رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان (دەم پارتی)، لە سێیەمین کۆنگرەی ئاسایی پارتەکەیان لە پارێزگای مێرسین، گوتارێکی پێشکەش کرد و جەختی لەسەر گرنگیی ناردنی رەشنووسی پرۆژە یاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری بۆ پەرلەمانی تورکیا کردەوە و راگەیاند، پێویستە ئەم یاسایە هەمەلایەن بێت و جیاکاری نەکات.
باکرهان ئاماژەی بەوە کرد، ئەم پرۆژە یاسایە هەنگاوێکی مێژووییە بۆ گواستنەوەی کێشەی کورد لە زەوینەی توندوتیژی و شەڕەوە بۆ زەوینەی دیالۆگ و دانوستاندنی سیاسی.
باکرهان لەبارەی ناوەڕۆکی پرۆژە یاساکە گوتی، "پێویستە ئەو یاسایەی دێتە پەرلەمان، جیاکاریی نەکات. نەبێتە یاسایەک بۆ هەندێک بێت و دەرگاکان لەسەر هەندێکی دیکە دابخات. دەرگا لەسەر هیچ کەسێک دانەخات کە باوەڕی بە ئاشتی هەیە و دەیەوێت بێتە ناو پرۆسەکەوە. پێویستە یاسایەکی تەواو بێت، نەوەک نیوەچڵ."
هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێ یاساکە ژێرخانی پێویست بۆ کارکردن و پەیوەندییەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ بەڕێوەبردنی ئەم پرۆسەیە ئامادە بکات، هەروەها هەڵگرتنی ئاستەنگەکان لەسەر گەڕانەوەی سەرۆک شارەوانییەکان کە بە یاسای قەییوم لەکارەکانیان دوورخراونەتەوە، بەشێک بێت لە پرۆسەکە.
باکرهان جەختی لەوەش کردەوە کە سەرەڕای هەموو ئازار و قوربانیدانەکان، "ئەم پرۆسەیە دۆڕاندنی تێدا نییە؛ نە کورد و نە تورک نەدۆڕاون، بەڵکو 86 ملیۆن هاووڵاتی و ئاشتی براوە بوون."
هاوسەرۆکی دەم پارتی داوای لە هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە (تورک، کورد، عەلەوی، ژنان و گەنجان) کرد کە پشتگیری لە پرۆسەی ئاشتی بکەن.
چاوەڕێ دەکرێت رەشنووسی پرۆژە یاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری لەم هەفتەیە بێتە لیژنەی یاسایی و دواتر بخرێتە کارنامەی پەرلەمانی تورکیا بۆ دەنگدان.
ئەو پرۆژە یاسایە پرۆسەی چارەسەری دەخاتە سەر زەوینەیەکی یاسایی و چارەنووسی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە دوای چەکدانان لە چوارچێوەی یاسا یەکلایی دەکاتەوە.



