراق، هەر تەنیا کاریگەری لەسەر داهاتووی ئەو وڵاتە نا، بەڵکو لەسەر کۆی ناوچەکە و هاوکێشە سیاسییەکانی و هاوسەنگی هێز تیایدا هەیە و دەبێت، بەتایبەتی کە سێبەر و هەژموونی تاران لە لوبنان و سووریا و یەمەن ئەگەر چڕ و تۆختر نەبووبێتەوە، ئەوا بە موو کاڵ نەبووەتەوە و ئەمەش هەڕەشەیە لەسەر داهاتووی تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. بۆیە دوور نییە هەموو ئەو هەوڵانەی تورکیا بۆ نزیکبوونەوەی زیاتری لە عێراق و هەنگاوەکانی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە سیاسی، دیپلۆماسی، سەربازی و ئابوورییەکانی لەگەڵیدا، بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەجێندای ناتۆ و بەتایبەتتریش هی ئەمریکا بێت، بەوەی کە لە ئەگەری کشاندنەوەی هێزەکانیان لە عێراق، جێگرەوەیەکی جێ متمانە و هاوپەیمانی خۆیان هەبێت و بۆشاییەکە پڕ بکاتەوە و لێرەو لەوێ سەرئێشە بۆ تاران دروست بکات و ئاستەنگ بخاتە بەردەم هەنگاوەکانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ