جیاوازیی چوار ملیار دۆلار؛ ئەمەیە ژمارەی فەرمیی داهاتی نەوت لە عێراق

05-02-2024
مەحموود بابان @MahmoodBaban2
A+ A-
بەرایی
 
جیاوازییەکی ملیار دۆلاری لەنێوان راپۆرتی وەزارەتی دارایی عێراق و راپۆرتەکانی سۆمۆ و وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ داهاتی نەوت هەیە، بەشێوەیەک ئەو جیاوازییە لە ساڵی 2023ـدا دەگاتە سەرووی چوار ملیار دۆلار، ئەمە سەرەڕای جیاوازییەکی 48 ملیۆن دۆلاری لەنێو داتای سەرەتایی و کۆتایی خودی سۆمۆ، بۆ داهاتی نەوتی هەناردەکراو.  
 
رۆژی 28ـی کانوونی دووەمی 2024، وەزارەتی نەوتی عێراق داتاکانی کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمی 2023ـی بۆ نەوتی هەناردەکراو و بڕی داهاتەکەی بڵاوکردەوە، بەوەش لە ساڵی رابردوودا کۆی نەوتی هەناردەکراو بەبێ هەرێمی کوردستان یەک ملیار و 232 ملیۆن و 170 هەزار و 321 بەرمیل بووە، کە کۆی گشتیی داهاتەکەی بە دۆلار 97 ملیار و 569 ملیۆن دۆلارە، بەڵام بەپێی وەزارەتی دارایی، کۆی داهاتەکانی نەوت و سامانە سرووشتییەکان 121 تریلیۆن دینار یان 93 ملیار و 416 ملیۆن دۆلار بووە، واتە جیاوازی ئەم دوو وەزارەتە بۆ داهاتی نەوت چوار ملیار و 153 ملیۆن دۆلارە. 
 
ئەم جیاوازییەی سەرەوە ئەگەر بە دیناریش لێکدانەوەی بۆ بکەین، ئەوا بۆ ساڵی رابردوو بەپێی وەزارەتی نەوت کۆی گشتیی داهاتەکە (ئەگەر یەک دۆلار بە 1300 دینار دابنێین) سەروو 126 تریلیۆن دینارە، واتە لێرەشدا سەرووی پێنج تریلیۆن دینار جیاوازی هەیە. 
 
داهاتی نەوت رێژەی 95%ـی داهاتی دەوڵەتی عێراق پێکدەهێنێت و بەپێی راپۆرتە فەرمییەکانی حکومەتی فیدراڵیی عێراق خۆی، جیاوازیی گەورەی لەو ژمارانەدا هەیە، کە وەزارەتی دارایی لە راپۆرتی داهات و خەرجییەکانی مانگانەدا بۆ نەوت دەیخاتەڕوو. بۆ نموونە بەپێی راپۆرتەکەی وەزارەتی دارایی عێراق؛ بۆ مانگی ئەیلوولی 2023، داهاتی نەوت سەروو شەش ملیار دۆلار زیاترە لەوەی کە وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ ئەو مانگە بڵاویکردووەتەوە.  
 
جیاوازیی ژمارەکانی سۆمۆ لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق
 
کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، هەموو مانگێک لە سەرەتا و نێوەڕاستی مانگەکەدا داهاتی نەوت و بڕی نەوتی هەناردەکراو و نرخەکەی بۆ هەر بەرمیلێک (بۆ مانگی پێشوو) بڵاودەکاتەوە. بۆ نموونە بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق و (سۆمۆ) لە 2023ـدا و لە راپۆرتی سەرەتایی مانگانەدا، کۆی نەوتی هەناردەکراو یەک ملیار و 232 ملیۆن و 170 هەزار و 321 بەرمیل بووە، داهاتەکەی 97 ملیار و 521 ملیۆن دۆلارە، بەڵام لە راپۆرتی کۆتایی کۆی نەوتی هەناردەکراو تەنیا 195 بەرمیل نەوت کەمیکردووە، کەچی بە دۆلار 48 ملیۆن دۆلار کەمیکردووە، وەکو لە خشتەی یەکەم دا هاتووە. 
 
 
 
خاڵێکی دیکە لە داتاکانەوە، جیاوازیی نێوان وەزارەتی دارایی و وەزارەتی نەوتە بۆ ژمارەکانی داهاتی نەوت، ئەمە سەرەڕای جیاوازی داهاتەکە ئەگەر بە دۆلار یان دینار بێت. بۆ نموونە وەکو لە گرافیکی خوارەوەدا هاتووە، جیاوازییەکە بەشێوەیەکە هەموو مانگێک لەنێوان 500 ملیۆن دۆلار بۆ 2 ملیار دۆلاردایە.
 
ئەوەی بەڕوونی لە ژمارەکان دەردەکەوێت بەردەوام داهاتی وەزارەتی نەوتی عێراق زیاتر بووە لە وەزارەتی دارایی، بەڵام لە مانگی ئەیلوولدا، بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی، داهاتی نەوت بەرزدەبێتەوە و دەبێتە 15.11 ملیار دۆلار، لەکاتێکدا لەو مانگەدا بەپێی وەزارەتی نەوتی عێراق، داهاتی نەوت 9.42 ملیار دۆلار بووە. 
 
 
تێبینی 1: نرخی یەک دۆلار بە 1300 دینار دانراوە لە تەواوی مانگەکانی 2023ـدا، بەڵام مانگی یەک نرخی 1 دۆلار بە 1450 دینار وەک بانکی ناوەندی دانراوە.
 
تێبینی 2: * خەمڵاندن بۆ داهاتی نەوت و سامانە سرووشتییەکان بۆ مانگی 12 لە داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق کراوە، چونکە وەزارەتی دارایی عێراق هێشتا راپۆرتی داهات و خەرجییەکانی مانگی کانوونی یەکەمی 2023 بڵاونەکردووەتەوە. 
 
کۆتایی
 
راستە داتاکان لە عێراق بەردەستن و دەخرێنەڕوو، بەڵام لێکدانەوەیان قورسە، چونکە دوو هێندەبوونی داهاتی نەوت و سامانە سرووشتییەکان لە مانگی ئەیلوولی 2023 وەک لە راپۆرتەکەی وەزارەتی دارایی عێراقدا هاتووە، هەڵەیەک نەبووە و لە مانگەکانی دیکەدا راستکرابێتەوە یاخود دوو مانگ پێکەوە هەژمار کرابێت، بەڵکو بەهەمان شێوە لە راپۆرتەکانی مانگی 10 و مانگی 11 هاتووە و، نازانرێت ژمارەکانی خەرجی و داهات لە راپۆرتی مانگی 12ـدا چۆن دەبن.
 
لێرەدا بە 1300 دینار وەک بانکی ناوەندی هەژمار کراوە و بەراوردی داتاکان کراوە.
 
ئەگەر بگوترێت وەزارەتی نەوت خەرجییەکانی کۆمپانیا خزمەتگوزارییەکانی لێ دەردەکات ئینجا ئەوەی وەزارەتی دارایی وەک سافی لە داهاتی نەوتەوە بۆ خەزینەی دەوڵەت دەگەڕێنێتەوە، ئایا ئەو خەرجییە نابێت لەنیو راپۆرتی خەرجییەکانی وەزارەتی داراییدا هەبێت؟ ئەگەر بەوشێوەیە بێت، ئەی ئەو 2.3 تریلیۆن دینارە بۆ کوێ رۆیشتووە، کە تاوەکو کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی 2023 بۆ وەزارەتی نەوت خەرجکراوە؟
 
 
تێبینی: خەمڵاندن بۆ داهاتی نەوت و سامانە سرووشتییەکان بۆ مانگی 12 لە داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق کراوە.
 
جیاوازییەکە تەنیا لەنێوان ژمارەی وەزارەتەکاندا نییە و تەنیا بۆ ساڵی رابردوو نەبووە، بەڵکو لەساڵی 2022ـدا جیاوازییەکە سەروو 9.62 ملیار دۆلارە و لەساڵی 2023ـدا کەمبووەتەوە بۆ 4.4  ملیار دۆلار.  
 
لە راستیدا، پێویستە وەزارەتی دارایی عێراق وەڵامی ئەو جیاوازییانە بداتەوە و لیژنەی دارایی پەرلەمانیش بەدواداچوونی بۆ بکات، ئەمەش سەرەڕای راستکردنەوەی داهاتی نەوت و سامانە سرووشتییەکان لە راپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی. پێویستە ژمارەکان تەنیا بۆ بڵاوکردنەوە نەبێت و جیاوازی سفرەکان، خانەکانی دەیان، سەتان و هەزارانی تێدا رەچاوبکرێت. 
 
ئەگەر هەڵەی ژمارەکان بێت، ئەوا وەزارەتی دارایی عێراق تەنیا لە داهات و خەرجییەکانیشدا ئەم هەڵەیەی نییە کە خراوەتەڕوو، بەڵکو لە بودجەی 2023ـدا بە تریلیۆن دینار جیاوازی هەبوو. سەرەڕای ئەوەی ئەوانەش خرانەڕوو، بەدواداچوون و راستکردنەوەیان بۆ نەکرا! ئەگەر ئەو جیاوازییەی لە بودجەدا هەبوو بەسەر هەموارەکەی ئەمساڵیشدا لە وەزارەتی دارایی و پەرلەمان تێپەڕێت، ئەوا ئەو گوتەیە راست دەبێت دەگوترێت 'بودجەی عێراق تەنیا لەسەر کاخەزە.' چونکە بڕیاربوو لە 2023ـدا سەرووی 199 تریلیۆن دینار خەرجی بێت، کەچی دوای 11 مانگ، 109 تریلیۆن دینار بووە. 
 
لەکۆتاییدا، ئەم جیاوازییە بۆ هەر هۆکارێک بگەڕێتەوە ئەوا پێویستە لە راپۆرتەکانی وەزارەتی نەوت یان وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بۆ بکرێت، چونکە جیاوازییەکە چەند سەد دینار و دۆلارێک نییە، بەڵکو باسەکە ملیاران دۆلار و تریلیۆن دینارە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کاوە ئەمین

بە عەرەبکردنی کوردستان لە سووریا

ئەوەی کە جێگەی سەرسووڕمانە ئەوەیە لەکاتێکدا ئێمە باسی مێژووی 60 بۆ 70 ساڵ پێش ئێستا دەکەین، کەچی ئەو مێژووانە بەشێوەی دیکە و لە فۆڕمی دیکەدا لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان دا خۆیان دووبارە دەکەنەوە، ئەم جارەیان بە ناوی ئایین و مەزهەب و عروبەوە، کورد و گەلانی ناوچەکە لە شوێنی خۆیان راودەنرێن و لە هەندێک شوێن دا جینۆسایدیش دەکرێن، بەتایبەتی کورد لە هەمووان زیاتر لەژێر مەترسیدایە و هەڕەشەی لێدەکرێت، کەچی هێشتا وانەمان لە رابردووی خۆمان وەرنەگرتووە، هێشتا هەر یەکە و لە ئاوازێک دەخوێنین.