رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی، لەبارەی یاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری رایگەیاند، "هەوڵ دەدەین پێش داخستنی پەرلەمان پێی رابگەین. پلانمان بەو شێوەیەیە. پێشکێشکردنی یاساکە پێش ئەوەی پەرلەمان بچێتە پشووەوە."
دوای لێدوانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لەبارەی یاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری، ئەفکان ئاڵا، یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی، روونکردنەوەی لەبارەی کاتەکەیەوە دا.
ئەفکان ئاڵا، کە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ئاکپارتی چووبووە پەرلەمانی تورکیا، لە وەڵامی پرسیارێكدا کە کەی یاسای تایبەت بە پرۆسەکە پێشکێشی پەرلەمان دەکرێت؟ گوتی، "هەوڵ دەدەین پێش داخستنی پەرلەمان پێی رابگەین. پلانمان بەو شێوەیەیە. پێشکێشکردنی یاساکە پێش ئەوەی پەرلەمان بچێتە پشووەوە."
بەرپرسەکەی ئاکپارتی هیچ زانیارییەکی لە بارەی ناوەڕۆکی یاساکە و ژمارەی مادەکانی ئاشکرا نەکرد و گوتی: "یاساکە لێرە دادەنرێت. پەرلەمان بڕیار دەدات چەند مادە بێت."
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی تورکیا، بڕیار بوو لە 1ی تەممووز بچێتە پشووەوە، بڕیاری درێژەدان بە کارەکانی درابوو. چاوەڕوان دەکرێت پەرلەمان تاوەکو 24ی تەممووز لە کارەکانی بەردەوام بێت.
پرۆسەی چارەسەری کە لەلایەن حکومەتەوە بە "تورکیای بێ تیرۆر" ناودەبرێت، بە تەوقەکردنێکی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لەگەڵ پەرلەمانتارانی دەم پارتی لە سەرەتای تشرینی یەکەمی 2024 دەستیپێکرد، لە 22ی تشرینی یەکەمی 2024، قۆناخێک چووە پێش. کاتێک باخچەلی گوتی، "ئەگەر گۆشەگیریی سەر ئۆجەلان هەڵبگیرێت، با بێت لە کۆبوونەوەی گرووپی دەم پارتی لە پەرلەمان قسە بکات و هاوار بکات بڵێت رێکخراوەکە هەڵوەشاوەتەوە." دوای ئەوە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، داوای هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکەی کرد.
ئەردۆغان، ئەمڕۆ لە پەرلەمان رایگەیاند، "کار لەسەر چوارچێوەیەکی یاسایی دەکەین کە پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکە خێرا دەکات. بەبێ ئەوەی زۆر درێژەی پێبدەین، پێشکێشی پەرلەمانی دەکەین."



.jpg&w=3840&q=75)