لە چرکەساتى دەستپێکردنى تۆفانى ئەقساوە بۆ ئێستا، هێشتا ئەو مشتومڕانە بەردەوامن، کە ئەوەى بزووتنەوەى حەماس کردى لە حەوتى ئۆکتۆبەرى 2023، هەر بەڕاستى خەرقکردنى ئیسرائیل بوو بەو ئەندازەیە، یاخود لەبنەڕەتەوە رۆکردنى دانى ئیسرائیل بوو بۆ پەلکێشکردنى حەماس بۆ جەنگێک کە رەوایەتى بداتە ئیسرائیل بۆ ریشەکێشکردنى حەماس و بەسووتماککردنى غەززە.
چونکە هیچ لۆژیکێک ئەوە ناسەلمێنێت ئیسرائیل وەک خاوەن گەورەترین دەزگاى هەواڵگریى و ناوەندى چاودێرى بەسەر تەواوى جیهانەوە، بەو ئەندازەیە بێئاگابووبێت لەوەى چى لە نزیکترین دەروازەى جەستەى خۆیەوە دەگوزەرێت. وەلێ مساوەمەکردن بەو ژمارە زۆرە لە خەڵکى مەدەنى و کردنە قوربانیی سەتان سەربازیش بۆ سیناریۆى جەنگێک کە ئامانجەکەى نەهێشتنى حەماس و غەززە بووبێت بەتەنها، هەر جێگەى سەرسوڕمانە. بۆیە زۆر لە چاودێران کاردانەوەى ئیسرائیلیان کردبووە پێوەر بۆ تێگەیشتن لە 7ـی ئۆکتۆبەر، چاوەڕوان بوون بزانن ئیسرائیل سەرنجى لەسەر کۆتایى حەماس و کۆنترۆڵکردنى غەززەیە، یان چاوى بڕیوەتە دەرەوەى سنوورەکانى.
ماجەراى رووداوەکانى ئەم ساڵەى دواى 7ـى ئۆکتۆبەر، ئاماژەى ئەوەمان پێدەدات، کە ئامانجى ئیسرائیل تەنها بە نەمانى حەماس و کۆنترۆڵکردنى غەززە و تەنانەت بە کۆتایى حیزبوڵڵاى لوبنانیشەوە کۆتایى نایەت. ئەوى ساڵى رابردوو لە کۆبوونەوەى لووتکەى نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر زارى نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیلەوە ئاماژەى پێدرا، 7ـى ئۆکتۆبەرى وەک دەستپێک و سەرەتاى گۆڕانکارى ناوچەکە ناوزەد کرد، نەخشەیەکى بەرزکردەوە وەک ئاماژەیەک بۆ گۆڕانکاری رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، بێ ئەوەى بەدیاریکراوى بە جیهان بڵێت مەبەست لەو گۆڕانکارییە، کام وڵاتانەیە.
بەڵام ئەم ساڵ لە هەمان بۆنەدا، لە کۆبوونەوەى لووتکەى سەرۆکى وڵاتانى جیهان لە نەتەوەیەکگرتووەکان، نەتەنیاهوو نەخشەیەکى جیاوازترى خستەڕوو، بە رەنگى رەش چەند وڵاتێکى وەک ناوچەى جەنگ دیاریکرد، کە عیراق یەکێک لەو وڵاتانەى نێو نەخشەکەى سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل بوو، هێشتا نەگەڕابووەوە وڵاتەکەشى لە زنجیرەیەک هێرشى ئاسمانیدا ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵاى لوبنان و چەندین گەورە بەرپرس و فەرماندەى سوپاى پاسداران و فەیلەقى قودسى ئێرانى بە ئامانج گرت. پرۆسەى سەربازیشی بۆ سەر لوبنان دەستپێکردووە. ئیرانیش بەشێوەى راستەوخۆ دووەمجارە هێرشى مووشەکى دەکاتە سەر تەلئەبیب، حوسییەکانى یەمەن و چەند گرووپێکى بەرەى مقاوەمەى عێراقیش چوونەتە نێو جەنگەکەوە.
سەربارى ئەوەى هەوڵێکى زۆرى نێودەوڵەتى هەیە بۆ ئەوەى رێگە لە فراوانبوونەوەى جەنگ بگرێت. بەڵام هەموو ئاماژەکان ئەوەمان پێدەڵێن جەنگى ئیسرائیل و نەیارەکانى تەنها لە چوارچێوەى فەلەستین و یەمەن و لوبنان قەتیس نابێت، بە ئەگەرى زۆرەوە عیراق و ئێرانیش دەگرێتەوە.
ئەوەى لێرەدا مەبەستمە لەسەرى بدوێم دۆخى هەرێمى کوردستانە لەنێو ئەم گێژاوەى ناوچەکەدا. بەتایبەت بەهۆى ئەوەى چەند گرووپێکى میلیشیاى عێراق وەک بەشێک لە بەرەى مقاوەمە، چوونەتە نێو جەنگەکەوە و کاردانەوەى چاوەڕوانکراوى ئیسرائیلیش بەرانبەر بەو گرووپانە، عێراق پەلکێشى نێو جەنگ دەکات. جیا لەوەش ئێرانیش خوازیارى ئەوەیە بۆ دوورخستنەوەى مەترسیی راستەوخۆ لەسەر خودى وڵاتەکەى، دەوڵەتە سێبەرەکانى وەک لەمپەر بۆ پارێزگارى لەخۆى بەکار بەرێت، کە عێراق یەکێک لە بژاردەکانیێتى.
لەبەرئەوەش کە هەرێمى کوردستان ئێستا لە رووى سیاسى و ئابووری و تەنانەت لە رووى ئەمنیشەوە، زۆر وابەستەى بەغدا کراوە، رووداو و پێشهاتەکانى عێراق بەخێرایى کاردانەوەیان لەسەر هەرێمى کوردستان دەبێت. هەرێمى کوردستانیش لەم بارودۆخە شێواوەى ناوچەکەدا سەرقاڵى پرۆسەى هەڵبژاردنە، بەهۆى قوڵبوونەوەى ناکۆکییە سیاسییەکانى نێوان حیزب و هێزە سیاسیەکانیشییەوە، هەموو سەرنجى بڕیاربەدەستانى حیزب و ناوەندە حوکمڕانییەکانى لەسەر ئەم ناکۆکى و ململانێ نێوخۆییانە چڕ بوونەتەوە. بەو هۆیەوە ئاگایان لە دونیاى دەرەوەى خۆیان نەماوە.
مەترسى و گرفتەکەش هەر ئەوە نییە کە ئێستا هەموو سەرنجەکان لەسەر پرۆسەى هەڵبژاردنن، چونکە هەمووى دوو هەفتەیەکى ماوەو دەبڕێتەوە. بەڵام کێشە گەورەکە بۆ دواى هەڵبژاردنە، چونکە لە بنەڕەتەوە کێشە و ناکۆکى قوڵ لەنێوان لایەنە سەرەکییەکانى هەرێمى کوردستان هەیە، ئەم ماوەیەى بۆ بانگەشەى هەڵبژاردنیش تەرخانکراوە، جۆرى پڕوپاگەندە و بانگەشەى هەڵبژاردن لە ململانێى دیموکراسى و خستنەڕووى پلان و بەرنامەى حوکمڕانییەوە گۆڕاوە بۆ شەڕەجنێو و چاوسوورکردنەوە لەیەکترى، کە ئەگەر لە باشترین حاڵەتیشدا هەر لەم شەڕە جنێوە رابوەستێت و نەگوێزرێتەوە بۆ شەڕ و پەلامارى سەربازی، بەڵام وادەکات دواى هەڵبژاردن بە ئاسانى نەتوانن لەسەر مێزى گفتوگۆ کۆببنەوە بۆ دروستکردنى حکومەتێکى نوێ بۆ بەڕێوەبردنى هەرێمى کوردستان. بەمەش هەرێمى کوردستان پێدەنێتە نێو قۆناخێکى ئاڵۆزتر و قەیراناویی زیاترەوە.
هێشتا نازانرێت رووداوەکان کەى عێراق پەلکێشى نێو جەنگ دەکەن، وەک ئەگەرێک دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگیرێت رەنگە زوو ئەوە رووبدات، ئایا عێراق کەوتە حاڵەتى شەڕەوە هەرێمى کوردستان دەتوانێت هەڵبژاردن بکات؟ با گریمانەى ئەوە بکەیت هەندێک درەنگتر رووداوەکان یەخە بە عێراق دەگرن و هەرێمی کوردستان دەتوانێت هەڵبژاردنێکى سەرکەوتوو بکات، بەڵام کە نەتوانرێت حکومەتێکى نوێ بۆ هەرێمی کوردستان پێکبهێندرێت و عێراق لەو کاتەدا کەوتە نێو شەڕەوە، هەرێمی کوردستان چى دەکات یا چى بەسەر دێت؟
هاوکات لەگەڵ ئەگەر و پێشهاتەکانى جەنگى ئیسرائیل، بۆ رێگریکردن لەهەر دەستکەوتێک بۆ کورد لە ئەگەرى گۆڕانکارى لە ناوچەکە، مەترسى کردنەوەى بەرەیەکى فراوانترى دیکەى جەنگیش دەکرێت لەلایەن تورکیاوە دژ بە پەکەکە لە باشوور و رۆژئاواى کوردستان. کە ئەمەش ئەوە لە هێزە سیاسییەکان دەخوازێت ئێستا لە هەموو کات زیاتر خەریکى خۆ مشتوکاڵکردنەوە و رێکخستنەوەى پەیوەندییەکانى نێوانیان و بەهێزکردنى کوردستان بن.
بەڵام بەداخەوە دڵنیام حیزبەکان بیر لەمانە ناکەنەوە و هەموو سەرنجێکیان لەسەر شکاندنى یەکترە، بێئاگان لەوەى بەهۆى ئێوەوە خەریکە کوردستان دەشکێت. هیوادارم پەتاى رک و کینە لەیەکتر بەریاندات و بیر لەوە بکەنەوە لەنێو چ هاوکێشەیەکى ئاڵۆزدان و لە دەوروبەرمان چى دەگوزەرێت. یا ئەوەتا پرۆسەى هەڵبژاردن راگرن، یاخود بەشى ئەوەى تێدا بهێڵنەوە سبەینێ بتوانن پێکەوە کوردستان لەو قۆناخە چاوەڕوانکراوە پڕ لە گۆڕانکارییەى ناوچەکە بپارێزن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ