رووداو دیجیتاڵ
پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە رێگەی هەڵبژاردنی نێوخۆیی پارتەکەیەوە، بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو دیاری دەکات.
هەڵبژاردنەکە ئەمڕۆ (یەکشەممە، 23ـی ئاداری 2025) کاژێر 08:00ـی بەیانی دەستپێدەکات و کاژێر 17:00 کۆتایی دێت.
تاکە بەربژێری پارتەکە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵە، کە ئێستا بەهۆی تۆمەتەکانی ''هاوکاریکردنی پەکەکە و گەندەڵیی دارایی'' دەستگیرکراوە.
سەلین سایەک بۆکە، سکرتێری گشتیی جەهەپە رایگەیاند، بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە، لە شوێنە گشتییەکانی تەواوی پارێزگەکانی تورکیا و باکووری کوردستان نزیکەی پێنج هەزار و 600 سندووق دادەنرێن.
لە هەڵبژاردنەکەدا هەموو هاووڵاتییانی تورکیا دەتوانن دەنگ بدەن، بۆ ئەم مەبەستە سندووقەکانی ئەندامانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بە جیا دادەنرێت، هەروەها سندووقێکی دیکە بە ناوی ''سندووقی هاوپشتیوانی'' دادەنرێت کە ئەندامانی دەرەوەی جەهەپە دەتوانن دەنگی لێبدەن.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە لەمبارەیەوە رایگەیاند، ''هەموو پارتە سیاسییەکان و هەموو ئەوانەشی کە خاوەنی هەر بۆچوونێکن و لەگەڵ دیموکراسیدان، بانگهێشتکراون''.
ئەگەرچی بەگوێرەی رۆژژمێری هەڵبژاردنەکانی تورکیا، تاوەکو ساڵی 2028 هیچ هەڵبژاردنێک ناکرێت، بەڵام جەهەپە دەستی بە ئامادەکاری کردووە و داوا دەکات هەڵبژاردنی پێشوەخت بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ