رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ، چاوەڕوان دەکرێت ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ ئەمشەو ببرێتە دادگە.
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو ئەمڕۆ شەممە 22ی ئاداری 2025 بە مەبەستی وەرگرتنی گوتە لە کەیسی لێکۆڵینەوە لە "تیرۆر" برایە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئیستەنبووڵ.
ئەوەش لە کاتێکدایە، ئیمامئۆغڵو دوێنێ هەینی لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لەگەڵی لە دۆسیەی "گەندەڵیی دارایی،" لە ئاسایشی ئیستەنبووڵ گوتەی لێوەگیرا.
بەگوێرەی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ، بڕیارە ئەمشەو کاژێر 21:00 سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ ببرێتە دادگە.
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 19ی ئاداری 2025 لەسەر راسپاردەی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ، ئیمامئۆغڵو لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ئیستەنبووڵەوە دەستگیرکرا.
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا رۆژی 19ی ئاداری 2025 لە گوتارێکیدا لە ئەنقەرە رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵەوە کراون، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بە تۆمەتی "هاوکاریکردنی رێکخراوی تیرۆریستی و گەندەڵیی دارایی" دەستگیر کراوە.
بە گوتەی وەزیری دادی تورکیا، هەر لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوانەدا، بڕیاری دەستگیرکردن بۆ 105 کەسی دیکەش دراوە.
ئەو پێشهاتانە لە کاتێکدان، ئیمامئۆغڵو لە سەروبەندی ئەوەیە، خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەو وڵاتە بەربژێر بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ