رووداو – هەولێر
حكومەتی ئاكپارتی دەڵێت، بەنیازە لەڕێگەی كۆمیتەیەكی راوێژكارییەوە، دەست بە پرۆسەی چارەسەری پرسی كورد بكاتەوە، بەڵام چاودێران دەڵێن دەستگیركردنی كەسایەتییەكی میانڕەوی وەكو ئەحمەد تورك، چارەسەری پرسی كوردی گەیاندە بنبەست.
ماوەیەكە دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە كە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا بە نیازە لە رێی راوێژكردن و راسپاردنی ژمارەیەك ئەكادیمی، دەست بە قۆناخێكی نوێی چارەسەری پرسی كورد بكات، ئەم دەنگۆیانە سەرلەنوێ هیوایەكیان بۆ كورد لە باكووری كوردستان دروستكردبووەوە، بەڵام بە دەستگیركردنی ئەحمەد تورك، هاوسەرۆكی گەورە شارەوانیی مێردین، ئەو ئومێدە لەبەینچوو.
دەستگیركردنی ئەحمەد تورك، ئەو سیاسەتمەدارە بەنێوبانگە كوردەی كە بە گوتەی پارتی دیموكراتی گەلان "چناری ئاشتییە"، تەنانەت ناڕەزایەتی كەمالیستەكانیشی لێكەوتەوە. بەهۆی دەستگیركردنی ئەحمەد توركەوە، دەنیز بایكاڵ پەرلەمانتاری پارتی گەلی كۆماریی توركیا CHP و سەرۆكی پێشووی ئەو پارتە، بە تایبەتی سەردانی شاری مێردینی كرد و چاوی بە مولكییە تورك، هاوژینی ئەحمەد تورك كەوت.
بایكاڵ لەبارەی ئەحمەد توركەوە دەڵێت "بەداخەوە شایەتحاڵی ئەو ئازار و ناڕەحەتیانەم كە لە 12ی ئەیلولی 1980دا بەسەر ئەحمەد توركدا هێنراون، لە ئەنقەرە پێكەوە باسی ئەوەمان كرد كە چیدی لە توركیا ئەو رۆژانە دووبارە نابنەوە، كەچی بەداخەوە دوای 36 ساڵ رووداوەكان بەردەوامن، بەڵام پشتیوان بەخوا دوای ئازادكردنی كاك ئەحمەد، بە هاریكاری و پشتگیریی ئەو، توركیا لە تیرۆر و توندوتیژی رزگار دەكەین".
ئەحمەد تورك، دڵی بە باتری كار دەكات، بەو هۆیەوە بارودۆخی تەندروستی ناجێگیرە. مولكییە تورك، هاوژینی ئەحمەد تورك لە بارەی تەندروستیی هاوژینەكەیەوە رایگەیاند "ئەحمەد نەخۆشە و بەتەمەنە، تەندروستی ئەو بەرگەی هەلومەرجی زیندان ناگرێت. هیچ كاتێك لە دیموكراسی و ئاشتی پاشگەز نەبووەتەوە و ملی بۆ هیچ زوڵمێك كەچ نەكردووە، ئێستا ئاشتییان لەنێو چوار دیواردا بەند كردووە".
حەسیپ كاپڵان، پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە دوای ئەوەی سەردانی زیندانی كرد، رایگەیاند "ئەحمەد تورك هێشتا بیر لە چارەیەكی دیموكراسی و ئاشتی دەكاتەوە بۆ توركیا".
زۆربەی لایەنەكان هاوڕان لەسەر ئەوەی كە ئەحمەد تورك هیچ كاتێك پشتگیری لە توندوتیژی نەكردووە و هەوڵیداوە پرسی كورد بە ئاشتی چارەسەر بكرێت. تەنانەت لەكاتی شەڕی خەندەقی كۆڵانان، رازی نەبوو پەكەكە ئامێرەكانی شارەوانی بۆ لێدانی خەندەق بەكاربهێنێ. هەربۆیە بە دەستگیركردنی ئەو، ئەو ئومێدەی بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی چارەسەری هەبوو، بەتەواوی لاواز بوو.
پڕۆفیسۆر د.مەسعود یەگەن، مامۆستای زانكۆی شار لە ئیستەنبوڵ بە (رووداو)ی گوت "قۆناغی چارەسەری لە بنبەستێكی وەهادایە كە ئیدی ئومێدێك نەماوە بۆ دەستپێكردنەوەی. دەستگیركردنی ئەحمەد تورك كە هەمیشە بە رێگەیەكی ئاشتیانە و دیموكراتیانە داوای چارەسەری كردووە، مانای ئەوەیە كە ئاكپارتی دەیەوێت چۆك بە كورد دابدات".
موراد قەرەیڵان، ئەندامی كۆنسەی بەڕێوەبەریی پارتی كرێكارانی كوردستانیش هۆكاری دەستگیركردنی ئەحمەد تورك بۆ كوردبوونی دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت "بەڕێز ئەحمەد تورك 50 ساڵە لەناو سیاسەتی توركیادایە، هەموو توركیا و كوردستانیش دەزانن كە كەسێكی ئاشتیخوازە، هەڵدەستێ و دادەنیشێ داوای ئاشتی دەكات، ئەویشیان خستە زیندان، تاوانەكەی ئەوەیە كە كوردە".
بەڵام پارتی داد و گەشەپێدان رەتیدەكاتەوە جیاوازی لەنێوان ئەحمەد تورك و پەرلەمانتار و ئەندامانی دیكەی هەدەپەدا هەبێت و پێیوایە "ئەحمەد توركیش پشتگیری لە توندوتیژییەكانی پەكەكە دەكات".
مەزهەر باغڵی، پەرلەمانتاری پێشووی AKP بە (رووداو)ی گوت "پەكەكە نەیهێشتووە هیچ كەسێك لەناو هەدەپەدا جیاواز بیربكاتەوە و وەك سڤیلێكی ئاشتیخواز مامەڵە بكات. ناكرێت ئەحمەد تورك لەوانی دیكە جیا بكەینەوە، ئەحمەد تورك، ئایهان بیلگەن، ئاڵتان تان و هەموو ئەوانەی دیكە پشتگیری لە توندوتیژییەكانی پەكەكە دەكەن".
حكومەتی ئاكپارتی رایگەیاندووە كە كۆمیتەیەكی 380 كەسی پێكدێنێ بۆ چارەسەری پرسی كورد لە توركیا، هەندێك لە چاودێران دەڵێن ئاكپارتی بەدوای جێگرەوەی هەدەپە و پەكەكەدا دەگەڕێ، بەڵام بە زەحمەتی دەزانن جگە لە هەدەپە و پەكەكە ببنە موخاتەب.
عوسمان بایدەمیر، پەرلەمانتاری هەدەپە دەڵێت "ئیدی هیچ ئومێدێك بۆ چارەسەر نەماوەتەوە. ئەو هەوڵەی كە ئاكپارتی دەیدات بۆ دۆزینەوەی جێگرەوەی هەدەپە و پەكەكە، شكست دەهێنێت".
بە بۆچوونی پرۆفیسۆر مەسعود یەگەن، هیچ هەوڵێك نییە بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی چارەسەری و دەڵێت "ئەگەر ئاكپارتی لە جێگرەوەی هەدەپە و پەكەكە دەگەڕێ، سەركەوتوو نابێت، چونكە پرۆسەكە لەسەر دوو خاڵ بەندە: بەدەستهێنانی مافەكانی كورد و دانانی چەك لەلایەن پەكەكەوە. ئاكپارتی چۆن دەتوانێت بەبێ پەكەكە باسی دانانی چەكەكانی پەكەكە بكات؟ بەبێ هەدەپەش كە زۆرینەی دەنگی كوردی هەیە، چۆن مافەكانی كورد بەدەست دەهێنرێت؟".
تەنانەت بەرپرسانی ئاكپارتیش بێ ئومێدن لە دەستپێكردنەوەی پرۆسەی چارەسەری، بەڵام پەكەكە بە هۆكاری ئەو نائومێدییە دەزانن. باغلی دەڵێت "پێموایە پرۆسەی چارەسەری دەستپێناكاتەوە، لانیكەم وەك جاران نابێ، چونكە پەكەكە قۆناخەكەی قۆستبووەوە و بەكاریهێنا".
باغڵی پێیوایە چارەسەری پرسی كورد پەیوەستە بە چەكدانانی پەكەكەوە و دەڵێت "وا دەزانێت بە فراوانكردنی چالاكییەكانی دەتوانێت خۆی بهێنێتەوە نێو دانوستاندنەكان بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی، بەڵام هێندەی فراوانكردنی چالاكییەكانی، خۆی دووردەخاتەوە لە دانوستاندن".
تووندیی گوتەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیاش بۆچوونی لایەنەكان لەبارەی نائومێدی لە دەستپێكردنەوەی پرۆسەكە تەئكید دەكاتەوە. ئەردۆغان بەردەوام لە گوتەكانیدا جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە جارێكی دیكە لەگەڵ پەكەكە لەسەر مێزی گفتوگۆ دانانیشێت و رێگە نادات حكومەتی ئەنقەرە ئەو دانیشتنە ساز بكات. زیاد لەوەش، هەڕەشەی ئەوە دەكات كە "تا ئەوكاتەی تەواوی ئەندامانی پەكەكە دەكوژرێن یان لەنێو خاكی توركیا دەردەكرێن، ئۆپەراسیۆنەكانی سوپا بەردەوام دەبن".
هەرچەندە ئەوروپا و وڵاتانی ناوچەكە، بەتایبەتی هەرێمی كوردستان، داوا لە لایەنەكانی توركیا دەكەن دەست بە دانوستاندن بكەنەوە، بەڵام پێناچێت ئەم داواكارییە هیچ گوێگرێكی هەبێت. مەزهەر باغڵی دەڵێت "بەهۆی هەڵوێستی ئەوروپا لە كودەتاكەی 15ی تەممووز، ئەوروپا هیچ گرنگییەكی نەماوە بۆ توركیا تاوەكو گوێی لێبگرین".

.jpeg&w=3840&q=75)
.png&w=3840&q=75)