رووداو - دیجیتاڵ
لە نزیک قوتابخانەیەکی ئامادەیی لە پارێزگای مانیسا لە رۆژئاوای تورکیا، کەسێک بە هەڕەمەکی دەستڕێژی گوللەی کرد و بەهۆیەوە هەشت کەس بریندار بوون؛ پۆلیسیش تەقەکەرەکەی دەستگیر کرد.
رووداوەکە کاژێر 08:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2026، لە نزیک ئامادەیی پیشەیی و تەکنیکیی "ئینجی ئوزمەز" لە شارۆچکەی تورگوتلو سەر بە پارێزگای مانیسا روویدا، کاتێک چەکدارێک بە هۆکارێکی نادیار بە شێوەیەکی هەڕەمەکی تەقەی بەناو خەڵکدا کرد.
دەستبەجێ دوای رووداوەکە، ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی پۆلیس و تیمەکانی فریاکەوتن گەیشتنە شوێنەکە و بریندارەکانیان بۆ نەخۆشخانەکانی ناوچەکە گواستەوە.
پارێزگاری مانیسا لە راگەیێندراوێکدا رووداوەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند: "لە ئەنجامی تەقەکردن لە نزیک قوتابخانەکەدا، 8 کەس بریندار بوون و گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە، هاوکات تەقەکەرەکەش لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستبەسەر کراوە."
تاوەکو ئێستا ناسنامەی هێرشبەرەکە، پاڵنەری پشت تەقەکردنەکە و وردەکاریی تەندروستیی بریندارەکان ئاشکرا نەکراون، پۆلیسی پارێزگاکەش دەڵێت لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.

