رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە ئەمڕۆ سێشەممە، سەردانی سعودیە دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بڵاویکردەوە، هاکان فیدان، رۆژی سێشەممە، 28ی کانوونی دووەمی 2025 سەردانی سعودیە دەکات. میدیای فەرمیی وڵاتەکەش لەبارەی سەردانەکە رایگەیاند،فیدان لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سعودیە، چەند پرسێکی تایبەت بە دۆخی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوانیان تاوتوێدەکەن.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوە دیپلۆماسییانەی میدیای فەرمیی تورکیا ئاماژەی پێداون، بڕیارە لە کۆبوونەوەکاندا جەخت لە بەهێزکردنی پەیوەندیی سیاسی و بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات بکرێتەوە. چاوەڕوان دەکرێت هاکان فیدان لە کۆبوونەوەکاندا باس لە گرنگیی رۆڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پاڵپشتیکردنی حکومەتی راگوزەری سووریا بکات.
هەروەها لە کۆبوونەوەکاندا باس لە گرنگیی هاوئاهەنگیی تورکیا لەگەڵ سعودیە لەبارەی هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا دەکرێت.
چاوەڕوان دەکرێت هاکان فیدان لە کۆبوونەوەکاندا باس لە گرنگیی زیادکردنی گوشار لەسەر ئیسرائیل لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بە مەبەستی بەهەمیشەییکردنی ئاگربەستی غەززە بکاتەوە.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا دوایینجار 12ی کانوونی دووەمی 2024 سەردانی ریازی پایتەختی سعودیەی کرد و لەگەڵ فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە کۆببووەوە.
قەبارەی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی رابردوو، نزیکەیی هەشت ملیار دۆلار بووە. هەروەها بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی بازرگانیی تورکیا، قەبارەی بازرگانیی نێوان تورکیا و سعودیە لە 2023 شەش ملیار و 800 هەزار ملیۆن دۆلار بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ