ئاماری بێکاری لە تورکیا؛ بەرزترین رێژەی لە جۆلەمێرگە

21-03-2025
دیار سلێمان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەگوێرەی دامەزراوەی ئاماری تورکیا (تویک)، پار رێژەی بێکاری لە سەرانسەری تورکیا و باکووری کوردستان 8.7٪ بووە و بەراورد بە پێرار 0.7٪ دابەزیوە. هاوکات بەرزترین رێژەی بێکاریش لە جۆلەمێرگی باکووری کوردستان بووە.
 
دامەزراوەی ئاماری تورکیا (تویک) ئامارەکانی تایبەت بە رێژەی بێکاری و دابینکردنی هەلی کاری لە سەرانسەری پارێزگەکانی تورکیا و باکووری کوردستان بۆ ساڵی رابردوو بڵاوکردەوە.
 
تویک دەڵێت، لە ساڵی رابردوو رێژەی بێکاری لەنێو کەسانی 15 ساڵ و سەرووتر بەراورد بە پێرار، 0.7٪ نزمبووەتەوە و بووەتە 8.7٪. بەمجۆرە، ژمارەی بێکارانی باکووری کوردستان و تورکیا 151 هەزار کەس کەمیکردووە و بووەتە سێ ملیۆن و 113 هەزار.
 
بەگوێرەی ئاماری دامەزراوەی تورکیا ئەو رێژەیە لە نێو پیاواندا 7.1٪ و لە نێو ژنانیشدا 11.8٪ بووە.
 
تویک راشیگەیاند، رێژەی بێکاری لە ساڵی رابردوو لە نێو کەسانی تەمەن 15-24 بەراورد بە پێرار 1.1٪ کەمبووەتەوە و بووەتە 16.3٪. بەجۆرێک رێژەکە لە نێو پیاواندا 13.1٪ و لە نێو ژنانیشدا 22.3٪ بووە.
 
دامەزراوی ئاماری تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، نزمترین رێژەی بێکاری لە ساڵی رابردوو لە پارێزگەکانی بوردور و کاستامۆنوی تورکیا بووە بە رێژەی 4٪. هاوکات بەرزترینیش لە پارێزگەی جۆلەمێرگ بووە بە رێژەی 18.3٪.
 
سەبارەت بە دابینکردنی هەلی کار لە باکووری کوردستان و تورکیا، لە ساڵی رابردوو بەراورد بە پێرار، 1.2٪ زیادیکردووە و بووەتە 49.5٪. بەجۆرێک ئەو رێژەیە لە نێو پیاواندا 66.9٪ و لە نێو ژنانیشدا 32.5٪ بووە.
 
تویک دەڵێت، لە ساڵی رابردوو بەراورد بە پێرار، 988 هەزار کەسی دیکە کاریان دەستکەوتووە و ژمارەیان بووەتە 32 ملیۆن و 620 هەزار.
 
بەرزترین رێژەی دابینکردنی هەلی کار، بەپێی داتاکانی تویک، لە پارێزگەی ئەردەخانی باکووری کوردستان بووە، کە 60.6٪ بووە. هاوکات نزمترین رێژەش لە پارێزگەی جۆلەمێرگی باکووری کوردستان بووە کە 35.3٪ بووە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە