ئەردۆغان رایگەیاند، ئەوان بە بوێرییەوە پرۆسەی چارەسەری بەڕێوەدەبەن و رایگەیاند، لە پەرلەماندا کار بۆ یاسایەک دەکەن لەپێناو خێراکردنی پرۆسەی چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە).
رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی کە ئەمڕۆ چوارشەممە 24-6-2026 لە پەرلەمان بەڕێوەچوو، باسی قۆناخی ئێستای پرۆسەی چارەسەری کرد و گوتی: "لەم خاڵەی پێیگەیشتووین، کار لەسەر یاسایەک دەکەین کە پرۆسەی چەکدانانی رێکخراو خێرا دەکات. دوای راوێژکاریی پێویست، بێ درێژدادڕی، پرۆژەی هەموارەکە پێشکێشی پەرلەمان دەکەین کە ناونیشانی چارەسەری کێشەکانە".
ئەم هەنگاوانەی حکومەتی تورکیا لەکاتێکدان کە بەشێک لە پارت و لایەنی ئۆپۆزسیۆن بە تووندی دژایەتیی پرۆسەکە دەکەن و دەڵێن، هاوشێوەی جارەکانی دیکە ئەو پرۆسەیەش لەباردەچێت. لە بەرامبەردا ئەردۆغان بەردەوام پێداگری لەسەر گەیاندنی پرۆسەکە بە ئامانجی خۆی دەکات.
ئەردۆغان لە گوتارەکەی ئەمڕۆشیدا وەڵامی ئەو رەخنانەی دایەوە و گوتی:" لەو باوەڕەدام بەزیادەوە توانای چارەسەرکردنی ئەم کێشانەمان بێ سازشکردن لە تایبەتمەندیی دەوڵەتەکەمان و بەهای گەلەکەمان هەیە. ئێمە وەکو هاوپەیمانیی جمهوور بە پشتیوانیی پەرلەمان، پەنا بەخوا بە گەیاندنی ئەم پرۆسەیە خێردارە بە چارەسەر، مێژووێکی وەها دەنووسینەوە کە بە شانازییەوە یادی بکرێتەوە".
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها پرۆسەکەی بە دەرگایەکی نوێی واڵاکراو وەسفکرد و گوتی:"پێویستە پارتە سیاسییەکان هاوشێوەی ئەو چالاکییانەی لە کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان پێشکێشیان کرد، پێویستە تەواوی جیاوازییەکانیان بخەنە لایەک؛ پشتیوانی پرۆسەکە بکەن و شانیان بخەنە ژێر ئەو بارەی کێشەی ئەم خەڵکەیە. ئێمە وەکو هاوپەیمانیی جمهوور و دەسەڵات، بە ویست، پێداگری، سازان و بوێرییەوە هاتووینەتە پێش و ئەوەی لەسەر شانمان بووە بە زیادەوە کردوومانە و لەمەودواش بە هەمان شێوە بەردەوام دەبین".
ئەردۆغان هەروەها نیگەرانیی نیشاندا لەوەی پێشهاتەکانی ناوچەکە گرفتی بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی چارەسەریش دروستکردووە و هەستیارییەکی وەهای دروستکردووە کە هەندێک جار دەبێتە کێشە.


