رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێت، سەربازێکیان کە چەند رۆژێک لەمەوبەر لە هەرێمی کوردستان بەهۆی تەقینەوەی مینی چێندراوەوە بریندارببوو، رۆژی سێشەممە 20-8-2024 گیانی لەدەستدا.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس گیانلەدەستدانی محەممەد ئەمین ئۆنکی لە نەخۆشخانە راگەیاند.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئۆنک رۆژی 16-8-2024 لە ناوچەی ناسراو بە ئۆپەراسیۆنی چنگ-قوفڵ لە هەرێمی کوردستان بەهۆی تەقینەوەی مینی چێندراوەوە برینداربوو.
رۆژی 14ـی مانگ، ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) کوژرانی هەشت سەرباز و بەئامانجگرتنی 4 پێگەی هێزەکانی تورکیای لە ئەنجامی ژمارەیەک هێرش لە ناوچەکانی خواکوڕک، مەتین و زاپ لە هەرێمی کوردستان راگەیاند.
رۆژی 15ـی مانگیش وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە هەفتەیەکدا 43 گەریلای پەکەکە لە رێگەی فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری ئێف 16 و درۆنەکانیانەوە لە ناوچەکانی خواکوڕک، زاپ، مەتین و گارە لە خاکی هەرێمی کوردستان کراونەتە ئامانج.
ئەم شەڕ و پێکدادانەی سوپای تورکیا و پەکەکە لە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە تورکیا بە چنگ- قوفڵ ناوی دەبات کە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ