رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی باڵای ئەردۆغان و یاریدەدەری سەرۆکی دەستەی پرسە یاساییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رایگەیاند، یەکێک لە ئامانجە هەرە گەورەکانی "سەتەی تورکیا" دانانی دەستوورێکی نوێیە لە وڵاتەکەیدا.
محەممەد ئوچووم، راوێژکاری باڵای ئەردۆغان، لە گۆشەیەکدا کە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵی نووسیوە، دەڵێ: "یەکێک لە گەورەترین ئامانجەکانی دیدگای 'سەتەی تورکیا'ی ئێمە، بەخشینی دەستوورێکی نوێیە بە وڵاتەکەمان."
ئوچووم کاتی کارکردن لەسەر دەستووری نوێی بۆ دوای هەڵبژاردنەکان دیاری کرد و گوتی، کاتێک پەرلەمانی داهاتووی تورکیا رەشنووسی نوێی دەستوور ئامادە دەکات، ناچار دەبن بیخەنە گشتپرسییەوە کە "بە رێژەیەکی زۆر بەرزی دەنگ پەسەند دەکرێ."
راوێژکارەکەی ئەردۆغان جەختی لەوەش کردەوە سیستمی سەرۆکایەتی و یاسای 50+1 (پێویستیی بەدەستهێنانی زیاتر لە 50%ی دەنگەکان بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی) وەکو خۆی دەمێنێتەوە گۆڕانکاری تێدا ناکرێ.
ئوچووم رەخنەی تووندی لە دەستووری ئێستای وڵاتەکەی گرت و بە "بەرهەمی کودەتا" ناویبرد و گوتی: "ئەم دەستوورە کە لە پینە و پەڕۆ خراپترە، بە هیچ شێوەیەک شایستەی ئەم گەلە سەربەرز و قارەمانە نییە."
ئەو راوێژکارەی ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش کرد، هێشتا دوو لەسەر سێی دەستووری ئێستای تورکیا "تایبەتمەندیی بەرهەمی کودەتای" تێدا ماوە.
ئەم لێدوانانەی ئوچووم لە کاتێکدایە، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، پێشتر رایگەیاندبوو: "پێویستە گۆڕانکاریی وەها لە دەستووردا بکرێت کە سیستمی سەرۆکایەتی بەهێز بکات و کێشەکانی وڵاتیش چارەسەر بکات."
پرسی نووسینی دەستوورێکی نوێی مەدەنی بەردەوام لە کارنامەی هاوپەیمانیی کۆمار (ئاکپارتی و مەهەپە) دا بووە، لە کاتێکدا بەشێکی ئۆپۆزیسیۆن سیستمی سەرۆکایەتیی کۆمار رەت دەکاتەوە و داوای گەڕانەوە بۆ سیستمی پەرلەمانیی بەهێزکراو دەکات.
دەستووری ئێستای تورکیا کە لە ساڵی 1982 نووسراوە، لە 154 مادە پێکهاتووەو تاوەکو ئێستا 21 جار هەموارکراوەتەوە و 51 مادەی گۆرانکاری تێدا کراوە و 103 مادەی وەکو خۆیان ماونەتەوە.
چوار مادەی یەکەمی دەستووری تورکیا کە بە هێڵی سوور دەبیندرێن، باس لە جۆری دەوڵەت، بنەماکانی کۆماری، یاکپارچەیی خاک، گەل و یەک ئاڵا و یەک زمان و یەک پایتەخت دەکەن.


