ئەگەر کابینەی 10 کەمێک لەو چانسەی هەبوایە کە خانووی ژمارە 10ی شەقامی داونینگ لە لەندەن هەیەتی، لەپێش ئەوانەوە، بە سەرۆکوەزیران شاد دەبوو، بەڵام وادیارە ژمارە 10 لە کوردستان ئەو چانسەی نییە.
ئەوە بەریتانیایە و رەنگە بڵێن زۆرمان ماوە، هەرچەندە بەم قسەیە رازی نیم، بەڵام با هەندێ نزیک ببینەوە، ئەگەر لە نوێترین پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە، لە کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێدانی رۆڵ بە پەرلەمان بڕوانین، ئەوە دەبوو ئەو یاسایەی کە پەرلەمانی تورکیا دەیەوێت بیخاتە نێو گفتوگۆکانی، بەر لەوە لە پەرلەمانی کوردستان نەخشەڕێی بۆ دابنرایە، بەڵام رەنگە ئێستا پێچەوانە ببێتەوە، یاساکەی پەرلەمانی تورکیا، پەرلەمانی کوردستان ناچار بە کاراکردنەوە بکات، ئەمەش ئامانجی ئەم نووسینە نییە، بەڵکو ئامانجەکە سوود وەرگرتنە لە پەیامەکەی ئۆجەلان کە رۆڵی گەورەی داوە بە پەرلەمان.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە نوێترین پەیامیدا نەخشەڕێگایەکی نوێ بۆ چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا دەخاتەڕوو، کە جەخت لەسەر "برایەتیی کورد و تورک" و گواستنەوەی کێشەکە بۆ "زەوینەیەکی یاسایی" دەکاتەوە. هەرچەندە ئەم پەیامە خوێندنەوەیەکی قووڵی دەوێت، چونکە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە تێڕوانینی ئۆجەلان و ستراتیژی سیاسیی بزووتنەوەکەی نیشان دەدات. (ئەوەیان بۆ کەسی شارەزا جێدەهێڵم).
ئۆجەلان، پەنا بۆ مێژووی هاوبەشی کورد و تورک لە ئەنادۆڵ دەبات، بۆئەوەی پێکەوە لە نێو دەوڵەتێکدا بژین، وەکو دەڵێت: "ئەگەر تورک لە کورد جیا بکەیتەوە کورد نامێنێت، ئەگەر کورد لە تورک جیا بکەیتەوە تورک نامێنێت." ئەمە ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەوەی چارەسەری لە جیابوونەوەدا نییە، بەڵکو لە ژیانی هاوبەش و قبووڵکردنی یەکدیدایە. کەچی تازە بە تازە لە هەرێمی کوردستان سنوورەکانی دووبەرەکی و دوو ئیداریی و تەنانەت هەندێجار دوو هەرێمیی تۆخ دەکرێنەوە، رەنگە ئامادەکاریشی بۆ کرابێت.
گرنگترین بەشی پەیامەکەی ئۆجەلان داواکارییەکە بۆ "بونیادنانی زەوینەیەکی یاسایی". ئۆجەلان، داوا دەکات کێشەکان لە چوارچێوەی یاسا و دەستووردا چارەسەر بکرێن و مافەکان بە شێوەیەکی یاسایی بچەسپێندرێن. ئەمە واتای گواستنەوەی ململانێکە بۆ نێو پەرلەمان و دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت دێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان تازە دەیانەوێت ململانێکان بگوازنەوە بۆ ئەنجوومەنی سیاسیی حیزبەکان و پێکهێنانی مەجلیسی حیزبی لەجێی پەرلەمان.
ئۆجەلان پەنا دەباتە بەر "کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیا" پەیامەکەی لە چوارچێوەی هەوڵێکی فەرمیی نێوخۆی تورکیادا دادەنێت، نەک وەک داواکارییەکی دەرەکی. کەچی لە هەرێمی کوردستان چاوەڕێێ دەستێکی میهرەبانیی دەرەکین بێت و پارتی و یەکێتی رێکبخات و پێێان بڵێت بڕۆن کارەکەتان تەواوبکەن، هەرچەند وەکو بیستوومە ئەو ماوەیە ئەم دەستە دەرەکییە سەرقاڵی کاری دیکە و پرۆژەی دیکەیە رەنگە زۆر نەیپەرژێتە سەر ئەم ناکۆکییە حیزبیانەی یەکێتی و پارتی.
پەیامەکەی ئۆجەلان، گۆڕانێکی ستراتیژییە لە بیرکردنەوەی سیاسیی ئەودا. ئۆجەلان لە رێبەرێکی شۆڕشگێڕی چەکدارییەوە بووەتە کەسایەتییەکی سیاسی کە هەوڵی چارەسەری لە چوارچێوەی دەوڵەتی تورکیادا دەدات. ئەو چیتر داوای دەوڵەتی سەربەخۆ ناکات، بەڵکو داوای "کۆمارێکی دیموکراتیک" دەکات کە تێیدا کورد و تورک "بە یەکسانی و ئازادی پێکەوە بژین."
هەقوایە، کورد لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی حیزبە دەسەڵاتدار و باڵادەستەکان، بەرلەهەر کەس ئەم پەیامە وەربگرن، خۆیان چارەسەری کێشەکان بکەن، وەکو ئەو پرۆژەیە لەسەری رێکەوتوون بۆ بەڕێوەبردنی حکومەت لێی پەشیمان نەبنەوە و وردە دەستکەوت و هەندێ وەزارەت بکەن بە قوربانی یەکریزی و خزمەتی میللەت.


.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)