هاوسەرۆکی دەم پارتی بۆ دەسەڵاتی تورکیا: بەرەی نێوخۆیی بە دانانی قەییوم و دەستگیرکردن پێکنایەت

26-11-2024
دیار سلێمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێت، لە کاتێکدا رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە دۆخێکی پڕ لە گرژیدایە، حکومەتی تورکیا لە رێگەی دانانی قەییومەوە دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات و دەشڵێت، ''ئەوە رێگەچارە نییە''.
 
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی ئەمڕۆ (سێشەممە، 26-11-2024)، لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لەبارەی چەند پرسێک قسەی کرد.
 
باکرهان گوتی، حکومەتی تورکیا بەردەوام دەڵێ ''جوگرافیاکەمان لەژێر هەڕەشەدایە'' و گوتی، ''با وای دابنێین لەژێر هەڕەشەدایە. باشە چۆن ئەو هەڕەشەیە ناهێڵن؟ بە بە هیچ دانانی پرسی کورد؟ بە هیچ دانانی مافی کورد دەتانەوێت ئەو هەڕەشەیە نەهێڵن؟ بەهیچ جۆرێک وەڵامی ئەم پرسیارانەمان دەستناکەوێت''.
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بەوە کرد، لەکاتێکدا رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە دۆخێکی پڕ لە گرژیدایە، دەسەڵاتی تورکیا بە دانانی قەییوم، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن و دەستگیرکردن دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات و گوتی، ''ئەمە رێگە چارە نییە. بەو رێوشوێنانە خەونی (پێکهێنانی) بەرەی نێوخۆیی لەنێودەچێت''.
 
باکرهان رەخنەی تووندی لە ئاکپارتی و مەهەپە گرت بەوەی لەلایەک قەییوم دادەنێن و لەلایەک باسی دروستکردنی بەرەی نێوخۆیی دەکەن. باکرهان گوتی، ''ئاکەپە و مەهەپە حەوزێکی بەتاڵمان نیشاندەدەن و دەڵێن ''لێرە مەلە بکەن''. ئێمەش بە پێداگرییەوە دەڵێین، ئەم حەوزە بەتاڵە لە حەوزی بەتاڵدا مەلە ناکرێت''.
 
شەوی 12-11-2024، وەزیری بەرگریی تورکیا لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا لەبارەی بەرەی نێوخۆیی گوتی، "بەرەی نێوخۆ هەمیشە بۆ ئێمە پێویستە. واتە ئەگەر لە ئاشتیشدا بین، یەکگرتوویی و بەهێزیی بەرەی نێوخۆ هەمیشە لە بەرژەوەندیی وڵاتدایە. بەڕێز سەرۆککۆمارمان هۆشداری دەداتە تەواوی وڵات. بێگومان کێشەمان هەیە. هەموو وڵاتێک کێشەی هەیە. ئایا ئێستا ئەمریکا کێشەی نییە؟ لێرەدا سەرۆککۆمارمان هۆشداری دەداتە هەمووان و دەڵێت، با بە تەواوی بوونمانەوە خاوەنداریی بەرەی نێوخۆ بکەین. دەپرسن و دەڵێن: ئایا ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر تورکیا؟ باشە ئەگەر بەڕێز سەرۆککۆمارمان مەترسییەکی وەها نەبینێت، شتێکی وەها دەڵێت؟ بێگومان دەکرێت هێرش بکات". 
 
لە دوای هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی 31ـی ئاداری ئەمساڵەوە تائێستا لە باکووری کوردستان و تورکیا قەییوم بۆ حەوت شارەوانی دانراوە کە پێنجیان سەر بە دەم پارتین و دووانەکەی دیکەیان سەر بە جەهەپەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە