رووداو دیجیتاڵ
ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆکی شارەوانیی ئەسەنیوڕتی ئیستەنبووڵ کە کوردە و جەهەپەییە، لە دۆسیەیەکدا بێتاوان دەرچوو، بەڵام لەسەر دۆسیەیەکی دیکە سزا درا.
لە دۆسیەیەدا کە 200 تۆمەتباری لە خۆ دەگرت، ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆکی دوورخراوەی شارەوانیی ئەسەنیورت لە دۆسیەی "ساختەکاری لە بەڵگەنامەی تایبەتدا" بێتاوان دەرچوو، بەڵام لە دۆسیەی "خەمساردی لە راپەڕاندنی ئەرک و خراپ بەکارهێنانی پۆستەکەی"دا سزای هەشت مانگ و 10 رۆژ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.
دەستەی دادوەران بڕیاری دا راگەیاندنی سزاکە دوا بخرێت و کارکردنی ئۆزەر لە فەرمانگەی دەوڵەتدا قەدەخە بکرێت.
ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆکی شارەوانیی ئەسەنیورتی ئیستەنبووڵ، لەو دۆسیەیەی لای خەڵک بە دۆسیەی (عەزیز ئیحسان ئاکتاش) دادگەیی کرا و لە ئەنجامدا ئەمڕۆ دووشەممە 24-8-2026 ئەو سزایەی بەسەردا سەپێندرا.
لەو دۆسیەیەدا 200 تۆمەتبار کە پێنجیان دەستبەسەرن، دادگەیی کران. لە تۆمەتنامەکەدا هاتووە، عەزیز ئیحسان ئاکتاش لە رێی دامەزراندنی رێکخراوێکی تاوانکارییەوە، بەرتیلی داوەتە چەندین کەسایەتی، لەوانەش سەرۆک شارەوانییەکان و بەرپرسان.
پێشتر لە دوو بڕگەی جیاوازدا، داوای سزای 6 مانگ تاوەکو 2 ساڵ بەندکردن بۆ ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆکی شارەوانیی ئەسەنیوڕت کرابوو، ئەویش بە تۆمەتی "خەمساردی لە راپەڕاندنی ئەرکدا.
پارێزەر ئەرسۆز: بڕیارەکە رێگر نییە لە گەڕانەوەی ئۆزەر بۆ سەر کارەکەی
حوسێن ئەرسۆز، پارێزەری ئەحمەد ئۆزەر رایگەیاند: "ئەو سزایەی دادگە بەسەر ئۆزەردا سەپاندی، بە تۆمەتی گەندەڵی و تێکدانی تەندەرەکان نەبوو. سەرەڕای ئەوەی هیچ بەڵگەیەک لەمبارەیەوە نەبوو و راپۆرتی شارەزایانیش لە بەرژەوەندیی ئەو دابوون، دادگە بە تۆمەتی 'خەمساردی لە راپەڕاندنی ئەرکدا' بڕیاری دواخستنی راگەیاندنی سزاکەی دا. هاوکات لە تۆمەتی ساختەکاری لە بەڵگەنامەی تایبەتدا ئەستۆپاک دەرچوو".
پارێزەری ئۆزەر هەروەها گوتی: "ئەم بڕیارە نابێتە رێگر لەبەردەم گەڕانەوەی ئەحمەد ئۆزەر بۆ سەر کارەکەی، بەڵام بەو پێیەی دەبووایە بڕیاری بێتاوانبوونی بۆ دەربچێت و لەبری ئەوە راگەیاندنی بڕیارەکە دواخراوە، ئێمە پەنا بۆ رێکارە یاساییەکان دەبەین."
باخچەلی گوتبووی "ئەحمەدەکان بگەڕێنەوە سەر ئەرکەکانیان"
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) پێشتر چەند جارێک ئاماژەی کردبوو کە ئەحمەد ئۆزەر و ئەحمەد تورک بگەڕێنەوە سەر ئەرکەکانیان و گوتبووی: "پێویستە ئۆجەلان بۆ مافی هیوا، ئەحمەدەکان بۆ سەر ئەرکەکانیان و دەمیرتاشیش بۆ ماڵەکەی خۆی بگەڕێتەوە".
مەبەستی دەوڵەت باخچەلی لە ئەحمەدی دووەم؛ ئەحمەد تورک، سەرۆکی لادراوی گەورەشارەوانیی مێردینە کە لە هەڵبژاردنی 2024ی شارەوانیدا بەربژێری دەم پارتی بوو و 57.4٪ی دەنگەکانی مێردینی بردەوە و پۆستەکەی بەدەستهێنا، بەڵام ئەحمەد تورک بەر ئەو ئۆپەراسیۆنانە کەوت کە حکومەتی تورکیا لە دژی شارەوانییەکانی دەم پارتی کردی و بەشێکی زۆریانی بە تۆمەتی جۆراوجۆر لەکار لادا و قەییومی لە شوێنەکانیان دانا.



