رووداو دیجیتاڵ
هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لە سنووری ناحیەی پردێی پارێزگای کەرکووک دەڵی، ئەو کەسەی چەکدارە "داعش"ەکانی لە سنووری پردێ گواستووەتەوە، پاسەوانی یەکێک لە باخەکانی گوندی (قەزنەفەرە).
ئەمشەو 13ی تشرینی دووەمی 2026، هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لە سنووری ناحیەی پردێ رایگەیاند: "ئەو کەسەی ئەمشەو چەکدارەکانی لە سنووری پردێ گواستووەتەوە ناوی (بارزان محەممەد عوبێد)ە و خەڵکی بەعاجی سەر بە پارێزگای نەینەوایە و پاسەوانی باخی یەکێک لە ماڵەکانی گوندی قەزنفەرە".
بەگوتەی پەیامنێری رووداو، "ئەو کەسە پێشتریش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گومانی ئەوەی لێکراوە هاوکاری چەکدارانی داعش بکات، چەند جارێکیش لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگر دەست هێزە ئەمنییەکان نەکەوتووە."
بەگوێرەی ئەو زانیارییەی دەست پەیامنێری رووداو کەوتووە، ئەو کەسە ئەم ئێوارەیە سێ چەکدارەکەی لە سنووری پردێ بە ئۆتۆمبێلێکی (جۆری پیکاب) هەڵگرتووە و ویستویەتی بیانگوازێتەوە بۆ ناوچەکانی (بانی شێخە) و (دەرماناو) و (چیا چەرمک) کە گومان دەکرێ مۆڵگەی چەکدارانی داعشی لێبێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی ئۆتۆمبێلێک کە گومان دەکرا چەکداری داعشی تێدا بێ، لە سنووری پردێ بینرا. دواتر هێزێکی زۆری سوپا و دژەتیرۆری عیراق چوونە ناوچەکە و رێگەی سەرەکی کەرکووک- هەولێر بە رووی شۆفیران دا داخرا.
هەردی محەممەد لە نزیک شوێنی رووداوەکەوە رایگەیاند: "بە گوێرەی ئەو زانیارییە هەواڵگرییانەی دەست سوپای عێراق کەوتوون، ئەو ئۆتۆمبێلەی لە ناحیەی پردێ بینراوە، ئۆتۆمبێلی چەکدارانی داعش بووە و ویستویانە لە پردێوە بپەڕنەوە بۆ چەند ناوچەیەکی دیکە".
بەگوتەی هەردی محەممەد، "دەوروبەری کاژێر 8:30ی شەو دەنگی تەقەیەکی زۆر لە سنووری پردێ بیسترا؛ هاوکات هێلیکۆپتەری سوپای عێراق لە ئاسمانی ناوچەکەدا سوڕایەوە و رووبەرووبونەوەی چەکداری لەنێوان سوپای عێراق و چەکدارەکان روویدا".
دەوروبەری کاژێر 9:30 شەو، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق راگەیێندراوێکی لەسەر رووداوەکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی پێشوەختە و لە رێگەی هێرشێکی ئاسمانیی ورد لە سنووری شارۆچکەی پردێ لە باکووری کەرکووک، سێ چەکداری "تیرۆریست" کوژران و چەکدارێکی دیکەش کە ئەرکی گواستنەوەی لە ئەستۆ بوو، دەستگیرکرا.
هەردی محەممەد ئاماژەی بەوەشکرد: "دوای دەستگیرکردنی ئەو کەسە، لێکۆڵینەوە لەگەڵی دەستیپێکردووە، بەو پێیەی لەو گوندەی کە ئەو پاسەوانی لێ کردووە، چەند جارێک گەنجی کورد رفێنراوە و دواتر لە بەرانبەر بڕێک پارەدا ئازادکراون."
هەردی محەممەد گوتیشی: "هێزە ئەمنییەکان گومان دەکەن ئەو کەسەی دەستگیرکراوە دەستی لە بەشێکی زۆری ئەو رووداوانەدا هەبووبێت کە لەو ناوچەیەدا روویانداوە."


