رووداو دیجیتاڵ سەرۆکی پارتی ئایندە، داوای لە سەرۆککۆماری سووریا کرد، نەبنە پاشکۆ و بووکەڵەی دەستی هیچ کەس و لایەنێک. ئەگەر پێویست بکات دژی ئەمریکا و فەرەنسا سەرتان بەرز بکەنەوە. ئەم قسانەی ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە، لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی رێگەی نوێ هات کە لە پارتی سەعادەت، پارتی ئایندە و پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دێڤا) پێکهاتووە. فراکسیۆنەکە چوارشەممەی هەموو هەفتەیەک لە پەرلەمان کۆدەبێتەوە، سەرۆکی هەر سێ پارتەکە گوتار پێشکێش دەکەن و باس لە رۆژەڤی تورکیا دەکەن. سەبارەت بە لێدوانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە گوتبووی "ئەرکی بە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا سپاردووە،" داودئۆغڵو گوتی: "چۆن شتی وا دەبێت، ئایا ئەمریکا باجی سووریای داوە؟ ئێمە داومانە. لێرەوە داوا لە شەرع دەکەم، خاکی شام خاکی سەڵاحەدینی ئەیوبییە. مەبنە پاشکۆ و ئامرازی ژێر دەستی هیچ کەسێک. وەک سەرکردەی شۆڕشگێڕانی حومس کە بە شکۆوە بەرگرییان کرد، بە شکۆوە سووریا هەستێننەوە سەرپێ. سەرتان بەرز بکەنەوە، دژی ئیسرائیل، ئەگەر پێویست بکات دژی ئەمریکا و فەرەنسا سەرتان بەرز بکەنەوە. گەلی تورکیا کە ملیۆنان سووریایی لەخۆگرتووە، لەگەڵتان دایە، تەنیا با سەرتان بەرز بێت. مەبنە بووکەڵەی دەستی هیچ کەسێک." ئەحمەد داودئۆغڵو، رەخنەی تووندی لە حکومەتی تورکیا گرت بەوەی لە گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دا "لە گۆڕەپانەکەدا نییە" و گوتی، "لە 2016ـەوە یەک گفتوگۆش نەکراوە. جیاوازییەکە چییە؟ چونکە ئێمە لە دەسەڵات دا نین. چونکە دیدێکی ستراتیژییان لەدەستداوە." هەروەها لەلایەکی دیکەش مەحموود ئاریکان، سەرۆکی پارتی سەعادەت، لە گوتارێکدا ئاماژەی بە دۆڕانی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی کرد لە مۆندیالی 2026 و رایگەیاند، هەڵبژاردەی تۆپی پێی تورکیا "کراوەتە ئامرازێکی سیاسی." رەخنەی لە یەکێتیی تۆپی پێی تورکیا (TFF) گرت و گوتی، "هەڵبژاردەی نیشتمانی دەکەنە ئامرازی سیاسەتەکانتان، شکست لەدوای شکست تۆمار دەکەن، دواتر کاتێک گەل دەپرسێت 'ئەمە چ ریسواییەکە'، بە پەلە پەنا دەبەنە بەر وەزیری داد. شتی وا نییە. یەکێتیی تۆپی پێ نووسینگەی هیچ کەسێک نییە. واز لەم فێڵە هەرزانانە بهێنن." سەبارەت بە پرۆسەی نوێی چارەسەری، ئاریکان گوتی، "ئەگەر تورکیا دەچێتە قۆناخێکی نوێوە و کێشەیەکی 100 ساڵە بەڕاستی چارەسەر دەکرێت، دەبێت ئەم پرۆسەیە پشت بە یاسا، ئیرادەی پەرلەمان و گەرەنتیی یاسایی روون ببەستێت، نەک نیاز و حیساباتی سیاسیی کاتیی کەسەکان یان بەڵێنی زارەکی." ئاریکان، باسی لە لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە کرد کە بڕیارە لە رۆژانی 7-8ـی تەممووزی 2026 بکرێت. رایگەیاند، بەهۆی لووتکەکەوە ژیان لە ئەنقەرە راگیراوە و ئەنقەرەییەکان باجەکەی دەدەن. گوتی، "ئەو ئەنقەرەییانەی بوونەتە قوربانیی لووتکەکە، ئەم پرسیارە دەکەن: ئایا ئەم ناتۆیە ئاسایشی کێ دابین دەکات؟ هی ئەنقەرە، تورکیا، ئاشتیی جیهان، یان بەرژەوەندییەکانی سەرمایەی زایۆنیستیی ئێپشتاین و هاوبەشە ستراتیژییەکانیان؟" سەرۆکی پارتی سەعادەت ئاماژەی بەوەشکرد، سیاسەتەکانی ئێستای ئیسرائیل رێگرن لەبەردەم دابینکردنی ئاشتی لە ناوچەکە و پێویستە پێناسەیەکی نوێ بۆ ئیسرائیل بکرێت و گوتی، "دەبێت ئیسرائیل وەک 'دەوڵەتی نەخوازراو' رابگەیێندرێت. مەبەستمان بەئامانجگرتنی گەلێک یان باوەڕێک نییە، بەڵکو نیشاندانی هەڵوێستێکی جیهانییە کە داگیرکاری، نایاسایی و تووندوتیژی رەتدەکاتەوە." هەروەها عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دەڤا، رایگەیاند کە رۆژانە باس لە هەژاری و گەندەڵی لە وڵاتدا دەکرێت و رەخنەی لە لێدوانەکانی تایبەت بە گەشەی ئابووری گرت و گوتی، "راستییەکان روونن. لە کاتێکدا هێڵی برسێتی گەیشتووەتە 35 هەزار لیرە، کەمترین مووچە 28 هەزار لیرەیە و کەمترین مووچەی خانەنشینی 20 هەزار لیرەیە. ئەمانە زیادکردنی مووچەیان لە 1ی تەممووزدا بەتەواوی لە رۆژەڤی خۆیان دەرکردووە." باباجان، جەختی لەوە کردەوە کە دەستبردنە بۆ مافی خەڵک و گوتی، "لە کاتێکدا هەڵاوسان لە 5 مانگی یەکەمدا 16% بووە و هەڵاوسانی 6 مانگی یەکەم نزیک دەبێتەوە لە 20%، پشتگوێخستنی 1ی تەممووز و زیادنەکردنی کەمترین مووچە، پێشێلکردنی ماف و چوونە ژێر باری مافی خەڵکە."