رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ خۆشگوزەرانیی تورکیا دەڵێت، پاڵپشتی لە پێشنیازەکەی دەوڵەت باخچەلی لەبارەی سەردانی دەم پارتی بۆ لای عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکەن.
سوعاد کڵچ، یاریدەدەری سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ خۆشگوزەرانیی تورکیا، دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتەکەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی سازکرد.
کڵچ پاڵپشتیی پارتەکەی بۆ پێشنیازەکەی سەرۆکی مەهەپە لەبارەی سەردانیکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەلایەن دەم پارتییەوە راگەیاند و گوتی، ''ئەگەر بڕیارە هەنگاوێک بنرێت با بنرێت، هەر پەیامێک وەردەگیرێت، با وەربگیرێت. با تورکیا مشتومڕ لەسەر بابەتی پەردەپۆش نەکات، ئەم مشتومڕە لە چوارچێوەیەکی رووندا بکرێت''.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رۆژی (سێشەممە 26-11-2024)، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا گوتی: "چاوەڕێ دەکەین پەیوەندی رووبەڕوو لە نێوان ئیمراڵی و گرووپی دەم پارتی بەبێ دواکەوتن بەڕێوەبچێت و بە بڕیارەوە بانگەوازەکەمان دووپات دەکەینەوە''.
یاریدەدەری سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ خۆشگوزەرانی ئاماژەی بەوە کرد، لەلایەک داوادەکرێت رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بچێتە پەرلەمان، لەلایەکی دیکە کەسانێک دەخەنە گرتووخانە کە بە دەنگی خەڵک هەڵبژێردراون.
کڵچ هەروەها گوتی، ئەوانیش لەگەڵ کۆتاییهێنان بە شەڕوپێکدادانن و گوتی، هیواداران پارتی داد و گەشەپێدانیش پاڵپشتی لە پێشنیازەکەی دەوڵەت باخچەلی بکات و رایگەیاند، ''ئایا ئیمراڵی (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) توانا و دەسەڵاتی هەیە یان نییە؟ ئەو کاتە بۆمان دەردەکەوێت''.
ئەو داوایەی باخچەلی لە کاتێکدایە، لە دوای هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی 31ـی ئاداری ئەم ساڵەوە قەییوم بۆ حەوت شارەوانی لە باکووری کوردستان و تورکیا دانراون کە پێنجیان سەر بە دەم پارتی بوون و دووانەکەی دیکەیان سەر بە جەهەپە بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ