ئەندامێکی ئەنجوومەنی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ بە وەکالەت لە شوێنی ئیمامئۆغڵو دانرا

21-03-2025
دیار سلێمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیا دەستگیرکرا، ئەندامێکی ئەنجوومەنی شارەوانییەکە بە وەکالەت لە شوێنەکەی دانرا.
 
ئاژانسی فەرمیی تورکیا بڵاوی کردەوە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، دەستنووسێکی خۆی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گەورەشارەوانیی پارێزگەکە ناردووە و نووسیویەتی، ''بۆ ئەوەی کار و رێوشوێنەکانی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ پەکیان نەکەوێت، لەو ماوەیەدا ئەرکی بەوەکالەتی سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ لەلایەن نووری ئاسڵان، ئەندامی ئەنجوومەنی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ بەڕێوەدەبرێت''.
 
دوای جێبەجێکردنی رێکارەکان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، نووری ئاسڵان، ئەندامی ئەنجوومەنی گەورەشارەوانیی پارێزگەکە  سەر بە جەهەپەیە، بە وەکالەت لە شوێنی ئیمامئۆغڵو دانرا.
 
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، 19ـی ئاداری 2025 لەسەر راسپاردەی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ئیستەنبووڵ دەستگیرکرا.
 
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا رۆژی چوارشەممە، 19ـی ئاداری 2025 لە گوتارێکیدا لە ئەنقەرە رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ کراون، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ بە تۆمەتی ''هاوکاریکردنی ریکخراوی تیرۆریستی و گەندەڵیی دارایی'' دەستگیرکراوە.
 
بە گوتەی وەزیری دادی تورکیا، هەر لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوانە دا بڕیاری دەستگیرکردن بۆ 105 کەسی دیکەش دراوە. تاوەکو ئێستا 87 کەسیان دەستگیرکراون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە