رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان- ئاکپارتی دەڵێت، لە باکووری کوردستان و تورکیا 250 هەزار و 903 سندووقی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دادەنرێن.
عەلی ئیحسان یاڤووز، یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی بۆ کاروباری هەڵبژاردن، شەوی رابردوو لە کۆبوونەوەی لەگەڵ چاودێرانی سەر سندووقی دەنگدانی رێکخستنەکانی ئاکپارتی رایگەیاند، لە سەرانسەری باکووری کوردستان و تورکیادا 250 هەزار و 903 سندووقی دەنگدان دادەنرێن.
عەلی ئیحسان یاڤووز گوتی، کاتێک دەنگدەر دەچێتە ناوەندی دەنگدان، چوار پسووڵەی دەنگدانی چاپکراوی پێ دەدرێت. یەکەمیان بۆ سەرۆکایەتیی گەورە شارەوانییەکان و شارەکانە؛ دووەمیان بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانیی شارۆچکەکانە؛ سێیەمیان بۆ ئەندامێتی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و چوارەمیشیان بۆ هەڵبژاردنی موختارەکانە. دەنگدەر دوای دەنگدانی، هەر چوار پسووڵەکە دەخاتە نێو زەرفێکەوە و پاشان دەیخاتە نێو سندووقی دەنگدان.
یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی ئاماژەی بەوە کرد، 61 ملیۆن و 441 هەزار و 881 کەس مافی دەنگدانیان هەیە؛ 50.59٪ی دەنگدەران مێن و 49.41٪یشیان نێر. 1 ملیۆن و 32 هەزار و 610 کەس یەکەم جاریانە بتوانن بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن.
عەلی ئیحسان یاڤووز گوتی، "دەنگدەر تەنیا بە ناسنامەی فەرمیی باری شارستانی مافی هەیە دەنگ بدات و جگە لەو ناسنامەیە هیچ بەڵگەنامەیەکی دیکە قبووڵ ناکرێت. هەروەها دەبێت دەنگدەر لەو بنکەیەی بۆی دیاریکراوە دەنگ بدات".
ئەو بەرپرسەی ئاکپارتی هەروەها رایگەیاند، "هەزار و 2 سندووقی گەڕۆک بۆ کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت دابینکراون و ئەو سندووقانەش بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا دەبرێنە ئەو شوێنانەی ئەو کەسانەی لێیە بۆ ئەوەی لە دەنگدان بێبەش نەبن. لە گرتووخانەکانیش سندووقی دەنگدان دادەنرێت بۆ ئەوەی راگیراوان و سزادراوەکان دەنگ بدەن".
سندووقەکان دوای تەواوبوونی دەنگدان، لەلایەن ئەندامانی دەستەی باڵای هەڵبژاردنی تورکیاوە دەکرێنەوە و بە ئامادەبوونی نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان دەست بە ژماردنی دەنگەکان دەکرێت و کۆپییەکی پسووڵەی تایبەتی ئەنجامی کۆتایی دەنگدانی هەر سندووقێک رادەستی نوێنەران و چاودێرانی لایەنە سیاسییەکان دەکرێت و زانیارییەکانیش دەدرێنە دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان.
عەلی ئیحسان یاڤووز ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی بڕیاری دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، کارەکان لە کاتی بەربانگدا راناگیرێن.
لە تورکیا و باکووری کوردستاندا 30 گەورە شارەوانی، 51 شارەوانیی شارەکان، 973 شارەوانیی قەزاکان و 390 شارەوانیی ناحیەکان هەن؛ 20 هەزار و 745 ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و هەزار و 272 ئەنجوومەنی گشتیی شارەکان هەن؛ هەروەها 50 هەزار و 336 موختار هەڵدەبژێردرێن.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2019دا ئاکپارتی 15 گەورەشارەوانی، جەهەپە 11 گەورەشارەوانی، هەدەپە 3 گەورەشارەوانی و مەهەپە 1 گەورەشارەوانییان بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ