رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، بەم زووانە وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی سەردانی سووریا دەکات؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی سووریا بە هەموو جۆرێک هاوکاریی ئەو وڵاتە دەبن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی هەینی، 20-12-2024، لەکاتی گەڕانەوەی لە میسر، لە نێو فڕۆکە وەڵامی رۆژنامەڤانانی دایەوە.
ئەردۆغان گوتی، حکومەتی وڵاتەکەی هاوکاری سووریا دەکات بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ؛ گوتیشی، ''ئێستاش دوای ئەم شۆڕشە، یارمەتییە مرۆییەکانمان بەردەوامن و بەردەوام دەبن. حکومەتی نوێ لە زۆر لایەنەوە پێویستی بە یارمەتییە هەیە. ئەوان بەتەنیا جێناهێڵین.''
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، یەکێک لە هەنگاوەکانی بووژاندنەوەی دەوڵەتی سووریا بە نووسینەوەی دەستوور دەبێت و گوتی، ''لەم بابەتەدا دەستمان بە پەیوەندی کردووە لەگەڵ ئەو کەسانەی لە حکومەتی نوێی سووریادا هەن، لەسەرووی هەموویانەوە بەڕێز جۆلانی. وەک خۆتان دەزانن، سەرۆکی رێکخراوی هەواڵگریی نیشتیمانیمان نارد. وەزیری دەرەوەمان هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی پرسەکە لەسەر هێڵە''.
لەبارەی دامەزراندنی حکومەتی نوێی سووریا، ئەردۆغان ئاماژەی بە رۆڵی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا کرد و گوتی، ''ئەو کۆبوونەوانەی دوای دەستبەکاربوونی لەگەڵیدا ئەنجامیان دەدەین، زۆر گرنگ دەبن''.
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، ''لە بەرەنگاربوونەوەی داعش، پەکەکە/یەپەگە، نابێت ئەوان (بەرپرسانی سووریا) بەتەنیا جێبهێڵدرێن. ئەوەی پێویست بێت دەیکەین. بەم زووانە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەمان پشت بە خودا سەردانی ئەوێ (سووریا) دەکات''.
ئەردۆغان هەر لەوبارەیەوە گوتی، ''ئێمە هەموو ئەو هەوڵانە دەدەین تاوەکو لە باشووری سنوورەکانمانەوە هیچ هەڕەشەیەک بەرەو روومان نەبێتەوە، چونکە مەترسییەکی وەها قبووڵ ناکەین. ئەوان ساڵانێک ئازاری زۆری گەلانی ناوچەکەمانیان دا. ژیانی تورکەکان، عەرەبەکان، ئێزدییەکان و چەندانی دیکەیان ژەهراویکرد، لەسەرووی هەموویانەوە برا کوردەکانمان. لە داهاتووی ناوچەکەدا شوێن بۆ تیرۆریستان نییە''.
بەشی زۆری ئەو ناوچەیەی ئەردۆغان باسی دەکات رۆژئاوای کوردستانە. زۆربەی ئەو ناوچەیە لە ئەنجامی سێ ئۆپەراسیۆن کەوتنە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی تورکیا و هێزە نزیکەکانی لە ئۆپۆزیسیۆنی پێشووی سووریا، ئەوانیش ناوچەکانی باب و جەرابلووس لە ساڵی 2016، عەفرین لە ساڵی 2018 و سەرێ کانی و گرێ سپێ لە ساڵی 2019.
لەبارەی چارەنووسی پەنابەرانی سووریا لە وڵاتەکەی، سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، ''هیوادارم پێشهاتەکانی داهاتوو، زەوینەیەک بڕەخسێنن بۆ ئەوەی خوشک و برا سووریاییەکانمان بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان''.
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا کرد و گوتی، یەکێکی دیکە لە کێشەکانی حکومەتی نوێی سووریا بریتییە لە فراوانکردنی ''داگیرکارییەکانی'' ئیسرائیل لە باشووری ئەو وڵاتە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ