رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی ئایندە لە وەڵامی سەرۆکی مەهەپەدا کە گوتبووی ''شوێنێک نییە بە ناوی کوردستان'' دەڵێت، ''بوونی هەرێمی کوردستان بە گوێرەی دەستووری عێراقە و دەبێت رێزی لێبگرین''.
ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە رۆژی چوارشەممە 27-11-2024، لە کۆبوونەوەی هاوبەشی فراکسیۆنی پارتەکەی لەگەڵ پارتی سەعادەتدا گوتارێکی پێشکێشکرد و وەڵامی لێدوانێکی سەرۆکی مەهەپەی دایەوە.
دەولەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رۆژی سێشەممە 26-11-2024، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا گوتی، ''ئەو گوتارەی بەرێز ئەحمەد داودئۆغڵو کە لە پێنجەم کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە شاری دهۆک لە عێراق پێشکێشیکرد، ئێمەی ناڕەحەت کردووە. گوتە بەدبەختەکانی بەڕێز داودئۆغڵو بەم شێوەیەیە؛ لە نێوان کوردەکان و تورکەکان و پێکهاتەکانی دیکە یەکسانییەکی تەواو بەرجەستە دەکرێت و لە نێوان تورکیا و کوردستاندا پەیوەندییەکی زۆر باش دروست دەکرێت''.
سەرۆکی مەهەپە رەخنەی تووندی لە قسەکانی سەرۆکی پارتی ئایندە گرت و گوتی، ''تائێستا هیچ تاکێکی گەلەکەمان دووچاری نایەکسانی نەبووە، دیموکراسیی تورک، هەمیشە پارێزگاری لە هەلی یەکسانی کردووە و کردوویەتی بە پێشینە. جگە لەوەش، شوێنێک نییە بە ناوی کوردستان''.
ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە لە وەڵامی سەرۆکی مەهەپەدا گوتی: ''شتێکم نەگوتووە کە باوەڕم پێی نەبێت، هیچ کاتێکیش سڵم لە گوتنی شتێک نەکردووەتەوە کە باوەڕم پێی هەبێت''.
داودئۆغڵو گوتیشی، ''باشە ئێمە چی بە کوردەکانی عێراق بڵێین؟ ئایا ئێمە رێزمان بۆ عێراق هەیە؟ یەکپارچەیی خاکی عێراق، بنچینەیە؟ بنچینەیە. باشە دەستووری عێراق چی دەڵێت؟ دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق. ئەگەر رێز لە یەکپارچەیی خاکی عێراق دەگرن، دەستووری عێراق چی بڵێت، دەبێت ئێوەش ئەوە بڵێن''.
سەرۆکی پارتی ئایندە جەختی لە بۆچوونەکەی کردەوە و گوتی: "وەک چۆن کەسێک لە دەرەوە دەبێت بەگوێرەی دەستووری ئێمە لە ئێمە بڕوانێت، منیش وەک رێزێک بۆ عێراق، بەگوێرەی دەستووری عێراق لێی دەڕوانم، ئەگەر لەوێدا بگوترێت، ئەو ناوچەیەی کوردەکان لێی دەژین، پێی دەگوترێت حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، منیش ئەوە دەڵێم. هیچیش سڵناکەمەوە''.
داودوئۆغڵو داوایەکی ئاراستەی لایەنەکان کرد و گوتی: "'با دەست بۆ کوردەکانی عێراق و سووریا درێژ بکەین، وەک چۆن تورکمانەکانمان کردووەتە تاجی سەرمان، با کوردەکانیش بکەینە تاجی سەرمان''.
دەولەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رۆژی 1ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ کە رۆژی کردنەوەی خولی نوێی پەرلەمان بوو تەوقەی لەگەڵ هاوسەرۆکانی دەم پارتی کرد، رۆژی 22ـی تشرینی یەکەمیش هەنگاوێکی دیکەی نا و داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد کە "بێتە پەرلەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و بڵێت تیرۆر بە تەواوی کۆتاییهاتووە و رێکخراوەکە هەڵوەشێندراوەتەوە".
هەروەها باخچەلی، رۆژی (سێشەممە، 26-11-2024)، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا گوتی، "چاوەڕێ دەکەین پەیوەندی رووبەڕوو لە نێوان ئیمراڵی و گرووپی دەم پارتی بەبێ دواکەوتن بەڕێوەبچێت و بە بڕیارەوە بانگەوازەکەمان دووپات دەکەینەوە''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ