تورکیا

دیمەنێکی بەردەم کۆنسووڵخانەی عێراق لە ئیستەنبووڵ دوای هێرشەکەی دوێنێ شەو. وێنە: عومەر سۆنمەز - رووداو
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەبارەی ئەو هێرشەی دوێنێ شەو کرایە سەر کۆنسووڵخانەی عێراق لە ئیستەنبووڵ دەڵێت، هەوڵەکانیان بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەنجامدەرانی رووداوەکە دەستپێکردووە و دەشڵێت: ''بەرپرسیارانی دەدرێنە دادگە''.
ئۆنجو کەچەلی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند: ''لە لایەن کەسانێکەوە بە سواری ماتۆرسکیل، بە چەک هێرشکراوەتە سەر کۆنسووڵخانەی عێراق لە ئیستەنبووڵ. لە رووداوەکەدا زیانی گیانی و مادی نەبووە''.
کەچەلی رایگەیاند، ئاسایشی وڵاتەکەی لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە دەستپێکردووە و هەوڵی ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەنجامدەرانی تەقەکردنەکە دەدات؛ باسی لەوەش کرد: ''بەرپرسیارانی رووداوەکە دەبرێنە دادگە''.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا گوتی، حکومەتی وڵاتەکەی بۆ پاراستنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ عێراق، هەمیشە هەموو جۆرە رێکارێکی گرتووەتەبەر؛ گوتیشی: ''هیوای سەلامەتی بۆ برا عێراقییەکانمان دەخوازین''
شەوی رابردوو، دوو کەسی نەناسراو تەقەیان لە کۆنسووڵخانەی عێراق لە گەڕەکی ئەسەنتەپە لە ناوچەی شیشلی لە ئیستەنبووڵ کرد.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانی ئاسایشی ئیستەنبووڵ، 9 گولـلە بەر باڵەخانەکە کەوتبوون.
هەر لەوبارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی عێراق، دوێنێ شەو راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی: "راستەوخۆ دوای رووداوەکە، کۆنسووڵ و کارمەندانی کۆنسووڵخانەکەمان خۆیان گەیاندە شوێنی رووداوەکە. هێزە ئەمنییەکانی تورکیاش دەستبەجێ تەواوی رێگەکانی چوون و هاتنیان بۆ کۆنسووڵخانەکە داخست، لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەکان و رێوشوێنە ئەمنییەکانیان بە ئامادەبوونی کارمەندانی کۆنسووڵخانەکەمان گرتەبەر."
وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەختی کردووەتەوە، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەرکی حکومەتی تورکیایە نێردە دیپلۆماسییەکان بپارێزێت و رێوشوێنی ئەمنیی تووندوتۆڵ بگرێتەبەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ