رووداو دیجیتاڵ
پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا (ئاکپارتی) ئەمڕۆ هەشتەمین کۆنگرەی ئاسایی پارتەکەی لە ئەنقەرە دەبەستێت.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی، تاکە بەربژێرە بۆ سەرۆکایەتیی پارتەکە.
ئەرکان کاندەمیر، یاریدەدەری سەرۆک و بەرپرسی رێکخستنەکانی ئاکپارتی رایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت کۆنگرەکە بە بەشداریی 1607 ئەندام و ئامادەبوونی هەزاران میوان بەڕێوەبچێت.
بەگوتەی بەرپرسی رێکخستنەکانی ئاکپارتی، لە کۆنگرەکەدا 95 باڵیۆزی وڵاتان، 28 پارتی سیاسیی 13 وڵات، 127 رێکخراوی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیی کۆمەڵگەی مەدەنی بەشداری دەکەن. هەروەها 56 میدیا و دامەزراوەی راگەیاندنی نێوخۆیی و جیهانی، رووماڵی کۆنگرەکە دەکەن.
کاندەمیر راشیگەیاند، بانگهێشتی فەرمیی ئاراستەی هەریەک لە جەهەپە، مەهەپە، ئیی پارتی، پارتی یەکگرتنی مەزن، هوداپار، پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ، پارتی سۆسیالیست دیموکرات، پارتی سەعادەت و پارتی وەتەن کراوە بۆ بەشداریکردنیان لە یەکەم دانیشتنی پرۆتۆکۆلیی کۆنگرەکە.
ئەوە لەکاتێکدایە هەریەک لە دەم پارتی، پارتی دێڤا بە سەرۆکایەتیی عەلی باباجان و پارتی ئاییندە بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد داودئۆغڵو، بانگهێشتی کۆنگرەکە نەکراون.
28ـی تشرینی دووەمی 2024 کۆنفرانسەکانی لقی رێکخستنەکانی ئاکپارتی لە پارێزگەکانی تورکیا و باکووری کوردستان دەستیانپێکرد، رەجەب تەیب ئەردۆغان بەشداریی لە 29 کۆنفرانسیان کرد.
رۆژی 7ـی شوباتی 2025 کۆنفرانسەکان کۆتاییان هات، کە دوایینیان کۆنفرانسی لقی رێکخستنەکانی ئیستەنبووڵی پارتەکە بوو.
ئاکپارتی لە 14ـی ئابی 2001 دامەزراوە و لە هەڵبژاردنی 3ـی تشرینی دووەمی 2002 بە 365 کورسی سەرکەوت و بە تەنیا حکومەتی پێکهێنا.
تائێستا حەوت کۆنگرەی ئاسایی و چوار کۆنگرەی نائاسایی رێکخستووە؛ 11 ملیۆن و 135 هەزار و 306 ئەندامی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ