رووداو دیجیتاڵ
محەممەد ئەمین ئەکمەن، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی (یەنی یۆڵ) واتە (رێگەی نوێ) لە پەرلەمانی تورکیا لە کاتی بەشداریکردن لە بووڵتەنی کاژێر 15:00ی تۆڕی میدیایی رووداو قسەی لەبارەی ئەو پڕۆژەیاسایە کرد کە کار لەسەر ئامادەکردن و پەسندکردنی بۆ سەرخستنی پڕۆسەی چارەسەری پرسی کورد دەکرێ.
محەممەد ئەمین ئەکمەن گوتی، خاڵێکی سەرەکی پڕۆژەیاساکە بووەتەهۆی دروستبوونی ناکۆکی لەنێوان پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) و دەسەڵاتی تورکیا و گوتی، ئەو خاڵەش پەیوەندی بە پۆلێنکردنی ئەندامانی پەکەکەوە هەیە.
محەممەد ئەمین ئەکمەن دەڵێ: "حکومەت سوورە لەسەر ئەوەی یاساکە تەنیا ئەو کەسانە بگرێتەوە کە چوونەتە نێو ڕێکخراوەکە (پەکەکە)، بەڵام لە کردەی تووندوتیژی بەشدار نەبوون و فەرمانی شەڕیان نەداوە. لە بەرامبەردا، دەم پارتی و لایەنی ڕێکخراوەکە (پەکەکە) بە تووندی دژی ئەم جیاکارییەن و داوا دەکەن یاساکە هەمووان بگرێتەوە، بێ جیاوازی."
دەقی هەڤپەیڤینی محەممەد ئەمین ئەکمەن لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو:
رووداو: پرۆژەیاسایەک کە ببێتە بنەمای دانانی چەک و گەڕانەوەی ئەندامانی پەکەکە چی لەخۆدەگرێ؟
محەمەد ئەمین ئەکمەن: لە راستیدا ئێمە لە 12ی ئایاری 2025ـەوە کە رێکخراوەکە (پەکەکە)خۆی هەڵوەشاندەوە، داوا دەکەین ئەو یاسایە دەربکرێ، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ نەهاتووەتە پەرلەمان. ئەمەش ئاماژەیە بۆ دواکەوتن. لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێک ئاماژە هەن کە لە ماوەیەکی کورتدا دەگات. وەزیری داد رۆژی هەینی لە سەردانێکیدا بۆ دادگەی ریزە رایگەیاند: "یاساکەمان تەواو کردووە." عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتیش دوێنێ رایگەیاند: "چووینەتە قۆناخێکی نوێ. یاساکە ئامادەیە." کاتێک ئەمانە کۆدەکەینەوە، وا دەردەکەوێ کە لە داهاتوویەکی نزیکدا سەردانی پارتە سیاسییەکان دەکرێ و تاوتوێی رەشنووسێک دەکرێ.
هیچ زانیارییەکمان لەبارەی نێوەڕۆکەکەیەوە نییە. بەڵام بەپێی ئەو مشتومڕانەی تاوەکو ئێستا کراون، دەکرێ باس لە چەند بابەتێک بکرێ. یەکەم، ئەم یاسایە لە پلەی یەکەمدا چارەسەرێک بۆ ئەو کەسانە دادەنێت کە پەیوەندییان بە رێکخراوەکەوە (پەکەکە) کردووە، بەڵام تێوەنەگلاون لە چالاکییەکان. پێشبینی ناکرێ لە قۆناخی یەکەمدا رێکخستنەوەیەک بۆ ئەو کەسانە بکرێ کە تێوەگلاون لە چالاکییەکدا، فەرمانیان داوە یان لە ئاستێکی دیاریکراودا بەرپرس بوون. بۆ ئەو کەسانەی یاساکە دەیانگرێتەوە، ماوەیەکی چاودێریی سێ یان پێنج ساڵە دادەنرێ. ئەگەر لەو ماوەیەدا هیچ تاوانێکی دیکە ئەنجام نەدەن، دۆسیەکانیان دادەخرێ، واتە سەرەتا لە دادگە دۆسیەیەک بۆ هەمووان دەکرێتەوە و دوای ماوەیەکی دیاریکراو دادەخرێ. بێگومان کەسانێک هەن کە داواکانیان بەردەوامە، کەسانێک هەن لە دەرەوەی وڵاتن و کەسانێکیش هەن لە زینداندان. وا دەردەکەوێ کە بۆ ئەوانیش پێشنیازێک دێتە ئاراوە کە جیاوازییەک دەکات لەنێوان تێوەگلان و تێوەنەگلان لە چالاکییەکاندا. لایەنی دەم پارتی و لایەنی رێکخستن (پەکەکە) دژی دانانی جیاوازییەکەن لەنێوان ئەوانەی بەشداربوون لە چالاکییەکان و ئەوانەی بەشدارنەبوون. بەڵام دەسەڵات تاوەکو ئێستا ئەو بۆچوونەی دروستکردووە کە لەسەر ئەم جیاکارییە سوور دەبێت. دوای دەرچوونی ئەم یاسایە، رەنگە بە گۆڕانکارییەک لە یاسای جێبەجێکردندا، لە هەندێک بابەتی دیاریکراودا نەرمیی زیاتر بنوێنن.
رووداو: ئایا ماوەی کاری پەرلەمان لەبەر ئەو یاسایە درێژدەکرێتەوە؟
محەمەد ئەمین ئەکمەن: پەرلەمان، ساڵانێکە، زیاتر لە 10 ساڵە، هەمیشە لە مانگی تەممووزدا کاردەکات. لەبەرئەوە، تاوەکو کۆتایی مانگی تەممووزیش هیچ ئاماژەیەکی دڵنیاکەرەوە نییە لەبارەی هاتنی ئەم یاسایە بۆ پەرلەمان. واتە، لەوانەیە یاساکە بخەنە بەرباس و گفتوگۆی نێوان پارتەکان، بەڵام دەتوانن هێنانی بۆ پەرلەمان دوابخەن بۆ کاتێکی دیکە، ئینجا لە رێگەی بانگهێشتێکی نائاسایی لە پشوودا بێت یان بۆ مانگی تشرینی یەکەم درێژ بکرێتەوە.
رووداو: ئایا لە پەرلەمان کۆدەنگییەک دروست دەبێت؟ دەتوانرێ دەنگی زۆرینە بەدەستبهێنێت؟
محەمەد ئەمین ئەکمەن: پرۆسەیەکی لەو شێوەیە پێویستی بە یاسایەکە. لەمبارەیەوە هەموو لایەک هاوڕان. پێویستە ئەو یاسایە دەربکرێ. بەڵام تاوەکو ئێستا دەسەڵات گوشار لەسەر ئۆپۆزیسیۆن دروست دەکات. واتە بابەتەکانی وەک دۆسیە و لێکۆڵینەوە بەردەوامەکان، ئازادنەکردنی دەمیرتاش و هاوڕێکانی، هەنگاونەنان بۆ دیموکراسیکردن، ئۆپۆزیسیۆن ناچار دەکات لەگەڵ دەسەڵات هەڵسوکەوت بکات. بەڵام رەنگە دیمەنەکە بەم شێوەیە بێت؛ تەنانەت ئەگەر ئەو پاکێجەی دەسەڵات دەیهێنێت بە هۆکاری جیاواز رەخنەی لێبگیرێ و لەلایەن هەردوو گرووپی ئۆپۆزیسیۆنی دیکەوە، واتە لەلایەن رێگەی نوێ و جەهەپەوە پشتگیری تەواو وەرنەگرێ، رەنگە ئەو پارتانە رەخنەی تووند و دژایەتییەکی سەرسەختانە نەکەن، واتە وەک ئەوەی لە بابەتی سەردانیکردنی ئیمراڵی روویدا، بەشداری لە پرۆسەکەدا ناکەن، بەڵام دژیشی ناوەستنەوە. ئەمە تا رادەیەک پەیوەستە بەوەی کە نێوەڕۆکی پاکێجە چاوەڕوانکراوەکە چی دەبێت و دەسەڵات دەیەوێ چۆن ئەو پرۆسەیە بەڕێوەببات.
رووداو :ئامادەکاری بۆ ئەو کەسانە کراوە کە چەک دادەنێن؟ لەکوێ دەمێننەوە؟ یەکسەر دەچنەوە نێو خێزانەکانیان یان لە شوێنێک رادەگیرێن؟
محەمەد ئەمین ئەکمەن: نەخێر، بیر لە هیچ کامپێکی لەو شێوەیە نەکراوەتەوە. بە هەر حاڵ، ئەگەری زۆرە ئەو کەسانەی دەگەڕێنەوە، ئەو کەسانە بن کە مەرجەکانی یاساکە دەیانگرێتەوە. واتە ئەو کەسانە ناگەڕێنەوە کە کاتێک گەڕانەوە، بخرێنە زیندانەوە. بەگوێرەی یاساکە، ئەو کەسانەی دێنەوە دوای ئەوەی لە دادگەکاندا گوتەیان لێ وەرگیرا، دەتوانن بگەڕێنەوە ماڵەکانیان. بێگومان ئەو بابەتانە پەیوەستن بەو یاسایەی کە دەردەچێت، وەک ئەو پشتگیرییەی پێویستە پێشکێش بەو کەسانە بکرێ لە بەرامبەر ئەو دۆخەی تێیکەوتوون، ئایا دەوڵەت پشتگیرییان دەکات ئەگەر بیانەوێت کارێکی ئابووری بکەن یان نا، چی بەسەر قەرزەکانی خزمەتی سەربازییان دێت، ئەگەر خوێندنیان بە نیوەچڵی بەجێهێشتبێت یان ئەگەر بیانەوێ دەست بە خوێندن بکەنەوە، چییان بۆ دەکرێ. ئەگەری زۆرە لەو بابەتانەدا دەسەڵاتێکی فراوان بدرێتە سەرۆککۆمار و لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتەشدا ئەو کێشانە چارەسەر دەکرێن. بەڵام هیچ ئەگەرێکی لەو شێوەیە لە ئارادا نییە کە ئەو کەسانەی دەگەڕێنەوە لە کامپدا بهێڵدرێنەوە.
رووداو: حکومەت دەڵێ، سەرەتا دەبێت دڵنیا بین لەوەی پەکەکە چەکی داناوە، دواتر یاساکە دەردەکەین. ئایا بە بڕوای ئێوە ئەمە گونجاوە لەگەڵ نموونە جیهانییەکان؟
محەمەد ئەمین ئەکمەن: کاتێک سەیری نموونەکانی جیهان دەکەین، سەرەتا زەوینەی یاسایی دێتە ئاراوە، دواتر چەکەکان دادەنرێن یان دەسووتێندرێن. بەڵام وادیارە بۆ دەستپێکردنی ئەم پرۆسەیە، لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی یەکلایەنە و دانانی چەک، بەڵێنێک بە حکومەت دراوە. حکومەتیش داوای جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنە دەکات. ئێستا ئۆجەلان، لە ڕووی ئایدۆلۆژییەوە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی جیهان، رەوتی مێژوو و رابردووی ڕێکخراوەکەی خۆی، دەڵێت "تەنانەت ئەگەر دەوڵەت هیچ رێوشوێنێکیش رانەگەیێنێت، من کۆتاییم بە خەباتی چەکداری هێناوە". کاتێک بەم شێوەیە بێت، هیچ مامەڵەیەک لە ئارادا نییە، واتە سەرەتا یاسا دەربچێت و دواتر چەک دابنێم. ئێستا ئەگەر ڕێکخراوەکە (پەکەکە) بە هێز و ئیرادەی خۆی و بە کۆنگرەی خۆی ئەم بڕیارەی دابێت، ئەوەی دەکەوێتە سەر شانی دەوڵەت ئەوەیە کە دەرفەت و هەلێک بۆ ئەوانە بڕەخسێنێت کە دەیانەوێ واز لە رێکخراوەکە بهێنن. یاساکە بۆ ئەمە دەردەچێت. بۆیە، لە پرسیارەکەت تێدەگەم. لە وڵاتانی دیکە سەرەتا یاسا و دواتر چەکداماڵین بووە. بەڵام ئەمجارە لایەنەکان لەسەر ئەمە رێککەوتوون. ئێمەش زۆر پرسیار لەسەر ئەم بەشەی کارەکە ناکەین و تەنیا دەمانەوێ هەرچی زووە ئەم پرسە کۆتایی بێت، تورکیا بحەسێتەوە و خەباتی رەوای دیموکراسیی کورد لە سێبەری چەک و تووندوتیژی و تیرۆر رزگاری بێت. بۆ ئەوەی بگەنە ئامانج، زۆر بە وردی گفتوگۆی ئەم بابەتانە ناکەین، تەنانەت ئەگەر لە رووی ڕێکارەوە هەڵەشی تێدا بکەن.

.jpg&w=3840&q=75)
