رووداو دیجیتاڵ
دادگەی تورکیا هۆکارەکانی پشت بڕیاری سزادانی تۆمەتبارانی سەرەکیی تەقینەوە خوێناوییەکانی شارۆچکەی رەیحانلیی سەر بە پارێزگای هاتای ئاشکرا کرد، کە لە 11ی ئایاری 2013دا بووە هۆی گیانلەدەستدانی 53 کەس. دادگەکە جەختی کردەوە کە فەرمانی ئەنجامدانی ئەم هێرشە تیرۆریستییە راستەوخۆ لەلایەن دەزگای هەواڵگریی رژێمی سووریاوە دراوە.
لە بڕیاری بەڵگەدارکراوی دادگەی 9ی سزا قورسەکانی ئەنقەرەدا، پێکهاتە و مێژووی رێکخراوێک بە ناوی (THKP-C/Acilciler) خراوەتە روو، کە لە ساڵی 2011دا بە ناوی گرووپی چەکداریی "موقاوەمەی سووریا" لە چیای لازقیە لە پاڵ رژێمی ئەسەد دژی ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەجەنگان. پاشان ئەم گرووپە چالاکییەکانی لە ناوچەی کەسب (کە 10 کیلۆمەتر لە سنووری تورکیاوە دوورە) چڕ کردووەتەوە و لەوێوە بە هاوکاریی ئەفسەرانی هەواڵگریی سووریا، بەتایبەت کەسێک بە ناوی کۆدی (حاجی)، پلانی هێرشەکەی رەیحانلییان داڕشتووە.
بەپێی زانیارییەکانی دادگە، تۆمەتباران (محەمەد گەزەر، جەنگیز سێرتەل و تەمیر دوکانجی) بەڵێنی وەرگرتنی ملیۆنان دۆلاریان پێ درابوو. ئەوان ماددەی تەقینەوەی بەهێزی جۆری "RDX"یان لە بوخچەدا شاردووەتەوە و لە رێگەی بەلەمی ماسیگرییەوە لە ماوەی 5 گەشتدا گەیاندوویانەتە کەناراوەکانی هاتای. پاشان لە ناوچەی پیشەسازی، عەمباری سووتەمەنیی زیادە و شاراوەیان بۆ 2 ئۆتۆمبێلی بازرگانی دروست کردووە و تەقینەوەکانیان تێدا شاردووەتەوە.
لە 11ی ئایاری 2013دا، ئۆتۆمبێلەکان گەیێندراونەتە بەردەم تەلاری پۆستە و شارەوانیی رەیحانلی و تەقێندراونەتەوە، کە بەهۆیەوە جیا لە گیانلەدەستدانی 53 کەس، زەرەر و زیان بە 912 خانوو، 891 شوێنی کار و 148 ئۆتۆمبێل گەیشتووە. دادگەی ئەنقەرە بەهۆی قورسیی تاوانەکەوە، هەر سێ تۆمەتبارەکەی بە 53 جار سزای زیندانیی تاهەتایی تووندکراو و 3,921 ساڵ زیندانیکردنی دیکە سزا دا.
تەقینەوەکانی رەیحانلی لە ساڵی 2013دا، یەکێک بوو لە گەورەترین پەرەسەندنە مەترسیدارەکانی شەڕی ناوخۆی سووریا بۆ ناو خاکی تورکیا. شارۆچکەی رەیحانلی کە هاوسنوورە لەگەڵ سووریا، لەو کاتەدا ببووە پەناگەیەکی سەرەکی بۆ ئاوارە سووریاییـەکان؛ بۆیە ئاراستەکردنی هێرشەکە لەلایەن هەواڵگریی رژێمی سووریاوە، وەک هەوڵێک سەیر دەکرا بۆ تێکدانی ئاسایش و خستنە ژێر گوشاری ئەنقەرە. ئێستا کە دۆخی ناوچەکە گەیشتووەتە ئەم قۆناخــە، دادگە جەختی کردەوە کە چیدیکە هیچ تاوانێک بێ سزا نامێنێتەوە.



.jpg&w=3840&q=75)
