کۆتایی ئێرانی پێش ژینا ئەمینی

04-11-2022
مەجید نیزامەدین گلی
مەجید نیزامەدین گلی @MajeedGly
A+ A-
 
بەڵێ، ئەمە سەرەتای کۆتاییە. ئیدی گەڕانەوە بۆ دۆخی پێش خۆپێشاندانەکان ئەستەمە. بە رێکەوت نییە کە سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن رایگەیاند "نیگەران مەبن، ئێران ئازاد دەکەین. بەمزووانە [ئێرانیەکان] خۆیان ئازاد دەکەن." من لێرە باسی ئەوە ناکەم کە ئەو پێشبینییەی جۆ بایدن راستە یان نا، بەڵکو باسی ئەو راستییە نوێیانە دەکەم دەربارەی پێگەی نوێی ئێران لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆش کە وایکردووە سەرۆکی ئەمریکا بتوانێت بەو جۆرە باسی ئێران بکات. 
 
باسی ئاماژەی نێودەوڵەتی دەکەم کە رەنگدانەوەی باوەڕی نوێی بڕیاربەدەستانی واشنتن و تارانیشە کە ئەمەی روودەدات گۆڕانکارییەکی گەورەیە. لە کاتێکدا زەحمەتە بە وردی بزانین لە ناو ئێران چی روودەدات، سێ پێشهاتی دەرەکیی ئەم هەفتەیە ئاماژەی بەهێزن کە ئێرانی پێش ژینا ئەمینی کۆتاییهاتووە و تاران و واشنتن بەگوێرەی ئەو راستییە دەستیان کردووە بە رەفتارکردن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی:  
 
یەکەم: راپۆرتی هەواڵگریی ئەمریکا و سعودیەیە لەبارەی ئامادەکاریی ئێران بۆ هێرش لە دژی سعودیە و هەرێمی کوردستان. 
 
دووەم: ئەم هەفتەیە بۆ یەکەم جار ئیدارەی بایدن بەئاشکرا دەڵێت، "ناگەڕێینەوە دانوستاندنی ئەتۆمی." 
 
سێیەم: لەم هەفتەیە، گومان لای ئەمریکا و ناتۆ نەما کە ئێران بە تەواوی لە بەرەی مۆسکۆیە و قەبارەی پابەندیی ئێران بە پشتگیریی سەربازیی رووسیا گەورەتر و کاریگەرترە لەوەی پێشبینی دەکرا. 
 
پێشهاتی یەکەم ئاماژەیە بە شپرزەیی تاران. هێرشکردنە سەر سعودیە بژارەیەکی نیمچە-خۆکوژییە. تەنها کەسێک بیر لەو جۆرە بژارەیە دەکاتەوە کە هەست بکات بژارەی دیکەی لە پێش نەماوە و نەخێر، ئەوە تەنها هەڕەشەیەکی ئێرانی بەتاڵ نییە.سەرچاوەیەکی ئەمریکی دەڵێت، ئێرانیەکان ئامادەکارییان کردووە و هیچ ئاماژەیەک نییە لەو ئامادەکارییانە پەشیمان بووبنەوە. هەولێر و سعودیە ئامانجی گورزێکی سەربازیی ئێرانی چاوەڕوانکراوە و، لێرە گومان نییە کە باجی لێدانی سعودیە لە لێدانی هەولێر زۆر زیاتر دەبێت. 
 
پێشهاتی دووەم رەنگدانەوەی باوەڕی واشنتنە کە ئەمەی لە ئێران روودەدات کاتی نییە و دەکرێت دەرئەنجامی گەورەی هەبێت. پێش ئەم هەفتەیە بەرپرسانی ئیدارەی بایدن بە دوودڵی باسی ئەگەری نەگەڕانەوەیان دەکرد بۆ دانوستاندنە ئەتۆمییەکە. لەوە گرنگتر، تاوەکو پێش ئەم هەفتەیە دانوستاندنە ئەتۆمییەکە هەر ئەولەویەتی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بوو لەبارەی ئێران. بەڵام ئەم هەفتەیە ئەوە گۆڕا. بەرپرسی یەکەمی فایلی ئێران لە ئیدارەی بایدن بە ئاشکرا دەڵێت، "ئێمە کات بەفیڕۆ نادەین" بە دانوستاندنی ئەتۆمی. 
 
بەرپرسێکی باڵاتری دیکەی ئیدارەکە بێ ئەوەی ناوی ئاشکرا بکرێت بە رۆژنامەی (وۆڵ ستریت جێرناڵ) دەڵێت، تەواو ئیدی سەرنجی ئەمریکا لەسەر دوو خاڵە: خۆپێشاندانەکان و رۆڵی ئێران لە شەڕی ئۆکرانیا. بە منیان گوت، ئەو بەرپرسە کێیە و بۆچی ئێستا ئەم قسەیە دەکات. ئەگەر دەپرسیت بەبێ رێککەوتننامەی ئەتۆمی، پلانی ئەمریکا چییە بۆ رێگەگرتن لە دروستبوونی بۆمبی ئەتۆمیی ئێرانی؟ وەڵامەکە: سەربازییە. بەڵێ، ئیدارەی بایدن خەریکی پلاندانانە بۆ گورزی سەربازی، ئەگەر ناچار بکرێت. ئەمەش ئاماژەیە کە ڕادەی بێمتمانەیی ئەمریکا بە کۆماری ئیسلامی و هەروەها داهاتووی گەشتووەتە ئاستێکی زۆر کەم. 
 
ئەمەش دەمهێنێتە سەر ئەوەی بۆچی پێشهاتی سێیەم گرنگە کە لە سەرەوە ئاماژەم پێکردووە. لەوانەیە پێتوابێت کە ئێران و رووسیا هەر لە زووەوە بەهەمان ئاست هاوپەیمانن و ئەم پشتگیرییەی تاران بۆ مۆسکۆ لە شەڕی ئۆکراینا هەر لە سەرەتاوە بەهەمان ئاست بووە، بەڵام وا نییە. ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و پشتگیریی لۆجستی شتێکە، پابەندبوون بە ناردنی مووشەکی بالیستی و چەکی ستراتیژیی یارییەکی دیکەیە. 
 
ئەم پابەندبوونە قووڵەی ئێران بە مۆسکۆ تەمەنی لە چەند هەفتەیەک زیاتر نییە. سەرچاوەیەکی ئەوروپی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەڵێت، زۆر روونە کە پابەندبوونی تاران بە مۆسکۆ بەم رادەیە پێشهاتێکی نوێیە و، تاران دەزانێت باجی ئەم پابەندبوونە بە مۆسکۆ گورزێکی بەهێز دەبێت لە پەیوەندییەکانی بەتایبەتی لەگەڵ ئەڵمانیا و بەریتانیا کە تاوەکو ئێستا دوا هیوای تارانن بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی و دەستکەوتنی ملیاران دۆلاری ئەمریکی.  
 
ئێرانییەکان باش دەزانن کە ئامادەکاری بۆ ناردنی مووشەکی بالیستی بۆ رووسیا چ باجێکی قورسی دەبێت و دەبێتە دوا بزمار لە تابووتی رێککەوتننامەی ئەتۆمی، بەڵام وا دیارە سوورن لەسەر ئەنجامدانی ئەو هەنگاوە و بەردەوامن لە ئامادەکاری. بۆچی؟ تاوەکو ئێستا روون نییە. ئایا تاران لەو باوەڕەیە کە وەکو بەشار ئەسەد لەوانەیە پێویستی بە مۆسکۆ بێت بۆ سەرکوتکردنی شۆڕشێکی سەرتاسەری لە ئێران؟ جگە لەوە مۆسکۆ هیچ شتێکی دیکەی نییە کە تاران ئەوەندە پێویستی بێت کە ئاوا بەتەواوی و ئاشکرا خۆی بخاتە بەرەی رووسیاوە. 
 
هۆکارەکەی هەرچی بێت، دەرئەنجامەکەی روونە، تاران بەتەواوی دەچێتە بەرەی رووسیا لە شەڕێک کە ئەمریکا و ناتۆ بە "مان و نەمان" دەیبینن. خۆ رێکەوت نییە هەر لەم 24 کاژێرەی رابردوودا خەزانەی ئەمریکی و ئەڵمانی پێکەوە دەستیان کردووە بە هاوئاهەنگییەکی فراوان بۆ زیاتر سزادانی ئێران؟ یان نوێنەری بەریتانیا لە پڕ لەم هەفتەیە هاوسۆزی بۆ خۆپێشاندەران دەربڕی و دەیەوێت لە نەتەوە یەکگرتووەکان بابەتەکە زەقبکرێتەوە؟ ئەمە گۆڕانکارییەکی گەورەیە بۆ ئەوروپایەک کە نزیکەی 20 ساڵە لە پشت کامێراکانەوە هەوڵی بەهێزکردنی پێگەی نێودەوڵەتیی ئێران دەدات.  
 
تاوەکو ئێرە شرۆڤە بوو بە پشتبەستنی راستەوخۆ بە زانیارییەکان. ئینجا با من بۆچوون و پێشبینی خۆم بڵێم بەگوێرەی ئەوەی لێرە لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان دەیبیستم و گوێم لێدەبێت و هەستی پێدەکەم. 
 
بۆنی گۆڕانکارییەکی گەورە دێت. هیچ نەبێت، ئەمە سەرەتای کۆتایی ئەو کۆماری ئیسلامییەیە کە سێبەری بەسەر بەغدا و بەیرووت و دیمەشق و سەنعاوە زاڵە. 
 
- ئەگەر نەشڕووخێت، ناچارە ریفۆرمی گەورە بکات و لاواز دەربکەوێت و هەر سەرقاڵی دۆخی ناوخۆی بێت.  
 
- ئەگەر ریفۆرمی گەورەش نەکات، ناچارە هەوڵ بدات شەڕێكی دەرەکی هەڵبگیرسێنێت و قەیرانەکە بگوازێتەوە بۆ دەرەوە.
 
- ئەگەر ئەوەش نەکات، ئەوە ناچارە دەیان هەزار ئێرانی بکوژێت کە دەرئەنجامەکەی مەترسیی شۆڕشی سەرتاسەری و بە "سووریاکردنی" ئێران دەبێت. 
 
هەر سێ سیناریۆکە پڕە لە مەترسی بۆ مانەوەی سیستمەکە وەکو خۆی.  
 
بەڵام ئەوانەی شارەزای دۆخی ناوخۆی ئێرانن و فارسی دەزانن پێم دەڵێن یەک شت هەیە کە ئەگەری نییە و مەحاڵە بگەڕێتەوە دۆخی پێش ژینا ئەمینی: گەڕاندنەوەی ترسە بۆ دڵی چینی ناوەند لە ئێران. تەواو ترسەکە شکاوە و داواکارییەکان تەنیا ئابووری و سیاسی نین، بەڵکو لەبارەی خودی بەهاکانی کۆماری ئیسلامین. ئەگەر ئەم خۆپێشاندانەش ئەمڕۆ سارد بێتەوە، سبەی سەرهەڵدەداتەوە. کۆماری ئیسلامی پێش ژینا ئەمینی کۆتاییهات و ناگەڕێتەوە. 
 
وەکو لە سەرەوە باسم کرد و دەبینن، وا دیارە بڕیاربەدەستانی تاران و واشنتن لەسەر بنەمای ئەو راستییە نوێیە سیاسەت دەکەن. کاتی ئەوەیە سەرکردایەتیی کوردیش زوو درک بەو هاوکێشە نوێیە بکات کە خەریکە دروستدەبێت. گۆڕانکاری بەڕێوەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. نەزەند بەگیخانی

کێ دەبێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەرەنسا؟

خاتوو تۆندولیە دەمێکە لەناو کایەی سیاسی ناسراوە و لەسەر بنەمای لێدانی کەسانی دیکە دروست نەبووە، بەڵکو بەهۆی هەوڵ و ماندووبوون و لێهاتوویی خۆی گەیشتۆتە پایەکی سیاسیی شیاو و سەردەمییانە و ژینگەپارێز. ئەو خاتوونە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا وەک کەسایەتییەکی بوێر و زانا و پڕ وزە و توانا جڵەوی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی لە دژی بەرەی توندڕۆی لوپێن-یەکان گرتە دەست. لە کۆبوونەوە گشتییەکان، لەگەڵ جەماوەر، لە کەنالەكانی میدیا و لە دیدارەکانی بە جوانی و بە روونی و لەسەر بنەمای بەڵگە و راستییەکان ئایدیاکانی خۆی دەخستە ڕوو و باسی لە هەڕەشەکانی توندڕەویی و لوپێن-یەکان دەکرد. بۆیە هەرزوو بوو بە شوێنی سەرنجی هەمووان و ئەمڕۆش شایانی زۆری لێ دەنرێ. پسپۆڕ و میدیاکارانیش بە ئاشکرا و بە نهێنی دەڵێن خاتوو تۆندولیە یەکێکە نەک هەر لە گونجاوترین، بەڵکو لێهاتووترین کەسایەتی بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەڕەنسا.