رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی پرۆسەی ئاشتییەوە رایگەیاند، دەیانەوێت بەشێوەیەکی ئاسان و بێ کێشە چارەسەر بێت. دەشڵێت: ''دوای رزگاربوون لە بەڵای 40 ساڵەی تیرۆر، گەرمتر باوەش بە یەکدیدا دەکەین''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، رۆژی شەممە، 25ـی کانوونی دووەمی 2025، لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان بەشداری لە هەشتەمین کۆنگرەی پارتەکەی کرد و تێیدا گوتارێکی پێشکێشکرد.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد، سوپای وڵاتەکەی 40 ساڵە لەگەڵ پەکەکە لە شەڕدایە ''دوای ئەوەی وڵاتەکەمان بەتەواوی لە بەڵای تیرۆر رزگار کرد، پشت بەخودا بە راکردن بەرەو ئامانجەکانمان دەڕۆین. دوای ئەوەی بەربەستی تیرۆر لە نێو 85 ملیۆن کەس تێکشکێنرا، گەرمتر باوەش بە یەکدیدا دەکەین ''.
ئەردۆغان لەبارەی چارەسەکردنی پرسی کورد و کۆتاییهێنان بە شەڕی وڵاتەکەی لەگەڵ پەکەکە جەختیکردەوە، ''ئامانجمانە ئەمە بەبێ کێشە و ئاسانی چارەسەر بێت. بەڵام ئەگەر هەوڵی رێگەی دیکە بدرێت، ئێمە بەپێداگرییەوە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەردەوام دەبین''.
سەرۆککۆماری تورکیا باسی لەوەش کرد، ''دڵخۆشم بە بینینی دەستپێشخەریی پارتە سیاسییە جیاوازەکان بۆ ئەم بابەتە. ژمارەی گیانلەدەستدانی ئەندامانی رێکخراوی تیرۆریستی لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانمان و ئەو کەشە سوودبەخشەی لە ئەنجامی شۆڕشەکەی سووریا بەرپابوو، وەک دەرفەتێک بۆ کۆتاییهێنان بە بابەتی تیرۆر دەبینم''.
ئەردۆغان جەختی لە پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەی کردەوە و راشیگەیاند، ''وەک ئەوەی لە چەند هەفتەی رابردوودا ئاماژەم پێدا، بە هەر شێوازێک بێت ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆر بەدی دەهێنین''.
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، جیاکارییان لە نێوان نەتەوە جیاوازەکانی تورکیا نەکردووە و گوتیشی، ''هەوڵدەدەین ژیانێکی برایانە بۆ 85 ملیۆن کەس فەراهەم بکەین''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ