کەی هەناردەکردنی نەوت بۆ بەندەری جەیهان دەستپێدەکاتەوە؟

02-10-2023
مەحموود بابان
A+ A-

بەرایی 

نێوەڕاستی مانگی رابردوو گفتوگۆ و هاتووچۆی زۆر لەنێوان لایەنە تەکنییەکانی هەولێر - بەغدا  - ئەنقەرە هەبوو بۆ گەیشتنە رێککەوتن و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە. هەر لەو رۆژانەدا، کۆبوونەوەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت IOC بەڕێوەچووە و تێدا داواکراوە لە کۆمپانیاکان ئامادەکاری بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی بۆری جەیهانەوە بکەن، هەربۆیەش لەم رۆژانەدا کارمەندی تەکنیک کاری کۆمپانیاکان بانگهیشتکراونەتەوە. 
 
هەرچەندە کات و رۆژ دیارینەکراوە، بەڵام بەپێی گفتوگۆکان بووبێت، زۆرناخایەنێت کە نەوت هەناردە دەکرێتەوە.
 
ئەم گفتوگۆیانەش لەدوای گوتەکانی محەممەد شیاع سوودانی لە نیویۆرک (20-9-2023) هات کە ئاماژەی بەوەکرد "ئامادەیە بۆ خێرا هەناردەکردنەوەی نەوت و جیاکردنەوەی کەیسە یاساییە بەردەوامەکانی نێوان عێراق و تورکیا لە بابەتی هەناردەکردنەوەی نەوت." 
 
ئێستا رۆژانە و بەتێکڕا لە 13 کێڵگەی نەوت و کێڵگەی گازی کۆرمۆر کە نەوتی کۆندینسەیت لەگەڵ گاز بەرهەمدەهێنرێت، ئاستی بەرهەمهێنان گەیشتووەتە نزیکەی  220 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە کە هەناردەی پاڵاوگە نیوخۆییەکان دەکرێت و لەنێوخۆدا دەفرۆشرێت. 
 
بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوە تەکنیکییەکان و کۆبوونەوەکانی دیکەی نێوان لایەنە جیاوازەکانی پیشەسازیی نەوتی هەرێمی کوردستاندا، هەموو ئاراستەی گفتوگۆکان بەرەو کردنەوەی قوفڵی بۆریی هەناردەکردنی نەوت بووە لەڕێگەی بۆری جەیهانەوە، بەڵام دوو پرسی سەرەکی لە پەیوەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت لەئارادایە، یەکەمیان ئەوەیە کە ئایا کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بەو بڕەی عێراق وەک خەرجی بەرهەمهێنان بۆی دیاریکردوون رازی دەبن یان نا؟ دووەمیشیان لایەنە تەکنیکییەکانە کە بەهۆی ئەوەی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بە سرووشتی نەوتەکە سەرناکەوێت و پێویستی بە ترۆمپایە (پەمپ) بۆ دەرهێنان، ئەوا بەلایەنی کەمەوە، دووبارە بەرهەمهێنانی نەوت پێویستی بە یەک تاوەکو سێ هەفتە دەبێت.
 
لێرەدا هەڵوەستەیەک لەسەر ئەگەرەکانی هەناردەکردنەوی نەوت و ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکان بۆ نێوخۆ دەکەین و سەرنجی سەرەکی لەسەر ئەو پرسیارە دەبێت کە بۆچی پێویستە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بۆری جەیهانەوە دەستپێبکاتەوە؟ 
 
کەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە؟
 
دوای زیادبوونی ناکۆکییەکان لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی 2023ی عێراق و چارەسەرکردنی بەشێوەی قەرز لەلایەن محەممەد شیاع سوودانییەوە پێش سەفەرەکەی بۆ نیویۆرک و گەیشتنی 500 ملیار لەو 700 ملیارەی کە بۆ مانگانە دانراوە، دانوستاندنی چڕی سێ لایەنی تەکنیکیی کۆمپانیای سۆمۆ، بۆتاشی تورکی و سامانە سرووشتییەکان لە نێوەڕاستەکانی ئەیلوولی 2023دا بەڕێوەچوو.
 
بەپێی زانیارییەکان لە کۆبوونەوە تەکنیکییەکەی نێوان ئەو سێ لایەنە دا  بابەتی سەرەکی گفتوگۆکان "کرێی بۆری گواستنەوە، بڕ و کوالێتیی نەوتی هەناردەکراو، کەمترین بڕی هەناردەکردن، هەناردەکردنی نەوتی ئەمبارکراو لەگەڵ پابەندییەکانی هەردوو لایەن بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت بووە." 
 
هەروەها، ئاڵپ ئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا لەکاتی دانوستاندنەکانی هەر سێ لایەنەدا گوتی "کێشە تەکنیکییەکانی بۆری نەوتی کوردستان-جەیهان چارەسەر کراون و بەمنزیکانە، بۆرییەکە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت ئامادە دەبێت."
 
زیاتر لە شەش مانگ و شەش رۆژە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکوک لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە راگیراوە، کە رۆژ بە رۆژ زیانەکانی بۆ هەموو لایەنەکانی نێو ئەم پرۆسەیە زیادی کردووە، بەشێوەیەک کە ئەو بڕەی رۆژانە لەو بۆرییەوە هەناردەکراوە، بەتێکرای نرخی نەوتی عێراق دەگاتە سەروو 7 ملیار دۆلار و بە نرخی نەوتی برێنت دەگاتە سەروو 7.3 ملیار دۆلار و وەکو ئەو بڕەشی لە بودجەی 2023ی عێراقدا هاتووە، دەگاتە 6.3 ملیار دۆلار، کە ئەم بڕەش بەهەرشێوەیەک بێت زیانە بۆ هەر سێ لایەنەکە پێکەوە. 
 

ئاستی بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان چەندە؟
 
لە هەرێمی کوردستان لەکۆی 57 کێڵگە و بلۆکی نەوتی، تەنیا لە 13 کێڵگەی نەوت و یەک کێڵگەی گازیدا بەرهەمهێنانی نەوتی کراوە، یاخود پێش بەستنەوەی قوفڵی بۆری هەناردەکردنی نەوت لەرێگەی جیهانەوە تێیاندا نەوت بەرهەمدەهات. بەپێی بەدواداچوونەوەکان وەکو لە وێنەی 1دا هاتووە، لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان، 13 کێڵگەی نەوتی و 1 کێڵگەی گازی، کە ئێستا تەنیا لە 9 کێڵگە بەرهەمهێنانی نەوت بە کەمترین ستاف و بەرهەمهێنانی نەوت بۆ نێوخۆ کار دەکەن.
 
خاڵێکی سەرنجڕاکیش نرخی ئەو نەوتەیە کە بە بازاڕەکانی نیوخۆ و پاڵاوگەکان دەفرۆشرێت کە بەپێی بڵاوکراوەی کۆمپانیاکان لەنێوان 30 -45 دۆلار، بۆ نموونە بەپێی بڵاوکراوەی ئیچ کەی ئین، لە چارەکی دووەمی 2023 یاخود سێ مانگی 4،5 و 6 دا تیكڕای نرخی فرۆشتنی بەرمیلێک بە 41.47 دۆلار بووە، لەکاتێکدا لەو ماوەیەدا تێکڕای نرخی نەوتی هەناردەکراوی عێراق 73.76 دۆلار بووە بۆ هەر بەرمیلیک و تێکڕای نرخی برێنت 78.31 دۆلار بووە بۆ هەر بەرمیلێک.

 

 
بەپێی داتا کۆکراوەکان کێڵگەی خورمەڵە بەمدواییە زۆرترین ئاستی بەرهەمهێنانی دەستپێکردووەتەوە کە 85 هەزار بەرمیل نەوتە لە رۆژێکدا، بەدوایدا کۆمپانیای دی ئین ئۆ دێت کە 40 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیە وەکو لە خشتەی 2 دا هاتووە. هەروەها، کەمترین ئاستی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی نەوتی هەولێرە کە رۆژانە 607 بەرمیل نەوتە. 
 
بەپێی لێدوانی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بێت، ئێستا رۆژانە هەرێمی کوردستان 85 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغداد دەکات، واتە لەکۆی ئەو 220 هەزارەی ئێستا بەرهەمدێت، 134 هەزار بەرمیل نەوت دەمێنێتەوە، کە بەپێی راگەیاندراوی ئیچ کەی ئین، گەڵف کیستۆن و دی ئین ئۆ لەنێو بازاڕی نیوخۆدا دەفرۆشرێنەوە. 
 
لەڕاستیدا، دیوێکی دیکەی ئەم زیادبوونەی بەرهەمهێنانی نێوخۆیی پەیوەستە بە بەرهەمهێنان بۆ پاڵاوگە نێوخۆییەکان کە توانای پاڵاوتنی رۆژانەیان دەگاتە نزیکەی 335 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا، بەمدواییەش پاڵاوگەی دووکان بۆماوەی نزیکەی دوو ساڵ لە وەستابوو، لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە کارمەندەکانی بانگ کردەوە بۆ کارکردن، کە توانای پاڵاوتنی رۆژانەی 20 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە و ئێستا رۆژانە بەتێڕا نزیکەی 12 هەزار بەرمیل نەوت دەپاڵیوێت. 
 
 
تێبینی: لەوانەیە تێکڕای رۆژانە بۆ هەندێک لە کێڵگە نەوتییەکان گۆڕانکاری بەسەردابێت بەهۆی بەرهەمهێنان نەوت بۆ نێوخۆ و پاڵاوگە نێوخۆییەکان، کە ئەویش زیاتر یاخود کەمتر بێت لەو ژمارەیەی لێرەدا هاتووە. 
 
بەپێی زانیارییە کۆکراوەکان ئێستا ئاستی بەرهەمهێنان لەلایەن کۆمپانیای دی ئین ئۆ بەرزبووەتەوە بۆ 60 هەزار لە رۆژێکدا، لەو کێڵگانەی بەڕێوەدەبات، بەڵام بەپێی دوایین بڵاوکراوەی کۆمپانیاکە لە 17ی ئاب 2023دا ئاماژە بە بەرهەمهێنانی 40 هەزار رۆژانە دەکات. 
 
کۆتایی
 
لەوانەیە لە نێوەڕاستی ئەم مانگە یاخود کۆتاییەکانیدا، ئەو کۆمپانیایانەی کە بەرهەمهێنانیان پەیوەستە بە هەناردەکردنەوەی نەوت لەڕێگەی بۆری جەیهانەوە دەستبکەنەوە بە کارکردن، ئەویش دوای دەرکەوتنی ئاماژەکان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک بۆ بەندەری جەیهان، ئەگەر پێشهاتی نوێ لە دانوستاندنەکان نەیەتە ئاراوە، چونکە ئێستا عێراق و تورکیا سەنگەری دادگایان لە یەک گرتووە بۆ قەرەبووکردنەوە، ئەویش لە بڕیارەکەی دادگای پاریسەوە دێت کە قەرەبووی مادی بۆ هەردوو لایەن داناوە و ئاماژەی بەوەکردووە کە سوو دەچێتە سەر قەرەبووەکە، ئێستا تورکیا بەشێوازێک و عێراقیش بەشێوازێک لێکدانەوەی بۆ دەکات. 
 
لەڕاستیدا هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و ئاگادار کردنەوەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان لە هەرێمی کوردستان بۆ بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی لەڕێگەی بۆرییەوە پەیوەستە بە دوو خاڵی سەرەکییەوە، یەکەمیان ئەوەیە کە بەغدا ناتوانێت مانگانە ئەو 1.3 تریلۆن دینارەی لە بودجەدا دانراوە بنیرێت بۆ هەرێمی کوردستان، بەبێ بەشداریی هەرێمی کوردستان لە دابینکردنی ئەو بڕەی وەک بەشداریی لە کۆی داهاتی عێراق هاتووە. دووەمیان پەیوەستە بەشێوازی کارکردنی کۆمپانیا نەوتییەکانەوە، چونکە ئێستا خەریکن رازی دەبن بەوشێوازەی ئێستا بۆ نێوخۆ بەرهەمهێنان بکەن  نەک بۆ هەناردەکردنەوی بۆ بازاڕەکانی جیهان، چونکە عێراق شەش دۆلاری داناوە وەک حەقدەستی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت، لەکاتێکدا ئێستا هەر چۆنێک بێت دوو هێندە و زیاتری ئەو بڕەیان بۆ دەمینێتەوە لە بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت دا. 
 
لەکۆتاییدا، هەناردەکردنەوەی نەوت لە بەرژەوەندی عێراق و تورکیایە لەپێش بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان، چونکە تورکیا رۆژ بە رۆژ زیانەکانی زیاتر دەکات و بەپێی رێککەوتنەکەش ناتوانێت چیدیکە بەهۆی هۆکاری تەکنیکییەوە دوای بخات، هەروەها پابەندی و گوشارەکانیش لەسەر  عێراق  بەرامبەر  بە هەرێمی کوردستان زیاتر دەکات. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاریان فەرەج

به‌خێربێى بۆ شاره‌كه‌ى خۆت

نێچيرڤانى بارزانى و سلێمانه‌يى، هه‌موو سيفه‌ته‌ جوان و به‌ها به‌رزه‌كانى هه‌ردوولاى له‌ خۆيدا كۆكردووەته‌وه‌: جوامێرى و كوردايه‌تى و كوردستانپه‌روه‌رى، كه‌سێتيى به‌هێز، لێبوورده‌يى و ئاشتيخوازى، ناخى بێگه‌رد و بێ رق و كينه‌، ده‌موله‌بزى شيرين و خۆش مه‌شره‌فيى سلێمانیيانه‌. ئینجا كه‌سێك هه‌موو سيفه‌ته‌ جوانه‌كانى هه‌ردوو مه‌ڵبه‌ند و مه‌ناره‌ى تيشكبه‌خشى بارزان و سلێمانيى له‌ خۆيدا كۆكردبێته‌وه‌، روو له‌ هه‌ركوێ بكات هه‌ر ده‌بێ مايه‌ى چاورۆشنى و پێ و قه‌ده‌مى به‌خێربێ.